بەهرۆز جەعفەر: لەبارەی بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی عێراق.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بەزمێکی ساڵی 2017 بیردەهێنمەوە، کە لەکاتی خۆیدا لە میدیاو سۆشیال میدیای عێراقی دەنگدانەوەیەکی هەبوو؛ لە هۆتێل ڕەشیدی بەغدا، لە کۆڕبەندی وزەی عێراقی دا، هەموو بەرپرسانی عێراق و نوخبەی جیهانی و وەزیرانی وزەو دەرەوەی وڵاتان و سەرۆکی ئۆپیک و زۆرێکی دیکە لە هۆڵەکە بوون، ڕەنگە 10 دانە لە بەرپرسان و نوخبەی عێراقی بەشدارییان کرد. کە پێویستە ئابڵوقەی کورد بدرێ، فڕۆکەخانەکان داخراون، ئەمە بەس نییەو، لەوە گرینگتر پێویستە هەرێمی کوردستان نەوتەکە ڕادەست بکاتەوە و..تادوایی. بابەتەکە ئەوە نەبوو کە نوخبەی دەستەڵاتخوازی عێراق بیانەوێ سزای گەندەڵی و بێدادیی لە کوردستان بدەن، زیاتر لەوە دەیانویست لە پێگەی هێزو زاڵێتی خۆیانەوە بۆ لایەنە جیهانییەکان بدوێن؛
دەستم هەڵبڕی (نەموت کوردم) وتم؛ لە زانکۆی قوبرسی نێودەوڵەتییەوە هاتووم (واشبوو): بەڕێزان ئەوەندەی من تێی دەگەم، هەموان گوتیان دەبێت هەرێمی کوردستان نەوت ڕادەستی بەغدا بکات، بەڵام پێموایە دەبێت بە پێچەوانەوە بێت، پێویستە بەغدا نەوتەکە ڕادەستی هەرێمی کوردستان بکات؟ ئیتر ڕیزی یەکەم، دووەم و سێهەم ئاورێ دواوەیان دا؛ ئەمە کێیە؟ ئەمە چی یە..! غەڵبە- غەڵبێ.. داوامکرد خولەکێک کاتم بدرێتی ئەمە ڕوون بکەمەوە:
ئێوە لە عێراق بەگشتی تەنها پشت بە نەوت دەبەستن، وزە لە جیهاندا بەرەو وەرچەرخان دەچێت، بەرەو ئەوەیە ئۆتۆمبیل بە پاتری کاربکات، کارخانەکان بە گازی سرووشتی، یان وزەی خۆر و با کاربکەن، بەرەو هایدرۆجینی سەوز و کەمکردنەوەی کاربۆنە. لەگەڵ ئەمەشدا، تەنها دەرچەیەک کە نەوتی لێوە هەناردە دەکەن، کەنداوی عەرەبییە؛ ئەم گەروە تا هەتایە بەو ئارامییە نابێت. پێویستە بیر لە ڕێگەو لوولەی دیکە بکەنەوە بۆ جیهان، بۆ ئەو مەبەستەش “داعش” هێڵی بۆڕی نەوتی کەرکوک- جەیهانی تەقاندۆتەوە (تا ئێستاش کە 2024 ە بەتەواوی نۆژەن نەکراوەتەوە)، لێرەدا هەرێمی کوردستان بۆڕییەکی بۆ دەریای ناوەڕاست بونیاد ناوە، کە تا فیشخابورە، ئێوە وەرن ئەو نەوتەی باشور و ناوەڕاست لەم لوولەیەی هەرێمی کوردستانەوە بەرەو دەرەوە هەناردە بکەن، ئەمەش وا دەکات گفتوگۆ و هاریکاریی هاوبەش لە ناوخۆی عێراق و لەگەڵ وڵاتانی جیهان بە تایبەت تورکیاو ئەوروپا زیادتر بکات، بەهای دیناری عێراقیش سەقامگیرتر دەکات، چوونکە پارەی نەوت دەچێتە بانکەکانی ئەمریکاو، ئەمریکاش ئەم بڕیارەی ئێوەی پێ پەسەند دەبێت.
هەموو کاتێک هێز نیشانەی بەهێزیی نییە، بەڵکو دەکرێت لایەنی بەهێز بەهۆی ماسولکەکانی خۆیەوە تووشی گرفت ببێت. ئێستا عێراق دەستیکردوە بە بونیادنانی چەند لوولەیەکی تر، لە نێویاندا یەکێک بەرەو دەریای ناوەڕاست. نیزیکەی دەیەیەکە دەوڵەتی عێراق بانگەشەی زیادکردنی ئاستی بەرهەمهێنان دەکات، تا ئێستا سێ وەزیری نەوت بەدوای یەکدا وتویانە ئاستی بەرهەم دەگەیەنین بە نیزیکەی 7 ملیۆن و زیاتریش، بەڵام هێشتا نەگەیشتوە بە سێ ملیۆن و 500 هەزار. عێراق کێشەی بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نییە (زانیارییش هەیە دەیسەلمێنێ کە بەشێک لە بیرە نەوتییەکانی عێراق کەڵکی ئەوتۆیان نەماوە)، دەوڵەتەکە بەگشتی کێشەی هەناردەکردنی هەیە (بەرپرسانی سۆمۆ ئەم ڕاستییە باش دەبینن)، هەروەها کێشە گەورەکەی ئەوەیە هەر نەوتی خاو هەناردە دەکات؛ لەبەرانبەردا ساڵانە بایی ملیارەها دۆلار پێکهاتە نەوتییەکان لەدەرەوە هاوردە دەکات، وەکو ڕۆنی مۆلیدات، بەنزینی فڕۆکە و قیر و ماددە کیمیاوییەکانی تر. ئینجا گازەکەی خۆی بە خۆڕا دەسووتێنێت و ژینگەی پێ پیس دەکات، کەچی ساڵانە گاز بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا لە ئێران و تورکمانستان و شوێنی دیکەوە بە بەهای (5- 7) ملیار دۆلار هاوردە دەکات!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت