ئەلوف بێن: پاڕادۆکسی شکەستی ئیسڕائیل! – بەشی دووەم.
وەرگێڕانی: حەسەن ڕازانی
چۆن سەرکەوتنی سەربازیی وەڵات شکەستی سیاسی بەرهەم دەهێنێت!
بەردەوام بوونی ناتانیاهۆ لە دەسەڵاتدا لە گەڵ مێژووی ئیسڕائیلدا نایەتەوە! ناتانیاهۆ بە ڕاکردنی لە بەرپرسیاریەتی و مناوەرەکردنێکی وردیشی دەستدایە تا مانەوەی خۆی و پێڕەکەی لە دەسەڵاتدا درێژە پێبدات، توانی خۆی ڕزگار بکات لەو لێکۆڵینەوە توندەی کە دەستی پێکردبوو لەسەر سیاسەتەکانی ناتانیاهۆ کە خۆی لە پێکەوە ژیان و گونجان لەگەڵ حەماسدا دەبینیەوە و لە لایەکی تریشەوە کە گوێی بەو هەموو ئاگادارکردنەوانە نەدەدا کە سوپاو دەزگاکانی هەواڵگریی پێیان دەدا لەسەر هێرشی چاوەڕوانکراوی لەو جۆرەی حەماس بۆ سەر ئیسڕائیل. هەروەها هەوڵەکانیشی لە لاکەی ترەوە بۆ لاوازکردنی دەسەڵاتدارێتی فەلەستین کە هاوبەشی پێشووی ئیسڕائیلە بۆ چەسپاندنی ئاشتی. جا ئێستا لە ترسی شکەستهێنانی لە دەنگدان و بە دوای ئەوەشدا دەگەڕێت کە دادگاییکردنەکەی لەسەر گەندەڵی وەدوا بخات، ناتانیاهۆ تەنانەت خۆی لە دەنگدانی پێشوەختەش بەدوور دەگرێت! بۆیە بەشی سەرەکی پلان و ستراتیژی ناتانیاهۆ ئێستا هەر ئەوەیە کە درێژە بەشەڕ بدات و تەنانەت بەربڵاوتریشی بکات تا بەرەو لوبنانیش بڕوات و ناشیەوێت لەگەڵ حەماس بگاتە هیچ ڕێکەوتنێک! جا ئەگەر ئەو سیاسەتەی ناتانیاهۆ لە سەر حسابی تەواوی بە بارمتە گیراوەکانیش کە لە ناو غەزەو تونێلەکانی غەزەدان خەریکە هەر لە برسانا بمرن تەواو ببێت و بەسەرکەوتن بگات!
ناتانیاهۆ بۆ ئەوەی پارێزگاری لە دەسەڵاتی خۆی بکات هاتووە دەسەڵاتێکی یەکجار زۆی نایاسایی داوەتە هاوڕێ هەرێ ڕاستڕەوەکانی نێو هاوپەیمانیەتەکەی خۆی کە هەموو ئەوانە پڕ بەگەروویان دەنگی نا بەرز دەکەنەوە بۆ هەر ڕێکەوتنێکی بارمتە گۆڕینەوە کە کشانەوەی ئیسڕائیلی لە غەزە تێدا بێت لەگەڵ بەردانی چەکدارەکانی حەماس کە لە زیندانەکانی ناو ئیسڕائیلدان. ئا ئەمەشیان نوێنەرایەتی 180 پلە گۆڕان و بادانەوە لە هەڵوێستی نیشتیمانیدا دەکات! چونکە ئیسڕائیلیەکان هەمیشە شانازییان بەوەوە کردووە کە ئامادەی کردنی هەموو شتێکن لە پێناوی هێنانەوەی بارمتەو دیلەکانی جەنگ بۆ ماڵێ خۆیان، وەک لە هەڵمەتەکەی ساڵی 1976 دا دەرکەوت کە هێزی بەرگری ئیسڕائیلی IDF ئەنجامیدا لە شاری ئینتێبی یۆگەندا بۆ ڕزگارکردنی ئەو سەرنشینانەی کە لە ناو فڕۆکەیەکی فەرەنسیدا بوون کە لە تەل ئەبیبەوە دەچوون بۆ پاریس و لە ڕێگا فڕێنرابوون و بەرەو یۆگەندا برابوون. کە لەو هەڵمەتە بوێرانەیەدا برا گەورەکەی ناتانیاهۆ بە ناوی یۆنی گیانی خۆی بەخت کرد! ئینجا هەر پێنج ساڵ پێش ئێستا سەرۆک وەزیرانی ئیسڕائیل بەرەو مۆسکۆ کەوتە ڕێ و بە شێوەیکی تایبەت و هەر بۆ خۆی کەوتە پێک هاتن لەگەڵ سەرۆکی ڕوسیا ڤلادیمیر پۆتین بۆ بەردانی ئەو کچە گەنجە ئیسڕئیلیەی کە لە سەر هێنان و بردنی مادەی هۆشبەرەوە لە ڕوسیا گیرابوو. بەڵام سەیرە بۆچی ئەو کارەی نەکرد بۆ هێنانەوەی ئەو بارمتانەی کە لە 7ی ئۆکتۆبەردا لە لایەن حەماسەوە ڕفێنرابوون!
پێڕە ڕاستڕەوەکەی ناتانیاهۆ چاک درکیان کردبوو بەوگرنگیدانەی ناتانیاهۆ پێیان لە لایەکەوەو لە لایەکی تریشەوە دەیانزانی بارودۆخی ناتانیاهۆ چەندە ناسکە، بۆیە زیاتر مکوڕ بوون لەسەر داخوازیە سەرەکیەکانیان و لە نێویشیاندا گەڕانەوەی دوبارە کۆمەڵگا جولەکەکان بۆ ناو غەزە کە لە ساڵی 2005دا لە سەردەمی شاروندا وازیان لێهێنرا. هەرچەندە ناتانیاهۆ بە ئاشکرا ئەو بیرۆکەیەی ڕەتدەکردەوە بەڵام ڕەنگە لە بنەوە پێشی خۆش بووبێ تا خۆی بکاتە یەکەم سەرۆک وەزیرانی ئیسڕائیل تا بگوترێت کە لەسەردەمی ڕابەرایەتی ئەودا بیرۆکەی داخوازی فراوانکردنی هۆردوگای جولەکە نشینی ئیسڕائیل دەستی پێکردۆتەوە کە دەیان ساڵبووە پاشەکشەیان کردبوو لەو داواکارییانە! لەو چەند هەفتەی ڕابردوودا لەڤین، وەزیری داد، لە هێزی بن سێبەرەوە گەڕایەوە بۆ ناو حکومەت بۆ ئەوەی دەست بکاتەوە بە چاکسازیی لە دەسەڵاتی دادپەروەریدا و بە واز هێنانی لە ڕێبازی یاسادانان، خۆی خستە ناو خەندەقی شەڕی بیرۆکڕاتیانەوە و ڕیگەگرتن لە دامەزراندنی دادوەرو زیاتر پشتگوێخستنی ئامۆژگارییە یاساییەکانی داواکاری گشتی گالی بەهاڕاڤ میارا!
لە ساڵەکانی پێش 7 ی ئۆکتۆبەری، هەندێک لە بەرپرس و سەرکردەی عەڕەبی هاوڵاتی ئیسڕائیلی کەوتبوونە هەوڵ و کارێکی بەردەوام بۆ ئەوەی هاووڵاتیە عەڕەبەکانی ئیسڕائیل والێبکەن بە تەواوی لە گەڵ کۆمەڵگای ئیسڕائیلی تێکەڵ ببن، ئەوەش بە دەستەبەرکردنی پێدانی مافی یەکسان و ڕەخساندنی دەرفەتی زیاتری ئابووری بۆیان! بەڵام هەر دوای هێرشەکەی حەماس، حکومەت ڕێک ئەم هەوڵەی شکەست پێهێناو دەستی کرد بە گرتن و دادگایی کردنی عەڕەبەکان و بە بەهانەی پۆستەکانیان لە سۆشیال میدیا و تەنانەت دەست کرا بە ڕێگری لە هەموو ئەوخۆپیشاندانانەی کە عەڕەبەکانی ئەنتی شەڕ پێی هەڵدەستان لە ناو ئیسڕائیلدا! دەزگا سەرەکی و باوەکانی ڕاگەیاندنیش ڕێک هەمان ڕێبازیان گرتەبەرو خۆیان بەدوور دەگرت کە لە پانێڵە زۆرو زەبەندەکانیاندا بەشداری بکەن بەو عەڕەبانەی کە کۆمینتیان هەبوو، قسەیان هەبوو، شتیان دەزانی بیڵێن! لە ماوەی کەمتر لە دوو ساڵ، هاوپەیمانی ناتانیاهۆ توانی لە ڕووی سیاسییەوە دەست بەسەر تەواوی هێزی نیشتیمانی پۆلیسدا بگرێت و کۆنتڕۆڵی بکات و بیکاتە ئامڕازێکی کەسیی ژێر دەستی بەرەی هەرێ ڕاستڕەوی ئیسڕائیلیی کەسێکی خاوەن نفوزی وەک ئیتەمار بەن گڤیر، وەزیری ئسایشی نیشتیمانی، کە شاگردو خوێندکاری کەسێکی ڕەگەزپەرستی وەک قەشە، ڕەبای، مەیر کاهانە! لە لایەکی ترەوە بەن گڤیر دەستی کردە هەڵمەتێکی توندی شەڕی بیرۆکڕاتیانە، کەسی نزیکی خۆی و دۆست و هاوڕێیانی دامەزراندن لە شوێنە باڵاکان و پلەی ئەو ئەفسەرانەشی بەرز دەکردەوە کە بە شێوەیەکی نایاسایی ڕەشبگیرییان دەست پێکردبوو لە نێو خۆپیشاندەرانی دژی حکومەت و ئینجا لە لایەکی تریشەوە چاوی خۆی دەنوقاند لە هەموو ئەو تاوانانەی کە جولەکە توندڕەوەکان لە دژی عەڕەب و لادێکانی کەناری خۆرئاوا ئەنجامیان دەدا، هەروەها خۆی خەواندبوو لە هەموو ئەو تاوانانەی کە دەکرا لە دژی کۆمەڵگاو گەڕەکە عەڕەبنشینەکانی ناو شارەکانی ئیسڕائیل. چونکە بە لای بەن گڤیرەوە هەتا ڕێژەی عەڕەب کەم بکرایەتەوە لە ناو ئیسڕائیلدا لە بۆ جولەکەکان باشتر بووە!
هەتا ئەم دواییانەش زوربەی جولەکەکانی ئیسرائیل ئەم هەڵوێستە تونڕەوانەیان بە شەرمەزاری دەزانی، بەڵام ئەوەیان بەدەنگی بەرز نیشان نەدەدا، هەر بۆیەش ناتانیاهۆ توانی بارودۆخەکە لەگەڵیاندا هێواش بکاتەوە! لە هەمان کاتدا یەکێکی ترلە هەرێ ڕاستڕەوەکان بە ناوی بێزالێل سمۆتریش، کە وەزیری داراییە لە کابینەکەی ناتایاهۆدا، ڕابەرایەتی هەڵمەتێکی ڕەگەزپەرستانە دەکا بۆ لکاندنی تەواوی کەناری خۆرئاوا بە ئیسڕائیلەوە! کە دیارە ئەمەش لە ڕێگەی برسی کردنی دەسەڵاتدارێتی فەلەستینیەکانەوە دەکات. ئەو دوو کەسە هەرێ ڕاستڕەوە سمۆتیش و بەن گڤیر بە ڕوونی و ئاشکرایی ئامانجی خۆیان خستۆتە ڕوو کە ئەویش بریتیە لە دەستبەسەراگرتن و لکاندنی تەواوی کەناری خۆرئاوا بە ئیسڕائیلەوە، بەڵام ئێستا ئەو کارە تۆزێک ئاڵۆزتر بووە، ئەویش لەبەرئەوەیە کە داگیرکردن و شەڕی غەزە لە گۆڕێدایە!
پڕۆژەی یاسای پارە!
ئەو فرە بەرەیەی شەڕ کە ئیسڕائیل تێیەوە گلاوە شەڕێکی لە ناوخۆشیدایە کە ناتانیاهۆی سەرۆک وەزیران دەستی داوەتێ بۆ گۆڕینی نۆرم و هەڵوێستەکان. هەرچەندە ناتانیاهۆ زۆرێک لە بیرۆکە ئایدۆلۆجیەکانی لەگەڵ هاوپەیمانە ڕاستڕەوەکانیدا هاوبەشی پێدەکا، بەڵام ئەو کەوتۆتە مناوەرکردن ڕووەو پێگەیەکی سیاسی کە بە بارمتە گیراوە لە لایەن ئەوانەوەو ئێستاش دەیەوێت تەواوی خەڵکی ئیسڕائیل بە بارمتە بگرێت وەک چۆن خۆی کراوەتە بارمتە!
هێرشەکەی 7 ی ئۆکتۆبەر ئیسڕائیلیە سێکیولارو بە تایبەتی نێودەوڵەتیەکانی خستە تەنگژەوە. لە ماوەی سێ دەیەدا دوای کۆنفرانسی مەدرید لە ساڵی 1991 و ڕێکەوننامەی ئۆسڵۆ لە ساڵی 1993دا، ئەو ئیسڕائیلیە سێکیولارو نێودەوڵەتیانە شانازیان بە وەڵاتەکەیانەوە دەکرد کە توانیویەتی وەک بەشێک لە ڕۆژئاوا دەرکەوێت، هەروەها کێشەی فەلەستینیش وەک گرفتێکی چارەسەرنەکراو سەیریکراوەو گوتراوە کە دەتوانرێت هەر وا بەوشێوەیە لەگەڵیدا بەردەوام بن. بەڕێوەبردنی کێشەی فەلەستین بەبێ هیچ بەرەو پێشچوونێک، لە کاتێکدا کە ئیسڕائیل لە ڕووی ئابووریەوە بەرەو پێش چووە و کێشەی فەلستینیش نە بەرەو ئاشتی و نە بەرەو شەڕێش براوە بریتیبووە لە ڕێبازی سیاسی ناتانیاهو هەر لەو ڕۆژەوەی کە هاتۆتەوە نێو گۆڕەپانی سیاسەت لە ساڵی 2009. هەروەها ناتانیاهۆ دەستی بە هەڵگەڕانەوە کرد لێیان و دەستی دایە چاکسازییەکی گشتی لە دەسەڵاتی دادوەریدا، جا ئەو هەوڵەی ناتانیاهۆ ڕێخۆشکەر بوو کە هاوپەیمانییەکی ناوخۆیی پێک بێت لە نێوانی ناتانیاهۆ و نوخبەی لیبڕالیی ئیسڕائیلی. هەتا ئەگەر ئەو نوخبەیە دەنگیشیان پێنەدابایە بەڵام لە لاکەی ترەوە زۆر دڵخۆشبوون بەوڕێژە زۆرە پارەیە کە ستراتیژیەکەی ناتانیاهۆ خستبوویە بەردەستیان و وایان نیشاندەدا کە وەڵاتەکەیان لە ڕێزی وەڵاتانی پێشکەوتووی ڕۆژئاوادایە لە ڕووی گەشەسەندنی ئابووریدا و یەکێکە لە وەڵاتە بەرەو پێشچووەکان لە ڕووی نێودەوڵەتیەوە!
جا ئێستا لیبڕاڵەکانی ناو ئیسڕائیل تووشی فشاری دوولایەنە بوونەتەوە، لە لایەکەوە لە لایەن ڕۆژئاوای پێشکەوتنخوازو لیبڕاڵەوە لە لایەکی تریشەوە لە لایەن بنکەی ناتانیاهۆوە لە ناو خۆی ئیسڕائیلدا تووشی پەراوێزخران و بە شەیتانی کردن بوونەەتەوە! هەرچەندە هەردووک بەرەی جولەکەی پارێزگارو ئایینی ناو ئیسڕائیل وەک یەک بەدەستی دابەزینی بەهای (شێکڵ) و بەرزبوونەوەی هەڵاوسانەوە دەناڵێنن بەڵام لە لایەکی ترەوە توانیویانە مانایەک بدەن بە بەردەوامی شەڕەکە! بە تایبەتی بۆ ئەوهێڵە توندڕەوە لە جوولەکە توندڕەوەکانی بەری کەناری خۆرئاوا کە ئێستا هەست دەکەن ڕاست بوون کە ساڵی 2005 دژایەتی چوونە دەرەوەی ئیسڕائیلیان دەکرد بە تەواوی لە غەزە. ئێستا هەست دەکەن لە نێو کۆمەڵگای ئیسڕائیلیدا پێگەیان بەرەو هەڵکشان و بەرزبوونەوە دەڕوات بە تایبەتی لە نێو سوپای هێزی بەرگریی ئیسڕائیلیدا کە تێدا بوونێکی کاریگەرو بەرچاویان هەیە!
ئیترئەو لیبڕالانەی کە لە هەموولایەک زیاتر پابەندبوون و زۆرتریش زەرەرمەند بوون ڕوویان کردە دوو ستراتیژ بۆ مانەوەی خۆیان. یەکیکیان ئەوەیە کە کۆچ بکەن بۆ وەڵاتانی تر جا ئەگەر بە شێوەیەکی کاتیش بێت، یان دەچن داوای پاسپۆرتی وەڵاتێک دەکەن کە کەس و کاریان لەوێ نیشتەجێیە بۆ ئەوەی لە ڕێگەی کەس و کارەوە بتوانن ئەوانیش بچنە ئەو وەڵاتە! ئەو دیاردەیە لە پێش شەڕی غەزەش بوونی هەبووە، لەو ڕۆژەوە دەستی پێکردووە کە ناتانیاهۆ دەستی بە کودەتا کرد بەسەر دەزگای دادا. بۆیە قسەوباس لە نێو ئیسڕائیلیکاندا دەربارەی بەجێهێشتنی وەڵات بە تایبەتی لە نێو چینە دەوڵەمندو زیاتر ڕۆشنبیرو بە ئاگاکەدا بەرەو توندی و زۆر بوونیش ڕۆیی هە رکە شەڕی غەزە دەستی پێکرد لە گەڵ فەرمانڕەوایی ناتانیاهۆ. جا ئەو شوێنانەی کە ئیسڕائیلیەکان زیاتر کۆچیان دەکرد و دەیانویست بۆی بڕۆن بریتیبوون لە یۆنان، پۆڕتوغال، تایلاند و هەروەها ئەو شوێنە نەریتەی وەک لەندەن و نیویۆڕک. جا هەندێک لەو ئیسڕائیلیانە تەنانەت توانیویانە هەمان کارو بەرژەوەندیە ئابووریەکەی خۆشیان لە ناو ئیسڕائیلدا بپارێزن ئەوەش هەر لە دوورەوە بە ڕێگەی دیجیتاڵیی گەڕۆکەوە یان ئۆنلاینەوە!
نەیارانی ناتانیاهۆ بە هیوای ئەوەن کە بە شێوەیک لە شێوەکان ناتانیاهۆ بەختی نەمێنێت!
ستراتیژیەکەی تری نەیارانی ناتانیاهۆ بۆ مانەوەی خۆیان بریتی بوو لە بەردەوام بوون لەسەر هەڵوێستەکانیان و بەردەوام بوون لە خۆپیشاندان و ناڕازایەتی دەربرین لە دژی ناتانیاهۆ لە لایەکەوەو لە لایەکی تریشەوە بەردەوامبوون لە پشتگیری کردنی سوپای بەرگریی ئیسڕائیل لە شەڕیدا لە دژی حەماس و داوای بەردانی هەموو ئەو بە بارمتە گیراوانەشیا دەکرد کە لە ژێردەستی حەماسدا ماون. لە کۆتایی مانگی هەشت دا قەیرانی بارمتەکان گەیشتە ترسناکترین ترۆپکی خۆی کاتێک کە حەماس شەش لەو بارمتانەی لە تونێلێکدا لە ڕەفەح کوشتن. جا لەو کاتی توڕەیی و پەژارەیەدا کە ناتانیاهۆ نەیتوانیوە بگاتە ڕێکەوتنێک لە گەڵ حەماسدا بۆ ڕزگارکردنی ئەو شەش بارمتەیەو گفتوگۆکانیش کۆتایی پێناهێنێت بۆ بەردانی هەموو ئەو بارمتانەی کە هێشتا بەرنەدراون، بۆیە بەو هۆیەوە بە سەدان هەزار لە ئیسڕائئیلیەکان ڕژانە سەر شەقامەکان و لە دژی حکومەت و ئەو خۆپیشاندانەش گەورەترین ناڕازایەتی بوو کە لە دوای 7ی ئۆکتۆبەرەوە ڕوویدا!
بەڵام هەتاکو ئێستاش ناڕەزایەتیەکانی سەرشەقام نەیانتوانیوە بنکەی هاوپەیمانی ناتانیاهۆ بهێننە لەرزین. ئەو ناڕەزایەتیانە لە لایەن هەمان پێڕی نەیاری ناتانیاهۆ وە پشتگیری دەگرێن کە لە نێویاندا گاڵانت هەیە کە سەرکردایەتی ناڕەزایەتیەکانی کرد لە دژی ئەو چاکسازییەی کە ناتانیاهۆ دەستی پێکرد لە دەزگای داد. بەڵام سەرۆک وەزیران زۆر بە زیرەکانە مامەڵەی لەگەڵ بارودۆخەکەدا کردو هەموو ئەو خۆپیشاندانانەی بە سیاسیی ناساندن و مەبەستی سەرەکییان هیچ شتێک نیە تەنها دەڕپەڕاندنی منە لە دەسەڵات. جا ئێستا ناتانیاهۆ بابەتی بارمتە ئیسڕائیلییەکانی ژێر دەستی حەماس و میحنەتی ئەوانی کردووەتە بەهانەو بەکاری دەهێنێت!
نەیارانی ناتانیاهۆ هەر بە هیوای ئەوەن بەشک و ناتانیاهۆ بەختی هیچی تر نەیهێنێت یان لە شوێنێکەوە قڵشتێک بومەلەرزەیەک درووست بکات. یەکێک لە هەرێ کێشە ئاڵۆزەکانی ناوخۆ کە ناتانیاهۆ ڕووبەڕووی بووەتەوە بریتیە لە لێخۆشبوون لەو گەنجانەی کە زۆر ئۆرسۆدۆکسی و توندڕەوی ئایینین لە چوونیان بۆ خزمەتی سەربازی! ئەوە بۆ چەندین دەیە دەچێت کە بەهانەی ڕابەرانی ئایینی هەرێ توندڕەوی ئۆرسۆدۆکسی بۆ ئەو بابەتە ئەوەیە کە دەبێ ئەو گەنجە ئۆرسۆدۆکسیانە بپارێزرێن لە ژیانی سێکیولاریی کە لەوانەیە لە سەربازگەکاندا ڕووبەڕووی ببنەوە. جا ئێستا ئەو شەڕە بە تەواوی ئەو جیاوازیە گەورەو نایەکسانەی ئاشکرا کردووە کە هەیە لە نێوانی گەنجە هەرێ توندڕەوە ئایینیەکان و گەنجانی تری ئیسڕائیل کە هەموو کات بانگ دەکرێن کە بچن بۆ خزمەتی سەربازیی و خۆیان بکەنە قوربانی وەڵاتەکەیان!
لە مانگی حوزەیراندا، دادگای باڵای ئیسڕائیل گوتی کە هیچ بنەمایەک لە گۆڕێدا نیە بۆ ئەوەی گەنجی ئۆرسۆدۆکسی توندڕەوی ئایینی نەچێت بۆ خزمەتی سەربازیی و ئەوەی تریان بچێت.دەبێ هەردووک لا بە یەکسانی مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت! جا ئێستا حکومەت لە جێبەجیکردنی ئەو بڕیارەدا سستی دەنوێنێت و سوپاش نایەوێت کەس بە زەبری زۆریی پەلکێشی خزمەتی سەربازیی بکات. ئێستا ئەو کێشەیەش لە گۆڕێدایەو جارێکی تر سەرهەڵدەداتەوە کاتێک کە ئەنجومەنی یاسادانان دەنگ لەسەر بودجەی ساڵی داهاتوو دەدات! ڕابەرە سیاسیەکانی بەرەی ئۆرسۆدۆکسی هەرێ توندڕەوی ئایینی دەستیان کردووە بە هەڕەشە و دەڵێن ئەگەر بێت و ئەو ڕەش نووسەی لێخۆشبوون لە لاوانی ئایینی ئۆرسۆدۆکسی لەبۆ خزمەتی سەربازیی ڕەزامەندی لەسەر دەرنەبڕن ئەوا حکومەت دەڕوخێنن! جا هەر لەو دواییانەدا و بۆ ئەو مەبەستە ناتانیاهۆ بۆ پاراستنی خۆی هات کەسێکی وەک گیدیۆن سار کە وەزیری دادی پێشوو بوو هێنایە ناو هاوپەیمانیەتیەکەی خۆی!
ئەلوف بێن سەرنووسەری ڕۆژنامەی هارێتزە!
سەرچاوەی ئەو نووسینە:.https://www.foreignaffairs.com/middle-east/israel-paradox-defeat-aluf-benn