فه‌رمان عزیز شریف: ساخته‌كاری و ته‌زویری هه‌ڵبژاردنی خولی شه‌شه‌م.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

پارتی و یه‌كێتی له‌م هه‌ڵبژاردنه‌ هاوشێوه‌ی هه‌موو هه‌ڵبژاردنه‌كانی سی ساڵی ڕابردوو تۆمه‌تبار كران به‌ته‌زویر وساخته‌كاری، به‌ڵام ئه‌مجاره‌ گۆڕانكاریه‌كی نه‌وعی و گه‌وره‌ له‌ جۆری ساخته‌كاریه‌كاندا ڕوویانداوه‌.
له‌هه‌موو هه‌ڵبژاردنه‌كان پارتی و یه‌كێتی له‌كاتی هه‌ڵبژاردن و دوای هه‌ڵبژاردن ده‌ستیان ئاشكرابوو كه‌ به‌ چ جۆرێك ساخته‌كاری و ته‌زویریان كردووه‌، لایه‌نگرو ئه‌ندام و كه‌سانی سه‌ربه‌خۆیان ده‌بوونه‌ به‌ڵگه‌ له‌سه‌ریان و هه‌ریه‌كه‌ ده‌یگووت ئه‌من ئه‌وه‌نده‌ ده‌نگه‌م داوه‌ و له‌ڕۆژی ده‌نگدان به‌لێشاو خه‌ڵك ده‌هات بۆ بنكه‌كانی ده‌نگدان و دوو جار و سێ جار ده‌نگیان ده‌دا، سه‌ره‌ڕای ده‌یان جۆری دیكه‌ی ته‌زویر، به‌ڵام ئه‌م ده‌نگدانه‌ی ئه‌مجاره‌ جیاوازبوو ئه‌م حاله‌تانه‌ی پێشووتر دووباره‌ نه‌بوونه‌وه‌ له‌به‌ر كۆمه‌ڵێك هۆكار:
1- كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق سه‌رپه‌رشتی هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی ده‌كرد و ڕاسته‌وخۆ له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی به‌غدا ‌بوو.
2- تۆماری لیستی ده‌نگده‌ران پاككرابوویه‌وه‌، و به‌تۆماری لیستی ده‌نگده‌رانی به‌غدا ده‌نگ درا نه‌ك تۆماری لیستی ده‌نگده‌رانی هه‌رێم كه‌ هه‌زاران ناوی دووباره‌ و ناوی مردووان و ناوی ته‌زویری تێدابوو.
3-ده‌نگدانه‌كه‌ ئه‌لیكتڕۆنی بوو.
4- به‌په‌نجه‌ مۆری ئه‌لیكترۆنی ده‌نگ ده‌درا، هه‌ر ده‌نگده‌رێك په‌نجه‌ مۆره‌كه‌ی نه‌یخوێندبایه‌وه‌ نه‌یده‌توانی ده‌نگ بدات، جگه‌ له‌و‌ سه‌دا پێنجه‌ی كه‌ كۆمسیۆن داینابوو بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی په‌نجه‌یان نه‌یده‌خوێنده‌وه‌ به‌پێچه‌وانه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانی پێشووتر ‌ ده‌نگده‌ر ته‌نها ناوی هه‌بوایه‌ ده‌یتوانی ده‌نگ بدات.
5- هه‌ركه‌سێك تۆماری بایۆمه‌تری كۆمسیۆنی نه‌كردبێ و كارتی ده‌نگدانی نه‌بووبێ نه‌یده‌توانی ده‌نگ بدات.
ئه‌مانه‌ هه‌مووی وای كرد پێچه‌وانه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانی دیكه‌ ئه‌و ته‌زویر و ساخته‌كاریانه‌ نه‌مێنێت، هه‌ربۆیه‌ زۆربه‌ی لایه‌نه‌كان دڵخۆش بوون ئه‌مجاره‌ هه‌ڵبژاردنێكی پاك و بێگه‌رد ئه‌نجام ده‌درێت و قه‌باره‌ی ڕاسته‌قینه‌ی حیزبه‌كان به‌تایبه‌تی پارتی و یه‌كێتی ده‌رده‌كه‌وێت، كه‌چی دوای ڕاگه‌یاندنی ئه‌نجامه‌كان، ئه‌نجامه‌كان شتێكی دیكه‌یان وت: وه‌ك پارتی و یه‌كێتی به‌پێچه‌وانه‌ی پێشبینی هه‌موو لایه‌ك به‌هۆی ناڕه‌زایه‌تی خه‌ڵك له‌ ده‌سه‌ڵاتی ئه‌و دوو حیزبه‌ ڕێژه‌یه‌كی زۆری ده‌نگ و كورسیان هێنا، پارتی 39 كورسی و یه‌كێتی یش 23 كورسی حیزبه‌كانی وه‌كو كۆمه‌ڵی دادگه‌ری و گۆڕان ژماره‌ی كورسیه‌كانیان زۆر كه‌می كرد 3 كورسی به‌ یه‌ك كورسی یان هێنا ئه‌مه‌ش وای له‌كۆمه‌ڵی دادگه‌ری كرد هه‌موو ئه‌نجامه‌كان ڕه‌تبكاته‌وه‌ و ته‌نانه‌ت عه‌لی باپیر ئه‌میری كۆمه‌ڵی دادگه‌ری له‌ كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانی له‌ ڕۆژی شه‌ممه‌ 26- 10- 2024 ڕایگه‌یاند ناچنه‌ په‌رله‌مانی كوردستان دوای ئه‌وه‌ی دڵنیابوونه‌وه‌ له‌وه‌ی كه‌ ته‌زویر و ساخته‌كاری كراوه‌.
یه‌كگرتووی ئیسلامی هه‌رچه‌نده‌ بووه‌ خاوه‌نی 7 كورسی به‌ڵام ئه‌وانیش ناڕازی بوون له‌و ده‌نگ و كورسیانه‌ی به‌ده‌ستیانهێناوه‌ بۆیه‌ سكاڵایان كرد و د.موسه‌نا ئه‌مین به‌یاوه‌ری شاندێك چوونه‌ كۆمسیۆن و ئامێری ده‌نگدانه‌كه‌یان له‌به‌رچاوی كرده‌وه‌، چونكه‌ ده‌نگۆی ئه‌وه‌ هه‌بوو ئامێره‌كه‌ له‌ناو خودی خۆی ده‌نگه‌كان پوچه‌ڵ ده‌كاته‌وه‌ و ئه‌و مۆره‌ی له‌ لیستی لایه‌نێك دراوه‌ ڕه‌شی ده‌كاته‌وه‌ و مۆرێكی دیكه‌ له‌ لیستی ئه‌و حیزبانه‌ ده‌دات كه‌ ویستیان له‌سه‌ره‌ كه‌چی ئه‌وانه‌ وانه‌بوو ئه‌و گومانانه‌ ڕه‌وینه‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ د.موسه‌نا ووتی: ئه‌وان ته‌نها (هاردوێر)ه‌كه‌ی ئه‌و ئامێرانه‌یان بینیووه‌ به‌ڵام نازانن (سۆفت وێر)ە‌كانیان چۆن به‌رنامه‌ ڕێژكراون و كۆمسیۆن یش وه‌ڵامی ئه‌وه‌یان نه‌داوینه‌ته‌وه‌ و پێ یان وتووین كه‌ ئه‌وان نازانن ته‌نها كۆمپانیای دروستكه‌ری ئامێره‌كه‌ ده‌زانن.
ئه‌وه‌ی جێگای سه‌رنجه‌ نه‌وه‌ی نوێ تاڕاده‌یه‌ك كه‌وتۆته‌ به‌ره‌ی پارتی و یه‌كێتی‌ زۆر كه‌م باسی ته‌زویر و ساخته‌كاری كرد پێچه‌وانه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانی پێشوو دنیای تێگه‌یاند كه‌ پارتی و یه‌كێتی ته‌زویریان كردووه‌، بۆیه‌ نه‌وه‌ی نوێ به‌وه‌ تۆمه‌تباركرا هاوشێوه‌ی پارتی و یه‌كێتی پشكی درابێتی له‌و ته‌زویره‌ هه‌رچه‌نده‌ ئه‌مه‌ گومانه‌ و نه‌سه‌لمێنراوه‌.

به‌كورتی خاڵه‌ گرنگه‌كانی ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌:
1- پارتی و یه‌كێتی هاوشێوه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانی دیكه‌ بوونه‌وه‌‌ خاوه‌نی زۆرینه‌ی كورسیه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان.
2- ئه‌گه‌ر له‌هه‌ڵبژاردنه‌كانی ڕابردوو سه‌دان و هه‌زاران كه‌س شاهێدی ئه‌وه‌بوون پارتی و یه‌كێتی ته‌زویریان كردووه‌ به‌ڵام له‌و هه‌ڵبژاردنه‌ چه‌ند كه‌سێكی كه‌م كه‌ له‌په‌نجه‌كانی ده‌ست تێناپه‌ڕن ده‌زانن ته‌زویر كراوه‌، ئه‌وه‌ش كاره‌كه‌ی ئاسانتر كردووه‌ له‌ڕێگای به‌نامه‌ڕێژی و (داتابه‌یس)ی ئه‌و ئامێرانه‌ ته‌زویره‌كه‌ كراوه‌.
3- ئه‌و حیزبانه‌ی ترسیان له‌ هه‌ڵبژاردن و له‌ده‌ستدانی كورسیه‌كانیان هه‌بوو پێش هه‌ڵبژاردن باسیان له‌وه‌ده‌كرد ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ دیزاینكراوه‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندی لایه‌نێك كه‌چی دوای ڕاگه‌یاندنی ئه‌نجامه‌كان پێچه‌وانه‌ بوویه‌وه‌ ئه‌و حیزبانه‌ی ده‌نگ و كورسیان زیادی كردبوو بێده‌نگیان له‌و بابه‌ته‌ كرد و ئه‌وانه‌شی ده‌نگ و كورسیان كه‌می كردبوو ووتیان ئه‌نجامه‌كانی ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌ پێشتر دیزاینكراوه‌، ئه‌مه‌ یه‌كه‌مجاره‌ ده‌سته‌واژه‌ی هه‌ڵبژاردنی دیزاینكراو بێته‌ ناو فه‌رهه‌نگی سیاسی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان.
4- نه‌وه‌ی نوێ به‌هۆی ئه‌وه‌ی ژماره‌ی كورسیه‌كانی به‌رزبوویه‌وه‌ بۆ 15 كورسی بۆته‌ هێزی سێ یه‌م زۆر كه‌متر له‌ جاران باسی ته‌زویر وساخته‌كاری كرد ئه‌مه‌ش گومانی لای زۆربه‌ی خه‌ڵك و لایه‌نه‌كان له‌سه‌ر نه‌وه‌ی نوێ زیاد كرد.
5-ئه‌گه‌ر نه‌وه‌ی نوێ بۆ حكومه‌تی داهاتوو به‌شداری بكات له‌ ئێستاوه‌ مه‌رگی خۆی ئیعلان كردووه‌، ده‌بێ هاوشێوه‌ی گۆڕان فاتیحه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ جولانه‌وه‌یه‌ش بخوێنین، چۆن گۆڕان له‌ 25 كورسی بوونه‌ ته‌نها یه‌ك كورسی و نه‌وشیروان مسته‌فا به‌و هه‌موو هێز و ده‌سه‌ڵاته‌ و هێزه‌ جه‌ماوه‌ر‌یه‌ به‌هێزه‌ی نه‌یتوانی دۆخه‌كه‌ چاكتر بكات و به‌چوونه‌ حكومه‌تیش بزووتنه‌وه‌كه‌ی توایه‌وه‌ نه‌وه‌ی نوێ ش به‌هه‌مان شێوه‌ له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی پارتی و یه‌كێتی ناتوانن یه‌ك پڕۆژه‌ و كاری چاكسازیش ئه‌نجام بده‌ن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت