سەردەشت محەمەد: هەڵبژاردنێکی سەخت، بەڵام پڕگۆڕانکاری.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

هەرچەندە تاوەکو ئێستا گومانەکان بەلای ئەوەدا دەمانبەن هەڵبژاردنی ئەمجارە کە بڕیارە 2024/10/20 بەڕێوەبچێت، ئەنجام نەدرێت و جارێکی دیکە بەهۆی سەرهەڵدان و پێشهاتی ڕووداوێکی سیاسی لە ناوچەکەدا دوابکەوێت، کە ئەوە حەز و خواستی هەندێک هێزی سیاسی لەسەرە و هەر لەسەرەتاوە هەستمان بەو حەزەی بەشێک لە پارتە سیاسیەکان دەکرد، بەڵام ئێستا ڕۆژ لەدوای ڕۆژ لە وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردن نزیک دەبینەوە و خەریکە دەگەین بەو باوەڕەی کە هەر ڕووداوێکیش لە ناوچەکەدا پێشبێت، ڕەنگە بای ئەوە نەبێت ببێت بە ڕێگر لەبەردەم ئەنجامدانی هەڵبژاردندا، تەنانەت ئەو هێزانەشی کە ئارەزووی دواکەوتنی هەڵبژاردنیان دەکرد گەیشتوون بەو باوەڕەی کە هەڵبژاردن ئەنجامدەدرێت و دەبێت ئامادەکاری تەواوی بۆبکەن.
هەڵبەت گونمان لەوەدانییە کە هەڵبژاردنی ئەمجارە بەراورد بە هەڵبژاردنەکانی ڕابردوو گرنگی و بایەخێکی تایبەتی هەیه، نەک تەنها لەبەرئەوەی کە هەڵبژاردنی ئەمجارە لەلایەن کۆمیسۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە سەرپەرشتی دەکرێت و ژمارەی کورسییەکانی کۆتاکان کەمکراوەتەوە بۆ پێنج کورسی لە چوارچێوەی ئەو 100 کورسیەی کە بۆ پەڕلەمانی کوردستان دیاریکراوە و هەروەها دابەشکردنی کوردستان بەسەر چوار بازنەی هەڵبژاردندا، بەڵکو لەبەر ئەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی و ئەم ناوچەیە لەبەردەم گۆڕانکاییەکی گەورە و گرنگ و چارەنوس سازدایە و پێویست دەکات کوردیش وەک نەتەوەیەک و گەلێکی دیار لەم ناوچەدا بەجۆرێک ئامادەکاری بکات کە بتوانێت خۆی لەگەڵ ڕەوتی ڕووداوەکاندا بگونجێت، چونکە خۆنەگونجاندنی ئەمجارە لەگەڵ ڕووداوەکاندا زۆر جیاوازترە و ئەمجارەیان زیانەکان نەک هیچیان کەمتر نابێت لەو زیانانەی کە 100 ساڵ بەر لەئێستا کوردستان و گەلی کورد کەوت و کوردستانیان کرد بە چوار بەشی لێک دابڕاوەوە، بەڵکو ئەمجارەیان زیانەکان گەورەترن، زیانەکان بەجۆرێک دەبن ڕەنگە 100ساڵی دیکەی بوێت کە بتوانین جارێکی دیکە خۆمان بگەیەنینەوە بەم سەردەم و شێوازەی ئێستا کە سەردەم و شێوازێکە بە دڵی هیچ لایەک نییە، کەچی دەبێت خەبات بکەینەوە بۆئەوەی ببینەوە بەئەمەی ئێستا.
هەڵبژاردنی ئەمجارەی ئێستا بۆیە گرنگ و چارەنوسسازە، چونکە دەزانین هەرگیز وەک هەڵبژاردنەکانی پێشوو نابێت و گۆڕانکاری لە سیستەمی سیاسیدا ڕوودەدات، کە گۆڕانکاریەکان هەرجۆرێک و لە بەرژەوەندی هەر هێزێکیشدابێت دواجار دەچێتەوە خزمەتی کۆی خەڵک بەمەرجێک خەڵک خۆی ئەوەی بوێت.
ئێمە دەزانین لە هەڵبژاردنی ئەمجارەدا گۆڕانکاری لە ژمارە و ڕێژەی کورسیەکانی کۆی هێز و لایەنە سیاسیەکاندا ڕوودات، بەڵام دەکرێت ئەوەش بزانین ئەو گۆڕانکاریانە لە هێزێکەوە بۆ هێزێکی دیکە گۆڕانکاری لە ئاست و قەبارەی بەرژەوەندییەکانی خەڵکدا دروست دەکات، بەجۆرێک هاتنەپێشەوەی هەندێ هێز و لایەن سود و قەزانجی زیاتر دەبێت بۆ خەڵک، وەک لەوەی هەندێک هێزی دیکە ڕۆڵیان هەبێت، کە خەڵک خۆی باش لەم هاوکێشانە تێدەگات و پێویست ناکات ئێمە لێرەدا ناوی هیچ هێز و لایەنێک بێنین، بەڵام دەکرێت ئەو ڕاستیە بخەینەڕوو کە ئاست و قەبارەی بەرژەوەندیەکانی خەڵک وابەستەیە بە ئاستی ڕێژەی بەشداریکردنی خەڵک و دەنگدەرەوە، لێرەوە تێدەگەین کە بەرژەوەندییەکانی خەڵک و ڕێژەی بەشداریکردنی خەڵک هاوکێشەیەکی تەواو ڕاستەوانەن، هەتاوەکو ڕێژەی بەشداریکردنی خەڵک و دەنگدەران لەم هەڵبژاردنەدا زیاتربێت ئەوەندە سود و قازانجەکانی ئەم هەڵبژاردنە بۆ خەڵک زیاتر دەبێت، بەپێچەوانەوە چەندە ڕێژەی بەشداریکردنی خەڵک و دەنگدەران کەمتربێت تێدەگەین لەوەی سودەکانی هەڵبژاردن کەمتردەبێتەوە بۆ خەڵک، چونکە ناتوانیین نکۆڵی لەو ڕاستییە بکەین کە بەشداریکردنی کەمینەی خەڵک و دەنگدەران واتا ڕازیبوون و مانەوە لەناو ئەو بارودۆخەدا کە هەمووان نیگەرانین لێی و لەدەستی هەڵدێین، کەواتە لێرەوە دەگەین بەو باوەڕەی کە ئەوە خودی خەڵکە خۆی بڕیاردەدات کە ئایە ئەم هەڵبژاردنە سودی دەبێت یاخود نا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت