بەهمەن تاهیر نەریمان: لەم هەڵبژاردنەدا زۆر شت ڕوونبوویەوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەم هەڵبژادنە ئەوەی بۆ ڕوونکردینەوە کە:
1- پارتی دیموکراتی کوردستان پارێزگاریی لە دەسەڵات و کورسیی خۆی کردووە، پرسەکە تەنیا موچەخۆر و چاوسوورکردنەوە نییە، بەڵکو ئەو ئاودانییەیە کە لە ئاستی بیناسازی و شەقام و بەنداودا کردوونی. بەڵام ململانێکان لەگەڵ پارتی هەر بە بەردەوامیی دەمێننەوە و شەقامی سیاسی بۆی تەخت نەبووە.
2- یەکێتی نیشتمانیی کورسییەکانی زیادیانکردووە، لە چاوەڕوانی خۆیدا بووە و هیچ ناچاوەڕوانییەک لە ژمارەی کورسییەکانیدا نییە. بەڵام نەیتوانی جیاوازییە گەورەکەی ژمارەی کورسییەکانی لە ئاستێکی بەرزتردا، بەرانبەر پارتی، کەمبکاتەوە، نەک لەبەر ئەوەی خۆی کەمی هێناوە، بەڵکو لەبەرئەوەی بڕوای وابوو پارتی لە خوار (35) کورسییەوە دەبێت، کەچی گەشتەوە سەروو ئەو ژمارە. لە دۆخی ململانێکانی ناوخۆیدا کە بەرەی گەلی لێجیابوویەوە، یەکێتی وەزعی باشە و کورسیی باشی هێناوە.
3- نەوەی نوێ سەرکەوتنی گەورەی بەدەستهێناوە، زۆرترین میراتی دەنگیی گۆڕانی برد. گەشەی ئەم هێزە لەوەدابوو کە نەچووە ناو پێکهێنانی حکومەتەوە، ناشبێت بچێتە ناو حکومەتەوە، گەر بچێتە حکومەتەوە پایزی دەنگەکانی لە هەڵبژاردنی داهاتوودا دەچنێتەوە. گرنگیی دەنگی ئەم هێزە لەوەدایە تەنیا لە سلێمانیدا نەماوەتەوە و چووتە هەموو بەشەکانی کوردستان و دهۆک و زاخۆش پشتگیری دەکەن و دەنگیان بەڕوونیی بیستووە.
4- ئیسلامییەکان سێ پرسیان هەڵبژاردبوو، هەرسێ هێزەکە دەیانویست لە وانی تر جیاوازبن، بەڵام ئەو پرسانە ناوکۆیی ناو ئیسلامییەکان بوو، ئەمە وایکردبوو ململانێکانیان لەناوخۆیاندا بەردەوامبێت، ئەوانیش پرسەکانی هەڕەشەی سەر خێزان، جێندەر و هاوڕەگەزبازی، پەروەردەی ئیسلامی بوون. کەچی دەرکەوت لای خەڵکی ئەم پرسانە لەو ئاستە ترسناکەدا نین، یان لانی کەم پرسی خێزان پرسێکی جیهانییە و پەیوەندیی بە ژیاری نوێوە هەیە و لە کوردستاندا هێزێکی لێبڕاو نییە خەریکی بنکەنکردنی خێزان بێت و گرنگیی بە هاوڕەگەزبازیی بدەن. ئیسلامییەکان لایەنێکن لە زەرەرمەندەکانی ئەم هەڵبژاردنە.
ئێستا هەندێک دەنگ لەناو ئیسلامییەکاندا بەرزدەبنەوە کە خەڵک ئیتر شایانی ئەو دەسەڵاتەن و ناگۆڕێن، بیر لەوە ناکەنەوە ئەوان خۆیان دەبێت بگۆڕێن و ڕەخنەی لێبڕاوانە لەخۆیان بگرن و هێشتا خەڵک ئەوان بە شایانی ئەوە نازانن دەسەڵاتیان پێبسپێرن.
بۆ ڕاکێشانی دەنگ، لەم هەڵبژاردنەدا پرسی سوودوەرگرتن لە ئاین تەنیا لەناو ئیسلامییەکانی کوردستاندا نەمابوویەوە، بەڵکوو زۆربەیان سوودیان لێوەردەگرت.
5- ڕەوتی هەڵوێست ئەو دەنگانەی هێناویانە لە چاوەڕوانیی خۆیاندا نەبوو، کە خۆیان پێیانوابوو زۆر زیاتر دێنن. زیاتر دەنگی ئیسلامییەکان و هەندێک گۆڕانەکان ئەو یەک دوو کورسییەی پێدان. کەسی یەکەمی دەچێتەوە پەرلەمان و دووبارە دەست بە حسباتەکانی خۆی دەکاتەوە. جیاوازیی ئەمان لەگەڵ نەوەی نوێدا لەوەدایە ئەمان ناتوانن لەڕووی کردەییەوە هەندێک هەنگاو بنێن، نەوەی نوێ، جگە لە میدیاکانی، لەسەر شەقام جووڵەی هەیە و تەنکەرە نەوت و ئاو دەنوێنێت و شەرمەزاریی بۆ حکومەت دروستدەکات، بەڵام ڕەوتی هەڵوێست پاشای قسەیە و تەواو.
6- بەرەی گەل، بڕێک دەنگی یەکێتی برد، بەڵام زۆر لەوە کەمتری برد کە خۆیان چاوەڕوانییان دەکرد. گەر بیانەوێت بەردەوامبن، ئەرکی ئەمان زۆر قورس و گران دەبێت، گەرەکە بیر لە دروستکردنی جەماوەری ڕاستەقینەی خۆیان بکەنەوە و واز لە خەوبینین بە ڕاکێشانی جەماوەری یەکێتیەوە بێنن. بۆ ئەمان پرسەکە قورسە، چونکە فرەییەکی زۆر لە هەرێمی کوردستاندا دروستبووە و دەنگەکان زۆر دابەشبوون.
7- ئەم هەڵبژاردنە فیشەکی ڕەحمەتی بە گۆڕانەوە ناو ئەوان بەتەواوەتی پوکانەوە، ئەم هەڵبژاردنە هەڵبژاردنی بەشکردنی میراتی بزوتنەوە نەخۆشەکە بوو، نەوەی نوێ زۆری لێبرد، هەڵوێستیش هەندێک لە دەنگی ئیسلامییەکانی ناو گۆڕانی برد، زۆربەی دەنگە یەکێتییەکانی ناو گۆڕان بۆ ناو یەکێتی گەڕانەوە.
8- ناشازترین دەنگ لەناو ئەو هێزانەی دەنگی کەمیان هێناوە ئەو دەنگەیە کە پێیوایە جەماوەر ناهۆشیارانە دەنگدەدات، لەجێی ئەوە دەبێت بەخۆیاندا بچنەوە و بۆ ئەو دەردە بگەڕێن کە لەخۆیاندایە، ئەویش ئەوەیە: بۆچی ناتوانن متمانەی جەماوەر بەدەستبهێنن!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت