نەوزادی موھەندیس: سیناریۆکانی بەردەم پێکھێنانی کابینەی دەھەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان چین؟

کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لە سایەی ڕاگەیاندنی ئەنجامی بەرایی ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەڕلەمانی کوردستان لەلایەن کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی عێراقەوە لە ڕێکەوەتی 20. 10. 2024.کە ئەنجامی ژمارەی دەنگ و کورسیەکانی لایەنەکانی ئاشکراکرد کە بەم شێوەیە بوون کە کۆی گشتیان 100 کورسیە:
1- پارتی 39 کورسی
2- یەکێتی 23 کورسی
3- نەوەی نوێ 15 کورسی
4- یەکگرتوو 7 کورسی
5- ھەڵوێست 4 کورسی
6- کۆمەڵ 3کورسی
7- بەرەی گەل 2کورسی
8- گۆڕان 1 کورسی
9- ھاوپەیمانی 1کورسی
10- کۆتای مەسیحی و تورکومان 5کورسی

سیناریۆکانی پێکھێنانی کابینەی دەھەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بەم شێوەیە دەبن،بەو مەرجەی ھەر لایەکی براوە بتوانێت (( 50+1)) کورسی کۆبکاتەوە:
1- پارتی + یەکێتی + کۆتاکان =67 کورسی (( ئاسایی و ئاسان دەتوانرێت کۆبکرێتەوە))
2- پارتی+ نەوەی نوێ + 3 کۆتا = 57 کورسی (( ئاسایی و ئاسان دەتوانرێت کۆبکرێتەوە))
3- پارتی + ( یەکگرتوو+ کۆمەڵ+ ھەڵوێست+بەرەی گەل+ گۆڕان+ ھاوپەیمانی + 3 کۆتا) = 60 کورسی (( سەختە و بەگران کۆدەکرێنەوە))
4- یەکێتی+ 2کۆتا+ (نەوەی نوێ + یەکگرتوو+ کۆمەڵ+ ھەڵوێست+ بەرەی گەل+ گۆڕان+ ھاوپەیمانی ) = 58 کورسی (( سەختە کۆبکرێنەوە))
بەم شێوەیە، لەو 4 سیناریۆیەی سەرەوە کە دەتوانرێت 51 کورسی بەرەو سەرەوە کۆبکرێتەوە بۆ پێکھێنانی کابینەی دەھەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان ،ئاسانترین و سەرکەوتووترینیان بریتیە لە سیناریۆی یەکەم (( پارتی+ یەکێتی+کۆتاکان = 67 کورسی))
بەم شێوەیە دەردەکەوێت کە قەدەری ((یەکێتی و پارتی)) پێکەوەن و دەتوانن کابینەی حکومەتی ھەرێم پێکبێنن، وھەردوولا بەبێ ئەویتر ناتوانن حکومەتێکی سەرکەوتوو پێکبێنن، و دەسەڵاتی ڕەھایان ھەبێت لەسەرتاسەری ھەرێمدا. لەلایەکی تریشەوە گەر ھەردوولایان بتوانن چەند لایەنێکی دەرەوەی خۆیان بەشداری پێبکەن لە حکومەتەکەدا ئەوا بۆخۆیان و کابینەکەش کارێکی باش دەبێت و پشتگیری و پشتیوانی زیاتریان بۆ دروست دەبێت لەڕووی جەماوەریەوە، بەپێچەوانەوە کارێکی عەقڵانی نابێت. جا بۆ سەرکەوتنی ئەم سیناریۆیە گەرەکە پارتی و یەکێتی دوور لە دەمارگیری و توندڕەوی و دوور لەتای ھەڵمەتی ھەڵبژاردن گفتوگۆیەکی جدی و کوردانە و خەمخۆرانە بگرنە بەر بۆ پێکھێنانی کابینە حکومیەکە بە زووترین کات،لەبەر ئەم ھۆکارانەی لای خوارەوە:
1- بارودۆخی سیاسی و ئەمنی و ئابوری ھەرێم و عێراق و ناوچەکە لەحاڵەتێکی ناجێگرو مەترسیداردایە و پێویست دەکات حکومەتی ھەرێم بەزوویی دەستبەکاربێت.
2- ساڵی 2025 ھەڵبژاردنی پەڕلەمانی عێراقە و گەرەکە ھەموان خۆیان ئامادەبکەن بۆ ئەو ھەڵبژاردنە.

تێبینیەکان لەسەر ئەنجامی ھەڵبژاردنەکە:
1- پارتی : دەنگ و کورسی لەھەرێمی کوردستان کەمکردوە بەبەراوورد بەساڵی 2021.
2- یەکێتی : دەنگ و کورسیەکانی زیادیکردوە لەھەرێمی کوردستان.
3- نەوەی نوێ : بە ڕێژە و دەنگێکی گەورە دەنگ و کورسیەکانی زیادی کردوە.کە چاوەڕوانکراو نەبوو.
4- یەکگرتووی ئیسلامی و کۆمەڵی دادگەری: وەکو خۆیان ماونەتەوە و سەروو خواریان کردوە بەبەراوورد بە ساڵی 2021.
5- ڕەوتی ھەڵویسَت : وەکو ھێزێکی نوێ دەنگی باشی ھێناوە و ھەرئەوەندەی لێچاوەڕوان دەکرا.
6- بەرەی گەل: دەنگی کەمی ھێناوە و خۆیان و لایەنەکانی تریش چاوەڕوانی ئەوە نەبوون.
7- بزوتنەوەی گۆڕان: بەھۆی بارودۆخی ناوخۆیان، ھەرئەوەندەیان لێ چاوەڕوان دەکرا.
8- تاڕادەیەکی باش پڕۆسەکە سەرکەوتوو و بێ کێشە و دوور لە ساختەکاری ساڵانی پێشوو بەڕێوە چووە.
9- یەکگرتووی ئیسلامی: ڕەنگە ھەر بەشداری کابینە حکومیەکە نەکات.
10- گەر ھەموو ھێزەکانی دەرەوەی پارتی و یەکێتی ،بەرەیەکی ئۆپۆزسیۆن پێکەوەبنێن ((کە زۆر زەحمەتە لەناوخۆیاندا ڕێکبکەون))، ئەوا تەنھا 33کورسیان دەبێت کە ناتوانن ڕێگریبکەن لەبەردەم کابینە حکومیەکەدا و زۆرینەی (پارتی و یەکێتی و کۆتاکان کە 67 کورسین) .
11- بەداخەوە جەماوەریش کە 28% نەچوون بۆ دەنگدان و بایکۆتیان کردوە،کە ڕەنگە گەر ڕێژەی دەنگدان لەسەروو 72% بوایە گۆڕانکاری گەورەتریش ڕوویبدایە.کە ئەم ھەڵویستەی جەماوەر لەلایەک بێ ھەڵوێستیە لەبەرامبەر دەسەڵات و خواستی گۆڕانکاریدا و لەلایەکیش نیشانەی بێ ئومێدی وناھوشیاریانە بەمەترسی و لێکەوتەکانی نەچوونیان بۆ دەنگدان. بەداخەوە دەرکەوت کە تاکی کورد تەنھا ھوشیارە بۆ بەرژەوەندیە کەسیەکانی خۆی نەک بەرژەوەندیە گشتیەکانی گەل و نیشتیمان.
لەکۆتایدا ،ھەرێمی کوردستان لەم پڕۆسەیەدا سەرکەوتووی گەورە و یەکەم بوو، چونکە شەرعیەتی گەڕاندەوە بۆ پەڕلەمان و حکومەتی ماوەبەسەرچوو،کە ئەمەش دەسکەوتێکی گەورەیە بۆ ھەموان بەبێ جیاوازی..کەواتە لە کۆتایدا ھەرێم و کورد و کوردستان سەرکەوتن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت