عوسمان عەسکەری: پەیامەکەی پزیشکیان و هێرشی ئسرائیل.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بە درێژایی هەزاران ساڵە فەلەستین کرۆکی ناکۆکیەکانی نێوان دەوڵەتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتانی ڕۆژئاوا بووە، بە تایبەتی لە نێوان ئاینە ئیبراهیمیەکان ( جولەکە، کریستیان، ئیسلام) دا. بۆ نموونە، لە سەردەمی فیرعەونەوە 920ی پێش زایین میسریەکان دەستیان بەسەردا گرتووە، پاشان کلدانی، ئاشوری، فارس و ڕۆم هەتا ساڵی 638ی زایینی کە بۆ یەکەمجار لە سەردەمی ئیمامی عومەر کوڕی خەتاب، ئیسلام دەستی بەسەر قودسدا گرت و بۆ ماوەی 450 ساڵ حوکمی فەڵەستینی کرد، پاشان کریستیان گرتیانەوە، هەتا ساڵی 1187 ئەو کاتەی سەلاحەدینی ئەیوبی لە شەڕی حوتتەین (معركة حطين) لە دژی کریستیانەکان سەرکەوتنی بەدەستهێنا، قودسی خستەوە بن دەستی موسڵمانان. بەوجۆرە ڕووداوەکانی فەڵەستین بەئاستێک لە مێژووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دنیادا چەقیوون، لە هەر شوێن و سەرچاوەیەکەوە، تەنانەت ئەگەر لاپەڕەکانی تەورات و ئنجیل و قورئانیش بخەینە بەرباس و لێکۆڵینەوە، دەمانباتەوە فەڵەستین، چوونکە بەدرێژایی مێژوو، ئەم ناوچە دێرینە (فەڵەستین) چەندین جار لە نێوان ئیمپراتۆریەت و دینەکاندا ( کریستیان و ئیسلام ) دا دەستی گۆڕیوە، هەر جارەی کەوتۆتە دەست لایەنێک، بۆیە شەڕو وێرانکاری بۆ سەدان نەوەی عەرەب و جولەکە و مەسیحیەکانیش کە لێی نیشتەجێ بوون، بۆتە چالاکیەکی ڕۆتینی و زوو زوو دەقەومێت..! لەگەڵ ئەوەشدا، ئەگەر ئەمەریکا بێت و فشار بخاتە سەر ئسرائیل، جوولەکەش ئەو لووتبەرزیەیان نەهێڵن و لەبەر ئەوەی (هەڵبژاردەی خودان) دنیا بە دووژمنی خۆیان بزانن، عەرەبیش لەو وەهمە خۆی ڕزگار بکات کە پێی وایە، پەیامبەر فەرموویەتی جوولەکە بە دەستی موسڵمانان فەنا دەبێت و فەڵەستین دەگەڕێتەوە بۆ بن دەستی موسڵمانان.. ئەوکات ڕەنگبێت دەرفەتی ئاشتی و چارەسەری ناکۆکییە دێرینەکانی نێوان حکوومەتەکانی ئیسرائیل و دەسەڵاتی نیشتمانیی فەلەستین بڕەخسێت و ببێتە بەردی بناغەی ئاشتی گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست..

عەرەب و کێشەی فەڵەستین.
ململانێی فەڵەستین، ململانێیەکی درێژخایەنی نێوان جوولەکە و عەرەبە، کە تایبەتە بە پرسەکانی خاک، مافی چارەی خۆنووسینی فەڵەستین و ئاسایشی ئسرائیل، بەوهۆیەوە لەوەتەی ئیسرائیل لە ساڵی 1948 وەک دەوڵەتێک دامەزراوە، بە شێوەیەکی نەرێتی توند کەوتۆتە بەر نەفرەتی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی کە نابێت هیچ وڵاتێکی عەرەبی، تەنانەت هیچ تاکێکی کۆمەڵگای وڵاتە عەرەبیەکانیش دان بەبوونی ئیسرائیلدا بنێن تا ئەوکاتەی فەڵەستینییەکان دەوڵەتێکی تایبەت بە خۆیان نەبێت. بەڵام دوای ئەوەی ئەنوەر سادات سەرۆکی کۆچکردووی میسر لە ساڵی 1977 ئەو نەرێتەی شکاندو ئاشتی لەگەڵ تەلئەبیب ڕاگەیاند، زۆری نەبرد شا حسێنی پادشای ئوردنیشی چووە پاڵ و پەیوەندی لەگەڵ ئسرائیل گرێدا. دوابەدوای ئەوانە، سعودیەو چەندین وڵاتی دیکەی عەرەبیش لە هەوڵدان بۆ ئاسایی کردنەوەی پەیوەندیەکانیان لەگەڵ ئسرائیل، بەڵام سەرکردە عەرەبەکان دووڕوو درۆزنن بۆیە هەتا ئێستاش ناوێرن ئەم پەیوەندیانەیان ئاشکرا بکەن. دواجار لە ساڵی 2020 ڕێککەوتنامەی ئەبراهام لە نێوان ( ئسرائیل لەگەڵ ئیمارات، مەغریب، بەحرەین و سودان ) ئەنجام درا. دوابەدوای ئەو ڕێکەوتنانە، ئیتر وڵاتانی عەرەبی سەبارەت بە پرسی فەڵەستین ڕۆڵی تەماشاکەری ڕووداوەکانیان گرتۆتەبەر، کاردانەوەکانیان لە دوعاو پاڕانەوە تێناپەڕێت، چاوەڕوانی ئەو وەهمەن کە خودا (المسجد الأقصى) یان بۆ ڕزگار دەکات، لەوە بەدوا پرسی فەڵەستین کەوتۆتە دەست ئێران. واتە بەردی بناغە و سەرچاوەی هەڕەشەی گەورە بۆ سەر ئیسرائیل، کۆماری ئیسلامی ئێرانە.!

هاوپەیمانی ئێران و ئسرائیل
ئێرانی سەردەمی محەمەد ڕەزاشای پەهلەوی، لە ساڵی 1948 ئەندام بوو لەو لیژنە تایبەتەی کە نەتەوە یەکگرتووەکان پێکیهێنابوو بۆ فەلەستین کە بڕیاری دابەشکردنی ئەو خاکە جێناکۆکانەی دا، بۆ ئەوەی لە ژێر ئیختیاری نێودەوڵەتیدا، دوو دەوڵەتی فەلەستین و جوولەکە دابمەزرێن. ئەوکات تاران زۆرترین جار دەنگی بۆ ئەو بڕیارانە ئەدا کە لە بەرژەوەندی ئیسرائیل دا بوون، بۆیە دوای ئەوەی ئێران لەساڵی 1950 دانی بەدەوڵەتی ئیسرائیلدا نا، تەلئەبیب نەک هەر پەیوەندی دیبلۆماسی لەگەڵ گرێدا، بەڵکو بە ئاشکرا ئێران و ئسرائیل بوونە هاوپەیمان و لە بوارەکانی ئابوری و سەربازی هەماهەنگیان دەکرد، تەنانەت ساواکی ئێرانیش لەلایەن موسادی ئسرائیلیەوە پڕچەک دەکراو ڕاهێنانی پێدەکرا. هەر ئەو کاتەش بوو کە ئسرائیل کوردی خستە ناو کایەی هاوپەیمانێتیەکەیانەوە و لە ڕێگای شای ئێرانەوە، پڕ چەکیان کردو لەدژی دووژمنەکانی بەکاریانهێنا، بۆیە لە ماوەی دەیەی نێوان ساڵانی 1965 تا 1975، ئیسرائیل لە ڕێگای ئێرانەوە هاوکاری بارزانی شۆڕشەکەی کرد لە دژی ڕژێمی بەعس لە عێراقدا، هەتا ساڵی 1975 ئەوکات ئسرائیل شۆڕشەکەی سەربڕی و کوردیشی سەرگەردانکرد. بەدرێژایی مێژووی ئەو هاوپەیمانێتیەی نێوانیان، شای ئێران لە ڕێگای نەوتەکەیەوە ئابوری ئسرائیلی بەهێزکرد هەتا ساڵی 1971، سەرکردە ئاینیەکانی ئێران، بە ڕابەرایەتی خومەینی لە دژی شا وەستانەوە و تۆمەتباریانکرد بەوەی کە شا، ئێران و ئابوری وڵاتەکەی تەسلیم بە ئسرائیل کردووە. لەوە بەدواوە، شای ئێران لە ڕێگای ڕژێمی بەعسەوە لە نەجەف تەنگی بە ئیمامی خومەینی هەڵچنی، بەمەدا ئەوە ڕوونە کە خومەینی بەر لە شۆڕشی ئیسلامی ئێران، لە دژی ئسرائیل جەنگی ساردی بەرپا کردووە.

شۆڕشی ئیسلامی ئێران
ئایەتوڵڵا خومەینی ڕابەری شۆڕشی ئیسلامی ئێران، دوای ئەوەی لە ساڵی 1979 هاتە سەر حوکم، پلانی سەربەخۆیی ئیسرائیل و دانپێدانانی بە کارەسات بۆ موسڵمانان و تێکدانی حکومەتە ئیسلامییەکان ناوبرد، بۆیە یەکێک لە دکتۆرینەکانی ئیمام ئەوەبوو کە لە وتارەکانیدا بە دروشمی مەرگ بەر ئسرائیل دەیگوت: “هەموو ناڕەحەتییەکانی ئێستامان بەهۆی ئیسرائیلەوەیە. بە بڕوای خومەینی، ڕزگارکردنی قودس باوەڕبوونە بە خودا، جیهادکردنە تا لەناوچوونی یەکجاری ئیسرائیل. لە دوای کۆچی دوایی خومەینی، هەتا ئێستاش سیاسەتمەدارانی ئێران کار بۆ ئەم هەڵوێستەی (درێژەدان بە هێڵی دژە ئیسرائیلی) ئیمامەکەیان دەکەن و گەشەی پێدەدەن، لەبەر ئەوەیە ئایەتوڵڵا خامنەیی، ڕێبەری مەزنی ئێران، چەندین جار دەوڵەتی ئیسرائیلی بە (گرێ شێرپەنجەییەکان) لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەسفکردووە. بەبڕوای خامنەیی، دەبێت لەڕێگای جەنگی پیرۆزی (جیهاد) فەلەستینییەکانەوە ئسرائیل لەناو ببرێت، لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا، لە سەرەتای جەنگی عێراق – ئێران، دیسان ئێران بەنهێنی پەیوەندی لەگەڵ ئسرائیل بەستەوە، بەتایبەتی لەجەنگی عێراقدا، ئەمبارگۆی نێودەوڵەتی ئێرانی ناچار کرد لە ڕێگای ئسرائیلەوە چەک پەیدا بکات، بەو هۆیەوە، ئیدارەی ڕۆناڵد ڕیگان لە ساڵی 1981- 1986 ئاسانکاری کردبوو چەک بەئێران بفرۆشرێت، هەتا ئەوکاتەی کەوتبووە دەست مێدیاکان و ئابڕووچوونێکی گەورەی لێکەوتەوە کە پێی دەگووترا ئیران گەیت یان فەزیحەی ئێران.

ئێران و چەکدارەکانی فەلەستین
لە دوای سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران، ئیسرائیل هەمیشە ئێرانی بە پارەدارکردنی چەکدارەکانی فەلەستین تۆمەتبار کردووە، ئەوە لەکاتێکدا بوو کە ئێران پایەکانی کەوتبووە جەنگی عێراقەوە. لە دوای کۆتایی هاتنی جەنگی دژ بە عێراق، بەپشتیوانی چین و ڕوسیا، ئێران چالاکانە دەستیکرد بە پەرەپێدانی پیشەسازی جەنگ و دەیان کارگەو کۆمەڵگەی پیشەسازی سەربازی دامەزراندووە کە توانای بەرهەمهێنانی کەرەستەی سەربازیی و هەموو جۆرە چەکێک، تەنانەت چەکی ئەتۆمیشی هەیە. ئێران بۆ ئەوەی خۆی لە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ هێزەکانی ئیسرائیل بپارێزێت، گروپ و چەکدارە بە وەکالەتەکانی (پرۆکسیس) لە دژی ئسرائیل پڕ چەک کردووە و دەجەنگن، بۆیە ئەوەی ئێستا ئێران بەسەر ئسرائیلی هێناوە، هەرگیز ئسرائیل لە ساڵی 1973 بە دواوە بەسەری نەهاتوە کە لە چەند وڵاتێکەوە هێرشی بکرێتە سەر، وەک ئەوەی لە ”یەمەن و سوریاو لوبنان و فەڵەستینیشەوە” هێرشی دەکرێتە سەر، بۆیە سەرباری ئەوەی ئسرائیل خاوەنی تەکنەلۆجیای جەنگ و پیشەسازی سەربازی زیرەکە بەڵام فشارێکی زۆری کەوتۆتە سەر و لە بناغەوە لەرزیوە، ئەوە لە کاتێکدا ڕوسیاو چین و ئێران هاوکات بەشێکی زۆر لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتیش لە دژی هێرشەکانی ئسرائیل دەنگیان هەڵبڕیوە و تۆمەتباری دەکەن بە ئەنجامدەری تاوانی جینۆساید. ئەوانەش وایانکردووە هێرشی ئسرائیل و ڕووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ ئێران، خزمەت بە ئسرائیل نەکات. بۆیە ڕەنگبێت بە نێوەندگیری ئەمەریکا، ئسرائیل بەجۆرێک هێرش بکاتە سەر ئێران کە زیان بە ئێران نەگەیەنێت. ئەگەر هێرشەکەی ئسرائیل زیان بە ئێران بگەیەنێت، شەڕەکە گەورە دەبێتەوە و ئێران ڕێگا نادات هیچ کەشیەتی و بەرهەڵگرەکانی نەوت لە کەنداوەوە بگاتە ئەوروپاو وڵاتانی ڕۆژئاوا، بەوەش ئەوروپا دووچاری داڕمان و گرانی دەکات، ئەوە سەرباری ئەوەی ڕەنگبێت ڕوسیاو چینیش بخزێنە ناو بازنەی ئەو جەنگەوە و دۆخەکە لە دەست هەمووان دەربچێت و دەرئەچێت.

چوارچێوەی نێودەوڵەتی
ئەمریکا و یەکێتی ئەوروپا بەبێ هیچ مەرجێک، بە هەموو هێزێکیانەوە پشتگیری ئۆپەراسیۆنەکانی ئیسرائیلیان کردووە و دەکەن، تەنانەت بۆ ڕاگواستنی زۆرەملێی دانیشتوانی غەززەش هاوڕان، بۆیە سەردانە یەک لەدوای یەکەکانی ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ ناوچەکە، هیچ نیە لەوە زیاتر کە دەیانەوێت ئەو ڕەخنانە لەسەر خۆیان کەم بکەنەوە کە بەشێک لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لە تەلئەبیب و واشنتۆنی دەگرێت، ئەگەر نا بۆچی لە ئەنجومەنی ئاسایشدا ئەمەریکا ڕێگری دەکات لە پرۆژەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ڕاگرتنی جەنگەکە. هەڵبەت یەکێتی ئەوروپاش هاودەنگی ئەمەریکایە بەڵام ڕای گشتی و هەستی لایەنگرانی فەڵەستین لە وڵاتە ئەوروپیەکان بەهێزترە، تەنانەت وەک لە وڵاتە عەرەبیەکانیش، بەتایبەت لەناو چەپخواز و پەناهەندەکاندا، بۆیە سەرکردە ئەوروپییەکان هەوڵ بۆ دەستپێکردنەوەی پرۆسەی ئاشتی دەدەن. ئەو هۆکارانەو هاوکات فشاری وڵاتەکانی کۆمەڵەی بریکس، بەتایبەتی چین و ڕوسیا لەگەڵ خۆڕاگری دانیشتوانی غەززە، شکستی بە پلانی ڕاگواستنی زۆرە ملێی غەززەییەکان هێنا بۆ سینا، لەبەر ئەوەیە دیپلۆماتکارانی ئەمریکی لەگەڵ وڵاتانی عەرەبیدا دەستیان بە گفتووگۆ کردووە لەبارەی چارەسەری داهاتووی غەززە. واشنتۆن داوای لە شانیشینی سعودیە، کۆشکی شای نەوتی کەنداو کردووە کە بارگرانی ئاوەدانکردنەوەی غەززە بگرێتە ئەستۆ.

باڵادەستی ئسرائیل
بەدرێژایی شەش سەد ساڵی ڕابردوو، ووردتر بڵێم، لەو کاتەوەی کە ئیمپراتۆریەتی عوسمانی وەک خەلافەتی موسڵمانان دامەزرا، کۆمەڵگای وڵاتە ئیسلامییەکان بەگشتی و وڵاتە عەرەبیەکان تایبەتر، بەئاساتێک لە مێژوودا چەقیوون، بچووکترین داهێنانیان نەکردووە و لە هیچ خزمەتێکی مرۆڤایەتیدا بەشدار نەبوون. بەڵێ، لە ماوەی شەش سەدەی ڕابوردودا، ئەو کۆمەڵگایە لە مێژوودا چەقیوون و دەستیان بۆ بچووکترین داهێنانی فەلسەفی، فەرهەنگی، زانستی و پیشەسازی و… هتد. نەبردووە، بۆیە ئێستا 400 ملیۆن عەرەبی موسڵمان کەوتوونەتە بن دەست و پێی تەنیا 16 ملیۆن جوولەکەوە. لە کاتێکدا کە لە سەدەی 8هەتا 14 کە پێی دەگووترێت سەردەمی زێڕینی ئیسلامی، موسڵمانان بەشدارییەکی گەورەیان لە بوارەکانی زانست، تەکنەلۆژیا، فەلسەفە، پزیشکی، بیرکاری و فەلەکناسی و هتد.. کردو دەیان زاناو کەسایەتییە گرنگەکانی وەک ئەلخواریزمی، حسن ابن الهیثم و ابن سینا پێشەنگی دنیا بوون، بەڵام لە سەدەی 14 بە دواوە، موسڵمانان لە وەهم و خەم و خەیاڵی بێهوودەیدا چەقیوون و لە خودا دەپاڕێنەوە بەسەر دووژمنەکانیاندا سەریان بخات..!! لەبەرامبەردا، تەنیا لە ماوەی هەشتا ساڵی ڕابردوودا، ئسرائیل کە دانیشتوانە جووەکەی کەمترە لە8 ملیۆن، بەئاستێکی هێند چڕو وورد لە بوارەکانی فەلسەفە، ئەدەب، زانست، تەکنۆلۆجیا، پیشەسازی سیڤل و پیشەسازی جەنگیشدا داهێنانیان کردووە، بوونەتە پێشەنگی دنیاو 400 ملیۆن عەرەبی موسڵمانیان هێناوەتە سەرچۆک، بۆیە موسڵمانان بەگشتی و عەرەب بەتاییبەتی، پێویستیان بەوەیە شۆڕشێکی پیشەسازی بەرپا بکەن، شێواز و نۆرمی ژیان بگۆڕن و لەو مێژووە دەرچن کە تێیدا چەقیوون، بەدیدێکی نوێ لە دنیا بڕوانن و ڕوو لە زانست و فەلەسەفەو ئەدەب و هونەری ژیان بکەن، ئەگەر عەرەب بگۆڕێت جیهانی ئیسلامی دەگۆڕێت، بێگوومان خۆراکی گورگ هەمیشە ئەو ئاژەڵانەیە کە بێهێزن و لە دواوە دەڕۆن.

پەیامی پزیشکیان بۆ ئسرائیل.
ئێران یەکەم وڵات بوو کە پێشوازی لە هێرشەکەی حەماس کرد بۆ سەر ئیسرائیل، هاوکات زۆربەی سیاسەتمەدارانی ئێران بەپێویستی دەزانن ئسرائیل لەناو بدرێت. تەلئەبیبیش وەک دەوڵەتێکی دوژمنکارانە دەڕوانێتە ئێران و لەڕادەبەدەریش دژی بەرنامە ئەتۆمیەکەی و سیاسەتی فراوانخوازانەیەتی، بۆیە هێزی ئاسمانی ئسرائیل لە ساڵی 2011وە لە چەند وڵاتێکی جیاواز ڕاهێنان لەسەر چۆنیەتی وێرانکردنی کورە نەوەویەکانی ئێران دەکات، بەڵام لە 2ی ئۆکتۆبەر بە دواوە کە بۆ یەکەمجار ئێران بە مووشەکی هایپەر سۆنیک (الفرط الصوتي) هێرشی کردە سەر ئسرائیل و بەرگریە ئاسمانیەکانی بەزاند، ئسرائیل و ئەمەریکای تووشی دڵەڕاوکێ کردووە. بەتایبەتی کە لە هەمان ئەو ڕۆژەی ئێران هێرشی موشەکی کردە سەر ئسرائیل، ڕوسیاش بەچەکی گەرمی ((القنابل الحرارية)) یان بۆمبی ( الثيرموباریک- Vacuum Bomb ) لە ناوچەی زابۆریجیا هێرشی کردە سەر بەهێزترین پەناگەی چەکی ئۆکراینی و وێرانی کرد. دوای ئەو ڕووداوانە مەسعوود پزشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران پەیامێکی دایە ئەمەریکا و ئسرائیل و گووتی، مەبەستی هێرشەکەمان بۆ سەر ئیسرائیل، هێنانەدی ئاشتی و کۆنتڕۆڵکردنی ئەو گرژییانەیە کە ئسرائیل دروستیکردوە. ئەم پەیامەی پزیشکیان، هاوشێوەی ئەو ڕاگەیاندنەیە کە ”هاری ترومان، سەرۆکی وڵاتەیەکگرتووەکانی ئەمەریکا” لەدوای هێرشە ئەتۆمیەکەی بۆ سەر هێرۆشیماو ناکازاکی لەساڵی 1945، ڕایگەیاند، بۆردومانی ئەتۆمی هیرۆشیما و ناگازاکی بۆ کۆتاییهێنانی شەڕ بوو لەگەڵ یابان. بۆیە پەیامەکەی پزیشکیان لەگەڵ ڕاگەیاندنی بەرپرسەکانی سوپای پاسداران، ئەگەر ئسرائیل هێرشمان بکاتە سەر بەچەکێک وەڵامی ئەدەینەوە کە هەرگیز نەیانبینوە، بۆتە جێگای سەرنجی ووردی زانایانی سەربازی و جەنەراڵە بە ئەزموونەکانی ئەمەریکاو ئسرائیل. بەتایبەتی بەکارهێنانی بۆمبی حەراری لەلایەن سوپای ڕوسیاوە لە هەمان ئەو ڕۆژەی کە ئێران هێرشی کردە سەر ئسرائیل، وا لێکدەدرێتەوە کە ڕەنگبێت، ئێران دەستی گەیشتبێتە بۆمبی ئایرۆسۆڵ و دژ بە ئسرائیل بەکاری بێنێت.
هێزو کاریگەری خێرای بۆمبی ئایرۆسۆڵ کەمتر نیە لە بۆمبی ئەتۆمی، چوونکە تەقاندنی ئەم چەکە شەپۆلێکی گەورەی ئاگر دەخاتەوە کە دەتوانێت دەبابەو بینا و کەرەستە بەهێزکراوەکان بتوێنێتەوە و لەناویانببات، هاوکات هەموو ئۆکسجینی شوێنەکە هەڵدەمژێت و بۆشایییەکی وەها دروست دەکات کە هەرچی خەڵک و زیندەوەری ناوچەکەیە لەناو ئەدات. جیاوازی بۆمبی ئایرۆسۆڵ (القنابل الحرارية) لەگەڵ بۆمبی ئەتۆمی و بایۆلۆجیدا ئەوەیە کە لە دوای وەشاندنی بۆمبەکە، بە ماوەیەکی کورت کاریگەری لە سەر شوێنە بەئامانجگیراوەکە نامێنێت و ژینگەی ناوچەکە پیس (تلوث) ناکات وەک ئەوەی چەکە کیمیاوی و بایۆلۆژی و ئەتۆمیە کۆمەڵکوژەکانی دیکە دەیکەن، هەر لەبەر ئەوەشە، بەکارهێنانی ئەم چەکە کۆمەڵکوژە لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتیدا ڕێگا پێدراوە.

پووختە.
هەمووان پرۆژە زەبەلاحەکەی (ڕێگای ئاوریشم و پشتێنەکانی) چینمان بیستووە کە بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا تێدەپەڕێت. پرۆژەکە ئابوری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفەریقاش دەبوژێنێتەوە و چین و ئەوروپاش لەیەکتر نزیک دەکاتەوە. یەکێک لە تایبەتمەندیەکانی پرۆژەکە ئەوەیە، بە هەر وڵاتێکدا تێپەڕێت، چین قەرزێکی زەبەلاحی بە قازانجێکی ڕەمزی دەداتێ، بەمەش هەژموونی چین لە ئاسیاوە بەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفەریقاو بەشێک لە وڵاتانی ئەوروپیش دەسەپێت، بۆیە ئەم پرۆژەیە سەرباری ئەوەی ئسرائیلیش بەشدارە، ئەمەریکای زۆر نیگەران کردووە. ئەمەریکا ساڵانێکی زۆرە لەدژی هەریەک لە چین ڕوسیاو ئێران جەنگی ساردو گەرمی بەرپا کردووە، بەتایبەتی هەر وڵاتێک لە دژی ئسرائیل بجەنگێت، ئەوە لە دژی ئەمەریکاش دەجەنگێت، بەڵام بۆ ئەوەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە پرۆژەکانی چین پەک بخات ئەمەیکا پێویستی بەوەیە لە دژی ڕێگای ئاوریشم بجەنگێت. لەبەرامبەردا، چین کە ئێران وەک هاوپەیمانێکی پتەوی پڕۆژەکانی بواری ئابووری و وزە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ڕێگای ئاوریشمی نوێ دەبینێت، پەیوەندی تەکنەلۆجی و بازرگانی لەگەڵ ئسرائیلشدا هەیە، بۆیە هەوڵ ئەدات لە ڕێگای دیبلۆماسیەوە ناوچەکە لەجەنگی ڕاستەوخۆی سەربازی بەدوور بگرێت. ڕووسیا پەیوەندییەکی قوڵ و بەرژەوەندی سەربازی و ئابووری پتەوی لەگەڵ ئێراندا هەیە، بۆیە پێدەچێت بەدیوێکدا هەوڵی ناوبژیوانی بدات، بەدیوەکەی دیکەدا، ئالگۆریتمە (داتای زیرەک) زیرەکەکانی بە شێوازێکی سنوردار بخاتە خزمەتی ئێرانەوە. هەرچیەک بێت، ئیسرائیل کە خاوەنی پیشەسازی زیرەکی سەربازی و تەکنەلۆژیای پێشکەوتووی هەواڵگرییە، توانای لێدانی وردو وێرانکردنی هەر ئامانجێکی سەختی ئێرانی هەیە، هاوکات بەپشتیوانی ئەمەریکا، هەم باڵادەستی ناوچەکەیە، هەم ئیرادەی هەیە ئۆپەراسیۆنی سەربازی پێشکەوتوو لە دژی ئێران ئەنجام بدات. لە بەرامبەردا، ئێران کە وڵاتێکی گەورەو فراوانە، ئەویش توانای سەربازی بەهێزی هەیە، هێرشەکە بۆ ئسرائیل ئاسان نابێت، چوونکە دوور نیە ئەو جەنگە مەترسیدارە فراوان بێت، بەتایبەتی کە ئێران، لەلایەکەوە دەتوانێت لە ڕێگای گروپە هاوپەیمانەکانیەوە، لە زۆربەی وڵاتانی ئیسلامیەوە جیهادی بنێرێت و هێرشی پیادە دەکاتە سەر ئسرائیل. لەلایەکی دیکەوە ئێران ڕێگاکانی کەشتی و گواستنەوەی نەوت لە دەریای عەرەب و بەشێک لە زەریای ئەتلەسیش دەکاتە ئامانج، ئەوروپاو وڵاتانی ڕۆژئاوا دووچاری قەیران و گرانی گەورە دەکات، ئەوەش دەکرێت شەڕێکی ناوچەیی فراوانتری لێ بکەوێتەوە.. و هاوپەیمانەکانی ئەمریکا بەتایبەتی ”دەوڵەتانی کەنداو” بۆ شەڕەکە ڕابکێشێت.

سەرچاوە
https://en.wikipedia.org/wiki/Mossad
https://en.wikipedia.org/wiki/Iran%E2%80%93Contra_affair
https://united24media.com/latest-news/russia-reportedly-uses-atbip-9000-thermobaric-bomb-for-the-first-time-in-vovchansk-2738
https://aja.me/v0y90q
https://www.bbc.com/arabic/articles/cdrj61zr31eo
https://ara.tv/ypz9c
https://history.state.gov/milestones/1945-1952/atomic
https://palscholars.org/?p=12358

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت