هوشیار ئەحمەدی: پێویستە کورسیی دەسەڵاتداری بە بەرپرسیاریەتی مێخڕێژ بکرێ.
کورسیی دەسەڵات کاتێ ڕەخنە و چاودێری و لێکۆڵینەوە و لێپرسینەوەی دامەزراوەیی لە سەر نەبێ، کورسیخوازان و دەسەڵاتداران زۆر و بۆر ئەبن.
هەموو کەسێ لەخۆڕا ئەبینێ خۆی بۆ بەرزترین پلە و پۆستی دەسەڵات و بەرپرسیارێتی بپاڵێوی، تەنانەت گەر بەقەت سەرەپووشێ شاڕەزایی و پسپۆڕیشێ لە بوارەکانا نەبێ.
ئەو کەسانە پێیانوایە، مادام سیستم نیە، چاودێری و لێکۆڵیەوە و ڕەخنە و ڕەخنەگری جیدییان لە سەر نیە، بەرامبەر کەس وەڵامدەر نابن هیچ، ئەتوانن بە کورسی گۆڕین و ئەمبەر و ئەوبەر کردن، جێگای خۆ خۆشتر و جێگیرتر بکەن. بەو جۆرەش کورسییەکانیان نەرمتر و جێگاکەیان گەرمتر و پشتیان قاییمتر بکەن.
ئاخر ئەگەر تەنانەت لە سەر گەندەڵی و نابەرپرسیاریەتییەکیش تووشی لێپێچینەوە ببن، لە سیستمی گەندەڵا لایەنیتر بە هەموو گەندەڵی و پیسکارییەکانیانەوە ئەیانگرێتەخۆ و لە ماسییەکی گەڕ و لاوازەوە ئەیانپارێزن، خۆراکیان ئەدەن، شەڕیان پێ ئەکەن و سەرئەنجام ئەیانکەنە قرش(کۆسە) و نەهەنگێکی زل و دڕ. بەڵام دیموکراسی و سیستمی دامەزراوە و چاودێری و لێکۆڵینەوە و لێپێچینەوە و لێپرسینەوە ئەتوانێ کورسییەکان بۆ مێشک گەندەڵ و نابەرپرسیارەکان مێخڕێژ و نائاسوودە بکات.
هەڵبەت ئەوانە هەموو ئەگەڕێنەوە بۆ مێشکی میللەت و تاکەکانی، ئەگەڕێنەوە بۆ پەروەردەی خێزانی و کۆمەڵگا و سیستمی پەروەردە و قوتابخانەکان. میللەتێ هوشیار نەبێ، تاکە هوشیارەکانیشی لە ناهوشیاریی خۆیا نوقم ئەکات، دەنگیان ئەبڕێ، کپیان ئەکا، ئەیانخنکێنێ و سەرئەنجامیش لەناویان ئەبات. بەڵام میلڵەتێ هوشیار بێ، کورسییەکانی دەسەڵاتدارێتیی بۆ مرۆڤە گەندەڵ و نابەرپرسیارەکان مێخڕێژ و تیخڕێژ ئەکا. بە پێچەوانەوە بۆ مرۆڤە هوشیار و بەرپرسیار و خزمەتگوزار و دڵسۆزەکانی، وەک قەڵایەکی قاییم، و پشتئەستوور لە پشتیان ئەبێ.
بەو پێوەرە، کورسییەکانی دەسەڵات لە هەرێمی کوردستان، بە هەر گەندەڵی و پیسکارییەکیشەوە، بۆ هەمووان هەر مۆبل و قەنەفەن و بە گۆڕینیشیان باشتر نەبێ، خراپتریان دەست ناکەوێ. بۆیە هەر کەسێ لە خۆڕا ئەبینێ خۆی بپاڵێوێ بۆیان و میللەتیش بێ ئەوەی تۆزقاڵێ شارەزایی، پسپۆڕی، دڵسۆزی، خزمەتگوزاری و… هتدی بۆ گرنگ بێ، بە هەوای زگ دەنگیان پێ ئەدات.
لەوانەشە ئەو بەهەوای زگ دەنگدانەی میللەتیش جۆرێ بێ هیوایی و دانکەن بوونیان بێ لەو دەسەڵات و حیزبانە و لە بێ هیواییا پێیان، بیانەوێ بە هەوای زگ هەڵسوکەوتیان لە گەڵ بکەن و بڵێن خلە نەبێ با بلە بێ، خۆ باری ئێمە وەک وشترەکە هەر چل مەنە.
ئەوەش خۆی باسێکی تێر و تەسەلی ئەوێ کە لەم وتارا جێای نابێتەوە.