نیاز سەعید عەلی: دیدی یەکێتی بۆ حکومەتی ناوەند و خواستی چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعە لەهەڵبژاردنی کوردستاندا.
یەکەی خێزانیی، یان کوردستان؟ !
پارتی دوور لەپەیڕەویکردنی هێڵێکی سیاسیی جێگیر و ڕوون و سەقامگیر؛ سیاسەت و میکانیزمی بەڕێوەبردنی ناکۆکی و ململانێکانی لەگەڵ حکومەتی ناوەند لەبەغدا؛ لەسەر بنەمای پاراستن و گەشەپێدانی بەرژەوەندیە تایبەتیەکانی خۆی داڕشتوە، کە بریتیە لەدووانەی دەسەڵاتی سیاسی و بەرژەوەندیی ئابووریی تایبەت.
ناوەندی بڕیار و دەسەڵات لەناو پارتی؛ پێیوایە جڵەوی دەسەڵاتی سیاسیی ڕەها، لەناو پارتی و جومگە بەهێزەکانی حکومەتی هەرێم، شانبەشانی جڵەوی دەسەڵاتی ئابووری و بەڕێوەبردنی سامانی سروشتی و گشتی، لەهەرێمی کوردستان، لەسەر بنەمای سیستەمی یەکەی خێزانیی؛ بە پلەی یەکەم ئەبێت قۆرخ و تەرخان بێت، بۆ سەرۆکی ئەو پارتە و کوڕەکانی.
لەم پێودانگەوە؛ هەموو جیهانبینی و هەنگاو و کردەوە و هەڵویست و بڕیارێکی سیاسیی پارتی، لەهەرێمی کوردستان و عێراق و ئقلیمدا؛ قەتیس و چڕ بۆتەوە، بۆ چەسپاندن و پاراستن و بەهێزکردن و تەشەنەپێسەندنی بەرژەوەندیە سیاسی و ئابووریەکانی ناو چوارچێوەی یەکەی خێزانیی سەرۆکی پارتی.
لەم سۆنگەیەوە ئەتوانین بڵێین؛ مانۆڕی سیاسی، کوشتنی کات، هەڵکشان و داکشان بەگوێرەی هەلومەرج و سیاسەتی ڕۆژ، خۆمەڵاسدان بۆ قۆستنەوەی کێشە و ناکۆکیە ئقلیمیەکان، وەبەرهێنان لەناو زەمینەی لێکترازاویی ماڵی سیاسیی شیعە لەلایەک و ناکۆکی و ململانێی ئایینزایی و سیاسیی شیعە و عەرەبی سووننە لەلایەکی؛ بریتین لەو میکانیزمانەی کە پارتی لەپرۆسەی سیاسیی خۆیدا، زۆر پشتی پێئەبەستێت، بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ هێزە سیاسیەکانی شیعەی فەرمانڕەوا و حکومەتی ناوەند.
کێشە و ناکۆکیە سەرەکیەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەند ، کە تیایدا پارتی بە تاکڕەوی، باڵادەست و زاڵە بەسەر بڕیار و جوومگە بەهێزەکانیدا؛ پەیوەستن بە دۆسیەکانی نەوت، داهات و خاڵە گومرگیەکانی هەرێم، دۆسیەی بوودجە و مووچە، پەیوەندیە دەرەکیەکان، داشکانەوە و چوونە پاڵ ویست و بەرژەوەندیەکانی توورکیا و وڵاتانی کەنداو و عەرەبیی سووننە لەعێراق، پێشووتریش هاوپەیمانێتیکردن لەگەڵ ڕەوتی سەدری دژ و ناکۆک، بە هێزە سیاسیەکانی چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعە .
جێی ئاماژەیە لەناو هەموو ئەو دۆسیانەدا؛ دنیایەک بەرژەوەندیی ئابووری و سیاسیی خێزانیی و تایبەتیی سەرۆکی پارتی و کوڕ و کوڕەزا و برا و برازا و… هتد شاردراوەتەوە، لەڕووکەشیشدا بە دەمامکی ناکۆکی و ململانێی نەتەوەیی ڕازاندویانەتەوە!
خۆبەدوورگرتنی پارتی، لەدروستکردنی پەیوەندیی پتەو و نەسازان لەگەڵ حکومەتی ناوەند و هەماهەنگی نەکردن لەگەڵی، بگرە بەربەرەکانیکردن و ئامادەنەبوونی پەرۆشانە، بۆ گفتوگۆ و یەکلاییکردنەوەی ناکۆکی و کێشە قووڵ و هەڵواسراوەکان؛ بارودۆخێکی سیاسیی نائارام و دڕدۆنگکەری لەهەرێمی کوردستاندا خوڵقاندووە .
شوێنەوار و کاریگەریی ئەو ناکۆکی و ململانێ بەردەوامە، لەگەڵ حکومەتی ناوەند، کە زۆرترین ئاماژەکان دەریئەخەن؛ ڕەچاوی بەرژەوەندیی تایبەتی تیاکراوە، نەک بەرژەوەندیی گشتی و کوردایەتی؛ بە خراپی شۆڕبۆتەوە بۆ سەر باروگوزەران و بژێویی هاوڵاتیان و تووشی دڵەڕاوکێ و نائومێدی کردون، دواترینیان خۆدزینەوەی پارتی لەهەنگاونان بۆ چارەسەری ڕیشەیی کێشەی بەنیشتمانیکردنی مووچە، کە هاوتەریبە لەگەڵ خواست و پشتیوانی و داواکاریی زۆرینەی ڕەهای خەڵکی کوردستان.
سیاسەتی ئابووریی سەربەخۆ !
لەساڵی (2014) و لەزاری نێچیرڤان بارزانیی سەرۆکی حکومەتی پێشووەەوە، بە فەرمی بڕیاری پیادەکردنی سیاسەتی ئابووری سەربەخۆ و دابەشکردنی پشکی ساڵانەی داهاتی نەوت، بۆ سەرجەم هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان ڕاگەیەندرا .
سیاسەتی ئابووریی سەربەخۆ پیادەکرا و هاوڵاتیانی کوردستان؛ نەک نەبوونە خاوەنی پشک لەداهاتی نەوت، بەڵکو بوونە خاوەنی دەیان مووچەی پاشەکەوت و لێبڕدراو .
سیاسەتی ئابووریی سەربەخۆ، لەپراکتیکدا دەرەنجام و دەرهاویشتەی خراپی لێکەوتەوە و لەسێ ڕەهەندەوە زیانی گەورەی بە هەرێمی کوردستان گەیاند :
ڕەهەندی یەکەم/ دواکەوتن و لێبڕین و پاشکەوتی (32) مووچە و نەدانی (15) مووچەی مووچەخۆران؛ بە ناوی پاشەکەوت، لەنێوان ساڵەکانی (2015 – 2023) .
شایەنی باسە تاکو ئێستا ڕوون نیە؛ لایەنی پەیوەندیدار و پابەندکراو، بە گێڕانەوەی ئەو مووچە پاشەکەوتکراوانە کوێیە و کەی ئەگەڕێتەوە بۆ مووچەخۆران !
ڕەهەندی دووەم/ تەشەنەسەندنی خێرا و بەرفراوانی دیاردەی گەندەڵی و نادادپەروەری و قۆرخکاریی ئابووری و تاکڕەویی سیاسی، یەکێک لەنموونە زەق و ئاشکراکان؛ بریتیە لەکەڵەکەبوونی سەرمایەیەکی گەورەی خەیاڵی، لەلای خودی خۆی و ئەندامانی یەکەی خێزانیی سەرۆکی پارتی و سەرۆکی حکومەتی پێشوو و چەندین کەسایەتیی تری ناو پارتی و بنەماڵەی بارزانی و پاشکۆکانیان .
ڕەهەندی سێیەم/ هەرێمی کوردستان تووشی تەنگژە و قەیرانێکی قووڵ و گەورەی ئابووری و دارایی بوو؛ دیارترینیان تێوەگلاندنی حکومەتی هەرێم؛ بە قەرزێکی نزیک لە (٣٤) ملیار دۆلار .
ئەمە بێجگە لەچەندین دەرەنجام و لێکەوتە و دەرهاویشتەی تری خراپی قەیرانی ئابووری، لەنموونەی دانەمەزراندنی زیاتر لە (100.000) دەرچووی زانکۆ و پەیمانگاکان، خاوبوونەوەی پرۆسەی ئاوەدانکردنەوە و سەرمایەگوزاری، قۆرخکردن و سستی بازار، لاوازبوونی کەرتە گشتیەکانی خزمەتگوزاری و … هتد .
زامنی مووچە لەهەولێر، یان لەبەغدا ؟
ئەزموونی شکستخواردووی ڕابردووی حکومەتی هەرێم، لە دە ساڵی ڕابردوودا، ئەو ڕاستیەی دووپاتکردەوە؛ کە هیچ دەرەچەیەکی تر لەبەردەمی هاوڵاتیاندا نەماوە بۆ دڵنیابوون لەمسۆگەربوونی وەرگرتنی مووچەکانیان، بێجگە لەجێبەجێبوونی بڕیاری دادگای باڵای فیدڕالیی عێراق؛ بۆ پابەندکردنی حکومەتی ناوەند بە خەرجکردنی مووچەی مانگانەی فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێمی کوردستان بە بەبێ هیج مەرجێکی پابەندکاری .
جێی ئاماژەیە بڕیاری زامنکردنی مووچەی سەرجەم مووچەخۆرانی هەرێم بۆ خەڵکی کوردستان، بە یەکێک لەدەسکەوتە گەورەکان ئەژمارئەکرێت .
لەقۆناغی ئێستادا؛ دابەشکردنی مووچە لەکاتی دیاریکراوی خۆی، بووژانەوەی کەرتە گشتیەکانی خزمەتگوزاری، بووژانەوەی بازار، دامەزراندنی دەرچووان و دابینکردنی هەلی کار؛ بووەتە خەم و داواکاریی یەکەم و بنەڕەتیی هاوڵاتیان .
لەکاردانەوەی هاوڵاتیان لەبەرامبەر ئەو سێ ڕەهەندە شکستخواردووەی ڕەوشی ئابووری و دارایی هەرێمی کوردستان، خواست و ویستێکی جەماوەریی بەرفراوان دروستبووە؛ بۆ پیاچوونەوە،گەشەپێدان، هەماهەنگیکردن، ڕێکخستنەوە و ئاساییکردنەوەی پەیوەندیە کارگێڕی و داراییەکانی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی ناوەند .
پێویستە ئەو ڕاستیەش لەبەرچاوبگیرێت؛ دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق؛ بە تیشکی سەوز و بە پشتیوانیی چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعە و فشار و کار و کۆششی پشتی پەردەی هێزی سیاسیی کوردیی خاوەن پێگە لەبەغدا، دەستپێشخەری و نیازپاکیی خۆی پیشاندا و بڕیاری یەکلاکەرەوەی دا، بۆ چارەسەری ڕیشەیی کێشەی مووچە، ئەتوانین بڵێین ئەم هەنگاوە؛ پەیامێکی هیوابەخشە، بۆ دروستکردنی متمانە و دڵنیایی لەلای هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان؛ کە کێشەی دارایی لەبەغدا چارەسەر و مسۆگەر ئەبێت، نەک لەهەولێر .
پێویستە هاوڵاتیانی کوردستان؛ لەم هەڵبژاردنەدا پشتیوانی لەو هێزە سیاسیانە بکەن، کە زمانی دیالۆگ و دید و تێگەیشتنی هاوبەش و پەیوەندیی هاوسەنگیان لەگەڵ حکومەتی ناوەند و هێزە سیاسیەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعەدا هەیە.
یەکێتی و حکومەتی ناوەند
جیهانبینی و سیاسەتی گرنگیدان بە حکومەتی ناوەند لەبەغدا، لەلای (یەکێتی)، بووەتە ڕێباز و کەلەپوورێکی سیاسیی پەسەندکراو و لەبەرچاوگیراو و ویستراو لەلای عێراقیەکان؛ بەتایبەتی لەلای پێکهاتەی شیعە، کە لەچەندین قۆناغ و وێستگەی ناکۆکی و ململانێی هەستیاری ناو پرۆسەی سیاسی و فەرمانڕەوایی عێراقی دوای ساڵی (٢٠٠٣)؛ خۆیان بە قەرزاری پشتیوانی و هەڵویستەکانی سەرکردەی نەمر مام جەلال ئەزانن، هەر بۆیە لەدوای گیانلەدەستدانیشی؛ چاوەڕێی ئەوەیان لەیەکێتی کردوە؛ وەکو هێزێکی بنیاتنەر و میانڕەوی نیشتمانی؛ لەناو پرۆسەی سیاسی و سیستەمی فەرمانڕەوایی عێراقدا، ڕۆڵی خۆی بگێڕێت و درێژە بە ڕێبازی مام جەلال بدات .
لەدوای ساڵی (2003)؛ ئەو ڕاستیە لەلای زۆرینەی عێراقیەکان بەرجەستەبووە، کە (یەکێتی) بەردەوام بەشداربووە بۆ چارەسەری کێشەکانی عێراق، نەک کارکردن بۆ بەرژەوەندیە تەسکەکانی خۆی و خوڵقاندنی کێشە و تەنگژە، یان ئاڵۆزکاندن و درێژەدان بە تەشەنەپێسەندنی ناکۆکی و ململانێی نەتەوەیی دەمارگیر و تەسکی ناپێویست و بێ ئەنجام .
دید و تێڕوانینی (یەکێتی) پێیوایە؛ چارەسەری کێشە داراییەکان، لەگەڵ چەندین کێشەی تری دەستووری، سیاسی، کارگێڕی، نەتەوەیی و… هتد؛ لەژێر چەتری پەیوەندیی دۆستانە و پتەو، لەچوارچێوەی نیازپاکی و متمانە، بەهۆی دیالۆگ و تەبایی، لەسایەی پەیامی فرەیی و پێکەوەژیانی ئاشتی، بە پەیڕەویکردنی سیاسەتی نەرم و ژیر؛ دوور لەگرژی و هەڵچوون، دوور لەهەراسانکردنی بەرامبەر و خوڵقاندنی تەنگژەی دەستکرد، دوور لەڕێبازی دەمارگیری و توندڕەوی نەتەوەیی تەسک، لەگەڵ پێکهاتەکانی تر بەگشتی و هێز و لایەنەکانی تری ناو حکومەتی ناوەند بەتایبەتی؛ دێتەدی .
هێز و لایەنە سەرەکیەکانی عێراقیش، بەتایبەتی هێزە سەرەکیەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعە؛ لەنزیکەوە درکیان بە جیاوازیەکانی یەکێتی کردوە، بەتایبەتی لەپەیڕەوکردنی سیاسەتی نەرم و ئاشتیخوازی، لەهەڵوێستی دۆستایەتیی و نیازپاکی، لەخۆگونجاندن و دۆزینەوەی تێگەیشتنی هاوبەش، هەروەها ڕانەوەستان لەدژ و پێچەوانەی ئاراستەی شەپۆل؛ لەناو پرۆسەی سیاسیی عێراقی نوێ .
بووژانەوە و گەشەپێدانی پەیوەندی و پیاچوونەوە بە شێوازی مامەڵە، لەگەڵ حکومەتی ناوەند؛ کە بووەتە داواکاریەکی گەورە و بنەڕەتیی هاوڵاتیان لەم قۆناغەدا، بابەتێکی زۆر گرنگ و زیندووە، تازە و نامۆ و لادان نیە لەڕێبازی سیاسی و ئەزموونی (یەکێتی) ؛ بەتایبەتی کە لەسەرەتای دامەزراندنی دەوڵەتی نوێی عێراقی دوای ساڵی (2003)، (یەکێتی) بە سەرۆکایەتیی سەرکردەی نەمر مام جەلال؛ زۆر گرنگی بە بنیاتنانەوەی دەوڵەتی تازەی عێراق داوە، ئەویش لەسەر بنەمای بەشداریکردنی کارای نەتەوەی کورد؛ وەکو پێکهاتەی سەرەکیی دووەم و گەشەپێدانی پەیوەندیەکان، لەنێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەند؛ لەچوارچێوەی دەستووری نوێی عێراق و لەسەر بنەمای متمانەی هاوبەش و پرانسیپی تەوافوقی دیموکراسی و هاوبەشیکردنی ڕاستەقینە؛ لەناو پرۆسەی سیاسی و پەیکەری دەوڵەت و سیستەمی فەرمانڕەوایی تازەی عێراقدا، نەک گەڕانەوە بۆ خاڵی سفر و چوارگۆشەی یەکەم!
چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعە
بە ئاشکرا درک ئەکرێت؛ هێزە سیاسیەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعەی باڵادەست لەناو حکومەتی ناوەند لەبەغدا؛ بەهۆی بوونی چەندین کێشە و ناکۆکیی چارەسەرنەکراو و بەبنبەست گەیشتوو؛ ئاستی نیگەرانی و بێمتمانەیی و ناڕەزاییان، لەبەرامبەر پارتی بە خراپی تەشەنەیسەندبێت و هەناسەی پشوودرێژیان نزیکبووبێتەوە لەکۆتایی!
ئەو هێزە سیاسیانەی شیعەی فەرمانڕەوا؛ لەڕابردوو و لەئێستا و بۆ داهاتووش، ئاسوودە و گەشبین نەبوون و نین، بە ئاراستەی کارکردن و شێوازی بەڕێوەبردنی ناکۆکی و ململانێ و ڕۆڵ و بەشداری و هەنگاو و هەڵوێستەکانی پارتی، لەناو پرۆسەی سیاسیی عێراق، هاوکات نیگەران و تووڕەن؛ لەخۆدوورەپەرێزگرتن و نائامادەیی ئەو پارتە، بۆ پیاچوونەوە و ڕێکخستنەوە و گەشەپێدانی پەیوەندیەکانی لەگەڵ حکومەتی ناوەند .
هێزە سیاسیەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعەی فەرمانڕەوا لەبەغدا؛ بۆ ئەم هەڵبژاردنە، خوازیار و چاوەڕێی گۆڕینی هاوسەنگیی هێزن، بە بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستان، بۆ ئەوەی لەدوای هەڵبژاردن بتوانن لەگەڵ حکومەت و دەسەڵاتێکی میانڕەوی دوور لەدروستکەری کێشە و ناکۆکی و تەنگژە؛ لەگەڵ حکومەتی ناوەند، مامەڵە بکەن و کۆتایی بەو هەڵکشان و داکشانەی گرژی و ئاڵۆزی و پێکهاتن و پێکنەهاتنەی نێوان هەرێم و ناوەند بهێنن، لاپەڕەیەکی تازە هەڵبدەنەوە بۆ تۆمارکردنی قۆناغێکی تازەی پەیوەندیی هاوسەنگ و متمانەدار لەنێوانیان؛ لەچوارچیوەی دەستووری عێراق و بە بەرژەوەندیی گشتیی هەردوولا .