زاهیر باهیر: پەکەکە نابێت ئەم دەرفەتە لەدەست بدات.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

چەند ڕۆژێکە دەنگۆی وتووێژی نێوانی پەکەکە و حکومەتی تورکیا لە ئارادایە. پێناچێت ئەمە کاری ئەم چەند ڕۆژە بێت، بەڵکو لانی کەم پێشینەیەکی چەند هەفتەیی هەیە. بەم بۆنەشەوە توێژەرەوانی کورد و ناکورد زۆری لەسەر دەنوسن و هەندێکیشیان خەنجەر لە کا دەدەن. هەندێك لە سەرانی پەکەکەش کۆمێنتی خۆیان داوە و ئەوانی دیکەش بە دوای ئەماندا دێن هەر وەکو پێشتر دیتومانە.
بۆ من هۆکاری ڕوودانی وتووێژەکە و کێ قسە دەکات و کێ دیمانە دەکات، هیچ گرنگییەکی نییە. ئەوەی گرنگە ئەمە دەرفەتێکە و هاتۆتە پێشەوە کە پەکەکە دەبێت لەم بار و دۆخەدا بیقۆزێتەوە، هەتا ئەگەر ئەنجامێکیشی نەبێت. چونکە هەر هیچ نەبێت پشوویەکی باش دەبێت بۆ خودی پەکەکە خۆی و بۆ کوردستانی باکور و باشور و تا رادەیەکیش ڕۆژئاواش. پشوویەك دەبێ کە چی تر کەسە دەرکەوتوو چالاکەکانی نێو پەکەکە و ڕۆژئاوا لە تورکیادا راونانرێن و ناگیرێن، پشوویەکە هەر ئاواش تا ڕادەیەك ئاسایش بۆ باشووری کوردستانیش دەگەڕێتەوە، هەر هیچ نەبێت دۆستان و ئەندامانی پەکەکە ترسی تیرۆرکردنیان چ لە ڕێگەی تیرۆری چەکەوە یاخود درۆنەوە نابێت . پشوویەك دەبێت کە بارودۆخی یەکێتی نیشتمانیش تا ڕادەیەك ئاسایی دەکاتەوە و فڕۆکەخانەی سلێمانیش گەر بۆ وەختییش بێت دەکرێتەوە .
سوود و قازانجی ئەم هەلە ئەوەندە زۆرە کە لیستێکە و من نامەوێت بیکەمە مەبەست و کرۆکی بابەتەکەم. لەگەڵ وتنی ئەوانەی سەرەوەشدا ئەوە دەبینم کە رەنگە زۆرێك هەبن لە ناو خودی پەکەکە هەتا بە سەرکردەکانیشیانەوە ڕاگرتنی شەڕ و وتووێژکردن پەسەند نەکەن، بەڵام لێرەدا دوو خاڵی گرنگ هەیە بۆ هەردوولا ، ئەوانەی کە لەگەڵیدان و ئەوانەشی کە دژن پێی دبێت رەچاو بکرێن.
یەك/ ئایا پەکەکە لەو کاتەوەی، واتە مانگی تەموزی 2015 وە کە ئەردۆگان شەری بەسەردا سەپاندن چ هەنگاوێکیان ناوە؟ چەندێك زەرەریان بە حکومەت و دەوڵەتی تورکیا گەیاندووە؟ چەندێك پرسی کورد لەوێ چووەتە پێشەوە؟ کوردان و کوردستانی باشوور و باکور و ڕۆژئاوا و تا ڕادەیەکیش تەنانەت ڕۆژهەڵاتیش، چەندێك لەم شەڕە نابەرانبەرییەدا سوود یا زییانیان بینیوە؟ چەندێك پێگەی هەردوولایانی واتە دەوڵەتی تورکیا و پەکەکەی لە ‘نێو کۆمۆنێتی نێودەوڵەتی’ بەهێز یا لاواز کردووە؟ ئەمانە و پرسیارگەلێکی دیکە دەبێت بکرێت و خودی کەسەکە تاو وتوێ بکات پێش دانی بڕیارەکەی.
بێ گومان بۆ پرسیارەکان وەڵامی جیا جیامان دەبێت ئەویش دەکەوێتە سەر ئەوەی کە ئایا ئێمە لە سەرچاوەی سۆز و ویست و حەزی خۆمانەوە لێکدانەوەی بۆ دەکەین، یاخود لە واقیع و بارودۆخی ناوچەکە و تا رادەیەکیش جیهانەوە تەماشای دەکەین؟ بۆ من کە هەر لە 2015 وە دژ بەو شەرە بووم و چەندەها وتارم بە کوردی و بە ئینگلیزی لەسەری نوسیوە و دەیەها پۆستیشم لە فەیسبووکدا کردوە، چونکە هەمیشە بە دوور لە سۆز و حەزی خۆم قسەم کردووە، بەڵکو بە تێڕوانین لە واقیع و پشتبەستن بە بەڵگە و زەمینەی بزوتنەوەکە لە باکور و تورکیا و هەژمون و لێکەوتەی ئەو بزوتنەوەیە چ نەرێنی یاخود ئەرێنی لەسەر بزوتنەوەکەی ڕۆژئاوا و کۆمەڵگەی کوردی لە هەموو پارچەکانی کوردستاندا دادەنێت. من لەو دەلاقەیەوە تەماشام کردووە و هەڵوێستی خۆمم لێ وەرگرتووە.
ڕەتکردنەوەی وتووێژ لە هەلوێستی هێز و ئاسۆڕوونی و بوونی بەربیینیەکی باشتر لە پاشەڕۆژێکی نزیکتردا، رەنگە لۆژکانە بێت. بەڵام لە کاتێکدا کە بزوتنەوەیەکی چەکدارانەت هەبێت و ئەرکی سەرەکی تەنها بەرگریکردن بێت لە خۆی و باشترین چالاکی ئەو کەمپەینی ڕزگارکردنی بە تەنها ئۆجەلان، بێ لە هاوەڵەکانی لە بەندیخانە و ڕۆژانە و هەفتانە دەیان کەسانی چالاک و دۆست و ئەندامانت لە دەست بدەیت و نە لە باشووردا بتوانیت ئازادانە بسوڕێیتەوە و جالاکییەکانت بکەیت و هەمیشەش لە مەترسی تیرۆی درۆن و چەشنەکانی دیکەی تیرۆر بیت و هاوکاتیش دەسەڵاتی کوردیش ئەوە پارتییە دەست لەگەڵ هەموو لایەکدا تێکەڵ دەکات دژ بە پەکەکە و خاك و میللەت، سامان هەڕاج دەکات هەر بۆ ئەو مەبەستە، یەکێتیش ڕێگا نادات کە هچ چالاکییەک دژ بە تورکیا و دەوڵەتی تورکیا بکرێت، بەڵکو ڕێگا دەدات راستەوخۆ بێت، یا ناڕاستەوخۆ تورکیا کێی بوێت لە زۆنەکەیدا تیرۆری بکات، یا بیفڕێنێت، ئەمانە و زۆر زۆری تر. باشە لە حاڵەتێکی ئاوادا وتووێژ ئەگەر هەر بە مەبەستی دانی پشوویەكیش بێت باشتر نییە لەو شەڕە دۆڕاوە؟ بە درێژایی شەری 9 ساڵ و وادەبێتە 4 مانگیش لەگەل حکومەتی تورکیادا پەکەکە و کورد زیانی نەکردبێت قازانجی نەکردووە، جەماوەرێتییان گەر نەهاتبێتە خوارەوە نەچۆتە سەرەوە … ئیتر بۆچی وتووێژ نەکرێت؟؟ دوای ئەوە وتووێژە بە سەر نەگرتنیشی چ زیانێکی هەیە و دەبێت؟
دوو/ مەرجەعێتی ئۆجەلان؛ مەرجەعیەیەت ئەو سەرچاوەیە کە بۆ حەلی گرفتەکان و دانی بڕیارە سەرەکییەکان لایەنەکان و کەسەکان دەگەڕێنەوە بۆی. مەرجەعییەت یانی پیرۆزکردنی ئەو سەرچاوە و بڕیار و لێکدانەوەکانی، یانی نابیناکردنی هەر هەموو ئەوانی دیکەی ئەو حیزبە، ئەو بزوتنەوەیە، یانی بە مەبەست و بەدەستی خۆت نابینا و نەبان لە واقیع و ڕاستییەکان دەکەیت، یانی خۆڕادەستکردنی کەسانێك کە دەکرێت ئامۆژگاری و بڕیارەکانیان نادروست بن، یانی نەفیکردنی کەسایەتی خۆت و هەڵپەساردنی مێشکت، یانی وابەستەیی بە کەسێك بە ڕایەك و بڕیارێك گەرچی پێشوەخت دەزانیت کە هەڵەیە و… تد .
دیارە من هەر بە تەنها مەبەستم پەکەکە و دۆستان و هەوادارانی پەکەکە نییە، بەڵکو هەموو حیزب و ڕابەر و سەرکردەکانە ڕۆحانی یاخود ناڕۆحانی لە هەر هەموو ناوچەکەدا. دەرد و پەتای پیرۆزیی و پیرۆزکردنی ڕابەر و سەرکردە و بوون بە مەرجەعییەت هەر پەکەکەی نەگرتۆتەوە، بەڵکو هەموو حیزبەکانی ناوچەکەی لە کۆن و نوێدا گرتۆتەوە، هەر تەماشای بارزانی باوك و کوڕ، جەلال تاڵەبانی، سەرکردە و ڕابەرەکانی حیزبە ئیسلامییەکانی کوردستان و حیزبوڵا و حەماس و … تد، گرتۆتەوە کە ناکرێت و نەگونجاوە ڕا و بڕیاری ئەو ڕابەر و سەرکردانە بە هەند وەرنەگیرێت و ڕەتبکرێنەوە.
سەبارەت بە پەکەکە و ئۆجەلان، ڕاستە ئۆجەلان بە جەستە بەندە. بەڵام بە هزر و هەڵوێست و نوسینەکانی گەورەترین هەژموونی خۆی بەسەر پەکەکەدا زاڵ کردووە، نەك هەر سەرکردەیەکی کۆن و کارامەی پەکەکەیە، بەڵکو ڕابەرێکی ڕۆحیشیانە. ئۆجەلان بە مێژوی خەباتی ناو شار و شاخ و بەندکردنی بۆ ئەم هەموو ساڵانە، لای پەکەکە و دۆستەکانی لە هەموو کورستانەکاندا پیاوێکی ئەفسانەییە و پیرۆز کراوە، پیرۆزکردنیشی سەرچاوەی ڕەتکردنەوە و پەسەندکردنی ئەوەی دێتە پێش و ئەوەی ڕووی داوە، بۆیە قسە و بڕیارەکانی ئۆجەلان ئەوەندە سەنگ و قورسایی خۆیان هەیە، ڕەتکردنەوەیان دەچێتە خانەی مەحاڵەوە.
پەکەکە وەکو حیزبێکی قوچەکەیی و ئیدۆلۆجیست و خاوەن دسپلینێکی تووند و تۆڵ کە تا ئێستاش تینیۆتی بە قسە و نوسینەکانی ئۆجەلان دەشکێ و ئاوی حەیاتیانە، لێبڕین و وشکبوونی ئەو ئاوە کارەسات بەسەر پەکەکەدا دێنیت، بیرمەندی یەکەم و ڕەسەنی پەکەکەیە و نەك هەر ئەوەندە بەڵکو پەکەکە ئەوەندە بڕوای بە خودی ئۆجەلان و نوسینەکانی هەیە کە لابەلاکردنەوەی کێشەی ڕۆژهەڵاتی ناوین لە دووتوێی مێشك و لاپەڕەی کتێبەکانی ئەودا دەبینین.
قسەکەی’دەوڵەت باخچەلی’ سەبارەت بە پرسی کورد لە تورکیادا ڕاستە، کە نە لە ئەدەنەیە و نە لە قەندیل، بەڵکو لە ئیمڕاڵییە. چونکە پەکەکە ناتوانن لە بڕیارەکانی ئۆجەلان دەرچن، چونکە ئەوەندەیان پیرۆز کردووە و لە ئاسمانە ناکرێت بێهێننە سەرزەوی، ناتوانیت قسەی بشکێنیت و خۆت کافر و مولحید بکەیت، خۆت بێ حورمەت و تڕۆ بکەیت. ئەوە، ئەوە بڕیاری سەرەکی تا ڕادەی ئاگربەستی و وتووێژ و ڕێکەوتن و هەڵوەشاندنەوە و چەکدانان و واژۆی دوا دەستنووسی بڕیار و پلانەکان دەکات. قسەی دووهەمی باخچەلی، ئەمەشیان هەر ڕاستە کە دەڵێت؛ با ئۆجەلان بەر بێت و قسەی لەگەڵدا بکرێت. باخچەلی زۆر بە باشی پەکەکە و ڕۆڵ و هەژموونی ئۆجەلان لەسەر پەکەکە و قورسایی بڕیارەکانی دەناسێت، ئەوەندە گەمژە نییە قسە فڕێ بدات. ئەو کە دەڵێت؛ با ئۆجەلان بێت دژایەتی خۆی بۆ تیرۆریزم بەیان بکات، بەو مەبەستە نییە کە ڕۆشنبیر و نوسەری کورد و سیاسییەکان شرۆڤەی بۆ دەکەن. ئەو دەڵێت؛ با وتووێژی لەگەڵدا بکرێ، با بێتە دەرەوە لە بەندیخانە و ڕووبەڕوو دانوسستاندنی لەگەڵ بکرێت. ئەو دوای ئەمانە ئەو داخوازییە لە ئۆجەلان دەکات کە دژ بە تیرۆریزم و تیرۆر بوەستێتەوە. ئۆجەلان دەزانێت کە پەکەکە گەر لە کۆندا لە کاری تیرۆریستیدا گلابێت، ئەوە ئێستا پەکەکە تیرۆریست نییە، ئەوە حکومەتی تورکیایە کە بە درێژایی دروستبوونی فاشست بووە و لە ئێستاشدا دەوڵەتێکی فاشست و تیرۆریستییە.
من زۆر دەمێکە وتومە گەرچی ئۆجەلان بەندە، بەڵام بیرکردنەوەی، تێڕاوانینی بۆ پرسی کوردی تورکیا و داهاتوی پەکەکە لەم بارودۆخەدا و تێپەڕینی قۆناخی جەنگی چەکداریی زۆر لەوانەی لە قەندیل دانیشتوون و بە حساب لە دەرەوەن و بەند نین، باشتر و دروستترە . ئۆجەلان ئاگربەستی دەوێت، ئەو یەکلاکردەنەوەی پرسی کوردی لە تورکیا بە وتووێژ و دانوستاندن لەگەڵ حکومەتی تورکیا دەوێ نەك لە ڕێگەی بزوتنەوەی چەکدارییەوە، بزوتنەوەی چەکداری کوتانی ئاسنی ساردە، ئەگەر لەو کوتانەشدا پرژێکی لێ ببێتەوە سەروگوێلاکی ئەوانە دەگرێتەوە کە دەیکوتن نەك دووژمنەکانی. بزوتنەوەی چەکداری ڕۆڵی بەسەر چووە هەڵوەشاندنەوەی و جێگرتنەوەی بە خەباتی جەماوەریانە و ڕووکردنە شەقامەکانی شار و بۆ هەموو ئەو حیزبانە، بە پیرەوەچوونی پەڕلەمان لەڕێگەی پرۆسەی هەڵبژاردنەوە هەزاری خێرە و دەی بەرکەت. بەرنامەی کۆنفیدراڵیزمی دیمۆکرات کە جۆزیف پرۆدۆن و مورەی بوکچین باسیان کردووە لە ڕێگەی حیزب و بزوتنەوەی چەکداررییەوە ناکرێت، بگرە حیزب تەگەرە و گەورەترترین بەربەست و دوژمنی سەرسەختی کۆنفیدراڵیزمی دیمۆکراتن.
ئەمەی کە ئێستا پەکەکە دەیکات نە بەرخۆردانە و نە جەنگی بەرەنگارییە و نە سوودیشی هەیە، ئەمە شەر لە بەتاڵی باشترەی مەسەلە کوردییەکەیە. گرنگ نییە حیزبەکان، بزوتنەوەکان چ دروشمێك بەرز دەکەنەوە و چ بانگەشەیەك دەکەن و چەند شەهید دەدەن؟ گرنگ ئەوەیە کە ئایا لە زەمینەی واقیعدا چ گۆڕانکارییەك دەکەن؟ ئایا ئەوەی کە دەیکەن کەمتر زیانبەخشە لە بەرانبەر ئەوەی کە بەدەستی دەهێنن؟ جەماوەرییبونیان لە شەڕێکی نەبڕاوەی بێ دەستکەوتدایە یاخود هێنانی خۆشگوزەرانی و ئازادیی و دادەوەری کۆمەڵایەتی و تا ڕادەیەك هەنگاونان بۆ جۆرێك لە یەکسانی؟
پەکەکە پێویستی بە چاوخشاندنەوە بە سیاسەتی ئەم نۆ ساڵەیدا هەیە، گەر لەم سات و وەختەدا نەتوانن ئەوە بکەن، ئەگەر ئەم دەرفەتە کە ئێستا ڕەنگە بێتە دی هەر هیچ نەبێت دەتوانن سوودی لێببینن و بەخۆیاندا بچنەوە.
تکایە تۆش، قەڵەم بەدەستی کورد خەنجەر لە کا مەدە ، تۆ گەر باوك و دایکی ئەو کوڕ و کچە گەنجانە نیت لەو شەڕەدا گیانی خۆیان دەکەنە قوربانی، خۆ ڕەنگە خۆت باوك یا دایك بیت. تکایە قسەی زل مەکە و هانی بەردەوامییدانی شەڕ بدەیت و خۆتیش مێشێك میوانت نەبێت و بە هیچ جۆرێك پریشکی ئەو شەڕە تۆ و خێزان و ئازیزانت نەگرێتەوە. ئەوە ئەو پەڕی بەدڕەوشتییە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت