دلێر محەمەد نوری: لە تەوتینی مووچەوە بۆ بەعێراقی کردنی مووچەخۆر.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

عێراق ناوی ئەو جوگرافیایەیە کە بەزۆر لە چەند پارچەیەکی ناساز و ناجۆر بە یەک پێکهێنراوە. عێراق لەو پوزڵە یارییە دەچێت کە پارچەکانی، لە پاشماوەی سێ پوزڵە یاری جیاوازەوە قەرزکراون و وێنەیەکی ناڕێک و نەشازیان لێ پێکهێنراوە. وێنەیەکی سێ ڕەنگی و سێ ڕەهەندی کە نە لە چوارچێوەیەکدا جێگەیان دەبێتەوە و نە هیچ هاوبەشییەکی ڕاستەقینە لە ڕەنگەکانیان دەبینرێ. بگرە ئەوانە تەنها ناڕێکی و شێواوییەک دەبەخشن پێکەوە و هیچی تر.
ئەگەر چی کورد ئارەزوومەندانە، یان بەبێ ویستی خۆی، بووبێ بە بەشێکی ناو ئەو پوزڵە یارییەی کە ناوی عێراقە. ئەگەر چی کورد ویستبێتی مانایەکیش ببەخشێ بە وێنە گەورەکە. بەڵام بە درێژایی مێژووی عێراق، کە تەمەنی تەنها سەد ساڵێکە، هەمیشە دوو پارچەکەی تری، بە جیا جیا و پێکەوەش، وەکو ناحەز و ناساز تەماشای پارچە کوردییەکەی ناو ئەم چواچێوە زۆرملێیەیان کردووە. بە جۆرێک نە وەکوو خۆی کە ڕەنگێکی جیاوازی کوردی و کوردستان-ییە وەرگیراوە و نە لێشی گەڕاون تا بۆ خۆی پارچەکانی خۆی کۆبکاتەوە لە وێنەیەکی ڕێکی سروشتی خۆی دەربکەوێ.
هەتا ئەمڕۆش ناتوانرێ بە تەواوی بە چوارچێوەیەکی وەکوو عێراق بگوترێت نیشتیمانی عێراق. چونکە هەتا ئەمڕۆش تاکی کورد هەست بە نیشتیمانییبوونی خۆی ناکات کە بەشێکی دیار و کاریگەری ناو چوارچێوەکەی عێراقە.
ئەگەر خوێنەر ڕازی بێ بەو وێناکردنەم بۆ وێنە ناڕێکەکەی عێراق، ئەوا دەچمە سەر باسە بنەڕەتییەکە کە مەسەلەی “تەوتینە”. تەوتین وشەیەکی عەرەبی تێکشکێنراوە لە بەرگێکی کوردی-دا کە لە بنەڕەتدا “توطینە. ئەگەر چی خودی وشەکە بەواتای جێگیرکردن دێت، بەڵام مەبەست و نیازی لەوە قووڵتری لە پشتەوەیە. ئەوان ئەڵێن؛ ئێمە دەمانەوێ مووچەی مووچەخۆرانی کوردستان لە نێو مووچەی عێراق جێگە بکەینەوە. ئەگەر چی ئەمە لە ڕووە واتایی و گوزارەییەکەیەوە دروستە، بەڵام دروستتر لەوە، لە چوارچێوەگرتنی دەسەڵاتی ئەمڕۆی کوردە لە مەودای نزیکدا و لە چوارچێوەگرتنی خودی کورد و کوردستانە لە مەودای دووردا. ئەوەی کارئاسانی بۆ ئەم هەنگاوانەی بەغداش کردووە، خودی دەسەڵاتی ئەمڕۆی کوردییە. ئەوان وەها ڕۆچوونەتە گەندەڵی و خیانەتەوە بەشێک لە ئەندام و کادێرانی خۆشیان باشیان ناڵێن. تاکی کورد گەر بە وردی لەم مەبەستەی بەغدا تێبگات، زۆر باش هەست بەوە دەکات کە لە دەست چوونی دەسەڵاتی خۆماڵی واتا گواستەوەی هەموو دەسەڵاتەکان بۆ بەغدا. چونکە بۆ هەموو هەنگاوێک ئێمە دەبێ لە جێگەی یەک بیرکردنەوە، دوو سێ جار بیر بکەینەوە. ئەگەر ئەمڕۆ یەکێتی و پارتی، نوێنەرایەتی زۆرینەی کوردستانیان لە دەست داوە، ئەگەری هەبوو سبەی نوێنەری دڵسۆزی و ڕاستەقینەی خۆمان بدۆزینەوە. بەڵام لە پاش ئەم هەنگاوانەی بەغدا، لە دەست گرتن بە سەر گیرفانی خەڵکیدا، ئیتر چ بەهایەک بۆ نوێنەری داهاتوو ئەمێنێتەوە، ئەگەر خراپ یان ئەگەر چاک بێ؟ بەکارهێنانی ئەم سیاسەتە بۆ مووچە یان هەر بوارێکی دیکە، لە مامەڵەی بەغدا لە گەڵ کوردستان-دا، خۆی لە خۆیدا گیانێکی داگیرکاری و سڕینەوەی تەواوی بەها کوردستانییەکانی لە پشتە. چونکە ئەگەر بەغدا خەمی مووچەخۆری کوردی بووایە، دەبوو بە بێ هیچ مەرجێک مووچەی بناردایە و میکانیزمێکی دیکەی بدۆزیبایەتەوە بۆ مامەڵەکردن لە گەڵ دەسەڵاتی کوردی. هەرچۆن لە دوای داگیرکردنی شارەکانی موسڵ و تکریت و دیالی لە لایەن داعشەوە، حکومەتی عێراق بۆ ڕۆژێکیش مووچەی ئەو ناوچانەی نەبڕی. ئەمە لە نزیکترین مانادا پێمان دەڵێت، هەرچی لە ژێر دەستی کورد بێت خراپترە لەوەی لە ژێر دەستی هێزێکی وەکو داعشیشدا بێت. پێمان دەڵێت هەرچی لەودیو سنووری کفری و قەرەهەنجیر و پردێ و سحێلاو-ەیە لە دەرەوەی نیشتیمانی عێراق-ە. هەر وەها پێمان دەڵێت کورد لە جێگەی خۆیەوە توانای بوون بە بەشێکی ئەم نیشتیمانەی نییە ئەگەر بە بەغدا-دا تێنەپەڕیت. پێمان دەڵێت ئەو بەشە دابڕێنراوەی کوردستان بەعەرەبی کراوە و ئێستا تەماحی بەعەرەبی کردنی تەواوی کوردستان-مان هەیە. بەغدا دەیەوێ بڵێت هەرچی لە دەرەوەی دەسەڵاتی ئێمە عەرەبدا بێ ئێمە خۆمانی پێوە خەریک ناکەین و خەمی لێ ناخۆین. تۆ تەماشای دووڕوویی خستنەخوارەوەی درۆنی تورکی بکەن لە کەرکووک و تەراتێنی هەمان شێوە درۆن لە سلێمانی. ئەمە هیچمان پێ نەڵێ پێمان دەڵێت کە ئاسمان و زەوی و مرۆڤەکانیشتان بۆ بەغدا گرنگ نین گەر لە نێو ئاسمان و زەوی عێراقی عەرەبیدا تەوتین نەکرێن.
تا کۆتایی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو، ئەم جوگرافیایەی کە ناوی عێراق-ە، تەمەنی تەنها حەفتا ساڵێک بوو. بە درێژایی ئەو حەفتا ساڵە ڕژێمەکانی بەغدا بە ئاگر و ئاسن و مەکینەی سەربازی، مامەڵەیان لەگەڵ خەڵکانی پارچە کوردەییەکەی، ئەم چوارچێوەیە دەکرد. لە حەفتا و هەشتاکاندا و لە سایەی ڕژێمی بەعسدا، کەمترین خزمەت پێشکەشی کوردستان کراو و کەمترین پڕۆژەی ستراتیجی ئاوەدانکرانەوە و تەنانەت کەمترین فەرمانبەریش دامەزرێنران. لە هەموو شارەکانی دیکە نەخۆشخانەی نموونەیی بیناکران بە شاری کەرکووک-یشەوە جگە لە سلێمانی و هەولێر و دهۆک نەبێت کە لەم خزمەتە بێ بەشکران. داپڵۆسێنەرترین قەڵاکانی ئەمن بۆ سەرکوتکردنی کوردان لەم شارانەدا و لە شارەکانی زۆرینە کوردی-دا دامەزران. ئەوەی دەمەوێ بیڵێم بە هەموو ئەم ستەم و پەستانە سەربازی و پۆلیسی و سیاسییەشەوە هێشتا ڕژێمەکەی بەغدا نەیتوانی خەڵکی کوردستان بەعێراقیی بکات. هێشتا بەعس نەیتوانی بچووکترین وابەستەگی گیانی ئەم گەلە بە عێراق-ەوە ببەستێتەوە. ئەو کات کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان لە دۆخی خۆبژێویدا بوون، زۆرینەی خەڵکی کوردستان جوتیار و کاسبکار و کرێکار و دەستکار و دروستکار بوون. تەنها ژمارەیەکی کەمی خەڵکی نەبێ مامۆستا و فەرمانبەر بوون. تەنانەت ڕژێمی بەغدا بۆ پاراستنی ئاسایش دەبوو خەڵکانی خواروو و ناوەڕاستی عێراق لە کوردستان دابمەزرێنی. بە کورتی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان جۆرێک لە بێمنەتیان بە بەغدا-وە پێوە دیار بوو.
لە دوای ڕاپەڕینی1991ەوە، تا دەگاتە ئەمڕۆ، کە 33 ساڵە، یەکێتیی و پارتی، خەریکی یەکێک لە خراپترین پڕۆسەکانی گۆڕینی کۆمەڵگەی کوردی بوون. کە ئەویش پڕۆسەی گۆڕین بۆ کۆمەڵگەیەکی مووچەخۆری بێ بەرهەمی بەرخۆر. ئەمڕۆ لە کوردستان خاوەنی ملیۆنێک و دووسەدد و پەنجا هەزار مووچە خۆرین، گەر ئەو ژمارەیە هەر یەکێکیان دوو کەسی پێوە ئاوێزان بێ، ئەوا ژمارەی ئەوانەی کە پشتیان بە مووچە بەستووە دەگاتە سێ ملیۆن و حەوت سەدد و پەنجا هەزار لە کۆی نزیکەی حەوت ملیۆن کەس. کاتێک یەکێتی و پارتی وا لە کۆمەڵگا دەکەن لە بری ئەوەی چاوی لە دەست و بازوو و بەهرەی خۆی بێ، چاوەڕوانی سەری مانگ بێ و لە سەرەی بەر پەنجەرەی بانکەکاندا هەڵکروزێ. کاتێک یەکێتی و پارتی خەڵکێکی زۆر ئەکەن بە بەندەی مووچە و مووچەکەشیان بۆ دابین ناکرێت، ئیتر لێرەوە ڕاستەوخۆ، پاسێکی جوان ئەدەن بە بەغدا، بۆ ئەوەی گۆڵێکی زێڕین بکات. بەغدا توانی بەم گۆڵە، نزیکەی چوار ملیۆن کورد، بە بڕیارێکی تەیف سامی، بە عێڕاقی و بە نشتیمانی بکات. لە دوا هەوڵی پووچی حکومەتی هەرێمیش، بۆ بە دووبارە بە پارتی و یەکێتی کردنەوەی ئەو ملیۆنان خەڵکە، بە هۆی سیستمی بانکی هەژماری منەوە، دواجار فاوڵە ئیداری و حزبییە کورت بینییەکەی، یەکێتی و پارتی، هێندە کوشندە بوو، کە بواری پەشیمانکردنەوەی مووچەخۆرانی هەرێمی نەدا، لە بری ئەوەی بڵێن کوردستان، ئەمڕۆ ئەڵێن خوا دەست بە باڵاتەوە بگرێ، حکومەتە نشتیمانییەکەی عێراق. هەڵبەتە تاوانی هەموو ئەم کارەساتە، لە ئەستۆی حزبەکانی دەسەڵاتە و هەڵەی ستراتیژی دەیان ساڵی ئەو دوو حزبەیەو ناکرێ و نابێ بخرێنە ئەستۆی مووچەخۆر. مووچەخۆرێک، کە خەمی بژێوی ماڵ و مناڵ، هەموو هەستێکی کوردبوونی بیربردۆتەوە. ماوەتەوە بڵێم کە مووچەخۆرانی هەرێمیش، ئەبێ ئەو ڕاستییە لە بیر نەکەن کە بەغدا، خێر بە کەس ناکات لە پێدانی مووچە، بە مووچە خۆران. چونکە نە مرۆڤی کورد و نە زەوی و ئاسمانی کوردستان، بە هەموو سامانی سەر زەوی و بن زەوییەکەشییەوە، موڵکی بەغدا نین و کاتێ کورد لە سەر ئەم خاکە ژیاوە، عەرەب لە جزیرەی عەرەبی بە دوای سەرابی ئاودا گەڕاوە، تا لە تینوێتیدا نەخنکێ.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت