زاهیر باهیر: گرنگی و بایاخی دەنگنەدان، بۆیکۆتی دەنگدان.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

کاتێك لەگەڵ خەڵکدا لەسەر ئەوەی سەرەوە دەدوێت، ڕووبەڕوی دوو پرسیار یاخود دوو وەڵام دەبیتەوە. یەکەم/ بۆیکۆت هیچ ناگۆڕێت و دەچێتە گیرفانی حیزبەکانەوە و لەو بارەشدا لایەنە هەرە خراپەکە سوودمەند دەبێت. دووەم/ ئەی ئەگەر بۆیکۆت بکرێت جێگرەوە چییە؟
بەڕای من ئەو بۆچوونانە هەردوکیان هەڵەن نە چارەیە و نە گۆڕانکارییەکیش دەکات، چونکە چارە ئەوە نییە کە ئێمە دەنگ بە لایەك بدەین، شەر لە بەتاڵی باشتر نییە، شەڕێك نییە یەخەی گرتبێتین و گەر نەیکەین تیادەچین و زەرەرمەندی هەمیشەیی دەبین. لە ڕاستیدا لە پرۆسەی هەڵبژاردندا لە نێوان هەموو ئەو بەربژێر و حیزبانەدا تەنها دوو بژاردەمان هەیە خراپ و خراپترین. لەو بارەشدا ئێمە دەنگ بە خراپەکە دەدەین تاکو خراپترینەکەمان لە کۆڵ ببنەوە.
گومان لەوەدا نییە کە لەناو ئەو بەربژێرانەدا کەسانی زۆر باش و دڵسۆزیان تێدایە بە هەموو نێت و ئاوەزی خۆیانەوە وا هەست دەکەن کە ئەوان دەتوانن گۆڕانکاری بکەن. بەداخەوە کە ئەو برادەرانە ئەوەند هۆشیاریان نییە و قووڵ نەبوونەتەوە لە کێشە محەلییەکان و جیهانییەکاندا. ئەوان ئیدراکی ئەوە ناکەن کە تۆ هەر جۆرە حکومەتێك دامەزرێنیت ناچاریت کە ببیتە پاشکۆی ئەم سیستەمە، پاشکۆی ئەوەی کە پێی دەلێن کۆمۆنێتی نێودەوڵەتیی. بۆیە لەو بارەدا دەبێت ئەوە بزانین ئەو کەسە باشانەش کە خۆیان بەربژێر کردووە دەبنە پاشکۆ و سیستەمەکە زۆر بە باشی دەیانگۆڕێت بەو جۆرەی کە پێویست بکات. ئەوان دەبنە برغویەکی سلاك، لەکار کەوتوو، کەبێ ئەو برغوانەش پێچکەی عەرەبانەی سیستەمەکە لەڕۆیشتندایە . ئەمە جگە لەوەی کە ئەوانیش دەبنە بەشێك لە داپڵۆسەر و سەرکوتکەری ئەو چین توێژاڵانەی کە پێشتر داوای دەنگدانیان لێدەکەن و گوایە ‘ئەم و ئەمان’ جیاواز دەبن لەوانەی کە ئێستا دەسەڵاتدارن.
بۆیکۆت هەڵوێستە، لە ساتە وەختێکی ئاوادا هەڵوێست و هەنگاوێکی شۆڕشگێڕانەیە کە بەرهەمی دەبێت، ڕسوایی و نابەدڵی و نادڵسۆزی و زوڵم و زۆری ئەنجامی پرۆسەکە و سیستەمەکە نیشان دەدات. بۆیکۆت هەنگاوی یەکەمە بۆ گۆڕانکاری گەورە لە سیستمەکەدا، هەرگیز شۆڕش ڕوونادات بێ هەنگاوە بچووك و پێشەکییەکانی. هەرگیز ساوایەك بێ نانی هەنگاوی زۆر بچوك فێر نابێت یا ڕانایەت لەسەر نانی هەنگاوی گەورە و دواتریش ڕاکردن.
بۆیکۆت یانی پێشەوەچوونی هۆش و گۆشی خەڵکی کە گەورەترین مەترسی لەسەر دەستەبژێر و حوکمڕانان دروست دەکات کە بە هۆش خۆیان دەهێنێتەوە کە ئەوان ڕووبەری مەترسی گەورە بوونەتەوە.
ئێمە خۆمان لە ناهۆشیاریمانەوە تەقدیری بۆیکۆت ناکەین بەڵام سیاسەتمەداران و دەوڵەتمەداران زۆر باش دەیکەن، ئەوان دەزانن چ مەترسییەك ڕووبەروویان دەبێتەوە. هەر ئەمەشە کە بە ملیۆن پاوەند و دۆلار و یورۆ لەو هۆکارەدا سەرف دەکرێت کە بۆچی خەڵك دەنگ نادات؟ ئەوان ناوەرۆك و حەقیقەتی بۆیکۆت تێدەگەن، ڕووکەشانە نایبینن، یا وەکو دیاردەیەکی ئاسایی هەڵوێستی دەنگدەر نایبینن، ئەوان ئەو دیوی کارەساتەکان و دیاردەدەکان دەخوێننەوە کە بۆیکۆت چەکەرەکردنی دەربڕینی چالاکی ناڕەزایەتی و دروستبوونی هۆشیارییە، دەزانن کە چ مەترسییەکە بۆیان، مەترسیی بە هۆشهاتنەوەی جەماوەری ناڕازییە.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت