گۆران هەڵەبجەیی: پارتی بەعسیە تاوانبارەکان داڵدەدەدات، بەنمونەی سعدون صبری.

وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لەمێژە ماهیەتی پارتی و بەتایبەت بازنە گچکەکەی سەرەوە کە خۆی لە بنەماڵەی بارزانیدا دەبینێتەوە کە خاوەن بڕیاری کۆتایی و دەسەڵاتی ڕەهان، بۆ خەڵک دەرکەوتوە کە ئەم بنەماڵەیە هەرچی بەهای ئەخلاقی و ئینسانی و سیاسی و نیشتمانی و کوردایەتی هەیە لەدەستیان داوە. ئەمانە بۆ پارستنی بەرژەوەندیەکانیان لەگەڵ مەترسیدارترین حیزب گرووپ و ڕەوتی ئیرهابی مامەڵەیان کردوە و دەیکەن. نمونەی زیندوو بازرگانیکردن بوو لەگەڵ داعشدا، ئەمە لەدەمێکدا ڕوویدا کە داعش بەئاشکرا پێشمەرگە دیلەکانی پارتی و لایەنەکانی سەردەبڕی، لەو سەردەمەدا پارتی سەرگەرمی فرۆشتنی نەوتی قاچاخ بوو بە داعش. نمونەیەکی دیکە فرۆشتنی ئەزیدیەکانی شەنگال بوو بەداعش، ئەویش بەپێی ڕێکەوتنێکی نهێنی کەتەنها سەرانی پارتی دەزانن ڕێکەوتنەکە چی و چۆن بووە.

پاش لەنێوچوونی دەسەڵاتی بەعسی فاشی، سەدەها تاوانباری ئەو حیزبە لەسەرانی حیزبی و سەربازی بۆپاراستنی ژیانیان ڕوویانکردە باژێڕەکانی ژێر دەسەڵاتی یەکێتی و پارتی. ئەم تاوانبارە بەعسیانە لە کوردستان نەک هەر داڵدەدران، بەڵکو ڕێگەدران کۆبوونەوەو کۆنفراسات سازبکەن و تێیاندا ستایشی ڕابردووبکەن و دژایەتی خۆیشیان بۆ ئەزموونەکەی هەرێم بەیانبکەن. ئەو کۆبوونەوە و  کۆنفرانسانە سکەندالێکی ئابڕووبەر بوون بۆ پارتی کە بەپاساوە لاوازەکانی نەیتوانی خۆی  لەبەرپسیاریەتی ڕێگەدان بەسازکردنیان دەرباز بکات.

ئەوەی شایانی ئاماژەیە زۆربەی ئەم بەعسیە تاوانبارانە خاوەنی پارەیەکی زۆرن کەلە کوردستان لە ڕێگەی چەندین پرۆژەی مەزنی بازرگانیەوە خستویانەتە ئیش.

هەواڵی بوونی کوڕەکانی علی کیمیاوی لە هەولێر کە بەوێنەوە بڵاوکرایەوە، هاوکات دەنگۆی مردنی تاوانبار عیزەت دووری لەهەولێر گەواهدەری ئەو حەقیقەتەن کە پارتی تا بینەقاقای نغرۆی خیانەتە.

دوا سکەنداڵی پارتی داڵدەدانی  تاوانبار [سعدون صبری]یە کە بەر لە مانگێک زیاتر لەلایەن هێزێکی تایبەتی سوپای عێراقیەوە لە هەولێر دەستگیرا.

لە [یوتووب] لە بەرنامەی [بنکهە عراقیە] بەم جۆرە باسی ڕووداوەکە دەکات و دەڵێت: {پاش ڕووخانی ڕژێمی بەعس ژمارەیەک لە سەرکردە حیزبی و سەربازیەکان دەرفەتیان بۆ ڕەخساو خۆیان گەیاندە وڵاتانی دەورووبەر وەک: سوریا ئوردون و ئیمارات و قەتەر و تورکیا}. وەک پێشتر ئاماژەم پێدا ژمارەیەکیشیان هاتنە کوردستان بەتایبەت هەولێر.

ئەم تاوانبارە سەرەتا ڕوودەکاتە سوریا تا 2011 لەوێ نیشتەجێ دەبێت، پاشان بۆ ماوەیەک دەچێتە تورکیا، لەکۆتایدا لە ئیمارات و ئوردن جێگیردەبێت، واتە خانووی لەهەردولا هەیە.

لایەنە شیعەکان چەندین ساڵ بەدوویدا گەڕاون  تا لەئەنجامدا بەهۆی هاوکاری کەسانی دیکەوە جێ پێی هەڵدەگرن و دڵنیادەبن کە لەکوێ دەژی.

