بەهرۆز جەعفەر: تورکیا لە ڕوانگەی ئیسرائیلەوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەم کتێبە “پەیوەندییەکانی تورکیاو ئیسرائیل لەسەردەمی فەرمانڕەوایی پارتی دادوگەشەپێداندا” بەشێک بوو لە ماستەرنامەکەم ساڵی 2016 بە زمانی ئینگلیزیی بڵاوکرایەوە. دواتر هەر خۆم کردم بە کوردیی و سەنتەری لێکۆڵینەوەی ستراتیجی کوردستان چاپی کرد. بۆیە هەر لە ڕوانگەی ئەو تێزە زانستییەوە:
یەکەم/ بەلای ئیسرائیلەوە؛ تورکیا پێگەیەکی گرینگە. بەتایبەتی کە تورکیا دراوسێی دوو لە نەیارەکانی ئیسرائیلە “ئێران و سوریا”، هەروەها ئیسرائیل دەتوانێ بەهۆی تورکیاوە لە قەوقاز ئامادەیی هەبێت. هەردوولایان دۆستی ستراتیجیی ئازەربایجان بوون لە بەرانبەر ئەرمینیادا. لە ڕوانگەی وزەوە؛ ساڵانێکی زۆرە بە مل تورکیادا نەوت دەگاتە ئیسرائیل. ساڵانە تورکیش ئێرلاین سەروو ملیۆنێک گەشتیار دەگوازێتەوە بۆ تەلئەبیب و بەپێچەوانەشەوە. لەڕووی پەیوەندیی ئابوریی و ئاڵوگۆڕیی ئابورییەوە، هەروەها لەڕووی پیشەسازیی سەربازیی و هەواڵگرییەوە ئەم دوو دەوڵەتە پێش هاتنی ئاکپارتی (2002) بۆ دەستەڵات بەهێزترین پەیوەندیی دووقۆڵییان لەناوچەکەدا هەبوە، سەردەمێک دەوترا هیچ دەبابەیەکی تورکیی نییە ئیسرائیل پێی نەفرۆشتبێت، یان تازەی نەکردبێتەوە.
دووەم/ تورکیا یەکەمین دەوڵەتی ئیسلامی خاوەن زۆرترین نفووسی موسڵمانە کە لەگەڵ دامەزراندنی دەوڵەتێک بۆ جولەکە لەسەر خاکی فەلەستین دا پیرۆزیایی لە ئیسرائیل کردوەو، ددانی بە دەوڵەتی ئیسرائیلدا ناوە.
سێهەم/ تورکیاو ئیسرائیل لە ئاوەکانی ڕۆژهەڵاتی دەریای سپی سنوریی نیزیکییان پێکەوە هەیە، دەتوانن کار لەسەر دەرهێنانی هایدرۆکاربۆن بکەن، پرسی ئاسایش و مانۆڕی دەریایی لە ئەستۆ بگرن. ئیسرائیل دەتوانێت لە کێشەی دوورگەی قوبرس دا هاوکاری تەواوەتی تورکیا بێت، وە بە پێچەوانەشەوە.
ئەم دوو دەوڵەتە زۆر-زۆر پرسی ستراتیجیی چارەنووسسازی ناوچەیی هەیە کە بەیەکیانەوە دەبەستێت، زۆر پێویستیان بەیەک هەیە؛ هەروەک تورکیا ئیسرائیلی وەها دەبینی کە لە باخچەی پشتەوە دەیبات بۆ واشنتۆن، لۆبی جوولەکە بەردەوام تا ساڵی (2010) لە خزمەتی تورکیادا بوە. بۆ نموونە لە کۆمەڵکوژیی ئەرمەنەکاندا، لە کۆمەڵکوژیی کوردەکاندا، لە دەستگیرکردنی عەبدوڵا ئۆجەلان دا. تەنانەت دیزاینی ئەو بەنداوە ستراتیجییانەی ئیمڕۆکە تورکیا بۆ گرتنەوەی ئاو و ئاسایشی ئاو بەکاری دەهێنێت، جوولەکەکان کردویانە.
بەڵام! بەڵامەکە دێڕێکی زۆر گەورەیە بۆ ناوەندی بڕیار و بیرکەرەوەکانی هەردوولایان، ئەویش ئەمەیە: “ئیسرائیل هەرگیز ناتوانێت پەیوەندیی لەگەڵ تورکیایەکدا هەبێت کە ئەردۆگان سەرۆکێتی.” لە کۆنفڕانسێکی جیهانییدا ساڵی 2018، ئەم دێڕەم بە پڕۆفیسۆر ئەحمەدی ویساڵ سەرۆکی دامەزراوەی ئۆرسام لە چانکایاو ڕاوێژکاری سەرۆک کۆماری تورکیا وت، ئەو وتی ڕاستە، ئیسرائیل تورکیایەکی دەوێت وەکو میسر لە هەموو شتێکدا بە گوێیان بکات. من لەبەرئەنجامی لێکۆڵینەوە زانستییەکان و ئاماژە یەکلاکەرەوەکان ئەمەم وت، ساڵی 2016 ش لە کۆتایی کتێبەکەدا ئەمەم نووسیوە.
هاوکات، هێدی-هێدی تورکیاش هەمان هەستی بۆ درووست بوە، کە بەبێ ئیسرائیل نە لەناوچەکە هیچی وای پێدەکرێت، نە لەناوەندە گرینگەکانی ئەمریکاش شتەکان وەک ئەوە دەڕۆن کە ئەنکەرە دەیەوێت. بۆ نموونە: ئەوە زیاتر لە دە ساڵە لە بن دەستی تورکیادا گازی سرووشتی دەردەهێندرێت (با بڵیین چالاکی وزە هەیە)، ئەم چالاکییە لەبەرئەنجامی دۆزینەوەی غازە لە کەنارە ئاوییەکانی قوبرس، ئیسرائیل و میسر، ئەم سیانە و یۆنان پێکەوە بەهێزترین پەیوەندییان درووستکردوە بوون بە “چوار”، هەرچواریان نەیاری تورکیای ئەردۆگانن! بەشداریی بە ئیمارات دەکەن بە تورکیای ناکەن!
بە واتایەکی دی، تورکیاش ئسرائیلی بۆ گرینگە بەڵام لەسەردەمی بنیامین ناتانیاهۆدا ..نا.. ئەردۆگان و کەسە نیزیکەکانی دەزانن تاوەکو ناتانیاهۆ سوکانی حوکمڕانی بەدەستەوە بێت “مەحاڵە” لەگەڵ تورکیای ئەردۆگاندا پەیوەندیی ئاسایی بکاتەوە..دۆخەکە زیاترە لەوە، ئەردۆگان لە میانەی جەنگی غەزەدا زۆر بەتوندیی لەسەر ئیسرائیل قسەی کرد، ویستی دواتر بڵێت “من لەگەڵ ناتانیاهۆم بوە نەک ئیسرائیل”، بەڵام ئەمە لای جوولەکەکان وا لێک نادرێتەوە.
نەک ئیسرائیل، وڵاتانی ناوچەکە بەگشتی تێگەیشتوون کە ئاکپارتی خەونی نیۆ-عوسمانییەت لە ژێر سەریدا هەیە، کاتێک ئیسلامێکی سیاسیی ڕەگەزپەرست لەگەڵ نەتەوەچێتی دا تێکەڵ ببێت؛ بێگومان ئەمە بە مەترسیی لە جیهانی دەوروبەرەوە دەخوێندرێتەوە.
دوو ڕۆژ پێش ئەوەی ئیسماعیل هەنیە “دۆستی ئەردۆگان”لە ئێران بکوژرێت! سەرۆک کۆماری تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆگان دەیوت: “وەک چۆن چووینە لیبیاو کەرەباخ، ئاوهاش دەچینە ئیسرائیل.” ساڵی 2009 لە داڤۆس ئەردۆگان هەندێ قسەی بە “شیمۆن پیرێز”وت و پانێڵەکەی بەجێهێشت، ڕەعنان غیتسین وتەبێژی ئەوکاتی حکومەتی ئیسرائیل وتی” تورکیا لە خەودا مناڵانی کورد دەکوژێت، جینۆسایدیان دەکا، ناتوانێت وانە پێشکەشی ئێمە بکات”. لە 31 ی ئایاری 2010 کاتێک کەشتی “مافی مەڕمەڕە” لە ئاوەکانی قوبرسەوە بەرەو سنوری غەزە بەڕێکەوت، گوایە خۆراک و هاوکاری مرۆییە “دواتر دەرکەوت چەکیشی تێدا بوە”، کۆماندۆی ئیسرائیل دەستیان بەسەر کەشتییەکەدا گرت و، (9) کەسی تورکیشیان کوشت: ئەوە یەکەمین جارە لە دوای یەکەمین جەنگی جیهانیەوە دەوڵەتێکی بێگانە بتوانێت تورک بکوژێت.
لەساڵی 2015 ەوە تا 2022، دەیان لێدوانی ئەردۆگان و نیزیکەکانی هەیە، کە لەدەرگای ئیسرائیل دەدات بۆ ئاسایی بونەوەی پەیوەندییەکان، ئیسرائیل دواجار ئەمەی قبوڵکرد، شەش مانگ پێش جەنگی غەزە باڵوێزی ئیسرائیل دوای دوانزە ساڵ کارنامەی خۆی ڕادەستکرد، لەگەڵ هەڵگیرسانی جەنگی غەزەدا ئەوەی بە حەوت ساڵ تورکیا تۆزێک ئاسایی کردەوە، تێک و پێک چوو.
ئینجا وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل “یسرائیل کاتز” و وتەبێژی حکومەتەکەی ناتانیاهۆ نەیانشاردەوە، کە دوو دڵبوونە لەو تۆزە ئاسایی بوونەوەیە، دوو دڵییەکەیان ڕاست بووە.
لەگەڵ هەموو ئەمانەدا، ڕاستییەکی هەمیشەیی بۆ بەرچاو پێویستە: تورکیا تەبەدۆر نییە لەسەر ئاو، بەڵکو قورساییەکی گەورەی هەیە، پۆستێکی گرینگە نەک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڵکو لە ئاسیادا، پێگەو هەڵکەوتەی تورکیا تایبەتمەندییەکی ناوازەی جیۆپۆڵەتیکیی پێ بەخشیوە. زیاتر لەوەش تورکیا بەرەی پێشەوەی جەنگە بۆ ڕۆژئاواو ناتۆ.
وشەکانی کۆتایی ئەوەیە: بەرپرسانی باڵای تورکیا گەیشتوون بەو بڕوایەی ئیسرائیل شتێک هەردەکات کە دژی تورکیای ئەردۆگان بێت، ئێستا ڕەنگە کاتی بێت! چوونکە سرووشتی تورکیای مۆدێرن وەهایە هەرکاتێک قەیرانی ئابوریی قووڵ و درێژخایەنی هەبووبێت، تەقینەوەی کۆمەڵایەتی و سیاسیی لەناوخۆیدا درووستبووە. هەڵئاوسانی ئابوریی لە تورکیا (70٪)ی تێپەڕاندووە.
تێبینی/ کتێبەکە دوای هەشت ساڵ، ئەمساڵ لە بازاڕدا کۆپی نەماوە، لەئایندەیەکدا بە دەستکاریی زیاترەوە چاپی دەکەینەوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت