بورهان شێخ رەئوف: سیناریۆكانی پشت ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی سوریا و توركیا.
دوو سیناریۆ پێشبینی دەكرێت بۆ ئاكامی كۆششەكانی روسیا بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی ئەنقەرەو دیمەشق، بە كورتی باسیان دەكەم:
1 – سیناریۆی یەكەم خۆی لە ئاساییكردنەوەیەكی سنوورداری پەیوەندیی هەردوو وڵات دەبینێتەوە، چونكە توركیا لەبەر چەند هۆكارێك هەوڵی ئەو ئاساییكردنەوەیە دەدات، دیارترینیان كێشەی ئاوارەو پەناهەندە سورییەكانە لەو وڵاتەو دواتر ربەڕوبوونەوەی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە)ی نزیك لە ئەمریكایە، بەڵام لەبەرامبەر ئەم هەوڵانەی توركیادا بەشار ئەسەدی سەرۆكی سوریاش مەرجی كشانەوەی هێزەكانی سوپای توركیای لە باكووری خۆرئاوای وڵاتەكەی داناوە، بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكان، ئەمەش كارێكی ئاسان نییە بۆ توركیا لە ئێستادا، وا چاوەڕوان ناكرێت بچێتە ژێرباری ئەو داخوازییەی سەرۆك ئەسەد، چونكە هێشتا روون نییە دۆخی سوریا بەرەو كوێ دەڕوات لە دیدی توركیاوە، لەلایەكەوە دیمەشق دەسەڵاتی تەواوی بەسەر خاكی سوریادا نییە، توركیاش هێشتا بوونی (هەسەدە) لە نزیك سنوورەكانی بە مەترسی گەورە بۆسەر خۆی دەزانێت، جگە لە بوونی میلیشیای جۆراوجۆری سەر بە ئێران و روسیاو ئەمریكاو لایەنی تریش.
توركیا لەبەر چەند هۆكارێك هەوڵی ئاساییكردنەوە لەگەڵ سوریا دەدات کە دیارترینیان كێشەی ئاوارە و پەناهەندە سورییەكانە لەو وڵاتە و دواتر روبەڕوبوونەوەی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە)یە.
توركیا ئامانجێكی تریشی هەیە، ئەویش نیشتەجێكردنی ئاوارە سورییەكانە كە (3,5) ملیۆن كەس دەبن لە باكووری سوریا، لە بەرئەوە ناخوازێت هێزەكانی لە سوریا بكشێنێتەوە، لە هەمان كاتدا سەرۆكی سوریا هیچ ئاماژەیەكی روونی بە كێشەی ئاوارەو پەناهەندەكانی وڵاتەكەی لە توركیا نەداوە، چ دەربارەی چارەنووسیان، یان گەڕانەوەیان بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان. هەروەها چەندین تاقم و گروپی تیرۆریستی چەكدار لە باكووری سوریادا هەن بەتایبەتی لە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی توركیا، كە هەر جۆرە ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەك لەنێوان دیمەشق و ئەنقەرە رەت دەكەنەوە، تەنانەت خۆپیشاندانی ناڕەزایەتیان لە مانگی تەموزی 2024 كرد دژ بە ئاساییكردنەوەی ئەو پەیوەندییانە، هەروەها لەوە ناچێت توركیا پشت لە لایەنە ئۆپۆزەسیۆنەكانی سوریای نزیك لە خۆی بكات و بوار بدات پێكدادان لەنێوان ئەو گروپانەو رژێمی سوریا روبدات، چونكە حكومەتی سوریا ئەو تاقمانە بە تیرۆریست دەناسێت، هەروەها پەیوەندییە دیبلۆماسیەكانی نێوان هەردوو وڵاتیش پێ ناچێت وا بە ئاسانی وەكو جارانی لێبێتەوە، بەڵام ئەگەر كۆبوونەوەیەكی لوتكە بێتە ئاراوە لە نێوان ئەسەد و ئەردۆغان بە هەوڵ و نێوەندگیری روسیا، لەوانەیە بگەنە جۆرێك لە رێككەوتن لە بابەتی كردنەوەی رێڕەو و خاڵە سنورییەكانی نێوان ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی حكومەتی سوریا و ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی ئۆپۆزسیۆن واتە ئاساییكردنەوەی پەیوەندییە بازرگانی و ئابوورییەكان لەنێوان هەردوو وڵاتدا و دواتر چارەسەركردنی هەموو كێشە هەڵواسراوەكان .
2 – سیناریۆی دووەم ئەوەیە، نەتوانن پەیوەندییەكانیان ئاسایی بكەنەوە ئەگەر دیمەشق پێداگری لەسەر داخوازییەكەی بكاتەوە، بە كشانەوەی هێزەكانی توركیا لە سوریا، ئەمەش كارێكی قورسە، چونكە نە ئەمریكییەكان دەستبەرداری پشتیوانی هەسەدە دەبن و چاوپۆشی لە هێڕشی هاوبەشی توركیا و سوریا دەكەن بۆ سەریان، نە ئەو ئاواتەی توركیاش دێتەدی كە قەوارەی كورد لە سوریا لەناوبەرێت، توركیا خۆشی دەستبەرداری تاقم و گروپەكانی ئۆپۆزسیۆنی سەربە خۆی نابێت لە ئەدلب.