ئەم بەعسیە چەندین پۆستی گرنگ و هەستیاری وەرگرتوە، لەوانە بەڕێوەبەری [شعبەی {٥} ی ئیستخبارات، بەڕێوەبەری ئەمنی نەجەف و بەسرە و کویت و چەندین پۆستی دیکە.

ئەم  کەسە {سعدون صبری} تاوانباری سەرەکیە لەکووشتنی { محمد باقر صدر و خوشکەکەی بەنێوی العلویە بنت الهدی]، وەک ئاشکرابووە هەردووکیانی بەدەستی خۆی کووشتوە، وێرای ئەمە خودی خۆی دانی بە کووشتنی پتر لە [20.000] مرۆڤی عێراقیدا ناوە، کەواتە بەهەموو پێوەرێک ئەم کەسە دەکرێ بخرێتە نێو لیستی هەرە تاوانبارە سادیەکانەوە.

دۆزینەوەکەیشی بەهۆی هەڵەی خۆیەوە بوو، بەوەی کە پێدەچێت بەناوی  خۆیەوە بانگەوازی بۆ  فرۆشتنی خانوویەکی کردبوو لەبەغدا.

یەکێک لەسەرکردەکانی [عصائب اهل الحق ]دێتە سەرخەت و وەک کڕیاری خانوو بەرە خۆی دەناسێنێت، لەئەنجامدا لەسەر نرخەکە ڕێکدەکەون و دەمێتە سەر چۆنیەتی پێدانی پارەکە، کابرای بەناو کڕیار پێشنیاری هەولێری بۆدەکات، ئەویش بێ بیرکردنەوە قەبوڵی دەکات، چونکە دەزانێت هەولێر بۆ ئەوان باژێرێکی بێ مەترسیە.

گێرمەو کێشە لێرەوە دەست پێدەکات کە دەمێک دەسەڵاتدارانی عێراق لە باڵاترین ئاستەوە بە فەرمی داوای ڕادەستکردنی تاوانباریان کرد، بەڵام  بەرپرسانی حکومەتی هەرێم دەستی دەستیان پێدەکردن. ئەم بگرەوبەردەیە پتر لەمانگێکی خایاند، لایەنی عێراقی نەیانخواست لەوە زیاتر گەمەیان پێبکرێت، بۆیە زمانێکی دیکەیان بەکارهێنا، ئەویش زمانی  هەڕەشەبوو، ئەوەبوو پەیوەندی بە مەسعود بارزانیەوە کرابوو، پێی ڕاگەیەنرابوو گەر ئەو تاوانبارەمان ڕادەست نەکەیت ئەوە پەیوەندیەکمان خراپ دەبێت، مەسروریش پرسی بووی ئەمە هەڕەشەیە؟ پێیان گووتبوو بەڵێ هەڕەشەیە. ئەوەبوو مەسرور ملکەچی هەڕەشەکەبوو وە تاوانبار گەیەنرایە بەغداد، پێدەچێت لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا تا ئێستا بەردەوام بێت، چونکە لە هیچ سەرچاوەیەکەوە باسی لەسێدارەدانی نەکراوە.

سەرکردایەتی پارتی [مەبەستم بارزانیەکانە] کە لەڕابردوودا عەشرەتەکەیان بەدەستی ڕژێمی بەعس ستتەمیان لێکرا و ئازاری قووڵیان چەشت، ئیدی چ لۆژیکێک قەبوڵی دەکات سەرکردە بارزانیەکانی ئێستا داڵدەی تاوانبارێکی دڕندەبدەن و نەخوازن ڕادەستی دەسەڵاتدارانی ناوەندی بکەن؟ تەنها تەفسیر ئەوەیە کە پارتی لە پێناسەی حیزب دەرچووە، مەبەستم ئەو جۆرە حیزبەیە کە ڕەچاوی پرەنسیپە سیاسی و ئەخلاقیەکان دەکات.

ئەوەی بەلای پارتیەوە گرنگە مانەوەیەتی لەدەسەڵاتدا، بۆ ئەم مەبەستەش ئامادەیە هەموو کارێکی نائەخلاقی بکات تا دەگاتە داڵدەدانی ئەو دوژمنانەی کە قەتڵوعامی بارزانیەکانیان کردوە.

سەرنج/ وای بۆدەچم پاش گەشتنی تاوانبار بەهەوڵیرو  داوای بەپەلەی ڕادەستکردنی لەلایەن بەغداوە، پارتی دەستبەسەری کردبێت، دەنا کە مەسەلەی خانوو لەئارادا نەما، دەیتوانی هەولێر جێبهێڵێت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت