ڕەووف محەمەد ئالانی: ڕۆڵی پەروەردە لە هۆشیاریی ژینگەییدا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ژینگە و جۆرەکانی هەموو ئەو مەرج و هۆکارە دەرەکییەکان دەگرێتەوە کە زیندەوەرانی زیندوو تێیدا دەژین و کاریگەری لەسەر دەکەن و کاریگەریان لەسەریان هەیە.
ژینگە ئەو چوارچێوەیەیە کە تێیدا هەڵسوکەوت و ڕەفتاری ڕۆژانە و کار و پیشەکانیانی تیادا ئەنجام ئەدەن، کارێک لەگەڵ پێکهاتە جیاوازەکانی و جۆرەکانی دەکەن لە ژێر سیستەم و پلان و ژینگەپارێزی دیاریکراودا بەپیی بڕیار و ڕاسپاردە و یاساکانی ئەو شوێنە، ئەمە لەکاتێکدا ئەگەر کار بە یاسا و ڕێکارەکان بکرێت، جوانی و گەشانەوە بۆ ژینگەی ژیانی زیندەوەران دابین دەکریت. بەڵام بە پێچەوانەوە ئەگەر پەیڕەوەوی ڕێزگرتن و پاراستنی ژینگە نەکرا، ژینگەی ژیان دەبێتە وێرانەیەک، لە جیاتی خۆشی و جوانی ناشیرینی نەخۆشی و ناخۆشی شوێنی دەگرێتەوە.
ئەبێ ئاماژە بە ڕۆڵی پەروەردە بکەین لە پاراستن و جوانکردنی ژینگە، چونکە ئەتوانین بڵێین ڕۆڵی سەرەکی و یەکلاکەرەوە ئەبینێت بە هەردوو لایەنەکەیەوە، بە گەشەپێدان و پەراوێزخستن.
ئەمەوێ بە کورتی ئاماژە بەهەردوو لایەنەکە (ئەرێنی، نەرێنی)بکەم کە پەروەردە، ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ، لەسەر ژینگە دروستی ئەکات. لە بواری ڕاستەوخۆدا پەروەردە ڕۆڵ و کاریگەری گەورە و گرنگی لە هۆشیاری و ئاراستەی باش بۆ ژینگەدۆستی، لە پێناو ژیانێکی خۆش و جوان و گەشانەوەی ژینگەی ژیان دەگێڕێت، لە شێوازی ناڕاستەوخۆشدا هەمان ڕۆڵ دەبینێت بۆ دوور مەودای ژیان.
دەکرێ بەگرنگیەوە لە کاریگەری و ڕۆڵی پەروەردە بۆ هەموو جۆرەکانی ژینگە بڕوانین کە ئەمانەن( ئاو، هەوا، وشکانی).
بۆ هەر یەکێک لەو شێواز و جۆرانەی ژینگە پەروەردە دەتوانێ کاریگەری لەسەری هەبێت، ئەویش بە ئاماژە پێکردن و نمونە هێنانەوە و دیاریکردنی لەناو پڕۆگرامی خوێندن، ئەکرێ مامۆستایانیش لەکاتی وانە وتنەوەدا زیاتر ڕۆچنە ناو بابەتەکە و پەیامەکە ووردتر بکەنەوە، بەهەردوو شێوازی (گوتنەکی و کردارەکی) تا پەیامەکە بە باشی و جوانی بگات.
گرنگیپێدان بە ژینگە ئەچێتە بۆتەی بایەخدان و خۆشویستنی سروشت و مرۆڤ، بۆیە وەک پێویستیەکی ژیانی لێی دەڕوانرێت، ئەوەتا(دەیڤید ئاتێنبۆرۆ)دەڵێ(سروشت تەنها شتێکە کە پێویستمان پێیەتی).
ئەوەی لەم بابەتەدا جێدەگرێت، بایەخ و ڕۆڵی پەروەردەیە کە چەند لایەن و بەشێکی کارای کارپێکراو و کارلێک، ڕەنگدانەوەی تەواوی هەیە بۆسەر ژیان و ژینگە، بە ڕەچاوکردن و ئاراستەکردن و پابەندیەکانی بەرنامە و پلان و نەخشەی پەروەردەیی، ئەوانیش لە چوارچێوەی بوونیان لە ناو پڕۆگرامەکانی خوێندن و ڕۆڵی مامۆستایان و کەسوکاری قوتابیان و خوێندکاراندا خۆی دەبینێتەوە، لەو کاتەی هەماهەنگی و هاوکاری و پشتیوانی و دەستگیرۆیی هەبێت تا پاڵنەری پاراستنی ژینگە بکرێتە ئامانجی پەروەردە لە پێناو ژیانێکی شایستە بە کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی.
دەکرێ پەروەردە و کاریگەرییەکانی لەسەر ژینگە بەم چەند خاڵە دیاری بکەین:
1- هۆشیاری: پەروەردە دەبێتە هۆی زیادبوونی هۆشیاری خەڵک سەبارەت بە کێشەکانی ژینگە و گرنگی پاراستنی.
2- ڕەفتار: فێرکردن دەتوانێت ڕەفتاری خەڵک بگۆڕێت بۆ بەکارهێنانی سەرچاوەکان بە شێوەیەکی بەرپرسیارانەتر.
3- چارەسەر: پەروەردەکردن وفێربوون وخوێندن یارمەتی خەڵک دەدات بۆ دۆزینەوەی چارەسەری نوێ بۆ کێشە ژینگەییەکان.
4- بەشداری پێکردن: پەروەردە هانی خەڵک دەدات بۆ بەشداریکردن لە چالاکی پاراستنی ژینگە.
5- سیاسەتی ژینگەیی: کەسانی پەروەردەکراو زیاتر پشتگیری سیاسەتە دۆستانەکانی ژینگە دەکەن.
وەکو ڕوون و دیارە هەموو ئەو ووڵاتانەی ژیانیان خۆش و ئارامە و ڕێژەی تەمەن تیایاندا بەرزە، هۆکارێکی سەرەکی دەگەڕێتەوە بۆ گرنگیدان بە ژینگەی ژیانیان و بەرزی ئاستی وشیاری ژینگەیی و پابەند بوونیان بە ڕێکارەکانی ژینگەدۆستی، بەپێێ سەرچاوەی مەڵپەڕی
https://www.argaam.com/ar/article/articledetail/id/1411981
کە بۆ ساڵی ٢٠٢٤ ئەنجامیداوە بۆ ڕیزبەندی ئەو ووڵاتانەی ئاستی پاراستنی ژینگە تیایاندا بەرزە بەم جۆرە ڕیزیکردوون:
1- فینلەندا
2- سوید
3- نەرویج
4- نەمسا
5- سویسرا
6- دانیمارک
7- نویزلەندا
8- ئەڵمانیا
9- کەنەدا
10- لۆکسەمبۆرگ
لەم وتارەدا ئەمەوێ تیشک بخەمە سەر ئاستی گەشەکردن و پێشکەوتنی بوارەکابی ژیان لەو ووڵاتانەدا کە دەگەڕێتەوە بۆ گرنگیدان بە فەلسەفەی پەروەردە، لەناو پەروەردەشدا بایەخدان بە پرسی ژینگە.
بەهیوام ئەمە دەرفەتێک بێت بۆ هەنگاونان و بایەخدان بە پرسی ژینگە لە ناو پرۆسەی پەروەردەدا. وتارەکەم بە وتەیەکی (ئەلگۆر)کۆتایی بێنم کە دەڵێت:(ژینگەی سەلامەت و ئابووری بەهێز دوو ڕووی یەک دراون).

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت