ئەلوف بێن: پاڕادۆکسی شکەستی ئیسڕائیل! – بەشی یەکەم.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

وەرگێڕانی: حەسەن ڕازانی

چۆن سەرکەوتنی سەربازیی وەڵات شکەستی سیاسی بەرهەم دەهێنێت!
تێبینی: ئەم بابەتە کەمێک درێژەو نەشم ویست کورتی بکەمەوە. چونکە ئەمە تەڕجومەیە نەک ئامادەکردن تاکو تەنها بیرۆکەو پۆینت و سەرخاڵەکانی دەست نیشان بکەم. بە هەر شێوەیەک لێم ببڕیبایە لە گرنیەکەم کەم دەکردەوە. ئەم بابەتە لە فۆڕین ئەفێرسدا بڵاوکراوەتەوە کە گۆڤارێکی وەرزیە و پەیوەستە بە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا. دەستی نووسەرەکانی تا ڕادەیەک ئاوەڵاکردوە بۆ ئەوەی بتوانن چی بەڕاست دەزانن بیڵێن. ئەو گۆڤارە نوسەری چەپ و لیبڕاڵی لە ناودا دەنووسێت. بابەتەکانی ناوی هەمویان دەگەنە 14 تا 20 لاپەڕە. ئەوەش نووسێنێکی درێژە، هەر بۆیەش من بۆ بڵاوکردنەوە کردمە سێ بەش. جا ئەو بابەتە هەم ئازادانە نووسراوەو هەم نووسەرەکەشی جولەکەیەو بۆخۆشی سەرنووسەری گۆڤارێکی ئیسڕائیلییە بە ناوی هاڕێنتز. نووسەر لەم نووسینەیدا بە ئازادانە ڕەخنە لە ئیسڕائیل و سیاسەتە ڕەگەزپەرستەکەی و سیستەمی دەسەڵاتدارێتی باڵی ڕاستڕەوی نێو سیاسەتی ئیسڕائیل دەگرێ. هەروەها بە تەواوی پێیەوە دیارە کە هاوسۆزی کێشەی فەلەستینەو لە گەڵ فەلەستینیەکاندا بۆ درووستکردنی دەوڵەتی سەبەخۆی خۆیان هاوڕایە.(ح.ڕ)

ڕۆژی7ی ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردوو، حەماس دەزگا سەربازی و هەواڵگریەکانی ئیسڕائیلی تووشی سەرسوڕمان کرد! هەردووک دەزگاکەی ئیسڕائیل چەندین ساڵ بووە زانیویانەو زانیارییان هەبووە کە گروپە چەکدارەکانی فەلەستین ئامادەکاریی دەکەن بۆ هێرش کردنە سەر ئیسڕائیل بۆکوشتن و ڕفاندنی سەربازو هاوڵاتیانی ئیسڕائیل! بەڵام ئەو دوو دەزگایە شکەستیان هێنا باوەڕبەوە بکەن کە ئەو گرووپانە بتوانن و بوێریی بنوێنن، یان سەرکەوتن بەدەست بهێنن لە کردنی ئۆپەراسیۆنیکی ئاهوا کە تا ئێستا وینەی نەبووە! سوپای ئیسڕائیل و دەزگا هەواڵگریەکەی، هەروەها سەرۆک وەزیرانی ئیسڕائیل بنیامین ناتانیاهۆ و ئینجا بە شێوەیەکی گشتی هەموو خەڵکی ئیسڕائیلیش پێیان وابووە کە بەشی باشووری وەڵاتەکەیان زۆر سەخت و قایمەو ناتوانرێت زەفەری پێبەرن، پێشیان وابووە کە بالانسی هێزیش هە رلە بەرژەوەندی ئیسڕائیلدا بووە ، بۆیە هەموو لایەک پێی وابووە کە حەماس هەرگیز دەست بۆ کاری لەو شێوەیە نابات!
بەڵام حەماس ئەو تەحەداو بوێریەی نواند. لە چەند ڕۆژو هەفتەی دوای ئەنجامدانی ئەو هێرشە وێرانکەرەدا، شتێکی هاوبەش کە لە نێو هەموو ئیسڕائیلیەکاندا دەگوترایەوە ئەوە بوو کە دەگوترا ” هەموو شتێک گۆڕاوە” جا هەر بەڕاستیش بۆ ماوەیەک ئەو قسەیە ڕاست دەرچوو کە هەمووشتێک گۆڕابوو: ئەو هێرشە بڕوا بەخۆبوونی ئیسڕائیلیەکانی پەرتو بڵاوە پێکرد، ئەو متمانە درێژخایەنەی ئیسڕائیلیەکان هەیان بوو بە ئاساییشی وەڵاتەکەیان و سیاسەت و نۆڕمە کۆمەڵایەتیەکان سەرەونخوون بوویەوە! سەکردایەتی هێزی بەرەنگاریی ئیسڕائیل IDF لە شەوێکدا شکۆی خۆی لەدەستدا، بە تایبەتی کە وردەکاریەکان بۆ خەڵک ڕوون بوونەوە و بۆیان دەرکەوت کە سوپا نەیتوانیوە ڕێگریی لە هێرشی حەماس بکات و زۆریش درەنگ فریای ئەوە کەوتووە کە بتوانێت خەڵکی سڤیلی سەر سنوور و دەزگا سەربازیەکان و ئامادەبووانی بێ دیفاع و سڤیلی ناو فێستیاڤاڵ و مۆسیقا بپارێزێت!
دڕامای سیاسیی کە ئیسڕائیلیەکانی بۆ ماوەی نۆ مانگێک تا ئۆکتۆبەری حەوتی بەسەرداهات لە خۆ گرتبوو، هەوڵی ناتانیاهۆ چاکسازییەکی سەراپاگیربوو لە ناوەندەکانی دادگادا کە مەبەستی سەرەکی بریتیبوو لە سنوردارکردنی سەربەخۆیی دام و دەزگاکانی دەوڵەت لە وینەی دادگای باڵاو نوسینگەی داواکاری گشتی و خزمەتگووزاری مەدەنی تەکنۆکڕات بۆ ئەوەی هێزی زیاتر بداتە باڵە ڕاستڕەوەکەی خۆی و هاوپەیمانە ئایینیەکانی- ئەوەیان ئیتر لە بەرچاو ونبوو چونکە شەڕ بەسەرداهات. ئەندازیاری سەرەکی چاکسازی کە وەزیری داد، یاریڤ لێڤین بوو،لەوانەیە پەشیمان بوووبێتەوە لە کارەکەی چونکە خۆیشی بەشداربووە لە سەرقاڵکردنی ئیسڕائیل پێش هێرشەکەی حەماس. ناتانیاهۆ لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا کابینەیەکی یەکگرتووی شەڕی پێکهێنا لە لایەنە سیاسیە جیاوازەکان و هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن و هەروەها نزیکەی 250 هەزار سەربازی یەدەکی بانگهێشتی نێو سوپا کردەوە بۆ ئەوەی هێرشی پێچەوانە بۆ سەر غەزە ئەنجام بدەن!
دوای ئەوەی کە هێزی بەرگریی ئیسڕائیلIDF شۆکی ئۆکتۆبەری 7 بەریدا، دەستی کرد بە تۆڵەسەندنەوە بە شێوەیەکی زۆر بەهێزو چڕ، توانای سەبازیی و فەرمانڕەوایی حەماسی بەسەرغەزەدا لە بەریەک هەڵوەشاند، بەشیکی زۆری غەزەی کردە وێرانە، زیاتر لە دوو ملیۆن لە خەڵکی غەزەی ئاوارەی نێوخۆکرد، لە سەرووی چل هەزار لە خەڵکی غەزە کوژرا کە بە پێی لێدوانی هێزی بەرگریی ئیسڕائیل سێبەشی ئەو کوژراوانە حەماس بوون! هیزی بەرگریی ئیسڕائیل توانی بە تەواوی ڕێگریی لە حەماس بکات کە ساروخ بهاوێژن بۆ ناو ئیسڕائیل و بەشی زۆری سیستەمی توێنێڵەکانی حەماسیش لە ناو غەزەدا لە ناوبران، دەگوترێت کە هێزێکی ڕێکخراوی وەک حەماس ئێستا گۆڕاوە بۆ هێزێکی پەرت و بڵاوی شێوە گەریلا ئاسایی!
لە گەڵ ئەوەشدا کە هێزی بەرگریی ئیسڕائیل IDF نزیکەی سێ بەشی غەزەی داگیرکردوەو لە ژێر دەستی دایە، بەڵام بۆ زۆرێک لە ئیسڕائیلیەکان ئەو بارودۆخەی ئێستا وەک ئەوە وایە کە ئیسڕائیل دۆڕاندبی! جا سەرباری ئەو هەموو خۆ کۆکردنەوەو ئاماداکارییە، سەرباری پشتیوانی نزیکەی نەگۆڕی ئەمریکا بۆ ئیسڕائیل، بەڵام هێزی بەرگریی ئیسڕائیل IDF کە لە ژێر هەمان سەکردایەتی سەردەمی ئۆکتۆبەری 7 دایە، شکەستی هێناوە لە گەییشتن بە تەواوی ئامانجەکانی. بۆ نموونە یەحیا سەنوار خۆی تەسلیم نەکردووە. (ئێستا یەحیا سەنوار کوژراوە.. ح.ڕ) هەروەها نزیکەی سەد بارمتەی ئیسڕائیلی هێشتا دیارنین لە ناو غەزەدا کە دەگوترێت، بە پێی دوایین لێدوانی ناتانیاهۆ، نیوەی ئەوانە هێشتا لە ژیاندا ماون!
ئەو کارەساتە چەقبەستووە، لە گەڵ گۆشەگیریی ئیسڕائیل لە ڕووی نێو دەوڵەتیەوە، هەروەها دیدگایەکی تاریک لە ڕووی ئابوووریەوە ، هەموو ئەوانە بوونەتە هۆی سەرهەڵدانی هەستێکی بێهیوایی نەتەوەیی ! جا لە ڕاستیدا، پاڕادۆکسیەکە لێرەدایە کە ڕووکارە گرنگەکانی سیاسەتی ئیسڕائیل و کۆمەڵگای ئیسڕائیلیی لە دوای هێرشەکەی حەماس گۆڕانێکی کەمی بەسەرداهاتووە. دانیشتوانی ئیسڕائیل کە نیشتەجێی سەرسنوورەکان بوون لە باشوور و باکووری ئیسڕائیل هێشتا ناتوانن کە بگەڕێنەوە ماڵەکانی خۆیان! ئەو باروودۆخە لە باتی ئەوەی ئیسڕائیلییەکان یەک بخا لەبەرامبەر یەک دوژمنی دەرەکی کەچی درزو کەلێنی کێشە کۆنەکانەکانی گەورەتر کردووە لە نێوانی گرووپ و لایەنگرانی ناتانیاهۆ و لایەنە نەیارەکانی لە ناوخۆی ئیسڕائیلدا! ناتانیاهۆ لە یەک کاتدا نەیارەکانی و دۆستەکانی دەکوتێت و بەردەوامە کە خۆی وەک چەق وناوەندی سیاسەتی ئیسڕائیل نیشان دەدات! هاوپەیمانیی باڵی ڕاست کە ناتانیاهۆی لە دەسەڵاتدا هێشتۆتەوە داواکاریەکانی بۆ وردوخاشکردنی بزووتنەوەی بە دەوڵەتبوونی فەلەستینیەکان زیاد کردووە لە گەڵ جێگرتنەوەی نوخبەی ئیسڕائیل. کە ئەوەش داواکارییەکی بە ڕواڵەت جوانە بۆ لە ناوبردنی دام و دەزگا دێموکڕاتی و لیبڕالیەکانی ئیسڕائیل!
