نیاز سەعید عەلی: کانگاکانی دەنگ بۆ (یەکێتی) و ئەرکی هەڤاڵان بۆ دەرهێنانی دەنگەکان!
1- سازدانەوەی تێکۆشەرانی دێرین
(یەکێتی) ئەو هێزە سیاسیەیە؛ بەهۆی مێژوو و خەباتەکەی، شۆڕش و قوربانیەکانی، سەروەری و دەستکەوتەکانی، پێکهاتە و خەسڵەتەکانی (49) ساڵی ڕابردووی؛ بووەتە خاوەنی سەرچاوەیەکی مرۆیی بێشومار و بنکەیەکی جەماوەریی بەرفراوان، لەناو زۆرینەی چین و توێژەکان و پێکهاتە کۆمەڵایەتیەکانی تر، چ لەناو گوندەکان، چ لەناو شار و شارۆچکەکان.
تێکۆشەرەکانی قۆناغەکانی ڕابردوو، بەتایبەتی پێشمەرگەی دێرین و کەمئەندامی سەنگەر و زیندانی سیاسی و ڕێکخستنی دێرین و کەسوکاری شەهیدان و پاشماوەکانی ئەنفال و کیمیاباران؛ بووبوونە داینەمۆ و بزوێنەر بۆ گەشەسەندن و بەهێزبوونی (یەکێتی)، لەم سۆنگەیەوە ئەوان هەڵگری مەشخەڵ و ژیلەمۆی بڵێسە بوون؛ بۆ گەشانەوە و جۆشدانی کوانووی خەبات و شۆڕش، بەکردەوەش هۆکار و ئامراز و سەری ڕمەکە بوون؛ بۆ پاراستنی (یەکێتی) و تێپەڕاندنی لەمپەرەکانی بەردەمی و تێکشکانی هەموو بەرەنگاربوونەوەکان و سەرکەوتن بەسەر نەیار و دوژمن.
ئەو تێکۆشەرانە لەڕاپەڕاندنی ئەرکە سەختەکاندا، ئازا و لەخۆبردوو و ماندوونەناس و جوامێر بوون، لەهەموو هەوراز و نشێویی قۆناغەکانی خەباتدا؛ بۆ هێنانەدی دروشم و ئامانجەکانی (یەکێتی)، ساز و بەخرۆش و ئامادەبوون بۆ پێشکەشکردنی هەموو جۆرە قوربانیەک.
ئەو تێکۆشەرانە لەقۆناغەکانی خەباتی ڕابردوودا؛ بناغە و کۆڵەکەی کۆنکرێتیی پتەو و پۆڵایین بوون بۆ (یەکێتی)، هەروەها سەرچاوەی هێز و جۆشدان و قوربانیدان بوون، لەپێناوی ڕێباز و دروشم و ئامانجەکان.
ئەی بۆچی لەئەمڕۆی خەباتی دیموکراسی و پەرلەمانیدا؛ نەبنەوە بە خەمخۆر و پارێزەری (یەکێتیەکەیان) و بە دەنگەکانیان لەم هەڵبژاردنەدا؛ جارێکی تر لەسەنگەری هەڵبژاردنەوە، کار بۆ بووژانەوە و بەهێزکردنی (یەکێتی)، لەناو سندووقی دەنگداندا نەکەن ؟، بەتایبەتی کە ئەم هەڵبژاردنە، ئەبێتە وێستگەیەکی گرنگ، بۆ وەرچەرخانی سیاسی و ڕیفۆرمی سیستەمی فەرمانڕەوایی و گۆڕینی هاوسەنگیی هێز.
لەم پێودانگەوە ئەتوانین بڵێین؛ کۆکردنەوە و سازدان و بەگەڕخستنەوەی ئەم سەرچاوە مرۆیی و بنکە جەماوەریە بەرفراوانە، کە بریتیە لەکانگایەکی دەوڵەمەندی دەنگ بۆ پرۆسەی هەڵبژاردن؛ بەشداری ئەکات لەهێنانەدی ویست و ئامانجەکانی (یەکێتی) لەم هەڵبژاردنەدا.
2- گرنگیدان بە ناوچەکانی دەوروبەر
پێویستە (یەکێتی)؛ لەبەرنامە و هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەمجارەدا، بچێتە ناو کانگایەکی تری دەنگی هەڵبژاردن؛ کە بریتیە لەگەڕەکە میللییەکانی قەراخی شارەکان، شارۆچکەکانی دەوروبەری شارە گەورەکان و ناحیە و قەزاکان .
نەکات بە چەشنی هەڵبژاردنەکانی پێشوو؛ نادیدە و فەرامۆش و پشتگوێیان بخات بۆ ئۆپۆزسیۆن و لیستە ڕکابەرەکانی تر، بەڵکو پرۆسەی بانگەشەکردن لەو ناوچانەدا بەهێزتر و چڕتر و کاریگەرتر بکات؛ چونکە بە بەراوورد لەگەڵ هاوڵاتیانی نیشتەجێی سەنتەری شارەکان و دانیشتووانی گەڕەک و کۆمەڵگە و شارە تازەکانی نیشتەجێبوون؛ چڕی دانیشتووان و ژمارەی دەنگدەرانی ئەو ناوچانە زۆرترە، بەهەمانشێوە ڕێژەی بەشداریکردنیشیان لەپرۆسەی دەنگداندا زیاترە .
لەلایەکی تر ئەتوانین بڵێین؛ دانیشتوانی ئەم ناوچانە، ئامادەتر و بەجۆش وخرۆشترن بۆ بەشداریکردنی کارا، لەهەموو جووڵانەوە و پێشهات و ڕووداو و گۆڕانکاریەکی سیاسیدا، بۆ نموونە لەهەڵگیرسانەوەی شۆڕشی نوێوە، تاکو ڕاپەڕینی ساڵی (1991)، بووبوونە سەرچاوەیەکی مرۆیی بێشوماری بەشدار و قوربانیدەر و هاوکار بۆ شۆڕشی نوێ .
زۆرینەی ڕەهای چین و توێژەکانی نیشتەجێی ئەو ناوچانە، لەڕووی چینایەتیەوە هەژار و نەدار وکەم دەرامەتن، یان ڕەچەڵەکی جووتیاری و گوندنشینیان هەیە، یان لەچینی کرێکار و چین و توێژە پەراوێزکەوتووەکانی ناو کۆمەڵگە پێکهاتوون؛ ڕێژەیەکی بەرچاو لەکەسانی نەخوێندەوار، بێ بڕوانامە، بێ خاوەنی پلە و پۆستی دیار، لەناو دامودەزگاکانی حکومەتی تیایە .
لەڕەهەندێکی ترەوە شوێن و ناوچەکانی نیشتەجێبوونیان؛ کەمتر سوودمەندبوون لەپرۆژە خزمەتگوزاریەکانی کەرتی گشتی، لەکاتێکدا ئەوە ئەوانن خاوەنی ژمارەیەکی زۆری شەهیدی سەنگەر، شەهیدی بەردەمی پەتی سێدارە و شەهیدی سەرەونگوومکراو، زیندانی سیاسی، کەمئەندامی سەنگەر، پێشمەرگەی دێرین و زۆرینەی پێشمەرگەی ئێستا، ڕێکخستنی دێرین و پاشماوەی پرۆسەی ئەنفال و کیمیابارانن.
هاوڵاتیانی نیشتەجێی ئەو ناوچانە؛ بەردەوام ئومێد و هیوا لەسەر گۆڕانکاریی سیاسی و گۆڕینی سیستەمی فەرمانڕەوایی و ئاڵوگۆری دەسەڵاتی ناو حکومەت هەڵئەچنن، بەجۆش وخرۆشەوە لەپێناوی بەرزکردنەوەی ئاستی بژێوی، دامەزراندن و بەدەستهێنانی هەلی کار، چنینەوەی دەستکەوتی ئابووری، سوودمەندبوون لەپرۆژە خزمەتگوزاریە گشتیەکانی حکومەت و جێبەجیبوونی داواکاریە ڕەواکانیان؛ لەناو هەر پرۆسەیەکی هەڵبژاردنی گشتیدا، ئەکەونە ژێر کاریگەریی ئەو بەڵێنانەی کە پێیان ئەدرێت و بە گەرمی بەشداریی دەنگدان ئەکەن.
جێی ئاماژەیە بەردەوام هێزە شۆڕشگێر و بزووتنەوە چەکداری و هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان؛ پشتیان بە هاوڵاتیانی نیشتەجێی ئەو ناوچانە بەستووە، کە سەرچاوەی مرۆیی ئازا، خاوەن ئیرادە، بەهێز، ڕادیکاڵ و قوربانیدەرن، هەروەها ئەو چین و توێژانە لەناو پرۆسەی ململانێی هەڵبژاردنەکانیشدا؛ ڕۆڵی یەکلاکەرەوە ئەبینن لەدیاریکردنی هێزی براوەی هەڵبژاردن .
یەک ڕاستی تریش هەیە؛ کە پێویستە ئاماژەی پێ بدەم؛ ئەویش ئەوەیە کە لەچەندین ئەزموونی سیاسی و شۆڕشگێریی ناو مێژوودا، لەناو ئەو ژینگە کۆمەڵایەتیانەی کە چین و توێژە سادە و نەدار و ڕەشۆکە پەراوێزکەوتووەکان، لەڕەوشێکی ئابووریی سەخت و دژواردا گوزەرانی تیا ئەکەن؛ هەمیشە مەشخەڵ ئامادەیە بۆ گەشانەوەی گڕوتینی دەنگی ناڕەزایی و دروستبوونی گیانی یاخیبوون و بڵێسەی بەرەنگاربوونەوە لەدژی دەسەڵات، هەر بۆیە ئەو ناوچانە؛ ئەبنە زەمین و زادگەی سەرهەڵدانی چەندین ڕووداو و وەرچەرخانی مێژوویی و سیاسیی گەورەی ڕادیکاڵ و ڕاماڵینی چەندین سیستەمی فەرمانرەوایی بەهێز؛ لەنموونەی کۆمۆنەی پاریس (1871)، شۆڕشی فەڕەنسا (1789 – 1799)، شۆرشی ئۆکتۆبەر (1917)، شۆڕشی چین (1946 – 1949)، شۆڕشی جەزائیر (1954 – 1962)، شۆڕشی نوێی گەلەکەمان (1976 – 1991)، شۆڕشی گەلانی ئێران (1978 – 1979)، ڕووداوەکانی بەهاری عەرەبی و… هتد.
3- ئاشتکردنەوەی یەکێتیە زویر و بایکۆتکەرەکان
ژمارەی ئەندام و لایەنگری (یەکێتی)، کە زویر و دابڕاو و بایکۆتکەری پرۆسەی دەنگدانن؛ بە زیاتر لە(300.000) هەزار دەنگدەر مەزەندە ئەکرێت، ئەگەر ڕێژەیەکی بەرچاو لەو زویر و بایکۆتکەرانە، بگەڕێنەوە بۆ بەردەمی سندوقی دەنگدان و دەنگ بە لیستی (یەکێتی) بدەن؛ دەنگدانەکەیان ڕۆڵی سەرەکی ئەبێت، لەسەر زیادکردنی کورسیەکانی (یەکێتی) لەپەرلەمان .
زویر و دابڕاوەکان؛ لەڕابردوودا لەبەر چەندین هۆکاری ناوخۆیی، ڕێکخراوەیی، سیاسی و قەیران و گیروگرفتەکانی حکومەتی هەرێم و… هتد؛ بایکۆتی هەڵبژاردنەکانی پێشوویان کردوە، ژمارەیان لەئەندام و جەماوەری ئێستا زیاترە، کە لەژێر چەتری (یەکێتی)دا کۆبوونەتەوە .
ئەوان بۆیە زویر و دابراون و بایکۆت ئەکەن، چونکە گلەیی و ڕەخنە و داواکاری و سکاڵای زۆریان هەیە، ئەتواندرێت کار لەسەر ئاشتکردنەوە و دڵنەوایی و گەڕانەوەی بەشێکیان بکرێت، بەتایبەتی ئەوانەی کە ڕەخنە و گلەیی و زویریەکانیان؛ پەیوەندی بە ناکۆکی و ململانێ ناوخۆییەکانەوە هەیە، یان دەرهاویشتەی هەستکردن بووە بە پەراوێزخستن و مامەڵەی نادادپەروەری لەبەرامبەریان، یان دەرەنجامی ناڕەزایەتی و هەڵوێست وەرگرتنیان بووە؛ لەدژی تەکتیک و سیاسەتی ڕۆژ و … هتد .
ئەگەر لەبەرنامە و هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردندا؛ گرنگی بدرێت بە ڕوونکردنەوە و شیکردنەوە و بەراووردکردنی سیاسەت و ڕێبازی کارکردنی (یەکێتی)ی نوێی قۆناغی تازە، یان ئاماژە بکرێت بە چەندین دەستکەوتی ڕێکخراوەیی و نەتەوەیی، یان ئەگەر دید و تێڕوانین، بۆ چۆنیەتیی بەڕێوەبردنی ناکۆکی و ململانێ لەگەڵ (پارتی) و میکانیزم و چۆنیەتیی چارەسەری کێشە و قەیرانەکان بخرێتەڕوو؛ یان ئەگەر بتوانین گرنگی و پێویستێتیی گۆڕینی (هاوسەنگیی هێز) و دەرەنجام و دەستکەوتەکانی بۆ هاوڵاتیان بسەلمێنین؛ ئەوا ڕێژەیەکی بەرچاو لەهەڤاڵ و دۆستی زویر و هاوڵاتیانی تری بێلایەن و دەنگدەری خۆڵەمێشیی؛ دەنگ بە پاڵێوراوەکانی (یەکێتی) ئەدەن.
لەڕاستیدا ئەو زویر و دابڕاو و بایکۆتکەرانە بوون؛ لەچەندین پرۆسەی هەڵبژاردنی پێشوودا، بوونە هۆکارێکی سەرەکی و بنەڕەتی، بۆ کەمبوونەوەی ژمارەی دەنگەکان و کورسیەکانی (یەکێتی).
بۆ ئاشتکردنەوەی زویر و بایکۆتکەرانی هاوڵاتیانی ئەژمارکراو لەسەر (یەکێتی)؛ هەموو بازنەکانی هەڵبژاردن و بنکەکانی هەڵمەتی بانگەشە، لەسنووری جوگرافی و دیاریکراوی خۆیاندا، هەروەها هەموو هەڤاڵێکی (یەکێتی)؛ لەژینگەی خێزانی و کۆمەڵایەتی و لەچوارچێوەی بازنەی پەیوەندیە جۆراوجۆرەکانیدا، ئەتوانێت کۆشش و کاری جدی، بۆ قایلپێکردن و ئاشتکردنەوە و گێڕانەوەی کەسانی زویر و بایکۆتکەر؛ بۆ بەشداریکردن لەدەنگدان بە لیستی (یەکێتی) بکات.
ئەگەر بۆ ئەم هەڵبژاردنە؛ زۆرینەی هەڤاڵانی ئێستای ناو ئۆرگانەکانی (یەکێتی)، وەکو ئەرکێکی هەڵبژاردن؛ هەر یەکەیان بتوانێت هەڤاڵێکی زویر، یان هاوڵاتیەکی بایکۆتکەر لەناو ئەو کانگایەی دەنگی هەڵبژاردندا دەربهێنێت و بگەڕێنێتەوە بۆ دەنگدان؛ ئەوا بەم هەنگاوە زیاتر لە(100.000) دەنگ، بۆ (یەکێتی) مسۆگەر ئەبێت و لانی کەم (10 – 12) کورسی پێ زیاد ئەبێت.
- Latest Posts by نیاز سەعید
نیاز سەعید عەلی: بۆ یەکەمجار لەکوردستان، پەرلەمان ئەتوانێت دەرگای حکومەت قفل بکات!
-نیاز سەعید عەلی: گریمانەیەک بۆ حکومەتێکی تری چوارچێوەی هەماهەنگی لەهەرێم!
-نیاز سەعید عەلی: دیدی یەکێتی بۆ حکومەتی ناوەند و خواستی چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعە لەهەڵبژاردنی کوردستاندا.
- All Posts