نەوزادی موھەندیس: پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا لە نێوان ڕاستگۆیی و فێڵ و فریوداندا.
کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی
لە 29. 10. 2024 دا یادی 101 ساڵەی دامەزراندنی کۆماری تورکیای نوێ دەکرێتەوە، ئەوەی جێگەی سەرسوڕمانە کە لەو یادەدا و دوای 101 ساڵ سەرانی توندڕەو و دەمارگیر و تۆرانی و فاشیەتی تورک ھەستاون بە نمایشێکی سیاسی و لەچوارچێوەی دەسپێشخەریەکی ئاشتیانە بۆ کوردانی باکوری کوردستان، بەناوی پێکەوەژیانی ئاشتیانەی نێوان کورد و تورک و بە کوردان دەڵێن؛ برا و داوای ڕاوەستانی کورد و تورک دەکەن بە یەکەوە و بەیەک ڕیز دژی توندوتیژی و تێڕۆر و دەڵێن؛ باچیدی خوێنی ڕۆڵەکانی یەکتر بەدەستی ئەویتر نەڕژێت و پێکەوە لە کۆماری تورکیا وەک یەک نەتەوە بژین بە ئاشتی و ئەو خەرجی و خوێنەی دەیڕێژین دژ بەیەکتری با بیدەینە ئاوەدانی و گەشەو پێشکەوتنی وڵات. ئەم وتانە لە کۆبونەوەی ڕێکەوتی 22/ ئۆکتۆبەردا لەلایەن دەوڵەت باخچەلی 76 ساڵە و سەرۆکی پارتی نەتەوەیی توندڕەوی تورکیا (مەھەپە) وە بڵاوکرایەوە لە کۆبونەوەی لیستەکەیان لە پەڕلەمانی تورکیادا و کە ھاوکار و ھاوپەیمانی چەندین ساڵەی ئەردۆگان و ئاکاپەی دەسەڵاتدارە لە تورکیادا.
ئەم دەستپێشخەریە و لەم کات و ساتەدا و لەلایەن کەسێکەوە کە توندڕەوترین تورک بوە دژ بە ماف و مەسەلەی کورد لە تورکیادا و لەھەر چوار پارچەکەی کوردستانیشدا،لەلایەک جێگەی تێڕامان و ھەڵوێستەکردنە لەسەری و لەلایەکیش جێگەی مەترسی و دوودڵیە، چونکە ھیچ کات کورد بڕواو متمانەی بە گفت و کرداری تورکان نیە بەتایبەتیش باخچەلی و پارتەکەی کە داڕێژراون لەسەر بناغەی دژایەتی کورد و ھەموو کەمینەکانی تر لە تورکیادا.
بۆیە گەرەکە بزانین ئەم دەستپێشخەریە بەناو ئاشتی و ئاشتبونەوەی تورکان، ھەر بەڕاست و ڕاستگۆییانە؟ یانیش تەنھا بۆ موزایەدەی سیاسی ناوخۆی پارتەکانی تورکیایە؟ یانیش بۆ فێڵ و فریودانی کوردانە؟ یان بەھۆی ئاڵنگاری و مەترسیەکانی سەر ئایندەی تورکیا لەناوچەی ڕۆژھەڵاتی ناویندایە؟یانیش بۆ خۆدزینەوەیە لە شکستە سیاسی و ئابوری و سەربازیەکانی ئاکاپە و ئەردۆگان لەماوەی 22 ساڵی ڕابووردودا؟ و دەیان پرسیاری تریش.
ئەوەی ئاشکرایە ئەم دەستپێشخەریەی تورکان و بەتایبەتی باخچەلی و ئەردۆگانی ھاوپەیمانی یەکتری لەم کات و ساتە ھەستیار و ناسکە و مەترسیدارەی کە ناوچەی ڕۆژھەڵاتی ناوینی پیادا تێپەڕدەبێت لە سایەی شەڕ و جەنگ و ململانێ نەبڕاوەکانی ئیسڕائیل و عەرەبەکان لەلایەک و دواتریش وڵاتانی لوبنان و سوریا و عێراق و یەمەن و ھەموانیشیان بە ڕابەرایەتی ئێرانی ئیسلامی و بەناوی بەرەی مقاوەمەتی ئیسلامیەوە و دوور لە ھەڵوێستێکی گەرموگوڕی عەرەبی سونەوە،ناوچەکە کەوتۆتە بەردەم ھەڕەشەی گۆڕانکاری لە جوگرافیا و بەرژەوەندی و نەخشەکانیدا، ھەربۆیە ئەوەی دەخوێنرێتەوە ئەوەیە کە ئەردۆگان و باخچەلی وەک دوو کەسایەتی تۆرانی و فەشیەتی تورکی مێژوویی و خاوەنی سیاسەتی قڕکردنی کوردان و گروپی توندڕەوی گورگە بۆرەکان گەرەکیانە لەلایەک ڕیزی ناوخۆی تورکیا و بەتایبەتیش لەگەڵ کورددا یەکبخەنەوە و بەرەی ناوخۆییان پتەو و بەھێزبکەنەوە لەکاتێکدا و لە ئێستادا کوردانی باکور (دەم پارتی) نزیکن لەبەرەی ئۆپۆزسیۆن بەڕابەرایەتی پارتی کۆماری تورکیا (جەھەپە) و گەرەکیانە دووری بخەنەوە و دواتریش پێکەوە بەنیازن کە ھەمواری دەستوری تورکیا بکەنەوە لە بەرژەوەندی ڕێگەپێدان بە ئاردۆگان بۆ خۆھەڵبژاردنەوەی بۆ دوو خولی تر بۆ سەرۆکی تورکیا و بەردەوامبوونی دەسەڵاتی ئاکاپە و مەھەپە بۆ 10ساڵی ئایندە. ھەربۆیە لەبەر ئەم نیەت و ھەنگاو و مەبەستە شاراوانەی ئاکاپە و مەھەپە پڕۆسەی ئاشتبونەوە گومان و تێڕامان و نیشانەی پرسیاری لەسەر دروست دەبێت لەلایەن کوردانەوە،چونکە بەپلەی یەکەم تەنھا بەرژەوەندی خۆیان و مانەوەیان لەدەسەڵاتدایە نەک داننان بە مافە ڕەواکانی کوردان و گەڕاندنەوە بۆ سیاسەتێکی حەکیمانەی مرۆڤدۆستانە بەرامبەر بە کوردان کە نزیکەی 100ساڵە بە ئاگر و ئاسن کوشت و بڕی کوردان و گەلانی ناوچەکەش دەکەن.
کەواتە ئەم نیەتە بە ڕوکار شیرین و ڕاستگۆیانەیە لەلایەن مەھەپە و ئاکاپەوە،بەڵام لە ژێرەوە نیەتێکی فرت و فێڵ و تەپکەنانەوەی تیادا دژ بەکوردان و فریودانی لێدەوخێنرێتەوە و گەرەکیانە کە لەم قۆناغەدا مەسەلەی کورد لەھەر چوار پارچەکەی کوردستاندا بۆتە مەسەلەیەکی گەورە و گرنگی نێودەوڵەتی لەبارببەن و بیگێڕنەوە بۆ دواوە بۆ دەیان ساڵی تر.
بەھەمان شێوە بریتیە لە موزایەدەی سیاسی نێوان مەھەپە و ئاکاپە لەلایەک و جەھەپە و ھەموو ھێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی تر لەلایەکی ترەوە.ئەگینا ئەمە چ لۆژیک و مرۆڤدۆستانەیەکی تورکانە کە ھەموان پێکەوە و لەیەک کاتدا بونەتە پارێزەری کوردان و داوای دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی و بە ئاشتی پێکەوە ژیان دەکەن و کوردان بەبرا ناودەبەن.
ئەمە چ دووفاقیەکی سیاسیە کە باخچەلی کە دەیان جار ئاپۆ و پەکەکەی بە تیرۆریست ناوزەد دەکرد و داوای لە سێدارەدانی دەکرد کەچی ئێستا بۆتە فریشتە و پەیامبەری ئاشتی و ھەربۆخۆی دەڵێت؛ بابەتی ئاشتی نە لە ئەدرنەیە و نە لە قەندیلە و تەنھا لە ئیمڕاڵیە و دەکرێت یاسایەک دەربکرێت و ئەو کەسەی کە گیراوە لە ئیمیڕاڵی بێتە پەڕلەمان و داوای ئاشتی بکات و شەڕ ڕابگرێت و چەکەکان بێدەنگ بکات. باخچەلی لەگەڵ ئەم دەستپێشخەریەدا بەبەردەوام جەخت لەسەر بنەبڕکردنی تیرۆر و تیرۆریستان دەکاتەوە لە وتەکەیەدا کە ئاشکراشە تەنھا مەبەست لێی کوردان و پارتە شۆڕشگێڕانەکەیەتی.
بەدڵنیایی ئەم ھەنگاوەی تورکان لە ئەنجامی شکستی سیاسەت و ئابوری و ئەمنی ئاکاپە و ئەردۆگانەوە ھاتوە و بەتایبەتیش بەرامبەر ھێزی گەریلای کوردان و شەڕە بەردەوامەکانی و مانەوەیان بە بەھێزی بۆ ماوەی 25 ساڵی ڕێک دوور لە سەرۆکایەتی ئۆجەلانی بەندکراو لەساڵی 1999وە.
لەلایەکی تریشەوە ئەم ھەنگاوەی تورکان لەبەر ھەڕەشە و مەترسیە گەورەکانی ئیسڕائیل و ئەمریکا و ئەوروپیەکانە دژ بەتورکیا و سیاسەتە فراوانخوازیەکانی بۆ ناوچەکە و دژ بە سیاسەتە دووڕووەکانی ئەردۆگانە لەگەڵیاندا بەپشتگیری و ڕووکردنە ڕوسیا و ڕۆژھەڵات و ئەندامێتی لە ڕێکخراوی بریکسدا و پاڵپشتی لەجەنگی ئۆکرایندا دژ بە ڕوسیا.
ھەموو ئەم ھۆکارانە پاڵنەری ڕاستەقینەی دەستپێشخەریەکەی تورکانن بۆ کورد، بۆیە ھێندەی ڕق و قین و فرت و فێڵ و فریودانی لێدەخوێنرێتەوە نیوھێندە ڕاستگۆیی و ھەڵوێستێکی ژیرانە و حەکیمانە و مرۆڤدۆستانە و ئاشتیانەی لێناخوێنرێتەوە.
بەڵام لەگەڵ ھەموو ئەوانەشدا گەرەکە کوردیش ئەم دەستپێشخەریە وەک کارێکی دیپلۆماسی و دەروازیەک بۆ گفتوگۆی ئاشتیانە بقۆزێتەوە و بەسەر سیاسەت و ھەڵوێست و کار و گوتاری خۆیدا بچێتەوە چ وەک بوونی لە پەڕلەمانی تورکیادا و خەباتی ئاشتیانە و جەماوەری و پەڕلەمانی (دەم پارتی) و چ وەک خەباتی شاخ و گەریلایی (پەکەکە)، بۆیە گرنگە بەوردی و بە دید و تێڕوانینێکی نوێی سەردەمیانە کە قۆناغەکە دەیخوازێت بەرەوپیری ئەم ھەنگاوە بچن. لەلایەک بۆ سەلماندنی نیازپاکی کوردان بۆ ئاشتی و ئاشتبونەوە و پێکەوە ژیان و لەلایەکی تریشەوە بۆ ھەڵماڵینی ڕووی ڕاستەقینە و نیاز ونیەتە شاراوەکانی تورکان بەرامبەر بەکورد و مەسەلە ڕەواکەی.
گرنگە وەک ھەل و فورسەتێکی ڕەخساوی قۆناغەکە کە ھاتۆتە پێشەوە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت و پێداگیری لەسەر بابەت و خاڵ و بەرژەوەندیە نەتەوەیی و دیموکراتی و مرۆڤدۆستانەکان بکرێتەوە لەگفتوگۆکاندا.
ئەم پڕۆسەی ئاشتیە چەندین جارە دووبارە دەبێتەوەو سەرناگرێت،چونکە دوژمن و نەیاری زۆری ھەیە لەھەردوولاوە، ھەر بۆ نمونەش ئەنجامدانی تەقینەوە و ھێرشکردنە سەر کۆمەڵگای پیشەسازی ئاسمانی و فڕۆکەوانی تورکیا لە ئەنکەرەی پایتەخت لە ڕێکەوتی 23/ئۆکتۆبەردا ،ئەم کارەش ئەوە دەردەخات کە توندڕەوان لەنێوان ھەردوولادا کە ئامانج و بەرژەوەندیان لەدرێژەپێدانی شەڕدایە لێناگەڕێن کە پڕۆسەکە سەربکەوێت و بگاتە ئامانج.
بۆیە ھەردوولا و سەرکردایەتی ھەردوولا پێویستە پێداگیربن لەسەر ھەنگاوەکانیان و ھەر بەمەش تورکان و کوردان و تورکیاش دووردەخەنەوە لەجەنگ و کاولکاری و دواکەوتوویی و ھەژاری و مەترسی دابەشبوون و داگیرکاری. ئاشکراشە کە ھەمیشەش سەرکەوتن بۆ ئاشتیخوازان بوە دژ بە شەڕخوازی و جەنگ و کاولکاری.
کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی
- بابەتەکانی تری نەوزادی موهەندیس
نەوزادی موھەندیس: سیناریۆکانی بەردەم پێکھێنانی کابینەی دەھەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان چین؟
-نەوزادی موھەندیس: ئایندەی پڕۆسەی سیاسی لە عێراقدا، لەسایە ھەژموونی وڵاتانی دەرەوەدا.
-نەوزادی موھەندیس: ھەڵبژاردنی پەڕلەمانی کوردستان و ئایندەی پڕۆسەی سیاسی لە ھەرێمدا.
- All Posts