لە دوای ئەوەش، لە 7ی سێپتەمبەری ئەمساڵدا، سوپای ئیسڕائیل دەستی کرد بە ئەنجامدانی زنجیرەیەک لە پەرچەهێرشی بوێرانە لە دژی ترسناکترین هاوسێی دوژمنی کە میلیشیاکانی حیزبو اللەی لوبنانی بوون- کەهاتن بەرەیەکی تری شەڕیان لە دژی ئیسڕائیل لە لای باکوورەوە کردەوە هەر یەک ڕۆژ دوای ئەوەی حەماس لە لای باشوورەوە هێرشی کردە سەر ئیسڕائیل! ئیسڕائیل توانی ڕابەری دێرینی حیزبو اللە، حەسەن نەسرواللە، بکوژێت وهێرشی زەمینیش بەرەو باشووری لوبنان ئەنجام بدات! جا لێرەدا زۆرێک لە شڕۆڤەکارانی میدیای باوی ئیسڕائیلیی ئەو فراوانبوونی شەڕەیان لە لای باکووری وەڵاتەوە وەک دەرفەتێک دەبینی: نەک هەر بۆ ئیسڕائیل کە بتوانێت حیزبو اللە تەفروتونا بکات بەڵکو وەک دەرفەتێکیش بۆ وەڵاتەکەیان تا بیسەلمێنن کە ئیتر ساڵی شۆک و پڕمەترسییان تێپەڕاندو لە لا لایەکی تریشەوە بیسەلمێنن کە زیرەکیی وهێزو توانای تەکنەلۆجییان جارێکی تر بێتەوە نێو ناوان لە ڕووی نێو دەوڵەتییەوەو ئاهەنگی لە بۆ بگێڕن! بەڵام ڕاستییەکەی ئەوەیە کە هەروەک چۆن شەڕی ناو غەزە ڕاستیە سامناکە شاراوەکانی زۆرێک لە ئیسڕائیلیەکانی نەگۆڕی کە چاوەڕوانیان بوون بگۆڕێن، بە هەمان شێوەش ئەم بەرەی تازەیەش لە شەڕهەر نایان گۆڕێت! بەرەی تازەی شەڕ هیچ ناگۆرێت هەتا ئیسڕائیل ڕووبەڕووی گۆڕانکاریی قوڵترنەبێتەوە لە سیاسەتی ناوخۆی خۆیداو هەروەها لەبەرامبەر فەلەستینیەکانیشدا!

جووڵەو ئەملاولای پاڕادۆکسیانە!
یەک هەفتە دوای هێرشی ئۆکتۆبەری 7 ، ئەگەر بە ئیسڕائیلیەکی ئاسایی یان هەتا بە لایەنگرێکی (ناتانیاهۆ)شت بگوتبایە کە ناتانیاهۆهەرسەرۆک وەزیران دەبێ بۆماوەی ساڵێکی تریش و لە لایەن هەمان باڵی ڕاستیشەوە پشتی دەسەڵاتەکەشی دەگیرێت لەوانەیە ئەو کەسە باوەڕی پێت نەکردبایە! چونکە بە درێژایی مێژووی ئیسڕائیل درکەوتووە حکومەتی مەدەنی لەکارکەوتووە دوای هەر کارەساتێکی ئەمنیی زۆر خەراپ کە بەسەر ئیسڕائیدا هاتبێت! بۆ نموونە دوای شەڕی سوپا لە شەڕی 6 ئۆکتۆبەری1973 لە نێوان عەڕەب و ئیسڕائیلدا، یان لە کاتی لەشکرکێکشی ئیسڕائیل بۆ سەر لوبنان لە ساڵی 1982 ، کاتیک کە سەربازە یەدەکەکانی ئیسڕائیل لە بەرەکانی شەڕ گەڕانەوە دەستیان دایە ناڕەزایەتی و وایان لە گۆڵا مییر سەرۆک وەزیران و مەناحیم بێگن کرد کە دەست لە کار بکێشنەوە!. جا لە هەردووک حاڵەتەکەدا چەند مانگێکی پێچوو ئینجا حکومەت کەوتە خۆی و دەستی بە لێکۆڵینەوە کرد بۆ ئەوەی بزانێت کە بۆچی ئەمە ڕوویدا!
ڕێی تێدەچوو، ئەگەر بتگوتبایە دۆخی ناتانیاهۆ زۆر خەراپتردەبێت لەوانەی پێش خۆی! لە سەرووی دەیان ساڵە ئەو پیاوە لە ناو سیاسەتدایەو هەمیشەش خۆی وەک مامۆستای ئاساییشی وەڵات پیشانداوە. ئەو دەیگوت کە باشتر لە جەنەڕاڵەکانی ئیسڕائیل دەزانێت وەڵات بە سەلامەتی ڕابگرێت، ئەو پێی دەگوتن بێ دیدگاو ترسنۆکن و زۆر ئاگایان لە ئارەزووەکانی ئەمریکایە! توندترین ڕکابەری سیاسیی ناتانیاهۆ لە ماوەی چەندین ساڵی سیاسەتیدا بریتیبوون لە فەرماندە سەربازیەکانی پێشوو کە هەندێکیان سەرۆک وەزیر بوون و هەندێکیش وەزیری بەرگریی بوون، بۆ نموونە کەسانی وەکو ئیسحاق ڕابین، یەهود باڕاک، ئاڕیاڵ شارون، بێنی گانتز، هەروەها وەزیری بەرگری ئێستا یواڤ گالانت. لە ڕووی نەریتییەوە بەرزترین پلە باڵاکانی هێزی بەرگریی ئیسڕائیل IDF و دەزگای هەواڵگریی ئیسڕائیلی بەدەست ئەشەکەنازیە لیبڕاڵەکانەوەن کە ناتانیاهۆ زۆر دەمێکە لە هەوڵی ئەوەدایە دەست بەسەر ئەو دوو دەزگایەدا بگرێت! هەر ئەو دامەزراوانەش بوون کە سەرکردایەتی ڕاپەڕینی جەماوەریی ئیسڕائیلیان کرد لە بەرامبەر پڕۆژەیەکی ناتانیاهۆ بۆ چاکسازییەکی گشتی لە دەسەڵات و دەزگای دادوەرییدا!
بەڵام بەردەوام بوونی ناتانیاهۆ لە دەسەڵاتدا ڕەنگە پەیوەندی بەو بارودۆخەی ساڵی ڕابردووەوە هەبێت لە مێژووی ئیسڕائیلدا! تا ئەمڕۆشی لەگەڵدا بێت ناتانیاهۆ ڕەتی دەکاتەوە بچێتە ژێر باری هیچ بەرپرسیاریتیەک لە کوژرانی 1200 ئیسڕائیلی ودەستدرێژی و بریندارکردنی چەندین کەسی ترو بە بارمتەگرتنی 250 ئیسڕائیلی لە لایەن حەماسەوە، هەروەها ئەو هەموو وێرانەیە کە بەسەر وەڵاتیاندا هینا، کە هەموو ئەوانە لە تەنها یەک ڕۆژدا بەسەر ئەو خەڵک و کۆمەڵگایانەی سەرسنورەکانیاندا هێنا، ئینجا دوای ئەوە دەست کرا بە چۆڵکرنیان و ڕاگواستنیان بۆ شوێنێکی تر! ئاستی جەماوەریی ناتانیاهۆ بەرەو دابەزین ڕۆیی هەرچەندە لە کۆتاییەکانی ساڵی 2023بەرەو سەرەوە بە شێوەیەکی بەرچاو بەرەو باشی رۆیی بەڵام هێشتا ئاستی جەماوەرییەکەی ناگا بە ڕکابەرەکانی لە وێنەی نەفتالی بێنەت سەرۆک وەزیرانی پێشووی ئیسڕائیل. ڕاپرسیەک لەو بارەوە هەر دوای کوژرانی حەسەن نەسروللا ئەنجامدرا لە لایەن کەشێت 12 کەناڵی سەرەکی هەواڵی ئیسڕائیل، دەرکەوت کە ئەگەر بێت و ئێستا هەڵبژاردنێک لە ئیسڕائیلدا ئەمڕۆ بکرێت، هاوپەیمانی ناتانیاهۆ کە 68 کورسییان لە کەنێسەت داهەیە دادەبەزێت بۆ 46 کورسی! ناتانیاهۆ باش تێدەگاو زۆر باش هەلومەرجەکە دەخوێنێتەوەو دەزانێت کە خەڵک لێی تووڕەیە، هەر بۆیەش ستراتیژیەتێکی فرەلایەنەی دەستداوەتێ بۆ مانەوەی خۆی لە دەسەڵاتدا! وا بۆ ماوەی ساڵێک دەچێ ناتانیاهۆ و پێڕەکەی تەواوی بەرپرسیاریەتی ڕوودانی ئۆکتۆبەری 7 دەخەنە ئەستۆی هێزی بەرگریی IDFو شاباک دەزاگای ئەمنی ئیسڕائیلی کە بەرپرسن لە دوسیەو چاودێریکردنی فەلەستینیەکان و سەرباری ئەوەش خەتای هەموو ئەوانەشە کە نەیان هێشت چاکسازی لە دەزگای دادوەریدا بکرێت بە تایبەتی ئەو سەربازە یەدەکانەی کە هەڕەشەی وەستاندنی ئەرکەکانیان کرد ئەگەر بێت و دەست بۆ ئەو کارە ببرێت!
ئەلوف بێن سەرنووسەری ڕۆژنامەی هارێتزە!

سەرچاوە: فۆڕین ئەفێرس
سەرچاوەی ئەو نووسینە:.https://www.foreignaffairs.com/middle-east/israel-paradox-defeat-aluf-benn

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت