دکتۆر هەژار عثمان معروف: لە کوردستان هەڵبژاردن بردیەوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

مرۆڤایەتی هەرچی ڕێگا هەیە تاقییکردەوە بۆ ڕێخستنی ژیانی گشتی کە پاشاکان وەجاخکوێر دەبون خەڵکی کۆبۆوە لە ناوەڕاستی شاردا لێدەگەڕان باڵندەی هوما بەسەر هەر کەسێکەوە بنیشێتەوە و دەیانکرد بە پاشا، کە جێنشینی سوڵتانەکانی عوسمانی لە کوڕێک زیاتر دەبون، کامیان دڕ و دڕندە و زیاترین تینوی دەسەڵات بوایە ئەوانی تری بە شێوازی جۆرا و جۆر و فڕوفێڵ بێبەزەییانە لە ناودەبرد یا لەکۆڵ خۆی دەکردنەوە بە دورخستنەوە و زیندانی هەتاهەتایی. کە وردە وردە سەردەمی پاشاکان بەسەرچو حیزبە سیاسیەکان دروستبون و کەوتنە گرتنە دەستی دەسەڵات بە کودەتای سەربازی لە پاشا و قەیسەر و مەلیکەکان یا بە ڕاپەڕینی جەماوەری، ئینجا دوای چەند ساڵێک خۆیان دەبون بە دەعبایەکی نوێ کە ناویان لێنا دیکتاتۆر و زۆر جار دیکتاتۆرەکانی وەک هێتلەر و مۆسۆلۆنی و ستالین وکەمال ئەتاتورک و قەزافی و سەدام و نومەیری وكیم ئیل نون لە پاشا و سوڵتان و قەیسەر و مەلیکەکان خوێنڕێژتر و نادادپەروەرتر دەردەچون و خەڵکی وڵاتەکانیان بە حەسرەت و ئاهکێشانەوە دەیان وت خۆزگەم بە کفندزەکەی پێشو!
ئینجا مۆدەی ڕابەری ئاینی ومەزهەبی هاتەگۆڕێ و دەسەڵاتدارە ئاینیەکان خۆیان ناونا خەلیفەی مەعسوم لە گوناه و جێنشینی خودا و ئەسحابە و پێغەمبەرەکان و لەم دەعبا دڕندە کۆن – تازانەوە لافاوی شەڕە ئاینی و مەزهەبەکانی ناو ئیسلام خۆی و نێوان ئیسلامی جیهادیی هەردو باڵی شیعە و سونی لە لایەک و جولەکەی سەهێۆنیی ڕەگەزپەرست و داگیرکەری خاکی فەلەستینیەکان لە لاکەی ترەوە دروستبو، ئەمانە بێ ئەوەی پرس بە گەلەکانیان بکەن زۆر بێبەزییانە لە شەڕی خوێناوی و وێرانکەریان گلاندن کە تائێستا بە دڕندانەترین شێوەی نوێی چەک بەردەوامە! باشە تۆی موجاهید کە حەزت لە شەهید بون و چونە بەهەشتە ئایا سەدان هەزار ژن و منداڵ و پیاوی بێوەی کە موسوڵمانێتیی خۆیان دەکەن و ژیاندۆست و دنیادۆستن و حەزیان لە خۆشیەکانی دنیایە بۆ لەم شەڕەی تۆوە تێوەگلێن و بکوژرێن و بریندار ببن و برسی و نەخۆش لە کەمپی ماڵوێرانکراوەکان دا بکەونە سواڵی نان و ئاو و دەرمان، ئەمە چ حیکمەت و حەق و دادپەروەریەکە؟
تا ئێستا ئەو شێوازی حوکمەی لە جیهانی ڕۆژاوا بە تایبەتی لە ئەوروپای ڕۆژاوا و وڵاتانی سکەندەناڤی لە پرۆسەیەکی مێژویی پڕ ژان و ئاژاوە و چەندین شەڕی کورت و درێژخایەن هاتۆتەکایە و گەشەی بەردەوامی کردوە، لەگەڵ هەمو کەموکورتیەکانی، هێشتا باشترین شێوازی حوکم و بەڕێوەبردنی ژیانی گشتیە. ئەڵبەتە لەو وڵاتانە هەڵبژاردن بوەتە کولتورێک چونکە لە هەمو جۆر و ئاستەکانی ژیانی گشتی ساڵانە یا هەر چەند ساڵ جاێک بێ دواخستن بەڕێوە دەچێت، بۆ نمونە هەڵبژاردنی پەرلەمانی سەرتاسەریی هەمو وڵات، هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمە فیدرالیەکان و ئەنجومەنی شارەوانی و پارێزگاکان، هەڵبژاردنی سەندیکا و سەرکردایەتیی حیزبەکان و ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی یانە وەرزشی و کۆمەڵایەتی و کۆمپانیا و بانک و….. تەنانەت پاپای فاتیکانیش بە هەڵبژاردن دەچێتە سەر کورسیی پاپایی.
بۆیە زۆر گرنگە هەمو تاکێکی هەراشی گەلەکەی ئێمەش زانیاریی سیاسیی هەبێت لە سەر چۆنێتیی بەڕێوەبردنی وڵات و حیزبە سیاسیەکان، دەزانم و ناحەقیشمان نیە! کە ئیمڕۆ لە هەرێمەکەمان سیاسەت و حیزبایەتی و بە تایبەتی کەسی حیزبی خەڵک بڕوای پێیان نەماوە و هەوڵ دەدات دوربێت لێیان، بەڵام ئەمە ڕاست نیە چونکە هەمو شتێکی ژیانی ڕۆژانەمان پەیوەندیی ڕاستەوخۆ یا ناڕاستەوخۆی بە سیاسەتەوە هەیە و کەمترین شتێک کە دەبێ وەک ئەرکێکی سەرشانت بیکەیت چونتە بۆ دەنگدان لە هەمو جۆرەکانی هەڵبژاردندا، دەست دەگرم بە کڵاوی خۆمەوە با نەیبات ناخوا، کڕین و بەکاربردنی پێویستیە شمەکیەکانی ژیانی ڕۆژانە و پاڵدانەوە لە قەنەفەکەت دا و سەیرکردنی زنجیرە کۆری و تورکی و ….یا چەپڵە و حەسرەت و هەڵچون بۆ یاریەکانی بەرشە و ڕیال مەدرید و…بەس نین، حەیفە ژیانت ئاوا تەنگ و تەسک و خۆڵەمێشی و ڕۆتینێکی چەندبارەبۆوەی بێ چێژ بێت! دەزانم دەسەڵاتی ڕاستەقینە لە ناو پەرلەماندا نیە، بەڵام یاساکان لەوێوە دەردەچن و ئەگەر پەرلەمان خەڵکی دڵسۆز و بەتوانا و ڕۆشنبیر ی زۆر تێدابێت ئەوا یاسای باش دادەنێن کە دەبێتە بناغەیەکی مکومی حکومەت و بەدیهێنانی دادپەروەریی ئابوری و گشتی.
بەدوری نازانم پارتە دەسەڵاتدارەکان فڕ و فێڵ و دزی و گزیان کردبێت، بەڵام لە چاو هەڵبژاردنەکانی تردا ئەم جارە کەمتر بون. خۆشحاڵم کە لە هەڵبژاردنی 20ی10ی2024 دا بەشداربوم و بینیم بەشداربوان زۆر بون، ئارام و هاوسەنگ بون، هیچ شەڕ و پێکادانێک ڕوی نەدا، بە ڕاستی سەلماندمان ئینسانی کورد مەدەنیە و ژیاندۆستە و توانای پێشکەوتنی زۆری تێدایە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت