بەختیار نامیق: سێ جوت برا شەش کەسیەکە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لە ئێستای باشوری کوردستاندا قۆناغی نەوەی یەکەمی سەرکردە یەکەمەکانی شاخ دەستی پێ کردووە، بە تایبەت لەم هەڵبژاردنەدا سەرەتای جێگربونی دەستەڵاتی خوێنی یەکەمە. ئیتر سەرکردەکانی بازنەی دووهەم و سێهەم و تا دوایی دیسان نەوە و خوێنەکانیان لەهەمان بازنەی باوکیاندا هەمان یاری دوبارە دەکەنەوە. ئەم هەڵبژاردنە بەدەر لە ململانێ بۆ کورسی پەرلەمان و پێگە، دیوی دوەمی خۆنمایش کردنی خوێنەکانە و کۆتایی دەستەڵاتی شۆڕشگێڕەکانە، واتا ئەگەر لە شۆڕشگێڕە دێرینەکان مابێتنەوە ئەوا پشتیوانی لە نەوەکانیان دەکەن تا وەک خۆیان تەواکەر و هاوکاری نەوەکانی سەرکردەکانی بازنەی یەکەمی شاخ بکەن، بە جۆرێ لە جۆرەکان ئەم هەڵبژاردنە زەنگی کۆتایی نەوەی شاخ لێدەدرێ و ڕۆڵی نەوەکانیان دەست پێ دەکات، ئەڵبەت بۆ هەمو حیزبەکان هەر ڕاستە لە گەورەوە بۆ بچوک.
لە شاخ سێ سەرکردەکە ( نەوشیروان مستەفا و جەلال تاڵەبانی و مەسعود بارزانی ) دوای ئەمان لە گواستنەوە بۆ قۆناغی نەوەکان و مردنی باوکەکان کەڕەتی دوو دەکرێت ( چیا و نما نەوشیروان ، بافڵ و قوباد جەلال ، مەسرور و بابۆ مەسعود) خۆ ئەگەر هەمان دەستەڵات و پێگە بێت لە زەمەنێکی تردا و لەناو نەوەیەکی تردا لە سەردەمی تەکنەلۆژیا و ( IT,AI) وە لە فۆرمێکی تردا ئەوا دەبێت ڕۆڵی نەوەکان چی بێت، بە تایبەت دوای بەیعەتی گشتی ناوخۆیی بە تایبەت لەناو یەکێتی و پارتیدا ئایا نەوەی یەکەمی سەرکردەکان دەتوانن چی بکەن، ئەوە دەزانین سەرکردەی بازنەی دوو بێ خواست بێ و بە خواست بێ پشتیوانی لە نەوەی بازنەی یەکەم دەکەن ( نێچیر بۆ مەسرور ، شاڵاو بۆ بافڵ و… هتد ) تا بازنەکانی تر .
بە پێی واقعی دەستەڵات نەک ئەوەی دەمانەوێ ئێستە ئەمە هەیە، دەکرێ ڕۆڵ ببینین و دەستەڵات و ئۆپۆزسیۆن دروست بکەن و بتوانن دراسەی ڕابردوو بکەن و هەڵەکانی ئەوان دوبارە نەکەنەوە و درێژە بە کارەچاکەکان بدەن و زیاتری بکەن.
ئەم نەوانە کەوتونەتە ناو دۆخێکی شڵەقاوی بێ بەرنامەوە هەر لە دووزۆنی و گەندەڵی پیاوانی حیزب و نەبونی موچە و خزمەتگوزارییەکان ، ململانێکی ناشریفانەی بێزەون و تا دوایی، ئەمان وڵاتانی پێشکەوتویان بینیوە و وڵاتانی خلیجیشیان بینیوە دەزانن ئاستی گوزەرانی هاوڵاتی چۆنە، ئایا دەتوانن لەناو ئەم زەلکاوەدا چی بکەن دەیکەنە باخچە یان هێندەی تر بۆگەنی دەکەن.
ئەوەی گرنگە بونی ئۆپۆزسیۆنە کە ئێستا نیە، حیزبەکانی ناو دەستەڵات زۆر پێویستیان بە ئۆپۆزسیۆن هەیە تا ململانێ هەبێ بەرەو باشتر و بوار بدرێ لەدەرەوەی بازنەی نەوە و خوێن هێزی تری بونیادنەر دروست ببێ و بتوانرێ ڕەوشەکان بەرەو پێش و باشتر ببرێت.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت