عەبدوڵا کەریم مەحمود: خەونەکانی دارای ئاسکە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

دارا عومەر ئەمین میتۆ، ناسراو بە( دارای ئاسکە)، لە 9ی حوزەیرانی 1963 تەمەنی دووساڵ و نیوو بوو حەرەس قەومییەکان لە ماڵی خۆیان باوکیان گولە باران کرد، هیچ دیمەنێکی تراژیدیای باوکی و شارەکەی لە یاد نی یە. عومەری باوکی ( دارا و سەرگوڵ )، کارمەندی ئیدارە محلی سلێمانی و کادری پێسکەوتووی حیزبی شیوعی عێراق بوو.
دارا لە پۆلی یەکەمی سەرەتایی بوو، مامۆستاکە ناوی خوێندکارەکانی بەڕیز دەخوێندوە لە پۆلدا دەخوێندوە:
– دارا عومەر ئەمین
دارا دیوت: بەڵێ
بیری لە ناوە نامۆییە دەکردەوە لە دڵی خۆیدا دەیووت: ئەبێ ئەو (عومەر ئەمین )ـە کێ بێت )؟
دارا روخساری باوکی نەبینی بوو، لە مانای سۆزیی باوکایەتی نەدەگەیشت.
ئەوکاتانەی لە گەڵ هاوڕێکانیدا، پێکەوە لە ماڵەوە دەچوون بۆ قوتابخانە، هاوڕێکانی باسی باوکی خۆیان دەکرد، دارا هەستی بە بۆدابڕانێکی رۆحی بێ باوکی دەکرد، زمانی لە گۆ دەکەوت، گریانێک بەبێ دەنگی و شەرمییەک ناخی داگیر دەکرد و نەیدەتوانی سوێی ئازاری بێ باوکی خۆی بۆ هاوڕێکانی دەربڕێت.
ئێوارەیەکیان لە گەڵ هاوڕێیەکی دا لە کۆڵان یاریان دەکردو بوو بەشەڕیان، هاوڕێکەی بە توڕەییەوە بە دارای وت: تۆ هەتیویت، یارییت لە گەڵ ناکەم.
دارا بە دڵێکی شکاو رۆحێکی بریندارەوە رووی کردە ماڵەوەو خۆی خزاندە باوەشی دایکی و بە گریانەوە وتی: دایە گیان کوا باوکم؟ بۆمن هەتیووم؟ باوکم لە کوێ یە؟
دایکی بەقورگێکی پڕ لە گریانەوە، فرمێکەکانی تێکەڵ بە فرمێسکی کوڕەکەی بوو، دەستی بەسەری کوڕەکەیدا هێناو وتی: باوکت لە بەغداد کاردەکات، کەی گەڕایەوە پاسکیلت بۆ دەکڕێت. دایکی خەونەکانی دارای کرد بە دووخەون، چاوەڕوانی( باوکی و پاسکیل ).

بە هاوڕێکانی دەوت: باوکم لە بەغادایە، پاسکیلم بۆ دەکڕیت.
خەونی چاوەڕوانی باوکی و خەیاڵی پاسکیل، رۆژو مانگ و ساڵی بەڕێ کرد، نە باوکی گەڕایەوە، نەسواری پاسکیل بوو.
ئەو رۆژە باران بە خوڕ دەباری، داراوسەرگوڵی خوشکی لە قوتابخانە دەگەڕانەوە بۆ ماڵەوە ،لە پەنجەرەکەوە دایکیان بینی وێنەکی بەدەستەوەیەوبە گریان لە گەڵیدا دەدوێ :
-عومەر بۆبە تەنیا منت بە جێ هێشت، بۆ نەهامەتی رۆژگار .
دارا و سەرگوڵ بە پرتاو خۆیان کرد بە ژوورەکەدا و باوەشیان کرد بە دایکیاندا و فرمێسکەکانی سەر روومەتی دایکیان سڕی، دایکیان پێی وتن:
شەوی 8ی حوزەیرانی 1963 عومەری باوکتان دەیزانی بارودۆخی شار ئاسایی نییە، ئەو شەوە لە گەڵ چەند هاوڕییەکیدا لە باخەکەی گەڕەکی مەولانا خۆیان شاردەوە، تاریک و لێڵی بەیانی 9ی حوزەیران عەمەر گەڕایەوە بۆ ماڵەوە، دوای تاوێک لە ناکاو چەند حەرەس قەومییەک بەتوندی لە دەرگایانداو دەرگام کردەوە، چەکدارەکان لولەی چەکەکانیان ئاراستەی عومەر کرد. وەک شێتم لێ هات نەم دەزانی چییان پێ بڵێم، بە گریانەو لاڵانەوەو پاڕانەوە: هاوسەرەکەم مەکوژن.
بە دەسڕێژێك گەڕەکیان هەژاند و عومەریان لە گۆمی خوێندا نوقم کرد، تا هێزم تیابوو قیژاندم، کەس بە کەس نەبوو، لە گەڵ چەند دراوسێییەک، چاڵێکمان لای باخەکە بۆهەڵکەند، تەرمی عومەرمان بەو چاڵە سپارد. لە خانوەکەی ئیدارە محلی دەریان کردین، مەحمود تۆفیقی شلک، ژوورێکی پێداین.
دارا بە پەرۆشەوە بە دوای چیرۆکی تراژیدیای مەرگی باوکی دا عەوداڵ بوو، بە رێکەوت قالە سووری بۆیاخچی لە شەقامی کاوە بینی بوو، پێی وتبوو: من هاوڕێی عومەری باوکتم، تۆ کوڕی پیاوێکی بەرێزو سەنگینی مرۆڤ دۆست و نیشتمان پەروەری شیوعیت.
دارا لە 1978 دا خۆی لە کۆمەڵەی مارکسسی لینینی کوردستانیدا بینیوە، لە 1979بوو بە پێشمەرگە، لە 1983سەرگوڵی خوشکی بوو بە هاوسەریی مام رۆستەم.
ئێوارەیەک خۆر لە شارو لە کەلی بەرانانەوە ئاوا دەبوو، دارا روویکردە مۆنۆمینتی شەهیدانی 9ی حوزەیرانی 1963 لە پارکی ئازادی، لە بەردەم ناوی باوکی و ناوی شەهیدەکاندا، بە بێ دەنگی وەستا. رۆحی دارا بە جۆرێک ئالۆدەی باوەشی باوکی بوو، لە پارکی ئازادی دابڕا، بوەوە بە منداڵە دووساڵانەکەی ورک گرەکەی جاران، بە باڵی خەیاڵ و سۆزی باوکایەتی، هەردوو دەستی بە توندی لە ملی باوکی ئاڵاند، دەستبەرداری باوەشی باوکی نەدەبوو. لە ناکاو هاوارهاواری ئەو منداڵەی چاوشاركێیان لە لای سنەوبەرەکان دەکرد.
باڵی خەیاڵی هەڵبزرکاند، کاتێ بە ئاگا هاتەوە لە باوەشی باوکیدا نییە، بە دڵێکی شکاوەوە، بە چەند هەنگاوێک گەیشتە لای ئارامگاکەی شیرکۆ بێ کەس. بیری لە بێ کەسی شاعیرو، شێرکۆ بێکەس و وبێ باوکی خۆی دەکردوە.
پرسیارە بێ وەڵامەکانی، هەموو یادەوەرییە تاڵەکانی خۆی و سەرگوڵ و دایکی، دەروون و رۆح داگیرکرد.
لەسەر شەقامە جەنجاڵەکەی بەردەمی دا، باوکێکی بینی منداڵێکی بە باوەشەوە گرتوبوو، بە هێمنی لە گەڵ هاوسەرەکەیدا بە لای پرسیارە بێ وەڵامەکانی و خەون و خەیاڵەکانی ئەو بێ کەسدا، تێ دەپەڕین.

سەرچاوەو پەراوێز:
عەبدوڵا کەریم مەحمود : دیدارێک لە گەڵ دارا عومەر.
* 8ی شوپاتی 1963عەبدولسەلام عارف و بەعسییەکان، لە سەر پیلان و بەرنامەو نەخشیەکی سەربازیی بە پاڵپشتی سوپای عێراق،کۆدەتاییەکیان بەرامبەر بە عەبدولکەریم قاسم لە بەغداد بەرپا کرد، عەبدولکەریم و ئەو ئەفسەرانەی لە گەڵیدا بوون، خۆیان تەسلیم کرد، هەموویان کۆمەڵکوژ کران.
دوای ئەوە هێزەکانی سوپای عێراق کۆنترۆڵی هەموودام و دەزگاکانی دەوڵەت و شەقام و کۆڵان و گەڕەکانی شاریان کر ، کۆمەڵکوژیی هاوڵاتیانیان کرد.
دوای سێ مانگ بەسە ئەو کۆدەتایەدا، لە 8. 6. 1963 هێزێکی سەربازی لە لیوای 20ی فیرقەی یەکی سلێمانی، بە بڕیاری زەعیم روویان کردە چیای گوێژو ئەزمڕ، لە لۆفەکانی ئەزمڕ،رووبەرووی مەفرەزەیەک پێشمەرگە بوونەوە، تەقەیان لێ کردن. بواریان پێ نەدان کۆنترۆڵی چیای گۆێژەو ئەزمڕ بکەن،گەڕانەوە بۆ ناو شار.
ئەو چاڵاکییەی پێشمەرگەکان زۆر کاری کردە سەر سایکۆلۆجی دەروونی زەعیم سدیق، توشی هیستریابوو، دەمەو بەیانی 9ی حوزەیرانی1963 بە بڕیاری زەعیم سدیق، لیوای 20ی فیرقەی یەکی سڵیمانی چواردەوری شاریان گرت، بانگەوازی قەدەغەی هاتووچۆی ناوشارو دەرەوەی شاریان راگەیاند:
یاسین حەمەساڵح عەزیز ناسراوبە مامۆستا یاسین لە گەڵ مامۆستا حەمە بۆر، مامۆستا ئەنوەر دارتاش، مامۆستا ئیسماعیل میراو . ئەو بەیانیە لە ناو یاریگای سلیمانیدا خۆیان شاردبوەوە، هیزەکەکەی زەعیم روویان کردە ناو یاریگاکەو دەسگیریان کردن، لە حامیەی سلێمانی، لە گەڵ خەڵکی شارەکەدا،گولە بارانکران و شوێن بزرکران.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت