عوسمانی حاجی مارف: گۆڕانکاری لە ڕوخساری ناوچەکەدا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەو زنجیرە ڕووداوانەی لە سێپتەمبەری 2024دا بەتایبەتی لە لوبنان بینراون، دەبێتە هۆی گۆڕانکاری لە ڕووخساری ناوچەکەدا.
تیرۆری حسن نەسرولڵا، لەکاتێکدایە کە گرژیەکی بێوێنە لەسەر بەرەی باکوری ئیسرائیل لەگەڵ لوبناندا لەئارادایە، ئەمەش بەردەوامی پەرەسەندنی سەربازی و هاوکێشە نوێیەکان لە چڕکردنەوەی لەشکرکێشی و کارەساتی کۆمەڵکوژی و وێرانکاری بێبەزیانەی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە و لوبنان نیشان ئەدات، کە هاوسەنگی هێز لە ناوچەکەدا دەگۆڕدرێت، چونکە ئەم ڕوداوە بە پێشهاتێکی مەترسیدار دادەنرێت، سەبارەت بە لێکەوتەکانی لەسەر گۆڕەپانی سیاسی و ئەمنی لە لوبنان و تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەهەمانکاتدا ترسی کاردانەوەی توندی حزبوڵڵا و هاوپەیمانەکانی لەلایەک و لەلایەکی ترەوە کۆماری ئیسلامی ئێران لە ناوچەکەدا دروست دەکات، بەمانایەک بەرزکردنەوەی ئاستی دۆخی جەنگ و ئەگەری کێشکردنی ناوچەکەیە بۆ شەڕێکی گەورەو وێرانکەرو کوشتنی بە کۆمەڵ و خوێناوی.
پێشتر بنیامین ناتانیاهۆ، زنجیرەیەک هەڕەشەی لە دژی ئێران و هێزەکانی سەر بەئێران بڵاوکردەوە. لە هەڕەشەکانیدا حیزبوڵڵای بەتایبەتی هێنایە ئاراوە، “بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە حیزبوڵڵا ڕێگای شەڕی هەڵبژاردوە، واتە ئیسرائیل جگە لە شەڕ هیچ بژاردەیەکی دیکەی نیە”. جگە لەوەش حکومەتی ئیسرائیل بانگهێشتکردنی دوو لیوای یەدەگی بۆ بەرەی باکوور ڕاگەیاند، کە ئامادەیە بۆ لەشکرکێشی زەمینی بۆ سەر خاکی لوبنان!، بەمشێوەیە فراوانکردنی داگیرکاریەکانی ئیسرائیلە بۆ دەرچون لەو قەیرانەی لە غەززەدا دەرگیری بووە، کە لەمبارەیەوە بە تیرۆری حەسەن نەسروڵلا و بەشێک لەسەرکردەکانی حزبوڵڵا، ناتانیاهۆ سەرکەوتنێکی بەدەستهێنا و کاریگەری لەسەر بەرزکردنەوەی کەسایەتی لە ناو ئیسرائیلدا دانا، لە هەمانکاتدا هەلی بۆ هەڵکەوتوە کە درێژە بەم شەڕە دڕندانەیەی بدات.
نەتانیاهۆ، لە ماوەی پانزە ساڵدا، ئیسرائیلی خستۆتە ناو جۆشی وەستانەوە لەبەرامبەر ئێراندا، تا ڕادەیەکی زۆر بەکاری هێناوەو دەرفەتی ئەوەی قۆستۆتەوە بیسەلمێنێت کە بوونی ئێران چەندە مەترسیدارە و هەڕەشەیەکی ڕاستەقینەیە بۆ سەر بوونی ئیسرائیل. بۆیە هەموو ناکۆکیە سیاسی و ستراتیجیەکان بەپێی دیدگای ئیسرائیل، هاوکاتە لەگەڵ ئەم هەڕەشانە و مەترسی ئێران بۆ سەریان، ئەگەر لە خەڵکی ئیسرائیل پرسیار بکرێت کە زیاتر هەست بە متمانە لەگەڵ کێ دەکات، ئەوا زۆرترینیان ناتانیاهۆ هەڵدەبژێرن، تەنانەت ئەگەر لە چەپ بن یان نەیاری سەرەکی ناتانیاهۆش بن.
گرنگترین پرسیار لەم چوارچێوەیەدا، پێوانەی سەرکەوتن بۆ ئیسرائیل لە شەڕی لوبناندا چیە؟ بەشێک لە خەڵکی ئیسرائیل ئەوە دەبینن کە ئامانجی سەرەکی لابردنی چڕبونەوەو دورخستنەوەی حزبوڵایە لە ناوچەکەدا، بەشێکی تریش زیاتر پێداگری لەسەر سەرکەوتن بە ڕوخاندنی حزبوڵڵا و کۆتایهێنان بە بوونی حزبوڵڵا دەبینن.
لە گۆڕەپانی دیپلۆماسیدا، تەنانەت، ئۆپۆزسیۆنی ئیسرائیلیش دان بەوەدا دەنێنن کە چوونە ناو ڕێڕەوی دیپلۆماسی تەنیا دوای نیشاندانی هێز دەتوانرێت ئەنجام بدرێت، بەتایبەتی لەبەرامبەر ئەو ڕێکخراوانەی کە بە ڕێکخراوی تیرۆرستی وەسفیان دەکەن، بەومانایە کاتێ ئامادەی ئەگەری دانوسانن لەگەڵ ئەو هێزانەدا کە تەواو هیلاکیان کەن، هەر بۆیە ئەم ماوەیە ناتانیاهۆ باسێکی لەسەر دانوسان نیەو لە تاوانەکانی بەردەوامە.
ناتانیاهۆ و ئیسرائیل، بە پشتیوانی ئەمریکا و رۆژئاوا، پاراستنی ئیسرائیل وەک سەنگەر و قەڵایەک لە بەرامبەر ووڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستداو لەلایەکی ترەوە وەستانەوە لە بەرامبەر ململانێ و دەخالەتی ووڵاتانی زلهێزی وەک روسیا و چین لە ناوچەکەدا حسابی لەسەر دەکەن، لەم بارەیەوە سەرکەوتنی ئیسرائیل لەم شەڕەدا دەبێتە دەستکەوتێکی گەوەرە بۆ ئەمریکا، کە قەرەبوی بەشێکی گەورە لە شکستەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا دەکاتەوە.
لە چەند مانگی ڕابردوودا ئیسرائیل بزوتنەوەی حەماسی لاوازکردوە، هەروەها بەشێکی زۆر لە توانا و چەک و سەرکردەکانی حزبوڵڵای لەناوبردوە، کەوەک هێزێکی چەکدار وەها لاوازی کردوە، کە بۆ ئێران زەحمەتە بتوانێت بۆ ساڵانی داهاتوودا هەڕەشەی لە ئیسرائیل پێبکات. لێرەوە دەتوانین بڵێین ئیسرائیل گەورەترین گورزیدا لە هەوڵی بیست ساڵەی ئێران لە بنیاتنانی ئەو هێزە میلیشیایانەی ڕیکیخستبون و دایمەزرانبون.
ستراتیجی ئێران لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردودا چڕ بووەتەوە لەوەی کە لەسەر بنیاتنانی ئامرازی کاریگەر لە دەرەوەی سنورەکانی دامەزرێنێت، تا لەو ڕێگەیەوە توانایی بەربەستێک دادەمەزرێنێت کە ڕێگری لە نەیارەکانی دەکات لە هێرشکردنە سەری. ئێران بە قۆناغ چەندین هێڵی بەرگری بنیاتناوە، لە دوای لەشکرکێشی ئیسرائیل لە ساڵی 1982لە لوبنانەوە دەستی پێکرد بە دامەزراندنی حزبولڵای لوبنان،، پاشان لەعێراق کەدوای لەشکرکێشی ئەمریکا لە ساڵی 2003، فراکسیۆنەکانی هێزەکانی حەشدی شەعبی پێکهێنا، هەروەها لە سوریا و یەمەنیش لە دوای بەهاری عەرەبی 2011 هەوڵیدا بۆ دروستکردن یان پشتگیریکردنی میلیشیا ناوخۆیی و هاوردەکراوەکان، هەڵبەتە حزبولڵا هەرە گرنگترین و کارامەترینی دەستکردەکانی ئێرانە. ئێران لە ڕێگەی ئەوانەوە شەڕی بە وەکالەت لە دژی نەیارەکانی دوور لە خاکی خۆی ئەنجامدا، بەبێ ئەوەی خۆی ڕاستەوخۆ تێوەگلابێت. ئەم ستراتیژە بۆ ماوەی نزیکەی دوو دەیە سەرکەوتو بوو لە ڕاگرتنی ئیسرائیل و ئەمریکا لە هێرشکردنە سەر ئێران، تا ئەو کاتەی لە سێپتەمبەری 2024، ئیسرائیل توانی هێرشی توند بکاتە سەر حزبولڵا، کە پێدەچێت هەمان کاریگەری ڕووداوەکانی سێپتەمبەری 2001 لەسەر سیستەمی ناوچەیی هەبێت، بەتایبەتی لەسنووردارکردنی ئێران، بەم شێوەیە لە ئاکامدا دۆخی ئێران تەواو دەشێوێنرێت.
ئیسرائیل بەوردی پلانی داڕشتووە بۆ لەناوبردنی سەرکردەکانی حزبوڵلا و ئەوهێزانەی پاشکۆی ئێرانن لە ناوچەکەدا، ئەم شەڕە لەگەڵ ئەوەی زۆر توندوتیژو خوێناویە، لەهەمانکاتدا زۆربەی هێرشە سەربازیەکان ئاراستەی حزبولڵا و سەرکردەکانی و لەناوبردنی چەکەکانیانە، بەڵام بەگشتی لەسەرەتای ئەم هێرشە دڕندانەیەی ئیسرائیل بۆ سەر غەززەو لوبنان تائێستا بەجیا لە کوشتاری زیاد لە چل هەزاری دانیشتوانی غەززە، ژمارەی ئەو ئاوارانەی کە لەلایەن ئیسرائیلەوە ناچارکران بۆ هەڵاتن زیاترە لە ملیۆنێک، ناسینەوەی ئەم شەڕە پێویستە لەو شوێنەوە لێکدانەوەی بۆ بکرێت کە هێرشی دڕندانەی ئیسرائیلە بۆ سەر خەڵکی فەلەستین و ڕەتکردنەوەی چارەنوسی خەڵکی فەلەستینە لە خواستی دامەزراندنی دەوڵەتی فەلەستین.
شێوەی خۆبەدورگرتنی حزبوڵڵا لە شەڕی غەززە نەبووە هۆی ئەوەی ئیسرائیل نەیکاتە ئامانج، ناتانیاهو بڕیاری داوە تواناکانی ئەو حزبە نەهێڵێت، دەتوانرێت دوای چەندین خولی هێرش بگوترێ کە زۆربەی سەرکردەکانی بەبێ شەڕ کوژراون و زۆربەی چەکەکانی حزبەکەش لەکاتێکدا لەناو فرۆشگاکانیاندا بون لەناوچوون، ئەمەش دۆخێکی سەختە بۆ حزبوللآو ئێران، کە چۆن بەبێ شکستی تر لەم دۆخە دێنە دەرەوە.
ئێران نەگەیشتووەتە قۆناغێک کە دەستبەرداری حزبوڵڵا بێت، وە دەستبەرداریشی نابێت، تەنها کاتێک نەبێت کە گۆڕانکاریەکی گەورە لە تاران ڕووبدات، چونکەحزبوڵڵا گرنگترین سەروەت و سامانی سەربازی کۆماری ئیسلامیە لە دەرەوەی ئێراندا، هەربۆیە ئیسرائیل هەوڵ ئەدات لەڕێگەی چڕکردنەوەی لێدانەکانی لە حزبوڵڵا بەجیا لەوەی دەیەوێت حزبولڵا کۆتایی پێبهێنێت، لەهەمانکاتدا لە هەوڵی ئەوەدایە ئێران کێشکات بۆ ناو شەڕەکەو لەم ڕێگەیەوە دۆخەکە زیاتر بخاتە ناو چوارچێوەی شەڕێکی ناوچەیی و فروانەوە، ئەوەی جێگای سەرنجە لەم هەلومەرجەدا ئەوە تەنها ئیسرائیلە کە هەڵگیرسانی ئەم شەڕە لە ناوچەکەدا بۆ بەرژوەندیەکانی حساب دەکات و پێداگری لەسەر شەڕی ناوچەیی فراوان دەکات.
پێشبینی دەکرێت ئێران زیاتر هەوڵبەدات ئاستی ململانێکانی لە دژی ئیسرائیل کەم بکاتەوە و بەقازانجی نیە بگلێتە ناو شەڕێکی فراوانەوە، سەرکردایەتی ئێران بۆ خۆیان ئاگاداری ئەوەن کە هاوسەنگی هێز لەبەرامبەر ئیسرائیلدا لە قازانجیان نەماوە. شەڕی لەگەڵ ئیسرائیلدا چوار ڕاستی ئاشکرا کرد: یەکەمیان ئەوەیە کە ئیسرائیل توانای ئەوەی هەیە شەڕێکی درێژخایەن ئەنجام بدات، ئەگەری ئەوە هەیە ئەم شەڕە نزیکەی ساڵێک بخایەنێت. دووەم: بیروڕای گشتی ئیسرائیل گۆڕاوە و تارادەیەک پاڵپشتی شەڕەکە دەکەن، لە ئەنجامی ئەمەشدا نەتانیاهۆ، بوو بە سەرکردەیەکی مێژوویی لەنێو بەشێکی زۆری هاووڵاتیانیدا. سێیەم: ئیسرائیل زۆر گرنگی بە زیانە مرۆیەکانی نەداوەو نادات، بەبیانوی ئەوەی کە هەزاران کوژراو لەنێو ڕیزەکانیدا ڕوویانداوە. چوارەم: شەڕی ئێستا ئەو ڕاستیەی پشتڕاست کردەوە کە ئیسرائیل بۆتە هێزێکی سەربازی بەتواناو بێڕکابەر لەناوچەکەداو ئەمریکاو ڕۆژئاوا پشتیوانی جدی لێدەکەن.
کاتێک بزووتنەوەی حەماس ئۆپەراسیۆنی لافاوی ئەقسای دەستیپێکرد، لە ئەنجامدا، ئاشکرابوو کە پەرچەکرداری وێرانکاری ئیسرائیل لە سەر غەززەو دواتر هێرش بۆ سەر لوبنان، ئێران هەموو ئەو هێزو گەنجینانەی لەدەست ئەدات کە لە ماوەی دوو دەیەدا دروستی کردون، ئەگەر شەڕەکە نەشگاتە ناوخۆی ئێران،بەڵام پێگە و هاوسنگی هێزی ئێرانی تەواو هێناوەتە خوارە، هەروەها مەترسی کۆتایی دەسەڵاتەکەشی ئەگەرێکە!.
بەشێوەیەکی بێوێنە لە دوای ڕووداوەکانی 11ی سیپتەمبەری (2001)ەوە. لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردودا، ئێران سودی لە جەنگی کەنداوی دووەمی ئەمریکا وەرگرت، کە لە ئەنجامدا دوو دوژمنی سەرەکی ئێران لە ناوچەکەدا (ڕژێمەکانی تاڵیبان لە ئەفغانستان و سەدام حوسێن)ی ڕووخاند، ئەتوانین بڵێین کە دوای شۆڕشەکانی بەهاری عەرەبی و دەخالەتی رۆژئاوا و ئەمریکا لە گۆرینی ڕێرەوی ئەو شۆرشانە بەرەو شەڕی ناوخۆ. دۆخی سیاسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەجۆرێك ئاڵوگۆڕی بەخۆوە بینی، لەلایەک مایەی پشێوی و ناجێگیری سیاسی و کارەساتەکانی فەراهەمهێنا لە ناوچەکەدا، لەلایەکی ترەوە دەرگای بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران ئاواڵەکرد، کە نفوزی خۆی بەرفراوانکاتەوەو گروپ و هێزی چەکدار جێنیشین بکات، بەڵام بەدوای هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززەو باشوری لوبنان، دوای ئەوەی ئیسرائیل توانی هێڵی بەرگری ئێران لە هەموو گۆشەکانەوە لاوازبکات و یەک لە دوای یەک هاوپەیمانەکانی ئێران لاوازو بێکاریگەر بکات، ئیتر هیچ شتێک نیە ڕێگری بکات کە ڕاستەوخۆ ئێران بکاتە ئامانج، ئەگەرچی ئێران لەلای خۆیەوە پێیوایە ئەگەر خۆی لە چوونە ناو ڕوبەڕوبونەوەیەکی ڕاستەوخۆ بەدوور بگرێت لەوانەیە لە ژیاندا بمێنێتەوە، بەڵام واپێدەچێت ئیسرائیل بەم ئاستەی ئێستا واز لە جمهوری ئیسلامی نەهێنێ چ بە پەلکێشکردنی بۆناو جەنگێکی ڕاستەوخۆ یاخود بە سەپاندنی کۆمەڵێك مەرج بە هاوکاری ئەمریکاو رۆژاوا بەسەریدا کە باڵادەستی ئێران لەناوچەکەدا کۆتایی پێبێنێت و بگرە ئەگەری ئەوەش فەراهەم بکات کە دەسەڵاتەکەشی ڕوبەرووی لەناوچوون بێتەوە!
لەڕاستای هەڵگیرسانی جەنگێکی فراوانی وێرانکەرو قوربانیەکی بێشومار لە خەڵکی سڤیل و بێتاوانەوە، گۆڕانکاری لە ڕوخساری ناوچەکەدا مانای چونە ناو دەورەیەکی تر لە ململانێ سیاسی نێوان ووڵاتانی زلهیزی دنیاو خولقاندی شێوازێکی نەرێنی تر، لە چرکردنەوەی گێژاو و ناجێگیری سیاسی لەناوچەکەدا بەگشتی و لە ئێراندا بەتایبەتی، پێشبینی دەکرێت.
رێرەوی بەرگرتن بەم کوشتارگایەی ئیسرائل بەڕێیخستوە و گرنگترین هەلوێست و کاردانەوەی کاریگەر بۆ بەرگرتن بەم شەڕە، فراوانکردن و بەهێزکردنی بەرەی دژی داگیرکاری و هێرشەکانی ئیسرائیلە لە جیهاندا کە بەرامبەر خەڵکی فەلەستین و ناوچەکە ئەنجامی ئەدات.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت