بەختیار نامیق: هەڵبژاردن ئەم حیزبانە بە کۆێ دەگەیەنێ؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

پارتی و یەکێتی و نەوەی نوێ و گۆڕان و یەکگرتو و کۆمەڵ و هەڵوێست و بەرەی گەل و حیزبە بچوکەکانی تر.

هەڵبژاردن لای دەنگدەر پەیمانێکی پێشینەیە، واتا لە ڕابردوی دوور ونزێکدا هێزێک چی کردوە سیڤی لای دەنگدەر هەیە، ئایا گوتار و کرداری یەکسان بوە بە خەمی گشتی، لەپەنای ئەمەشدا بەهۆی ململانێی توند و لیستی نوێ ڕێژەی بەشداربون زیاد دەکات و ئەمەش بەهای دەنگ لەسەر کورسی زیاد دەکات.
پێناچێ هەڵبژاردن نەخشەی هێز لە نێوان دوو بەرەدا ( دەستەڵات و ئۆپۆزسیۆن) بگۆڕێت، بەو مانایەی ئۆپۆزسیۆنی هەقیقی بونی نیە، لەدوای نەوشیروان مستەفاوە ئۆپۆزسیۆن بونی نەماوە، ئەوانەی بە ناوی ئۆپۆزسیۆنەوە گوتار دەدەن هەندێکیان سەرەتایانە و نەوەی نوێ تەمسیلی ئەم ئۆپۆزسیۆنە دەکات، بەڵام هێشتا (ئەگەر چی لە هەمو حیزبەکانی دەرەوەی یەکێتی و پارتی کورسی زیاتر دەهێنێ) ڕوئیای ڕون نیە و لە بۆشایی دژی دەستەڵاتدا هەڵگری گوتارێکی خۆیەتی، زیاتر وەک پەرچەکردار دەردەکەوێ و بەرنامەی گشتگیری پێ نیە ، هاوڵاتی دژی بەرەی دەستەڵاتی پارتی و یەکێتی لە نەبونی دەنگێکی تردا دەنگی دەدەنێ.
بەم مانایە هەڵبژاردن شتێکی ئەوتۆ لە نەخشەی هێزەکان ناگۆڕێ و بگرە دەخزێ بۆ قبوڵنەکردنی دەرئەنجامەکانی هەڵبژاردن بە جۆرەها بیانو، بۆیە ڕەسمی هێزەکان هەرچەندێک بێت پێناچێ هیچ لە ڕەسمی دەستەڵات بگۆڕێت بە تایبەت دوای پاشەکشێ پێکردنی هاوپەیمانی
(سەدر+ حەلبوسی+ بارزانی) لەسەر دەستی ئێراندا، هەمان سیناریۆش بۆ هەرێم هەر ڕاستە و گەڕانەوە دەبێت بۆ ( ڕێککەوتنامەی ستراتیژی) و بچوکبونەوەی پارتی،گۆڕانێک لەسەر ئاستی دەنگ ڕوودەدات.
پارتی و یەکێتی هێندەی شەڕی هەیمەنەی خوێنی یەکەمی سەرکردەکانیان( بافڵ و مەسرور ) ە، هێندە شەڕی کورسی نیە بۆیە دەکرێ یەک بە یەک باسبکرێت.
1- پارتی/ لەسەر دەستی نەوەی یەکەم و خوێنی یەکەم ( مەسرور بارزانی ) دوای ململانێی کوتلەکان ولاوازکردنی کوتلەی نێچیرەڤان دەیەوێ هەمان هەژمونی پێشتری بمێنێتەوە ، بەڵام لەو ڕاستیە تێگەشتون کە دەبێ بگەڕێنەوە بۆ ڕێککەوتننامەی ستراتیژی، چی تر ناتوانن 45کورسی و بەرەو ژورتر بهێنن، بەڵکو لەگەڵ یەکێتی تەنها چەند کورسیەکی کەمیان جیاواز دەبێت، چونکە وەک دابەشکاری دوو زۆنی تورکیا و ئێران نەماون و تورکیا پشتوانی پارتی ناکات و سوریای بۆ گرنگە و لەگەڵ عێراق کارت بە کارت ڕێککەوتون ( سوریا بۆ هەژمونی تورکی و عێراق بۆ هەژمونی ئێرانی ) بۆیە کورسیەکانی پارتی ئەگەر چی یەکەم دەبێت بەڵام تەواو دادەبەزێت.
2- یەکێتی/ دوای دەرکردنی ئامۆزاکان و کۆتایهێنان بە فرە دەستەڵاتی و بەهێزکردنی ناوەندچێتی لەسەر دەستی ( بافڵ تاڵەبانی)دا ، بەحکومی نەخشەی ئێرانی بەهەمان دیزاینی ( سەدر + عامری) یەکێتی کێرڤی دەنگەکانی زیاد دەکات و تەواو نزیک دەبێتەوە لە پارتی بەهەمان ڕسمی تاڵەبانی و بارزانی باوک ، یەکێتی بە دەرکەوتنی کارئەکتەرێکی بەهێز وپشتیوانی ئێران دەتوانێ هاوسەنگی هێز بگێڕێتەوە ، کورسیەکانی زۆر زیاد بکات ئەگەرچی دوەم دەبێت.
3- نەوەی نوێ/ ئەگەر، چی خاوەنی دێدێکی ڕون نیە و دنیایەک ڕەخنەی لەسەرە، بەڵام تا ئێستاش گوتاری دژی پارتی و یەکێتیە و ئەو زەمینەی داگیرکردوە کە لە بۆشایی نەبونی هێزێکی تۆکمە دژی پارتی و یەکێتی بەرەی دژی دەستەڵات دەنگی دەدنێ و دەنگەکانی کەمێک دادەبەزێ، بەڵام لەچاو هێزەکانی دەرەوەی یەکێتی و پارتی هێشتا خاوەنی گوتاری دژە، بۆیە دەنگەکانی وەک خۆی دەمێنێ یان کەمێک زیاتر یان کەمێک کەمتر دەکات بەڵاموەک هێزی سێیەم دمێنێتەوە.
4-گۆڕان/ دەنگدەری گۆڕان جیاواز لە هەمو حیزبەکانی تر، دەنگدەرێکی ئازادە، لە دوای مەرگی ڕابەرەکەیان ساڵ بە ساڵ دەنگدەری زیاتری لێزوەتەوە و تا وای لێهات سفر بویەوە، چونکە نەتوانی خاوەنی گوتاری خۆی بێت و لە قەیرانەکاندا هەڵوێستی شەرمنانە بو، وە نەیتوانی وەڵامی کەیسی حکومەت و تەوریس وناشەرعی خانە و ڕێکخەر بداتەوە، لە ئێستاشدا بە هۆی ناکۆکی ناوخۆییەوە تەواو لاواز بوە، بەڵام دانا ئەحمەد مەجید سەرەڕای ئەوەی بەشێک لە گۆڕان بە دەستوری نازانن، بەڵام هاوڕان لە پشتیوانی کاندیدەکانیان و گوتارەکانی دانا ئەحمەد مەجید کەمێک کاریگەری دەبێت و پێ دەچێت ئەم هەڵبژاردنە لە سفر بێتە دەر و دەنگەکانی بەرز بێتەوە، هەرچەند بهێنێ یەکسانە بە بەرزبونەوەی ئاستی گۆڕان.
5- یەکگرتو/ بەگشتی حەوزەی حیزبە ئیسلامییەکان ناتوانن ببنە هێزی تەواو کاریگەر، بەڵام یەکگرتو بەهۆی تۆکمەیی ڕێکخستنەکانیانەوە هەر لەو چوارچێوەیەدا دەمێنێتەوە و ئەگەری دابەزینی دەنگەکانی هەیە بۆ کەمتر بە هۆی بەرزبونەوەی بەهای کورسیەوە.
6- کۆمەڵ/ دەتوانین هەمان پێوەری یەکگرتو بۆ کۆمەڵ هەژمار بکەین، بەڵام بەهۆی نزیکی لە ئێرانەوە پێدەچێت دەنگی زیاتر بکات.
7- هەڵوێست/ بە حوکمی ئەوەی پێشینەی نیە و پێشینە وەک کەس سەیر دەکرێ نەک حیزب ، لەسەر دەنگەکانی گۆڕان و ناڕازییەکانی گۆڕان دروست بوە ، ئەگەر چی چەند کورسیەک دێنێ بەڵام نابێتە هێزێکی کاریگەر.
8- بەرەی گەل/ لەبەر ئەوەی لەسەر دەنگەکانی یەکێی و مەساحی یەکێتی کار دەکات و یەکێتی تەواو بەهێزبوەتەوە ئەگەر چی چەند کورسیەک دێنێ، بەڵام پێناچێت کاریگەری ئەوتۆی هەبێت.
9- حیزبە بچوکەکانی تر/ ئەم حیزبانە کاریگەری ئەوتۆیان نابێت و ئەم هەڵبژاردنە بچوکتر دەبنەوە لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی تر.

ئەنجام:
بەهۆی ناڕازی بون بە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن پێ دەچێت پێکهێنانی حکومەت تەواو دوابکەوێ، بەڵام دواجار وەک دوو زۆنەکە هێزەکان دەبن بە دوو بلۆکەوە ( یەکێتی و پارتی ) بۆ کۆکردنەوەی 50+1 کورسی و حیزبەکان دابەش ببن بەسەر هێزەکاندا، بەڵام حیزبەکان پێ دەچێت کاندیدە دەرچوەکانیان تەواو پێ کۆنتڕۆڵ نەکرێت و ئەنجامەکان بگۆڕێت، ئەوکات پارتی هێزە نزیکەکان لێی و یەکێتی و هێزە نزیکەکان لێی قورس بێت بۆ هەر یەکێکیان زۆرینەبن و حکومەت پێکبهێنن، دواجار هەر دەبێ یەکێتی و پارتی بەناچاری وتەوافق و ڕێککەوتنی ستراتیژی نوێ حکومەت پێکبهێنن و حیزبەکانی تر پشکیان هەبێت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت