دکتۆر بەهرۆز جەعفەر: کوردو ئاسۆکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
بەناونیشانی “خاڵی وەرچەرخانی جیهانی: ئایندەی جەمسەرگیریی و ئاسۆی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست”، نیزیکەی هەشت مانگ دەبێت، بەناوی “پەیمانگەی مێدیتریانە بۆ توێژینەوەی هەرێمایەتی”، لە ئامادەکردنی کتێبێکی نوێداین، ئەمجارەیان لە ڕێگەی یەکێک لە 10 بەهێزترین بڵاوکەرەوە زانستییەکانی جیهان؛ ئەوەی وا دەکات، وەرچەرخان لە نەزمی جیهانی-World Order” دا ڕووبدات، چوار خاڵی سەرەکیین:
یەکەم/ هەژموونی چین.
دووەم/ دەرکەوتنی زلهێزەکانی ناوەڕاست (یان زلهێزە تازە سەرهەڵداوەکان) وەکو هیندستان و باشوری ئەفریکا و سعودییە و بەرازیل و تورکیا.
سێهەم/ زیادبوونی ڕۆڵی ئەکتەرە نا-دەوڵەتییەکان، لەناو ئەوانیشدا زیاتر ڕۆڵی کۆمپانیا جیهانییەکان، لەناو کۆمپانیا جیهانییەکانیشدا زیاتر ڕۆڵی ئەوانەی لەبواری تەکنەلۆژیادا کاردەکەن.
چوارەم/ زیرەکی دەستکرد، ئەوانەی خاوەنی زیرەکی دەستکردن وەکو چین و ئەمریکا و ئیسرائیل، زیاتر توانای یەکلاکردنەوەی هاوکێشە ئابوریی و سەربازیی و ئەمنییەکانیان هەیە، ئەمەش وادەکات زیرەکی دەستکردو جیۆپۆڵەتیک پەیوەندیی ڕاستەوانەیان هەبێت.
ئەم دۆخەی سەرەوە، وادەکات تاکجەمسەر وەک پێویست توانات ڕاگرتنی باڵانسی هێزی نەبێت، بۆیە ماوەی دەیەیەکە دەیان گرفتی گەورە یەخەی هەسارەی زەوی گرتوە، وەکو؛ گەرمبوونی گۆی زەوی، بڵاوبونەوەی نا-یەکسانی (77 ملیۆن منداڵ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریکا پێویستیان بە خۆراکە)، کێشەی کۆچبەر، جەنگەکانی ئوکراین و غەزە، کێشە سایبەرییەکان و… زۆری دیکە، ئەمانە چی لە سیستەمە نێودەوڵەتییەکە دەکەن؟ بەهاو نۆرمەکان تێک دەدەن.
لەم دۆخەی لەسەرەوە وێنەکرا: ئیشی چین و ئەمریکاو ئێران و کۆریای باکور ئەوەیە؛ هەرچی ڕوویدا بڵێن؛ ئەمریکا بەرپرسیارە، خەریکی ناشیرینکردنی وێنەی ئەمریکان تا ئەوکاتەی سیستمە تاکجەمسەرییەکە کۆتایی بێت. فرەجەمسەریی هەواڵێکی تازە نییە بۆ ئەمریکا (بۆ نوخبە ئاگادارەکە)، بە پێچەوانەوە؛ دەیان زانای ئەمریکی لە سەدەی 20 و 21 دا؛ پاڵپشتی خۆیان بۆ سیستەمی فرەجەمسەریی دەربڕیوە، واتا سیستەمێکی جیهانی ئەوتۆ کە زیاد لە دوو، یان زیاد لە سێ زلهێزی گەورە هەبن و بڕیارەکان و هێز بە یەکسانی دابەشبووبێت لەو پەیکەربەندییەدا. لە هەرە بیرمەندە پێشەنگەکانی ئەمریکا لە بواری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا پێیانوایە سیستەمی فرەجەمسەریی باشترە لە تاک جەمسەریی، یان دوو جەمسەریی، لەوانە: وەک هانس مۆرگێنتاو، هنری کیسنجەر، ساموێڵ هۆنتیگتۆن، کریستوفر لەین، چارڵز کوپچان، ستیڤن واڵت.
لەهەموو حاڵەتێکدا، ئەمریکا هێشتا هێزە، هێشتا یەکەمی ئابوری و سەربازیی و تەکنەلۆجی جیهانە، هێشتا لە یەکەمەوە هەتا دەیەم باشترین زانکۆکانی دونیا ئەمریکی و بەریتانین، هێشتا یەدەگی دراوی چین بە یوان لە نێو وڵاتاندا (205٪) بەڵام یەدەگ بە دۆلاری ئەمریکی (58٪) ی جیهان پێک دەهێنێت. نەک چین، بەڵکو هەموو ئەندامانی بریکس بەقەت ئەمریکا یەدەگی ئاڵتونیان نییە. کەواتە هێشتا ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گرینگە بۆ ئەمریکا، بەتایبەت لە ڕووی ئاسایش، کەمکردنەوەی هەژموونی چین، پاڵپشتی ئیسرائیل. بابولمەندەب و کەناڵێ سوێس شاڕێگای بازرگانی نێوان ئاسیاو ئەوروپان.
کوردیش لەناو جەرگەی ئەم ڕێگا نوێیەدایە، ئەم چەرخە نوێیەدایە. کتێبەکەمان نیشانی دەدا، کە جەنگی دژە تیرۆر لە 2001 تا 2023 نیزیکەی 8 هەشت تریلیۆن دۆلار بۆ بە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و توندوتیژیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست خەرجکراوە؛ ئەنجامەکەی ئەوەبوو لە ساڵی 2020 پەرلەمانی عێراق دەنگیان کۆکردەوەو بڕیاریاندا هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق دەربچن، لە سەرەتای 2024 یشدا گوایە هەردوو دەوڵەتەکە ڕێککەوتوون لە ئەمریکا لە عێراق بکشێتەوە، لە ڕێککەوتنەکە ئەمریکا دەڵێ؛ بەڵام بنکەیەکمان لە هەرێمی کوردستان دەمێنێتەوە، بۆ ئەوەی ئەم هەرێمە لە پەلاماری کەتیبەکانی حەشدی شەعبی بپارێزێت.
ئیسرائیل، (38) ئامانجی لە عێراق دیاریکردوە بۆ ئەوەی هەرکات پێویستی کرد وێرانی بکات. سی و پێنجیان زۆر گرینگ نییە، بەڵام سێ دانە لەوانە بە ئەگەری زۆرەوە بریتین لە: جورف سەخر لە نێوان بەغداو کەربەلا (مەڵبەندی حەشدی شەعبی، تەنانەت سەرۆکوەزیرانی عێراقیش مافی چوونەژوورەوەو دەستوەردانی ئەم ناوەندەی هێزە وەلائییەکانی ئێرانی نییە لە عێراقدا)، مینای بەسرە ( زیاتر لە 4000 تەن ماددەی تەقینەوە لەم ناوچەیەدان)، ناوچەی هەناسەدانی عێراق، هەموو شتێکی عێراق بەسرەیە، هەموو بودجە پشت بە نەوت دەبەستێت، هەمووشی لە بەسرەوە دەڕواتە دەرێ، ئیسرائیل دەمێکە حەز دەکات تێی سرەوێنێ، بەڵام ئەمریکا ڕێگرە.. بۆچی؟ ئەوەی دەمێک ساڵە نووسینەکانی پێشووی ئێمەی خوێندبێتەوە، دەزانێت هۆیەکەی چییە.
یەکێکی دیکە لەو خاڵانە، ڕەنگە باڵوێزخانەی ئێران بێت. ئەمانە کاتێک ڕوودەدەن کە گرووپە ئایدۆلۆجییەکانی بەرەی مقاوەمە هێرشی زیاتر بکەنە سەر ئیسرائیل.
لەهەموو حاڵەتێکدا کورد نە بەشەو نە کەرەستەو نە ئامانجی جەنگەکەیە، هەموان هەوڵی بە پارێزراوی مانەوەی هەرێمی کوردستان دەدەن، بەڵام هێزە کوردییەکان ڕۆژ تا ئێوارە خەریکی تێکدانین (هەر تێک ناچێت)، تەنانەت هوتاف و درووشمەکانیشیان بە ئاشکرا تێکدانە. دەرفەتەکان ئەوەندە زۆرن بۆ کورد، کە زۆر نیزیکە لەوەی بەغدا ببێتە پارێزەری ئەوەی نەوتی کوردستان دەبێت هەناردە بکرێتەوە، دەبێت هەر بەو بۆڕییەدا بێت کە پێشتر دادگای فیدراڵی پێی دەوت نایاساییە.. ئەوە یەکەمجارە کە ئێران و تورکیاو سوریا پێکەوە دۆخی سیاسی و ئابورییان ئەوەندە خراپە، کە ڕێژەی هەڵئاوسان لە هەرسێ وڵاتەکەدا لە سەروو (70٪) ەوەیە. دۆخێک ئەوەندە دراماتیکییەو خێرا دەڕوات، سەرۆککۆماری ئێران دوو هەفتەیە لەسەردانەکەی بۆ هەرێمی کوردستان گەرەنتی وەرگرتوە کە ئاسایشی ئێران لە سنورەکانی هەرێمەوە دەپارێزرێت؛ کەچی بەئاشکرا دەڵێ ترسی ڕاگەیاندنی دەوڵەتی کوردیی هەیە! هەموو هێزە چەکدارەکانی ڕۆژهەڵاتیان چەک ککردوەو، لە کەمپە دوورە نشینەکاندا دایانیشاندوون، هێشتا ڕژێمەکە لە ئێران دەترسێت تەقینەوەیەکی ناوخۆیی ڕووبدات!
دەرفەتێکی لەوانە گەورەتر، دەرگا کراوەتەوە بۆ هەمەچەشنکردنی ئابوریی و درووستکردنی شاری زیرەک لە کوردستان، ناووجەی پیشەسازیی نوێ، لە ڕێگەی بەشداریکردنی تیمی کوردیی لە سعودییە، سەڵتەنەتی عومان، بەهاوکاری چینییەکان و یابانییەکان؛ بەڵام کورد خۆی ئامادەنییە، ئەوەتا دەبینن، چۆن چۆنی دەڕواننە دونیا..دەڵێ؛ تۆ بەس دەنگم بدەرێ، بزان چۆن هەموو ئەوانی تر لەناو دەبەم!