دکتۆر هەژار مەعروف: بیرمان بچێتەوە؟ بەڕاستانە ئاشتی؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

دراوسێکانمان (عەرەب و تورک و ئێران) هێشتا بڕوایان وایە بە توندوتیژی شکستمان پێدێنن و وازمان پێدێن لەوەی کوردی ئازاد بین و کوردستانێکی بڕێک، یا تەواو سەربەخۆمان هەبێت. بۆیە ئێمەی کورد وەک نەتەوەیەکی بێ دەوڵەت، بەڵام کۆڵنەدەر ناچارین هەر کات کە ئەو سێ لایەنە دەستی ئاشتیان بۆ درێژکردین ئێمەش بە سوپاس و پێزانینەوە نەک هەر بە دەست، بەڵکو بیانگرینە ئامێزمانەوە و ڕاستگۆیانە بکەوینە وتووێژەوە بۆ گەیشتن بە چارەسەری کێشە نەتەوەییەکەمان.
بەڵام ئایا دراوسێکانمان بەڕاستیانە، یا ڕێک بە پێچەوانەوە دەیانەوێ ئەوەی پتر لە سەدان ساڵە بە خوێن ڕشتنمان، نەیانتوانیوە چۆکمان پێدادەن و کوڕنوشمان پێبەرن ئێستا دەیانەوێ لە سەر مێزی گفتوگۆ بێ ئارەقڕشتن پێی بگەن؟ سمکۆی شوکاک و باوکی ئاوا شەهیدیان کرد، ڕۆحشاد مەلا مستەفای بارزانی ساڵ و نیوێک تێپەڕیبو بە ڕێکەوتنی ئاشتی لە گەڵ سەدام کە هەوڵیدا لە ناوپردان بیکوژێ، ڕژێمی ئاخوندەکانی ئێران لە ڤییەنا لە 13 ی 7 ی 1989 خوێنی عەبدولرەحمان قاسملۆ و دو هاوڕییان ڕژانە سەر مێزی گفتوگۆی ئاشتی.
بێگومان قەرەیڵان باش ئاگاداری ئەم ڕوداوانە و ڕوداوی تریشە لە مێژوی کورددا، بۆیە بە گومانەوە سەیری ئەم هەنگاوە نوێیەی تورکیا بۆ وتووێژ لەگەڵ پەکەکە دەکات و لە عەبدوڵا ئۆجەلان دەپرسێت: تۆی دیل و دابڕێنراو لە دنیا چۆن لە ژێر مەرحەمەتی شمشێری دوژمنەکەتدا دەتوانی وتوێژی ئازاد و ڕاستەقینەیان لەگەڵ بکەیت؟

باشە تورکیا وەک نیازپاکی:
1. بۆچی هێرشەکانی بۆ سەر ڕۆژاوای کوردستان ناوەستێنێ؟ ئەوەتا بینیمان ڕێک بە پێچەوانەوە لە تۆڵەی ڕوداوەکەی ئەنقەرەدا کە هیچ پەیوەندیەکی بە (هەسەدە) وە نەبو هێرشێکی ئاسمانیی گەورەی کردە سەریان و بوە هۆی کوژران و بریندار بونی دەیان کەس؟
2. بۆچی سەلاحەدین دەمیرتاش، کە بە نایاسایی لە زینداندا هێشتویانەتەوە، ئازاد ناکات کە لەگەڵ (دەم پارتی) وەک حیزبێکی قانونی و پەرلەمانی بکەونە وتوێژی ڕەسمی و ئاشکرا و ڕاستگۆیانە لە ژێر سەرپەرشتیی نەتەوە یەکگرتوەکاندا؟
3. بۆچی ئۆجەلان لە دابڕانی ئیمرالی یەوە ناگوێزێتەوە بۆ زیندانێکی ئەستەنبوڵ، یا ئەنکەرە و ڕێگەی پێبدات ئازادانە وەک ڕاوێژ کاری دەم پارتی لە وتووێژەکاندا ڕۆڵی ئاشتیخوازانەی خۆی ببینێ؟
هێرشەکەی سەر کۆمپانیای (توساش) لە ئەنکەرە، هەر لایەنێ کردبێتی، دژی هەوڵەکانی چارەسەرێکی ئاشتیانەیە بۆ کێشەی کورد لە تورکیا.
بە هۆی هەمو گومان و نیگەرانیی دڵسۆزانی کورد دەربارەی نیازی ڕاستەقینەی تورکیا لە وتووێژ لەگەڵ پەکەکە، من پێشنیازدەکەم (پەکەکە) بە ڕەسمی بە تورکیا بڵێت خۆتان لەگەڵ (دەم پارتی) و سەلاحەدین دەمیرتاش بە ڕاوێژ لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان و لە ژێر ناوبژیوانیی نەتەوە یەکگرتوەکان وتووێژی ئاشتی بکەن و هەر کاتێ ئەنجامەکەی بە دڵی زۆرینەی خەڵکی باکوری کوردستان بو، ئەوا ئێمەش ڕازین پێی و چەکەکانمان دادەنێین.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت