نەوزادی موھەندیس: ھەڵبژاردنی پەڕلەمانی کوردستان و ئایندەی پڕۆسەی سیاسی لە ھەرێمدا.

کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئاشکرایە ئەم ھەڵبژاردنەی خولی شەشەمی پەڕلەمانی کوردستان بەلای ھەموانەوە لەھەرێم و عێراق و بەناو دۆستەکان لەناوچەکە و دونیاشدا گرنگیەکی زێدەتری ھەیە لە خولەکانی پێشووتر، ئەوەش بەھۆی ئەوەی ھەموان چاوەڕوانی گۆڕانکاری گەورە دەکەن لە پێگەی پارتە سیاسیە کلاسیکی و دەسەڵاتدارەکان و لەولاشەوە ھاتنە پێشەوەی پارت و ھێزی نوێ کە تازە دامەزراون،کە ئەمەش وادەکات ھەموان بەگرنگی و لەھەمان کاتیشدا بە ئاگاییەوە چاودێری پڕۆسەکە بکەن و لەھەرێمیشدا ھەموان کەوتونەتە خۆ بۆئەوەی ھەریەکەیان بتوانێت لانی کەم دەنگ و کورسیەکانی کەم نەکات و پارێزگاری لەوەی ھەیانە بکات و ھێزە تازەکانیش لەھەوڵی چڕ وپڕدان بۆئەوەی لە ھەنگاوی یەکەم و یەکەم ھەڵبژاردنیاندا بتوانن ھێزی سیاسی و جەماوەری و شەقامی خۆیان پیشانبدەن و دەنگ و کورسی زۆر وەدەستبێنن.
جا لە عێراقیشدا بەھەمان شێوە حیزب و سەرکردە شیعی و سونیەکان و تورکومانەکانیش لە چاودێری دۆخەکەدان و ھەریەکەیان حەزدەکەن ھاوپەیمان و دۆستەکەی خۆیان سەرکەوتن بەدەستبھێنێت، وەک ئاشکراشە لەھەرێمدا دوو بەرەی دژ بەیەک پەیدابون لە دیدو تێڕاونینیان بۆ پەیوەندیەکانی ئێستا و ئایندەیان لەگەڵ حکومەتی بەغدادا، بەرەیەک بە چاوی گومان و ترس و دژەوە لەبەغداد دەڕوانێت بە سەرکردایەتی و نومایندەی پارتی و بەرەی بەرامبەریش بە چاوی دۆست و شەریک و ھاوبەش لە بەغداد دەڕوانێت بە ڕابەرایەتیکردنی یەکێتی نیشتیمانی کوردستانەوە،ھەربۆیەش بەغدادیش لەو دیدەوە چاوەڕوانی سەرکەوتن یان شکستی یەکێک لەو بەرانە دەکات.
وڵاتانی ناوچەکە و زلھێزەکانیش بەھەمان شێوە بەئاشکرا، یان بەنھێنی لەگەڵ ھیچ یەک لەو بەرانەدا خۆیان ساغ نەکردۆتەوە، بەڵام ھەمیشە پێدادەگرن لەسەر ئەنجامدانی پڕۆسەکە بە باشترین و خاوێنترین شێواز کە دووربێت لە گزی و ساختەکاری و گەرەکیانە بنەماکانی ڕاستەقینەی دیموکراتی لەم ھەرێمەدا بچەسپێنن کە تاڕادەیەکی گەورە جیاوازە لە دید و بیرکردنەوەی دەمارگیری نەتەوەیی و ئاینی و مەزھەبی وەکو زۆرینەی شیعە و کەمینەی سونەی عەرەب لە عێراقدا، ئەوان لە ھەرێم وادەڕوانن و ئومێدی زۆریشیان لەسەر ھەڵچنیەوە کە ببێتە پێگە و ھەڵکەوتەیەکی سیاسی و ئابوری و ئەمنی بۆ پاراستنی بەرژەوەندیەکانیان لەناوچەکەدا.
ھەربۆیە ڕەنگە پڕۆسەی سیاسی لە ھەرێمی کوردستاندا دوای ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەڕلەمان و ئاشکراکردنی ئەنجامەکان، جۆرێک لە گۆڕانکاری تیادا ڕووبدات گەرچی زۆر گەورە و بەرچاویش نەبێت، چونکە سەرەتا پڕۆسەکە وەستاوەتە سەر ڕادە و ئاستی متمانەی جەماوەر بەخودی پڕۆسەکە و ئەنجامەکانی و ڕێژەی بەشداریکردنی ھاوڵاتیان، چونکە لەئێستادا ھاوڵاتیانی ھەرێم بەشێوەیەکی گشتی لەھەموان توڕەن بە دەسەڵاتداران و بەناو ھێزە ئۆپۆزسیۆنەکانیشەوە چونکە ھیچ کامیان نەیانتوانیوە لە 33ساڵی ڕابووردوودا ببنە جێگەی متمانەی کۆنکرێتی شەقام و ڕای گشتی جەماوەری ھەرێم. بۆیە چاوەڕوانی گۆڕانکاری زۆر گەورە ناکرێت و ڕەنگە لە حیزبە دەسەڵاتدارەکان ژمارەیەک کورسی و دەنگ کەم ببێتەوە، بەڵام نابێتە ھۆکاری سفرکردنەوەیان و ئەو ھێزانەی تری دەرەوەی ھێزە دەسەڵاتدارەکانیش ڕەنگە ھەر بەھێندەی قەوارە و مێژوو و کاری پێشینەیان کە زۆرینەیان مێژوو و ڕابووردویەکی ڕۆشن و گەشاوەیان نیە و ھێشتاش لە دەسەڵاتدا نەبینراون بۆیە جەماوەر بە گومان و دڵڕاوکێ و ترسەوە لێیان دەڕوانێت و نایەوێت بەیەکجار چارەنوس و ئایندەی خۆی و نەوەکانیشی تەسلیم بەو ھێزانە بکات.
لە ئەنجامدا ڕەنگە پڕۆسەی سیاسی لەکوردستان گەر ژمارەیەک لەو حیزبانە بە ڕێژە و قەوارەی کەمەوە بچنە ناو پەڕلەمانەوە دۆخێکی زیاتر لە ناجێگیری سیاسی و ئابوری و تەژی بە ململانێی حیزبی بێتە کایەوە کە ڕێکەوتن و گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن گەر مەحاڵ نەبێت ئەوا زۆر دووردەبن لەیەکتریەوە،بە گەواھی ئەوەی کە لە 13 حیزب و 2 ھاوپەیمانی و 139 لیستدا نە بەرەیەکی یەکگرتووی ئۆپۆزسیۆن و نە ھاوپەیمانێتیەکی بەھێز و پتەوی حیزبە گەورەکان پێکھاتوون کەئەمە مانای شڵەژاوی و ناڕێکی و دڕدۆنگی ھەموان لەگەڵ ھەمواندا دەگەیەنێت، جا ئەنجامەکانیش ھەرچیەک بن ئەوا پێشبینی ناکرێت لەدوای ئەنجامەکان و لەناو پەڕلەماندا باشتر وێنکە دەربکەوێت.
جێگەی سەرنجە کە لە پێکھاتە نەتەوەیی و ئاینیەکانی کوردستانیشدا کە تەنھا 5کورسیان ھەیە،ژمارەی کاندیدەکانیان 39 پاڵیوراون لە مەسیحی و تورکومانەکان.بەسەر چوار بازنەکەی ھەڵبژاردندا دابەشبوون، ئەوانیش وەکو کوردەکان پەرتەوازە وناتەبا و ڕێکخراو و یەکگرتوو نین.
بەم شێوەیە پەڕلەمانی داھاتوو ڕەنگ و دەنگی جیاوازی تێدەکەوێت و ڕەنگە بۆ ڕایکردنی پڕۆژە یاسایەک مامەڵەکردن و کڕین و فرۆشتنی دەنگی تێبکەوێت وەک پەڕلەمانی عێراق و ئەمەش ببێتە ھۆکاری ئەوەی کە پەڕلەمان ھێندەی تر لاواز و بێدەسەڵات بمێنێتەوە و نەتوانێت ئەرکە سەرەکیەکانی لە یاسادانان و بەدواچونەکانیدا سەرکەوتوو ببێت و ئەنجامیش حکومەتێکی لاوازتر بێتە کایەوە کە بەدڵنیایی حکومەتێکی ئیئتیلافی لەرزۆک دەبێت نەک حکومەتێکی یەک و یەکگرتووی بەھێز.
بۆیە ئەم ھەڵبژاردنە بۆ ھەموان و بەلای ھەموانەوە گرنگە، چونکە ئومێد و ئاواتی زۆری لەسەر ھەڵچنراوە بۆئەوەی ھەریەکە بتوانێت ئەسپی خۆی تیادا تاوبدات و سەنگ و قورسایی خۆی پیشان بدات و نەیارەکانی تووشی شکست و بچووک بکاتەوە،گرنگە ئەم ھەڵبژاردنەی پەڕلەمان لەدۆخی قەتیسی و سستی و باڵادەستبونی لایەنێک دەربازبکات و گیانێکی زیندوو و خاوەنی دەستپێشخەری سیاسی بێنێتە کایەوە کە پێگە و قورسایی و سەنگینی پەڕلەمان وەکو ئۆرگانێکی شەرعی ھەڵبژێردراو لەسەروو ھەموانەوە پیشانبدات و ھەموانیش بەحکومەت و سەرۆکایەتی ھەرێمیشەوە پابەندی بەدواداچوون و یاساکانیەوە بن و پەڕلەمان ببێتەوە مەرجەعی ھەموان و ببێتە جێگەی یەکلاکردنەوەی کێشە و مەسەلە گرنگەکانی ھەرێم لەبواری سیاسی و ئابوری و ئەمنی و کۆمەڵایەتیەکان و وزە و خۆشگوزەرانی ھاوڵاتیاندا.
ھەربۆیە بەبێ ھاتنە کایەی پەڕلەمانێکی بەھێز، ئەوا مەحاڵە حکومەتێکی بەھێز و پارسەنگ و ھاوسەنگ بێتەدی و کێشە و گرفتەکانی 33ساڵی ڕابووردوش بەردەوامیان دەبێت،لەکاتێکدا کە توانا و پێگەی ھەرێم لە ناو عێراق و ناوچەکە و لای دۆستەکانیش لاواز و بچوک بۆتەوە و بەداخەوە ھێندەی نەیارمان ھەیە نیوھێندە دۆست و یاری ڕاستەقینەمان نەماوە بەبەراورد بەسەرەتای گۆڕانکاری و ڕووخاندنی ڕژێمی بەعس لەسەرەتای ساڵی 2003دا، بۆیە گرنگە کە ھەموان گەر لەسەر ھیچ ڕێکنەکەون لەسەر مانەوە و بەھێزبوونی پەڕلەمان و حکومەتی ئایندە ڕێکبکەون لە پێناو پاراستن و مانەوەی قەوارەی یاسایی و دەستوری ھەرێمی کوردستان.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت