عه‌بدوڵا که‌ریم مه‌حمود: له قۆچکه تاشییهوه بۆ حه‌فر.
سه‌رتاشین جۆرێکه له جوانکاری روخسار، بۆ پاک و خاوێنی قژ بۆ (نێر و مێ ). قژی کورت بۆ پیاوان و قژی درێژیش بۆ ژانان. ئەو قژە کورت و درێژە بۆ هەر یه‌کێکیان، جۆره دیمه‌نێکی سەرنج راکێشەری رۆمانسی و جوان و ناسک ده‌نوێنێ. زۆربه‌ی گەنجان و پیاوان و ژنان به‌پێی مۆدیلی سهردهماکانیان قژیان ده‌بڕن.
قژ هێشتنهوهش بەپێی سه‌رده‌مه‌کان گۆڕانی به‌سه‌ردا هاتووه، تا ئێستا نازانرێ کێ یه‌که‌م که‌س بووه سه‌رتاشینی داهێناوه، به‌ڵام ده‌ڵێن: سه‌لمان پاک یەکەم کەس بووه سەری مرۆڤی تاشییووە.
بەختیا رسەلام لە سەرتاشخانەی بێکەس لە شەقامی بێکەس، ساڵانی زوو ئەم سەرتاشانەی لە شاری سلێمانی بینیوە: وەستا ئەمینی دەلاک و وەستا مەجید و سەید حەکیمی دەلاک ی بینیوە. دوکانەکەی لە کۆلانی سینەما سیروان بوو. (حاجی قادر) و (وەستا زەینەدین) لە شەقامی بێ کەس بوون، (وەستا ئەحمەد) یش لە ئەسحابە سپی بوو، دوای خۆیان کوڕەکانیان فێری پیشەکانیان بوون.
سه‌ریان ده‌خوساند
ده‌لاکه‌کانی جاران، چه‌قۆیه‌کیان به هه‌سان ده‌یان سو‌و و تیژیان دەکرد بۆ ئه‌وەی به‌باشی مووه‌که‌ی سەریان ببڕێ، هه‌ندێک پێیان وتووه: کافرمان. ئەوسا سه‌رتاشه‌که به مه‌کینه‌یه‌کی ده‌ستی و مقه‌ستێکه‌وه قژیان هه‌ڵده‌پاچی، له‌و سه‌رده‌مه‌دا ئه‌و که‌سه‌ی سه‌ری ده‌تاشی خامێکی سپی ده‌پۆشی، تاسێکی به‌ده‌سته‌وه ده‌گرت، سه‌ریان له ناو تاسه‌که، به ئاو و سابوون ده‌خوساند، به چەقۆ تیژه‌که سه‌ریان به ته‌واوی سفر ده‌کرد. هه‌ندێ له سه‌رتاشه‌کانی ئه‌و سه‌ردەمه، به سەلیقەو ئه‌زموونی خۆیان فێری هه‌ندێ له چاره‌سه‌ری کورده‌واریانه بوون: وه‌ک (چاره‌سه‌ری نه‌خۆشی باژهڵهی منداڵ و که‌ڵه‌شاخ و خه‌ته‌نه‌کردنی منداڵان و دان ههڵکێسان. له‌و سه‌رده‌مانه‌دا (سه‌ید خه‌لیل ی ده‌لاک )، له هه‌موو ئه‌و بوارانه‌دا شاره‌زابوو، دوای خۆی حاجی سه‌ید خدری کوڕی خه‌ته‌نه‌ی منداڵانی ده‌کرد.
له عانهیهکهوه بۆ پێنج دینار
له 1920دا نرخی سه‌رتاشین عانه‌یه‌ک بوو، بریتی بوو له (4) فلس. له 1930- 1940 له عانهیهکهوه تا دوو عانهبوو، دواتر بوو به (10) فلس، به‌پێی زه‌مه‌نی رۆژگار بوو به( 50) فلس،دواتر له (50- 250)فلس، دواجار بوو به (5 ) دینار.
جاران مۆده‌ی سه‌رتاشینی (سفر) و (قۆچکه‌تاش) و (گودیله ) و (قه‌ڵه‌م ) کردنی ریش بوو ، جاران ناوه‌ڕاستی سه‌ریان تاشیووه، به بیانووی ئه‌وه‌ی هه‌وای پاک له‌سه‌ریان بدات.
سه‌رتاشینی سه‌ر باگردێن
جاران چه‌ند سه‌رتاشێکی ده‌سگێڕ به‌ناو بازاڕ شه‌قام و کۆڵان و گه‌ڕه‌کانی شاری سلێمانیدا ده‌گه‌ڕان، وه‌ک: وه‌ستا عه‌بدولره‌حمان و وه‌ستا سه‌عیدی ده‌لاک ناسراو به سه‌عه کوێر و وه‌ستا ئه‌حمه‌دی ئێرانی و وه‌ستا میرزای ده‌لاک و وه‌ستا عه‌لی و وه‌ستا حه‌سه‌ن و گیوه که‌چه‌ڵ. پیان ده‌وتن سه‌رتاشی ده‌سگێڕ.
چه‌ند سه‌رتاشێکی تریش هه‌بوون، له‌سه‌ر باگردێن سه‌ری خه‌ڵکیان ده‌تاشی، به تایبه‌تی خه‌ڵکی گونده‌کان، نرخی سه‌رتاشینی ده‌سگێڕه‌کان هه‌رزانتر بوو.
له دوکانداره‌کان ئه‌مانه جگه له سه‌رتاشین خه‌ته‌نه‌ی منداڵانیان ده‌کرد وه‌ک: حاجی که‌ریم و سه‌عه‌ی ده‌لاک و وه‌ستا فه‌ره‌ج و سه‌ید خه‌لیل و مه‌لا تۆفیق و وه‌ستا عه‌لی عارف).
سه‌رچاوه :
عه‌بدوڵڵا که‌ریم مه‌حمود: سه‌رتاشی لهقۆچکهتاشی جارانه‌وه بۆ حه‌فری ئێستا، رۆژنامەی هه‌رێمی کوردستان، ژماره 212، پێنج شه‌ممه ، 8/ 6/ 2000، ل4.
* ئه‌م نوسینه‌و چه‌ندان نوسین لێره‌دا بڵاوی ده‌که‌مه‌وه هەمووی گەڕان و ماندووبوون و بەداداچوونە، زۆر پێوه‌یان ماندوو بووم، هه‌ندێ که‌سی نەفس نزم ده‌یدزن و ده‌یکه‌ن به نوسینی خۆیان، بەناوی خۆیانەوە بڵاوی دەکەنەوە، دز زۆر بووە، چه‌ندان نوسینیان دزیوم.
- Latest Posts by عەبدوڵا کەریم مەحمود
عەبدوڵا کەریم مەحمود: ئاسۆیەک ئاوا نابێ.!
-عومەر سەیدە: دادگایی‌کردنی تاوانبارێکی ئەنفال، ئەم تاوانبارە بناسن.
-عەبدوڵا کەریم مەحمود: سەرۆک جاشەکان و کەسایەتییە دیارەکان!
- All Posts