نەوزادی موھەندیس: ئایندەی پڕۆسەی سیاسی لە عێراقدا، لەسایە ھەژموونی وڵاتانی دەرەوەدا.

کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئاشکرایە عێراق وەکو وڵات و دەوڵەتی نوێ لەساڵی 1920وە لەسەردەستی بەریتانیای مەزنی سەرکەوتوو، لەدوای تەواوبوونی جەنگی جیھانی یەکەمەوە دروستکراوە، لەچوارچێوەی دابەشکردنەوەی میراتی دەوڵەتی عوسمانی دۆڕاو لە جەنگەکەدا. بەو دیزاین و نەخشەیەی کە خۆی ویستویەتی. بەڵام ئەم جوگرافیایەی ئێستای کە ناوی عێراقە مێژوویەکی دێرینی ھەیە و ڕەگ و ڕیشەی قوڵی ھەیە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا و چەندین شارستانی و ئیمپراتۆریەتی گەورەی لەسەر دامەزراوە ھەر لە سۆمەری و بابلی و ئەکەدی و ئاشوری و… ھتد. دواتریش لەسەردەمانی ھاتنی ئیسلامدا بۆتە قەڵەمڕەوێکی ئیسلامی و لەسەردەمی خەلافەتی عەباسیدا 750ز- 1258 ز بەغداد دروستکراوە و کراوەتە پایەتەختی خەلافەتەکە بۆ زیادتر لە 508ساڵ و ئیدی ئەم عێراقە (وڵاتی دووڕووبار، یان میزۆپۆتامیا) ناوێکی گەشاوە بوە لەناوچەکەدا و لەساڵی 1534ز یشەوە لەلایەن دەوڵەتی عوسمانیەوە داگیرکراوە تا ساڵی 1918 کە بەریتانیا عێراقی داگیرکرد. ماوەی 384 ساڵ عێراق ژێر دەستەی دەوڵەتی عوسمانی بوە. جا لە ململانێی نێوان دەوڵەتەکانی فارسی ئێرانی و عوسمانی تورکیدا ھەمیشە عێراق بۆتە گۆڕەپانی یەکلاکەرەوەی ململانێکانیان و ھەمیشە ھەر قۆناغەی لەلایەن یەکێکیانەوە داگیرکراوە و ھەربۆیەش چاوتێبڕینێکی مێژووییان ھەیە بۆ ئەم وڵاتە.
عێراقی نوێش بە سێ قۆناغی پاشایەتی 1920- 1958و کۆماری 1958- 2003 و دواتریش لەساڵی 2003وە بە قۆناغی بەناو دیموکراسی و کۆماری و پەڕلەمانی و فیدڕاڵیدا تێدەپەڕێت و ماوەی 21 ساڵە بەردەوامە.
عێراق ھەڵکەوتەی جیۆسیاسی و جوگرافیاکەی دەکەوێتە ناوچەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستی دەوڵەمەند بە سەرچاوەکانی وزە لە نەوت و غازی سروشتی و ناو دڵی جیھان و ناوچەیەکی زۆر ھەستیار و ژیاری لەلایەک وەک سەرچاوەی کەرەسە خاوەکان بۆ پیشەسازیەکانی وڵاتانی زلھێز و پیشەسازی و پێشکەوتوو و لەلایەکی تریشەوە وەک بازاڕێکی گەورە و پڕ خێروبەرەکەتیش بۆ ساغکردنەوەی بەرھەم و کاڵاکانی ئەو وڵاتانە و چ وەک سەرچاوەیەکی دەستی کاری ھەرزانیش. عێراق بۆخۆشی ھەموو ئەو پایە و سەرچاوە گرنگانەی تیادایە و گرنگیەکی گەورەی ھەیە لای ھەموان.
جا بەھۆی ئەو ھەموو گرنگیە جوگرافیا و مێژوو و ئابوری و ئەمنیەی کە عێراق ھەیەتی لەسەر ئاستی سێ بازنە وڵاتان کاریگەری و ھەژموونی بەردەوامیان لەسەر ھەیە و گەرەکیانە ھەمیشە عێراق یەکێک بێت لە جێگە پێیەکانیان لەناوچەکەدا، بەم شێوەیە:
* وڵاتانی دراوسێی عێراق: کە 6 وڵاتن (ئێران و تورکیا و سعودیە و سوریا و ئوردون و کوێت)، کە ھەریەکەیان بەھۆیەکەوە چاویان بڕیوەتە عێراق و کاریگەریان لەسەری داناوە، بۆ نموونە؛ ئێران لەڕووی مێژووییەوە عێراق بەبەشێک لە خاکی خۆی دادەنێت و بەھۆی بوونی زۆرینەی شیعە مەزھەبی عەرەبیەوە ھەوڵدەدات کە ھەژموونی بەردەوامی ھەبێت و لەئێستاشدا ئەوەی بۆچۆتە سەر. تورکیا، عێراق و بەتایبەتی ولایەتی موصڵ بەبەشێکی دانەبڕاو لەخاکی خۆی دەزانێت و ھەق بەخۆی دەدات کە عێراق بکاتە پاشکۆی و باخچەی دواوەی تورکیا، سوریا وەک وڵاتێکی عەرەبی و بەرەی مقاوەمەی دژ بە ئیسڕائیل و نوێنەری عروبە و بەھۆی نزیکی حیزبی بەعس لەنێوانیاندا و لە ئێستاشدا وەک پاشکەوتەی ئێران ھەمیشە کاریگەری ھەبووە بەسەر عێراقەوە، سعودیە و ئوردون و کوێتیش وەکو سێ دراوسیی عەرەبی و سونە مەزھەب بەشێوەیەکی کەم تازۆر کاریگەریان ھەبوە.
* وڵاتانی تری ناوچەکە: وەک میسر و ئیسڕائیل و ئیمارات و قەتەر، ئەوانیش کەم تازۆر ھەمیشە کاریگەریی گەورەیان ھەبوە لەسەر عێراق و ویستویانە کە عێراق وەک وڵاتێکی گەورە و دەوڵەمەند و بەھێز بەلای خۆیاندا ڕابکێشن یان ململانێی لەگەڵدا بکەن بۆ لاوازکردنی.
* وڵاتانی زلھێزی دونیا: وەک ئەمریکا و بەریتانیا و ھاوپەیمانی ناتۆ و ڕوسیا و چین و ھندستان، ھەموانیان گەرەکیانە ھەمیشە عێراق دۆست و ھاوپەیمانی ستراتیژیان بێت و چەندین ڕێکەوتنامەی ستراتیژی و ئەمنی و ئابوریان لەگەڵدا واژۆکردوە.
بەم شێوەیە عێراق ھیچ کات بێ کێشە و بێ ململانێ و تەنانەت بێ جەنگی گەرمیش نەبوە لەگەڵ دراوسێکانیدا و لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە و زلھێزەکانیشدا، لەسایەی حوکمڕانیەکی تاکڕەو دەمارگیری نەتەوەیی عەرەبی سونە مەزھەب و کەمینە وھەڵگری ئاڵای بەرگری و عروبە لەناوچەکەدا، شەڕی عێراق – ئێران و داگیرکردنی کوێت و ململانێی لەگەڵ میسری ناسری و سادات و ئیسڕائیل و دژایەتیکردنی سعودیە و ناکۆکی بەردەوامی لەگەڵ سوریای حافز و بەشار ئەسەد و دواتریش شەڕ لەگەڵ ئەمریکا و ھاوپەیمانان و ڕۆژئاواییەکاندا، ھەموو ئەمانە عێراقی دەوڵەمەند و پڕ لەسەروەت و سامانی سروشتی و مرۆیی کردۆتە وڵاتێکی بەرخۆر و مشەخۆر کە تەنانەت لە ئێستادا توانای پارێزگاریکردنی لە سەروەری و سیادەی خۆشی نیە.
لە سەرئاستی بەرەی ناوخۆشی، بەھۆی پێکھاتە سەیروسەمەرەکەیەوە لە نەتەوە و ئاین و مەزھەبی جیاوازەوە، عێراق ھەمیشە لەململانێیەکی نەبڕاوەدا بوە لەنێوان ھەموو ئەو پێکھاتانەدا، لەنێوان عەرەبی سونە و شیعەدا، لەنێوان کورد و عەرەبدا، لەنێوان تورکومان و کورد و عەرەبدا، لەنێوان مەسیحی و ئەوانی تردا، ھەمووشیان لەنێوخۆیاندا ھیچ کات کۆک و تەبا نەبوون،کەئەمەش بۆتە خاڵی لاوازی عێراق کەنەتوانێت پەلبھاوێت بۆ گەشە و پێشکەوتن و بەھێزبوونی.
ھەروەھا ھەموو ئەو وڵاتانە ھەمیشە عێراقێکی دەوڵەمەندی لاوازیان پێباشتربوە لە عێراقێکی دەوڵەمەند و بەھێز چونکە ھەمیشە عێراقێکی بەھێز بۆتە مایەی ترس و دڵەڕاوکێ بۆ دراوسێکانی و ناوچەکە و کێشەش بۆ زلھێزەکان. ھەربۆیە لە ئێستاشدا عێراق بۆتە گۆڕەپانی ململانێکانی ھەموان و خۆشی لاواز و بێدەسەڵات و پاشکۆی ئێران و تورکیا و سعودیە و داماڵراوە لە خاوەندارێتی ھەموو بڕیارێکی سیاسی گرنگی نیشتیمانیانەی عێراقیانە بەھۆی دەستێوەردانی ئەو وڵاتانەوە. بەدڵنیایش کوردیش وەکو پێکھاتەیەکی سەرەکی لە عێراقدا ھەموو کاریگەری و ھەژموونە باش و خراپەکانی ئە و لایەن و وڵاتانەی لەسەر دەبێت و کاریگەریشیان دەبێت بۆ ئایندەی مەسەلەی ڕەوای کورد لە عێراقدا.
بەم شێوەیە پڕۆسەی سیاسی لە عێراقدا لە ئێستا و ڕەنگە بۆ دەیە ساڵێکی تریش ھەروا لاواز و بێ دەسەڵات بمێنێتەوە و لە بازنەیەکی بۆشدا بخولێتەوە و ھەموو توانا مادی و مرۆییەکانی لەخزمەت ئەو وڵاتانەدا بێت لەسەر حسابی بێکاری و ھەژاری و دواکەوتویی خاک و گەلانی عێراق،ھەربۆیە تاکو عێراق نەبێتە خاوەنی بڕیاری سەربەخۆ و ئازادانەی سیاسی خۆی و نەبێتە خاوەن ھێزێکی سەربازی بەھێز و مۆدێرن بەدڵنیایی ناتوانێت خۆی دەرباز بکات لەو مەرگەسات و کارەساتەی کە تیایدا چەقیوە و توانای خۆڕاپسکاندنی نیە. ئەمەش بە سەرکردەیەکی بوێر و ئازا وبە یەکویەکگرتوویی ڕیزەکانی گەلانی عێراق و لەسایەی حوکمڕانیەکی دیموکراتیانەی ڕاستەقینە لەسەر چەسپاندنی بنەماکانی ئازادیەکان و دادپەروەری و یەکسانی لەماف و ئەرکەکانی ھاوڵاتیاندا دەبێت دوور لەگەندەڵی و پاشکەوتەیی وڵاتان و سیخوڕیکردن و خاک و وڵات فرۆشی دەبێت.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت