فه‌رمان عزیز شریف: جیاوازی هه‌ڵبژاردنی عێراق و كوردستان.
سیسته‌می حوكمرانی و هه‌ڵبژاردن له هه‌رێمی كوردستان 32ساڵه، له عێراق یش 19 ساڵه، كه‌چی عێڕاق له‌زۆر لایه‌نه‌وه له هه‌رێمی كورستان له‌پێشتره، چونكه له‌هه‌رێمی كوردستان له‌م ماوه درێژه‌دا ده‌بوایه 9جار هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان ئهنجامبدرابایه، كه‌چی تازه هه‌ڵبژاردنی خولی شه‌شه‌می په‌رله‌مانی كوردستان ئه‌نجام ده‌درێت، پارتی و یه‌كێتی له‌وماوه‌یه‌دا به‌كۆی گشتی 12 ساڵ هه‌ڵبژاردنیان دواخستووه كه ده‌كاته سێ خولی هه‌ڵبژاردن، به‌ڵام عێراق له 19 ساڵ پێنج خوڵی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجامدایه جگه له هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان، وه هیچ خولێكی په‌رله‌مانی دوانه‌خستووه بۆ چه‌ند ساڵێك، ئه‌دای كاره‌كانی په‌رله‌مانی عێڕاق زۆر چاڵاكتره له‌په‌رله‌مانی كوردستان، چونكه په‌رله‌مانی عێراق ده‌یان به‌رپرس و وه‌زیر دراونه‌ته دادگا و لێكۆلینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ كراوه وله پۆسته‌كانیان لادراون، به‌ڵام له هه‌رێمی كوردستان په‌رله‌مان نه‌یتوانیوه متمانه له‌یه‌ك به‌رپرس و وه‌زیر وه‌ربگرێته‌وه.
له‌هه‌رێمی كوردستان هیچ یه‌كێك له پایه‌كانی سیسته‌می حوكمڕانی و دیموكراسی ته‌واو نیه، وه‌ك ده‌سه‌ڵاتی یاسادانان و جێبه‌جێكردن و سیسته‌می دادوه‌ری سه‌ربه‌خۆ، ده‌سه‌ڵاتی چواره‌م و میدیایی ئازاد و چاو‌دێر به‌سه‌ر سێ ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی دیكه، وه نه‌بوونی ئۆپۆزسیۆنێكی ڕاسته‌قینه و كارا كه بتوانێت ڕه‌خنه‌كانی عه‌رشی ده‌سه‌ڵات بهه‌ژێنێت. ته‌نانه‌ت حكومه‌تێكی ته‌واویش كه یه‌ك حیزب براوه‌بێت و بتوانێت به‌ته‌نها حكومه‌ت پێكبهێنێت تاوه‌كو له كۆتایی كابینه‌كه هه‌موو ئه‌رك و بهرپرسارێتیهكان هه‌ڵبگرێت نه‌ك حكومه‌ت بنكه فراوان بێت، له‌كۆتایی دا هه‌رحیزبه و خراپی و گه‌نده‌ڵیه‌كانی بخاته سه‌ر حیزبه‌كانی دیكه و خۆی لێ بێبه‌ری بكات وه‌ك چۆن له‌هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردنی ئه‌م خوله‌ی ئێستای په‌رله‌مان ده‌یبینین.
سیسته‌می حوكمڕانی هه‌رێمی كوردستان له‌هی هیچ شوێنێكی جیهان ناچێت، نهئۆپۆزسیۆنێكی ته‌واومان هه‌یه نهحیزبێكی براوه و خاوه‌ن ده‌سه‌ڵاتی ڕههاشمان هه‌یه، بۆیه دوای هه‌ر شكست و قه‌یرانێك هه‌رحیزبه وئه‌وی دیكه تۆمه‌تبار ده‌كات، چونكه كۆمه‌ڵێك حیزب به‌یه‌كه‌وه ده‌چنه په‌رله‌مان وههربهیهكهوهش هاوپه‌یمانی پێكده‌هێنن وحكومه‌تی هاوبه‌ش دروست ده‌كه‌ن.
پارتی ویه‌كێتی به‌رده‌وام زۆرینه‌ی كورسیه‌كانی په‌رله‌مانیان به‌ده‌ستهێناوه وههربهیهكهوهش حكومه‌تیان پێكهێناوه و حیزبه بچوكهكانیشیان به‌شداری پێكردووه، ئه‌وكاتانه‌شی ڕێككه‌وتنیان نه‌بووه و پێكنه‌هاتوون شه‌ڕی ناوخۆییان كردووه.