بەختیار نامیق: دانا ئەحمەد مەجید دەتوانێ چی بۆ گۆڕان بکات.؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

هەرێمی کورستان دوای ڕاپەڕین دابەش بوە بەسەر دوو زۆندا، دوای شەڕی براکوژی ڕێککەوتننامەی ستراتیژی وەک هاوسەنگی هێز لە نێوان دوو میرنشیندا و دوو زۆن و دوو حیزبدا مامەڵەی لەگەڵ کراوە، پۆستەکان و بەرکەوتەکان لەسەرەوە بۆ خوارەوە دابەشکراوە، لە دەرەوەی پارتی و یەکێتی حیزبەکانی تر بەرکەوتەیان هەبوە لەسەر ئەم ڕێککەوتنی ستراتیژیە کە لە هەقیقەتدا ڕێککەوتنی نێوان تاران و ئەنقەرە بوە و بارزانی تاڵەبانی نمایندەی ڕێککەوتنەکەیان کردوە ، تا ئێستاش دەقی ئەو ڕێککەوتنە نیە و ئەوەی هەیە فەیکە، واتا تا دروستبونی بزتنەوەی گۆڕان قۆناغێکە هیچ حیزبێک لە دەرەوەی ئەم بازنەیە نەبوە و ئۆپۆزسیۆن نەبوە، گۆڕان توانی جیاوازی دروست بکات و قۆناغێکی تر بەرهەمبهێێ، ئۆپۆزسیۆنی هەقیقی بێت و حیزبێک بێت لە گوتارو پێکهاتەیدا جیاوازتر لە مۆدێلی پارتی و یەکێتی بێت، ئەم جیاوازیە بوە گوتارێک ڕەنگدانەوەی گشتی شەقام و دەنگی هاوڵاتی بو، لە ئامانج و پاکێجەکانیدا تەواو نیشتمانی بو نەبوە ئەجێندای وڵاتێکی ناوچەیی لە حکومەتیشدا لەناو ئەو زەلکاوی گەندەڵیەدا تا ئاستێک کاری باشی کرد، هەمو ئەم جوڵەیەش هێزی لە سەرکردەیەکی سیاسی و مێژووی و بەئاگا و کارێزمی نەوشیروان مستەفا وەردەگرت، پارتی و یەکێتی و وڵاتانی وەک تورکیا و ئێران تەواو ترسیان لە فراوانبون و گەورەبونی گۆڕان هەبو ، بە جۆرەها سیناریۆ و ماکینەی گەورەی ڕاگەیاندن و سزا ویستیان لاوازی بکەن و جیاوازی لە گوتارەکەیدا نەهێڵن، بەڵام دەرئەنجام نەیانتوانی تا دوای مەرگی ڕابەرەکەی.
قۆناغی دوای نەوشیروان مستەفا ئەم بزوتنەوەی گۆڕانە وەک شاخ و باڵەخانەیەکی بەرزو گوتارێکی جیاواز هاڕەیکردو هێزی مرۆیی و نیوەی هێزی ڕێکخراوەیی و کادرەکانی لەدەستدا.
لە ناوخۆدا لەسەر ئاستی ڕێکخستن و هەڵبژاردنە ناوخۆییەکان بەپێی دەستور هێندەی تر وێرانی کرد، هەر حێزبێک دەنگ و هێزی مرۆیی لە ناوخۆی حیزب و دەرەوەدا لەدەستدا، سەرەتا لەناوخۆدا و لەناو ڕێکخستندا ئامادەکاری دەکات بۆ خۆ نوێکردنەوە، بەڵام گۆڕان جگە لە نەمانی گوتاری سەرەکی و چونە دۆخی متبونەوە، بە پێی دستور هیچ ئۆرگانێکی شەرعیەتی نەما و بەردەوامیش بون، بە تایبەت خانە و ڕێکخەر، دوای سفر بونەوە و وازهێنانی خانە و ڕێکخەر دەبو ئەم بزوتنەوەیە هەڵبژاردنەکانی بکردایە تا خانە و ڕێکخەر و سەرجەم ئۆرگانەکانی شەرعیەتی دەستوری وەربگرتایە و بە پلانی نوێ و گوتاری نوێوە خۆی ئامادەبکردایە بۆ هەڵبژاردنەکانی تر.
دوای ئەوەی گۆڕان کاتی نەما و نەیتوانی خانە و ڕێکخەرێ هەڵبژێرێ و هەوڵەکانی تری وەک گروپی حەوت کەسی و کەیسی ناڕازیەکان شکستی هێنا، لە ئێستادا بەکاتی و بەوەکالەت کاک دانای ئەحمەد مەجید بۆ تێپەڕاندنی دۆخێکی  شڵەژاو و وەک فریادڕەسێکی کاتی سەرکردایەتی دەکات.
کاک دانا کەسێکە هەم مێژوی هەیە و هەم سیفاتەکانی سەرکردایەتیکردنی بەهێزە و دەتوانێ تا ئاستێک کاریگەری هەبێت لەسەر جوڵاندنی ئەم بزوتنەوەیە، بەڵام پرسیارەکە لێرەدایە؛ کە ئایا کاک دانا، یان هەرکەسێکی تر ببێتە ڕێکخەر دەبێت شەرعیەتی جڤاتی هەبێت وەک بەرزترین دەسەڵات؟ واتا دەبێت لەناو جڤاتەوە ڕێکخەر و خانە هەڵبژێرێت و بڕیارە ستراتیژیەکان بدرێت و هەمو بۆچونە ناکۆکەکان خاڵی هاوبەشیان بدۆزرێتەوە و بگەڕێنەوە بۆ دەستور، خۆ گەر وا نەبێت و تەنها وەکالەت بێت و کاتی بێت، ئەوا وەک دەرچەکانی تر و ڕێگاکانی تر توشی شکت دەبێت چونکە گۆڕان لە سەرکردایەتیەوە تا ڕێکخستنەکان خۆیان باش دۆخی گۆڕان دەبینن لەناو خەڵکدا و تا ئێستاش گۆڕان لە پرۆسەی سزاداندایە لەلایەن دەنگدەرەکانیەوە و هەمان سزا وەک دۆخی هەڵبژاردنی 2021ی عێراق درێژەی هەیەو بەردەوامە، چونکە گۆڕان هیچی نەگۆڕێ لە ناخۆیدا و بۆ پرسەکانی تر و ڕوداوەکان هەڵوێتی توندی نەبوە، گرنگە گۆڕان ئاگای لەوە بێت دوا هەلە گۆڕان بتوانێ پێگە و دەنگ و گوتاری جیاوازی هەبێت تا بتوانێ دەنگدەری ئاشت بکاتەوە، گۆڕان لە ماوەی ڕابردودا و دوای کاک نەوشیروان جیاوازی خۆی کوشت و نەیتوانی ڕوبەڕوی ئەو پلانانە بێتەوە کە دژی کرا و لە ناوخۆشدا دەیان ناڕازی ناوخۆیی دروست بو گورزی کوشندەیان لە بزوتنەوەکەی خۆیان دا، کە ڕکابەرەکانی هەرگیز نەیاندەتونی ئەمە بکەن، گۆڕان نەیتوانی لەهیچ ڕوداوێکدا هەڵوێستی جدی هەبێت و چوە دۆخێکی بێ دەنگی سامناکەوە.
کاک دانا یەکەم کاری دەبێت ئەوە بێت شەرعیەتی دەستوری هەبێت و هێزێک بێت بۆ کۆکردنەوەی بۆچونە جیاوازەکان و هۆیەک بێت بۆ یەکێتی ناوەکی گۆڕان و پاشان گوتارێکی ڕونی هەبێت و بە فەرمی و بە دەستوری ڕێکخەر بێت نەک کاربەڕێکەر و بۆ ماوەیەی کاتی بێت و وەکالەتی هەبێت، گەر ئەم ئامادەکارانە نەبێت دەموچاوەکان بە تایبەت لە خانە و ڕێکخەردا نەگۆڕێت ئەوا گۆڕان لەبەردەم ترسناکترین دۆخدایە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت