حەسەن ڕازانی: چەند سەرنجێک لەسەر کوژرانی حەسەن نەسڕوللە و کاردانەوەکان!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

پێشەکی:
من دژی شەڕم، دژی چارەسەری کێشەکانم بە ڕێگەی توندوتیژیی و دژی شەڕێکی بەربڵاوم کە تەڕوپووشی تێدا وەک یەک دەسووتێنرێت!
حیزبواللە لە ساڵی 1982 لە خوارووی زۆرینە شیعەی لوبنان بە هاوکاری ڕاستەوخۆی ئێران دامەزراو یەکەمین سەرۆکی ئەو حیزبە تا ساڵی 1992 بریتیبوو لە عەباس موسەوی!
عەباس موسەوی لە ساڵی 1992 بەدەستی ئیسڕائیل کوژرا و حەسەن نەسڕواللە جێی گرتەوە. کەواتە حەسەن نەسڕواللە دووەمین سەرکردەی حیزبواللەی لوبنانیی، بەڵام بە پاڵپشتی ڕاستەوخۆی ئێران لە ساڵی 1992 وە سەرکردایەتی حیزبواللە دەکات!
حەسەن نەسڕواللە توانی لە ساڵی 2000 تەواوی هێزەکانی ئیسڕائیل لە خوارووی لوبنان دەرپەڕێنێت و خوارووی لوبنان ڕزگار بکات. لە ساڵی 1997کوڕێکی حەسەن نەسڕواللە بە ناوی هادی بە دەستی ئیسڕائیل کوژراو هەرلەو ساڵەشدا حیزبواللە لە لایەن ئەمریکاوە خرایە لیستی تیرۆرەوەو وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی وێنا کرا. ئەمریکاو بە گشتی دەوڵەتانی ناتۆ چارەی حەسەن نەسڕواللەیان نەدەویست و بەدەستیەوە گیریان خواردبوو بە تایبەتی ئیسڕائیل!
لە ساڵی 2020 لێکۆڵینەوەی ستراتیجی پەیمانگای نێودەوڵەتی کە بارەگاکەی لە (لەندەن)ە ڕایگەیاند کە حیزبواللە خاوەنی 20 هەزار چەکداری مەشق پێکراوە!
لە دووساڵی ڕابردوودا حەسەن نەسڕوللە کەمتر دەهاتە نێوخەڵکەوەو تەنها لە ڕێگەی تەلەفزیۆن و ڕێگای تۆمارەوە خۆی بە خەڵک نیشان دەدا لە ترسی کوژرانی بەدەستی ئیسڕائیل.
حەسەن نەسڕواللە لە 27ی سێپتەمبەر لە ڕێگەی هێرشی ئاسمانی ئیسڕائیلەوە بۆ سەر گەڕەکێکی مەدەنی زاحیەی خوارووی بەیروتی لوبنان کرایە ئامانج و کوژرا لەگەڵ دەیان کەسی تری سەر بە حیزبوواللە!

چەند سەرنجێک:
یەکەم/ بە بڕوای من، ئێران چەندە کاردانەوەی هەبوو لە دژی ئیسڕائیل لە کاتی کوژرانی ئیسماعیل هەنیە هەر ئەوەندەش بۆخۆی ڕاستەو خۆ کاردانەوەی دەبێ. ڕەنگە لە ڕێگەی پڕۆکسیەکانیەوە هەندێک جووڵەی هەبێت!
دووەم/ جیهانی عەڕەبی و جیهانی سونە مەزەبی ئیسلامی زیاتر بۆ ئیسماعیل هەنیە بە پەرۆش بوون لە حەسەن نەسڕواللە! بە تایبەتی جیهانی ئیسلامیی بە ئادۆلۆجیەت ئیخوانیی!
سێیەم/ حیزبواللە بە سەرکردایەتی حەسەن نەسڕواللە بەشداری سەرکوتی ڕاپەڕینی 2011ی خەڵکی سوریای کردو لە ئەدلەب و تەڕابلوس خەڵک زۆر چارەیان ناوێت. بۆیە لە کاتی بیستنی خەبەری کوژرانی حەسەن نەسرواللە خەڵکی ئەدلەب هەندێکیان خۆشحاڵی خۆیان لە ڕێگەی سۆشیال میدیاوە دەردەبڕی!
چوارەم/ جیهانی عەڕەبی کەمتر بۆ حەسەن نەسڕواللە پەرۆشی و خەمی خۆیان دەردەبڕن وەک لە ئیسماعیل هەنیە!
پێنجەم/ حەسەن نەسڕواللە، بە بڕوای من، ئەوەی دەیکرد لە نیوەی زیاتری بۆ لوبنانیەیکان نەبوو بەڵک و بۆ سەرگرتنی سیاسەت و پلانی ئێران بوو لە ناوچەکەدا!
شەشەم/ لوبنان و فەلەستین دوو وەڵاتی ڕاستە ئیسلامی و عەڕەبین بەڵام بیرکردنەوەیان و بەرژەوەندیان جیاوازە. خەڵکی لوبنانیەکان دەڵێن بۆچی دەبێ لوبنان ببێتە سووتەمەنی سیاسەتەکانی ئێران و بە دەستی حەماس و حیزبواللە بناڵێنێت. کەواتە ئەو هێزەی کە حیزبواللە هەیەتی لە لوبنان ئۆتۆریتەی هێزە نەک ئۆتۆریتەی کۆمەڵایەتی نێو خەڵک. بۆ نموونە حیزبوللە حوکومەتە لە نێو حومەتی لوبناندا!
حەوتەم/ ئیسڕائیل ئەو پلان و ڕێگایەی کە ئێستا گرتوویەتیە بەر کە بریتیە لە کوشتنی بەرپرس و گەورە دەسەڵاتدارانی حیزبواللە و حەماس وازی لێناهێنێت و بەردەوام دەبێ چونکە دەزانێت ئەو ڕێگایە زۆر کەمەرشکێنەو لە پەڕوپۆیان دەخات!
هەشتەم/ هێزی ئیستیخباڕاتیی ئیسڕئیلیی دنەو دزەی کردۆتە ناو هێزەکان و دام و دەزگاکانی حیزبواللەو حەماس و حوسیەکان و هەموو پڕۆکسیەکانی ئێران لە ناوچەکەداو بە ڕوونی ئەو دنەو دزە کردنە دیارە.
نۆیەم/ هێزی تەکنیکی و زانستی ئیسڕائیل هەموو جیهانی عەڕەبی و ئیسلامی هێناوەتە لەرزە. لەوەتی ئیسڕائیل پەیجەرەکانی حیزبواللەی تەقاندنەوە، ئێستا ترس هەیە کە ئیسڕائیل بتوانێت لە ڕیگەی کەل و پەل و ئامرازە زیرەکەکانەوە کاری گەورەتر لە دژی دوژمنەکانی بکات . بۆ نموونە لە ڕێگەی تەلەفزیۆنی زیرەکەوە، لە ڕێگەی تەلەفۆناتی زیرەکەوە، لە ڕێگەی سەعاتی ئەپل و زیرەکەوە، لە ڕێگەی سەیارەو ماتۆڕی خاوەن عەقلی زیرەکەوەو لە ڕێگای دەیان ئامرازی زیرەکی ترەوە.
دەیەم/ ئێران ئێستا ئەوەندەی لە پرۆکسیەکانی دەترسێت کە لەناو بچن زیاتر ترسی لە خۆیەتی و لە سەرکردەکانی خۆیەتی لە ناوجەرگەی ئێراندا. ئەوەتە تەواوی ڕاگەیاندنە جیهانیەکان باس لەوە دەکەن کە ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران، عەلی خامنەئی، گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی باشتر لە ڕووی ئەمنیەوە لە ترسی ئیسڕائیل!
یازدەیەم/ هێزی تەکنیکی و سەربازی ئیسڕائیل زۆر پێشکەوتوویەو زۆریش وێرانکەرە، دیارە بە پاڵپشتی ناتۆ و ئەمریکا بەدەرەجەی یەکەم. ئەوەتە ئەو شوێنەی کە حەسەن نەسڕواللەی لێبووە چەندین قات لە ژێرەوەی ساختومانی گەورەدا بووە. بەڵام دەگوترێت ئەو بۆمبەی کە بەکار هاتووە پێی دەگوترێت قومبەلەی چەکوچ واتە القنبلة المطرقة. ئەو قومبەلەیە 15مەتر ئەستووری کۆنکریت دەبڕێت و چەندین مەتر دەتوانێت بڕواتە خوارو بە ڕێگەی جی پێ ئێس کار دەکات. کەواتە قسەکەی کاوێزاغا دووبارە دەکەمەوە کە دەڵێت بە تفەنگێ شادومانێ شەڕ ناکرێت لەگەڵ ئاسمانێ!
دوازدەیەم/ ئەمریکاو ناتۆ پاڵپشتی خۆیان بۆ ئیسڕائیل دووپات کردەوە!
سێزدەیەم/ ئیسڕائیل بەردەوام دەبێت تا هەموو قاچو باڵ و لاکانی ئێران لە ناوچەکەدا کۆتایی پێدێنێت یان بە تەواوی لاوازیان دەکات و ئینجا بە بڕوای من ئەگەر ئێران بەردەوام بێت لە سەرەخەری نۆرەی ئەویش دەێت،چونکە ئامانجە سەرەکیەکە ئێرانەو کۆماری ئیسلامیش ئەمە باش دەزانێت.. ئێستا زین و مەم بەهانەن و هیچی تر.. ئێرانیش ئەمە باش دەزانێت. جیهانی عەڕەبی و بە تایبەتی جیهانی سونەش لێدانی ئێران و باڵ و پڕۆکسیەکانی ئێرانیان پێناخۆش نیەو لە ژێرەوە ڕازین !
چواردەیەم/ جیهانی عەڕەبی بە تایبەتی جیهانی سونە نشین زۆرینەکەی ئێرانیان پێ دوژمنترە لە ئیسڕائیل !
پازدەیەم/کردەوەکەی حەماس لە 7ی ئۆکتۆبەری پار زیاتر سوودی بە ئیسڕائیل گەیاندو بەهانەی دایە ئەوە بکات کە ئێستا تێیدا بەردەوامە. مەسەلەی درووستکردنی دەوڵەوتیشی بۆ فەلەستینیەکان چەندین هەنگاوە بۆ دواوە گێڕایەوە!.
شازدەیەم/ حیزبوللە لە جیاتی سوود بە لوبنان و بە حیزبەکەی خۆی بگەێنێت زەرەری پێگەیاندن ئەویش بە خۆبەستنەوەی بە حەماسەوە بوو لە ژێر بیانووی موسڵمانەتی و فکرەی نەتەوەییدا.. ئەم کارەی حیزبوللە بۆ حەماس و فەلەستینیەکان نەبوو ئەوەندەی پەیوەندی بە ئێران و پلانەکانی ئێرانەوە هەبوو لە ناوچەکەدا!
حەڤدەیەم/ کوژرانی حەسەن نەسڕوللە ڕاستەوخۆ کاریگەریی لەسەر هێزی بەرگریی و هێرشی نێو سەنگەرەکانی پێشەوە بۆ پاراستنی ئێران هەیە.. چونکە حیزبوللە هێزی سەربەئێرانی سەنگەرەکانی پێشەوەیە بۆ پاراستنی ئێران و ئەمنی ئێران بەڵام لە ژێر پەردەی لوبنان و خەڵکی لوبنان و مەسەلەی قودس و فەلەستیندا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت