نەوزادی موھەندیس: سەرژمێری گشتی دانیشتوانی عێراق و ھەرێمی کوردستان، لەنێوان ترس و دڵەڕاوکێدا.!
کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی
پڕۆسەی سەرژمێری گشتی دانیشتوان لەھەموو وڵاتاندا بەتایبەتی پێشکەوتوو و گەشەکردوە ئابوریەکان بۆتە کەلتورێکی جوان و گەشاوە، ھەروا بۆتە ئەرکێکی گرنگی حکومەتەکان بۆ ئەنجامدانی لەکاتی خۆیدا، چونکە چێکردنی سەرژمێریە گشتیە خولیەکان ھێندەی گرنگی زانستی و ئابوری ھەیە نیوھێندە گرنگی سیاسی نیە، چونکە لە بناغەدا پڕۆسەکە پڕۆسەیەکی ئامار و سەرژمێریە بۆ دانیشتوان و کۆکردنەوە و ڕاستاندنی زانیاریەکانە لەھەموو سێکتەرەکانی ژیانی کۆمەڵگادا ھەر لە کشتوکاڵ و پیشەسازی و کۆمەڵایەتی و دانیشتوان و ئاژەڵداری و لەوەڕگا و گەشتوگوزار و جێگەی نیشتەجێبوون و تەندروستی و خوێندن و کار و… ھتد.کە پێکەوە و ھەموو ئەو زانیاریانە دەبنە داتابەیسێکی گرنگ لانی کەم بۆ 10 ساڵی ئایندەتر، بۆئەوەی حکومەتەکان کار و بەرنامەی ئابوری و زانستی و دواتر سیاسی و ئەمنیەکانی خۆیانی لەسەر بونیادبنێن، چونکە ئەو زانیاریانە بەرچاوڕوونیەکی تەواو دەداتە حکومەتەکان بۆئەوەی پلانی ستراتیژی و تاکتیکیەکانی خۆیان دابڕێژن لەھەموو سێکتەرەکاندا و وڵات بەرەو گەشە و پێشکەوتنی زیاتر ببەن و خاڵە لاواز و کەموکوڕیەکانیش دەربخرێت بەمەبەستی چارەسەرکردنیان.
ھەربۆیە پڕۆسەی سەرژمێری گشتی و دانیشتوان بۆ وڵاتانی دیموکراتیک و پێشکەوتوو و گەشەسەندوو گرنگیەکی ئێجگار گەورەی ھەیە و ڕۆڵی بەرچاو دەبینێت بۆ ھەنگاونان بەرەو پێشەوە لەسەر ھەموو ئاستەکان. بەڵام بەداخەوە لەوڵاتانی دواکەوتوو و ھەژار و ناسەقامگیری سیاسی و ئابوری و ئەمنی و فرە نەتەوە و مەزھەب و ئاین، لەجیاتی ئەوەی پڕۆسەکە بە ڕچە و ئاڕاستەی ئاسایی و زانستی خۆیدا بڕوات و گرنگیە زانستی و ئابوریەکانی لەدەستنەدات، ئەوا دەسەڵاتدارە خۆسەپێن و تاکڕەوەکان گەرەکیانە بیکەنە چەکێکی کوشندە بەدەستیانەوە و بەئارەزووی خۆیان ئەو ئامار و زانیاریانە بەکاربێنن بۆ دژایەتیکردنی ناوچەیەک یان نەتەوە و پێکھاتە و ئاین و مەزھەبێکی دوور و دژ بەخۆیان. بۆیە ھیچ کات ئەو ئامارانە کاریان پێنەکراوە و وڵاتیشیان لەھیچ بوارێکدا پێشنەخستوە، چونکە نیەتی ڕاستەقینە و ڕاستگۆیانەی لە پشتەوە نەبوە و ھەموو کات ڕژێمە دەسەڵاتدارە خۆسەپێنەکان کردویانەتە ئامڕازێک بۆ بچووککردنەوە و لێدان و کوشتوبڕینی نەیارەکانیان و کاولکردنی ناوچەکانیان و گرتنەبەری سیاسەتێکی ناھاوسەنگ و نادادپەروەر و نایەکسانی لەنێوان ناوچەکان و پێکھاتە جیاوازەکانی کۆمەڵگا و وڵاتەکانیاندا.
بەشێوەیەکی گشتی ئەو سەرژمێریە گشتیانە ھەر 10 ساڵ جارێک ئەنجامدەدرێت لە زۆرینەی وڵاتاندا، عێراقیش یەکەم سەرژمێری لەساڵی 1920 ئەنجامداوە بەسەرپەرشتی بەریتانیا و ڕاستەوخۆ لەدوای کۆتایھاتنی جەنگی جیھانی یەکەمەوە و دواتر لەساڵی 1927 بەڵام کاری پێنەکرا لەبەر بوونی کەموکوڕی زۆر تیایدا وساڵی 1934(3.200.000کەس)و ساڵی 1947 (4.826.000کەس) و ساڵی 1957 (6.300.000کەس) و1965 لەجیاتی ساڵی 1967و 1977 (1.200.000 کەس) و1987 دواسەرژمێریش لەساڵی 1997دا بوە کە تەنھا 15 پارێزگای دەرەوەی ھەرێمی کوردستانی گرتۆتەوە، ئیدی لە دوای ساڵی 2003وە و ڕووخاندنی ڕژێمی بەعسی تاکڕەو و تائێستا ھیچ سەرژمێریەکی گشتی ئەنجامنەدراوە،ھەرچەندە لەساڵی 2007 و 2009 و دواتر 2019 و 2022 و لەکابینە حکومیە جیاوازەکاندا ھەوڵی بۆدەدرا بەڵام بەبیانووی جیاوازەوە نەدەکرا کە ھەموانیان پاڵنەری سیاسی و ئابوردی و بودجە وجیاکاری نەتەوەیی و ئاینی و مەزھەبی لە پشتەوە بوو. عەرەبی سونە و شیعە لەلایەک وەک مەزھەب و نەتەوە دژی بوون( لەناوخۆیان و لەبەرامبەر کوردیشدا) و کوردیش ھەروا ترسی ھەبوو چونکە دەبوە ھۆی دەرخستنی ژمارەی ڕاستەقینەی کورد و ئەمەش کاریگەری ھەبوو لەسەر بڕی بودجەی ساڵانەی ھەرێم و کەمبونەوەی و ھەروا دەرخستنی ژمارەی کوردان و کەمینەکانی تریش لەناوچەکانی مادەی ١٤٠ی دەستور و کەمینەکانی تریش ھەروا.
خۆشبەختانە لە ئێستادا و لەم کابینەیەی بەڕێز محمد شیاع سودانیدا ،ھەوڵێکی لێبڕاوانە دراوە بۆ بەئەنجامگەیشتن و سەرکەوتنی پڕۆسەکە لەسەرتاسەری عێراقدا بەھەرێمی کوردستانیشەوە.بەڵام وەک دەوترێت دووخاڵ بونەتە جێگەی ڕەخنە و تانەی کورد و تێبینیان دروستکردوە لەسەر پڕۆسەکە کە بریتین لە:
* وابڕیارە کە ھەموو ھاوڵاتیان لەکاتی سەرژمێرییەکەدا لە چ پارێزگایەک دانیشتبوون لەسەر ئەو پارێزگایە تۆمار بکرێن. ،کە ئەمەش لەدوولاوە زیانی گەورە بە ژمارەی کورد دەگەیەنێت ھەم لەھەرێمی کوردستان چونکە زۆرینەیەکی عەرەب و ئەوانیتر ھاتونەتە ناو ھەرێمی کوردستان و تیایدا نیشتەجێن.گەر ئەو کارە بکرێت و لەسەر پارێزگاکانی ھەرێم تۆماربکرێن ئەوا دەبنە بناغەیەک بۆ مانەوە و بونیان لەھەرێمی کوردستاندا و ژمارەی کورد کەمتر دەکات.
لەلایەکی تریشەوە لەناوچە دابڕێنراوەکان لە ھەرێمی کوردستان،ماوەی چەندین ساڵە ژمارەیەکی زۆری کوردانی ئەو ناوچانە ھاتونەتە ناو ھەرێم و تیایدا نیشتەجێن،ئەوا گەر لەسەر ھەرێم تۆمار بکرێن ئەوا ژمارەی کورد لە و ناوچانە کەمدەکەن لەبەرامبەر عەرەب و تورکومان و ئەوانیتر دا.
بۆیە گەرەکە کورد ھەوڵبدات ئەو کارە ئەنجامنەدرێت و ھەریەکە لەسەر تۆماری کارتی نیشتیمانی خۆیان و لەسەر پارێزگاکانی خۆیان تۆماردبکرێن.ھەربەم کارە کوردستان و ھەرێم لە پڕۆسەی بەعەرەبکردنێکی بێدەنگ و ڕەسمی دەپارێزرێت.
* ھەرێمی کوردستان داوای کردوە کە نوێنەری ھەبێت لە سەنتەری داخڵکردنی زانیاریەکان لە بەغداد بۆ ئاگاداربوون لە نزیکەوە لە تەواوی پڕۆسەکە.
بۆیە ئەم سەرژمێریە لەگەڵ ئەو گرنگیەیدا کە ھەیەتی بۆ ھەموان،بەڵام لەلای کورد وکەمینەکانی تریش مایەی ترس و دڵەڕاوکێیە،چونکە گەر ئەو داخوازیەی کورد بەھەند وەرنەگیرێت ئەوا کورد بۆ دەیان ساڵی ئایندە زەرەرمەندی گەورە دەبێت و ئەم سەرژمێریەی ساڵی 2024 دەبێتە بناغە و بنەمایەکی ڕەسمی و گرنگ و دانپیادانرا بۆ چەندین نەوەی ئایندە،ھەروەکو چۆن سەرمێری ساڵانی 1947 و 1957 بۆ کوردان بونەتە بناغەیەکی ڕەسمی و ھەمیشە باسیلێدەکەن و دەستیان پێوەگرتوە بۆ سەلماندنی ژمارە و سەنگ و قورساییان لەناوچەکانی دەرەوەی ھەرێمی کوردستان بەتایبەتیش کەرکوک و خانەقین و ھەموو ناوچەکانی تر.
ئەوەی مایەی دڵخۆشیە لە کۆبونەوەی ڕۆژی 5 شەممە 31. 10 دا لەکۆشکی کۆماری لەنێوان لایەنە پەیوەندیدارەکاندا ئەنجامدرا بەمەبەستی نەھێشتنی کەموکوڕی و خاڵە ناکۆکەکان و تێبینیەکانی ھەرێمی کوردستان و سەرخستنی تەواوی پڕۆسەکە بەوپەڕی پیشەیی و شەفافانەوە. سەرۆک وەزیران ڕەزامەندیدا کە لەکۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیران لە ڕۆژی 3شەممەی داھاتوودا کۆمەڵێک بڕیار بەو ئاڕاستەیە دەربکات.
لەکۆتایدا ئەم پڕۆسەی سەرژمێری گشتیە بەتایبەتی لە عێراقدا و لەسەردەمەکانی پاشایەتی و کۆماریشدا ھەمووکات وەک چەکێکی سیاسی بەکارھاتوە دژی پێکھاتە نەتەوەیی یان ئاینی و مەزھەبە جیاوازەکان و بۆتە مایەی کێشەی وسەرئێشە وزیادکردنی ناکۆکیەکان و ڕووبەڕووکردنەوەی وڵات بۆ شەڕ وململانێ خوێناویەکان لەجیاتی ئەوەی ببێتە مایەی خۆشگوزەرانی ئابوری و کۆمەڵایەتی و ئاوەدانکردنەوە و جێبەجێکردنی پڕۆژە ئاوەدانیە ھەمەجۆرەکان لە وڵاتدا.بۆیە گرنگە دڵنیایی بدرێتە ھەموان بۆ ڕەوینەوەی ترس و دڵەڕاوێکانیان و ھانی ھەموانیش بدرێت بۆ پشتیوانیکردن و سەرخستنی پڕۆسەکە.
کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی