شێرزاد شێخانی: ئاشبەتاڵ بە ئاشبەتاڵ.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

پارتی نادیموکراتی ناکوردستانی لەخەیاڵیدا نەبوو گەڕێکی تری هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بێتە ئاراوە، بە تایبەتی دوای دەرچوونی بڕیارە کەمەرشکێنەکانی دادگای فیدراڵی عیراق بە هەڵوەشاندنەوەی کورسی کۆتاکان و یەک بازنەو گۆڕینی کۆمسیۆن و لابردنی دەنگی بندیوارو مردووەکان، کە ئیدی لەو کاتەوە پارتی کەوتە بیانووگرتن بۆ دواخستنی هەڵبژاردنەکە یاخود هەر نەکردنی، بەڵام لەبەر ئەوەی بەغداو وڵاتانی دونیاش هەموویان لەسەر خەت بوون نەیتوانی هەڵبژاردنەکە وەکو پەرلەمانەکەی پێشووتر قفڵ بدات و دووبارەو سێبارە مەوعیدەکانی تاخیر بکات.
ئیدی بە بێ هەبوونی کەرەستەیەکی باش ناچارکرا بە ملشۆڕی بێتە ناو پرۆسەی بانگەشەوە بەڵام ئەمجارە بە موفلیسی. چونکە پارتی دوای ئەم هەموو کارەساتەی بەسەر میللەتەکەی خۆیدا هێناوە هەر لەخیانەتی نیشتمانی و رێگەدان بەداگییرکاری تورکیاو سەپاندنی حوکمێکی پۆلیسی ڕەش لەکوردستان و دزینو تاڵانی سامانی وڵاتو بێبەشکردنی فەرمانبەرو خانەنشینان لەمافی ڕەوای مووچەو بێکاری گەنجانو بێ خزمەتگوزاری شارەکان، هیچی بەدەستەوە نەماوە تەنها ریزکردنی دەیانو سەدان درۆی شاخدار کە عەقڵی مناڵێکی ساواش باوەڕیان پێناکات. ئەم درۆ شاخدارانە بەبێ شەرمو حەیا لەسەرزاری گەورە سەرکردەو بەرپرسانیان دەبیسترێ، لێرەدا تەنها وەڵامی یەک درۆی سەرۆکی حکومەتەکەیان بە نموونە دەدەمەوە کە لەمدوو رۆژەی رابردوودا باسی کردبوو، ئەویش کە گۆتی؛ ئەو لایەنانەی دروشمی ڕووخاندن و تێکدان و شکاندنیان هەڵگرتووە، با لە مێژوو و گەورەکانی خۆیان فێربن پارتی ناشکێت!
شکانی پارتی ئەوەندە زۆرن لەژمارە نایەن، ئەو هەموو شکانانەشمان وەکو خۆی واتەنی لەگەورەکانی خۆمان بیستوومانەو ئەوان باسیان بۆ ئێمەو نەوەی ئێستا کردووە؛
* شکان و شکستە ئابڕووبەرەکەیان لەساڵی 1975 کاتێک بە فەرمانی شای ئێران ئاشبەتاڵیان بە شۆڕشی گەلی کوردستان کردو بە پارەی دزراوی میللەتەوە رایانکردە ئەمریکاو کەرەجو شارەکانی ئێرانەوە.
* شکانی دووەمیان پێش خییانەتی 31 ئاب کاتێک یەکێتی بە شەق لەهەولێر دەریکردن و ئاوارەی مەسیف وشەقڵاوەو ناوچەکانی بادینانی کردن.
* شکانی سێیەمیان دوای خییانەتە سەرشۆڕییەکەیان بوو لە 31 ئاب کە سەرباری هێنانی دەبابەی بەعسو فرۆکەکانی تورکیاش ئینجا یەکێتی لەسەر سنووری ئێرانەوە تا دێگەڵەی بن هەولێر لەداستانی ( گەردەلولی تۆڵەدا ) راوینانو خاکی پیرۆزی داگییرکراو بە سوپای بەعسو فاشیستەکانی تورکیای لێ پاککردنەوە.
* شکانی چوارەمیشیان لەشەڕی دژ بە داعش بوو کاتێک لەترسی دوو سەد چەکداری داعش شەنگالیان تەسلیمی دەستی تیرۆریستان کردو دەیان هەزار ئێزیدی بێ دیفاعیان بەجێهێشت و لەهەولێریش هەموو ئەشیاو پارەکانیان پێچایەوەو بەرەو فرۆکەخانەی هەولێر ویستیان ڕابکەن، بەڵام پێشمەرگەو دژەتیرۆری یەکێتی و پەکەکە بە هانای هەولێر هاتن ونەیانهێشت بکەوێتە دەستی تیرۆریستانی داعشەوە.
* شکانی پێنجەمیان لە16 ئۆکتۆبەر بوو کاتێک سەرکردەکانیان بەجلی ژنانەوە جەبهەی بەرامبەر حەشدی شەعبی بەجێهێشت و هەر ئەوەندیان پێکرا کە پردێکی خزمەتگوزاری ناوەڕاستی شارەکە بتەقێننەوە کە هەتا دوو ساڵ نەیانتوانی چاکی بکەنەوە.
پارتی ئەوەندە شکست وشکانی بەخۆیەوە بینیوە کە لەقامووسی سیاسی وعەسکەریدا جێگای باسکردنیان نابێتەوە، بەڵام ئەمجارەیان کۆتا شکانو شکستە کە لە 10- 20 تووشیان دەبێ ئەویش لەرێگەی سندووقی دەنگدانەوە کە یەکێتی ئاشبەتاڵی کۆتاییان پێدەکا هەروەک چۆن ئاشبەتاڵی بە ئاشبەتاڵەکەی ساڵی 1975 هێنا بە هەڵکردنی مەشخەڵی شۆڕشی نوێی گەلەکەمان و حەقیقەتی ترسنۆکی و فشۆڵی ئەو هێزانەی پارتی بۆ دونیا سەلماند .
بەڵێ ئەمجارەش یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە دەنگی دەنگدەرانی کوردستان ئاشبەتاڵ بە ئاشبەتاڵەکەی پارتی دەهێنێ و بۆ ئەوەی هەتا هەتا نەتوانن حوکمی ڕەشی تاکڕەوی و دیکتاتۆرانەیان بەسەر گەلی کوردستان بسەپێنن . باقی وەلسەلام .

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت