زاهیر باهیر: یەکێتییە ڕاستەقینەکان!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

دوای ئەوەی کە بەرانبەر مەلابەختیار کرا و دەزگەی ڕاگەیاندکانی لە لایەن یەکێتییەوە لێسەندراوەتەوە، چەندەها کەسی ناوداری کۆن و نوێی ناو یەکێتی هاتنە سەر خەت و هەر یەکە بە چەشنێك ناڕەزایی خۆیانیان بەرانبەر ئەو کارەی بافڵ تاڵەبانی دەربڕی.
ئەوەی کە ئاشکرابوو هەندێکیان بە جۆرێك قسەیان دەکرد کە ئەمان یەکێتییە ڕاستەقینەکەن نەك ئەوانەی کە ئێستا سەرکردایەتی یەکێتی دەکەن .
ئاماژەکردن بەم قسەیە و بە هەڵوێست و ڕابەرایەتی جەلال تاڵەبانی بۆ ئەوان لە دوو هەڵویستەوە بوو. یەکێکیان لە هەڵوێست و پێگەی نەزانی و بێ ئاگایی لە کوشتار و تیرۆرەکانی یەکێتی بەرانبەر بە هەڤاڵانی خۆی و نەیارانیێتی. ئەوی دیکەیان نەوێری و بودەڵەیییە کە لە پێناوی مانەوەی تەنها پێستەکەیاندا کردیان. گەر چی ئەمان هەر هەموو هەڵوێستەکانی یەکێتی لە شاخ و لە شاریش دەزانن، کەچی بەو جۆرە قسەیان دەکرد، یا ئێستاش دەیکەن کە یەکێتی پێشتر پەیڕەوی دیمۆکراسی و وتووێژ و ڕەخنە و ڕەخنەگرتن لە سەرکردایەتی کردووە و ڕێزی لە ڕا و بۆچوونی جیاواز گرتووە و زۆر مرۆڤانە مامەڵەی لەگەڵ هەموو ئەو دیاردانەدا کردووە.
ئایا بەڕاست ئەمە وایە؟ ئایا یەکێتی ناڕاستەقینە و ڕاستەقینە هەبووە و هەیە؟
ئەگەر ئەم برادەرانە مەبەستیان لە یەکێتی ڕاستەقینە، باس لەو یەکێتییە کە دوای دروستبوونی دایە شاخ، بابزانین بەڕاستی یەکێتی کە لە شاخ و شار بووە لە سەردەمی جەلال تاڵەبانید چۆن بووە؟ ئایا راستەقینە بووە و ئەمەی ئێستا ساختەیە یا ناڕاستەقینەیە؟ ئایا ئەم برادەرانە ئەوە نازانن هەڵسوکەوت و سیاسەتی ئێستای یەکێتی درێژە پێدانی سیاسەتەکەی “ڕەحمەتییە” ، مام جەلال و نەوشیروان؟
باشە ئەوە یەکێتی نەبوو کە ئەوەی کردیان بە ئاش شتێکی دیکە نەما بیکەن؟ ئەی هەر یەکێتی نەبوو کە هەڤاڵەکانی خۆی بە تەور دادەپڵۆسی؟ ئەی یەکێتی نەبوو چەندێکی دیکەی لە هەڤاڵانی خۆی کوشت یاخود دانی بە کوشت لەوانە ڕێبوار و دەزگیرانەکەی؟ ئەی یەکێتی نەبوو لە ساڵانی هەشتاکاندا چووە سەر شیوعییەکان و قەسابخانەی لێدروست کردن؟ ئەی لایەك ما کە یەکێتی شەڕی لەگەڵیاندا نەکردبێت و لێی نەکوشتبێتن؟ ئەی ئەوە کێ بوو کە هەڤاڵ جووجەڵە و صدیقەفەنی و نوری حەمەعەلی و ئەندازیار فەتاحە قەڵەو و برایمئ حەمەخورشە و عەلی بۆسکانی و چەندەهای دیکەی تیرۆر کرد؟ ئەی هەر یەکێتی نەبوو کە هێڕشیان کردە سەر کۆمۆنیستەکان و سیانیان لێکوشتن تەنانەت دەیانویست کە جەنازەکانیشیان نەدەنەوە؟ ئەی هەر یەکێتی نەبوو کە هەڕەشەی لە کەسانێك دەکرد کە تەنها و تەنها جیاوازی ڕاو بۆچوونیان هەبوو وەکو فوئادی مەجید میسری و کەسانی دیکە تا گەیشتە سەر دوو هاوڕێی ئێمە لە گروپی کار؟ ئەی لە شاریشدا دەستیان بە خوێنی ڕؤژنامەنوسان سوور نەبوو؟ ئەمانە و دەیەها نموونەی دیکە.
باشە برادەران کە ئێوە ئەو یەکێتییە بە دروست و ڕاستەقینە دەزانن، بە خۆتان بزانن و نەزانن ئەگەر ئێوەش دەستان لە خوێنی ئەو کەسانەدا نەبوو بێت، لە کردنی ئەو هەڕەشانەدا نەبووبێت ئەوە بە دڵنییاییەوە ئەوە ئێوە شەریکە تاوانی یەکێتین و تاوانبارن .
لەمەش زیاتر ئەی هەر ئێوە نین و نەبوون کتێب و بیرەوەری و یادەوەری خۆتان نوسیوەتەوە کە هەر هەموی باس لە خراپی و کاری تیرۆریستیانەی یەکێتی دەکات؟ لێرەدا ناکرێت دوو هەڵوێستی جیاوازی تەنانەت دژ بە یەکیشتان هەبێت.
یەکەمیان نوسینی ئەو یادەوەری و بیرەوەریانەیە دژ بەو یەکێتییەی کە ئێستا خۆتان بە ڕاستەقینەی دەزانن و خۆتان بە بەشێکی گرنگی دادەنێن ، کەواتە دەبێت بە ئاشکرا ئەم هەڵوێستەتان ڕەت بکەنەوە و سەرزەنشتی خۆتان بکەن بۆ نوسینی ئەوانە . خۆ ئەگەر ئەوانەی کە نوسیوتانە و وتوتانە باوەڕتان پێی هەیە و ئێستاش پێداگریی لەسەر دەکەن، ئەوە نابێت باس لە یەکێتی ڕاستەقینە بکەن چونکە بە وتنی ئەوە تاوانبارکردنی خۆتانە.
یەکێتی نیشتمانی و پارتی هەر لە سەرەتای دروستبوونیانەوە تاکو ئەم چرکەیە یەکێك لە ڕەشترین لاپەڕەکانی مێژویان لە مێژوی کورد دا تۆمار کردووە.
ئێستا پرسیارەکە ئەوەیە ، برادەران ئێوە لە چ بەرەیەکن؟ چ هەڵوێستێک وەردەگرن؟ چ قسەیەك دەکەن و کامیان هەڵدەبژێرن؟ قسە و ڕستە و چیرۆکی نێو کتێب و بیرەوەییەکانتان ، یاخود قسە و بانگەوازییەکانی ئەم چەند ڕۆژەی پێشترتان؟ ناکرێت خورمژتان بوێت، ناکرێت بڵێن هەردوو هەڵوێستەکەتان ڕاست و دروستە .
بۆ ئەوەی تۆزێك متمانەتان لای دۆستانتان و خەڵکانی ئاسایی بمێنیت باشترە خۆتان ساخبکەنەوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت