گۆران هەڵەبجەیی: گەمژەکانی ئەمەریکا گەمژەکەیان سەرخست.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکا دەریخست کە [دوناڵد ترامپ]ی سەرمایەدار بەڕێژەی {51% } بەرامبەر بە{47,5} لە[کاملا هاریس]ی بردەوە. زۆربەمان دەزانین کە ئەمەریکا وەک گەورەترین زلهێزی جیهان لەڕووی ئابووری و سەربازیەوە، پایەکانی لەسەر بەرژەوەندی وەستاون، دۆست و دوژمنەکانیش بەرژەوەندی دیاریان دەکات کە بەردەوام لە گۆڕانکاریدان. لەوانەیە هەندێک زانیاریی دەربارەی کارکردنی ماشێنی زەبەلاحترین وڵاتێکی وەک ئەمەریکا لەلای کەسانی سادە کارێکی زەحمەت بێت، لێ لەکن ئەوانەی سەرقاڵی سیاسەتن، چۆنیەتی کارکردنی ئەو ماشێنە تاڕادەیەک زانراوە. ڕاستە سەرۆکی وڵات لەکۆشکی سپی دادەنیشێت و بەکۆمەڵێک ڕاوێژکاری بەتوانا لەبوارە جیاجیاکاندا دەورەدراوە کە سەرۆک بەپێی ڕاوێژ و ڕێنماییان هەندێک بڕیار وەردەگرێت، بەتایبەت پەیوەست بە بڕێک لە پرسە ناوەکی و دەرەکیەکان، بەڵام زۆربەی بڕیارە چارەنووسساز و هەستیارەکان لەدەرەوەی کۆشکی سپی لە لایەن چەند گروپێکەوە وەردەگیرێن کە بەرژەوەندی پێکەوە گرێیداون لەوانە، نوێنەرانی کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی چەک و کەرەستەکانی جەنگ،نوێنەرانی بانکە زەبەلاحەکان، نوێنەرانی گرووپی فشاری جولەکەی دەستڕۆیشتوو کە بۆبەرژەوەندی ئیسرائیل کاردەکەن. جا هەر سەرۆکێک بە پێچەوانەی خواستەکانی ئەم [گرووپە کاریگەرانە] ڕەفتار بکات، ئەوە کێشەی بۆدرووست دەکەن یا وەک {کەنەدی }دەیکوژن.
لە دیرۆکی سەرۆکەکانی ئەمەریکادا کە ژمارەیان[47] سەرۆکە لە[جۆرج واشنتۆنەوە دەستپێدەکات {1789}تا دەگاتە ترامپ،کەبۆ دووەمجار دەسەڵات دەگرێتە دەست، هیچیان هێندەی ئەم ترامپە گێل و گەمژە نەبوون، هێندەی ئەم ڕاستڕەو و هزر دواکەوتوو و ڕاسست نەبوون، هێندەی ئەم دژە ئافرەت و بێگانە نەبوون.
وەرە تۆ سەرۆکی زەبەلاحترین وڵاتی جیهان بیت کەچی هێندە شارەزایی و زانیاریت دەربارەی مێژوو و سیاسەتی وڵاتان و نەتەوەکان نەبێت کە بتوانیت لەبەردەم میدیاکاندا ڕووی خۆتی پێ سپی بکەیت؟ زانیاریەکانی تەنها تایبەتن بەخودی ئەمریکا و لەوە بەدەر شتێکی پێنیە تا لەدەرەوەی سنووری ئەمریکا کاری پێبکات. لەدەورەی پێشودا دەمێک گڵۆپی سەوزی بۆ ئەردۆغان داگیرساند بۆداگیرکردنی سەریکانی و گرێسپی، ئەوەبوو لە ناوەو دەرەوەی ئەمریکا ڕەخنەیەکی زۆری هاتەسەر،کەچی بۆپاساو هێنانەوە بۆ ئەم کارە نامرۆڤانەی ویستی بەچەند قسەیەکی گەمژانە خۆی دەرباز بکات، لەوانە گوایە کوردەکان لەجەنگی دووەمی جیهانیدا هاوکاری سەربازی ئێمەیان نەکردوە، وەک ئەوەی کورد خاوەنی دەوڵەت و سوپایەکی پڕچەک بووبێت. یاخود گووتی کێشەی نێوان کوردو تورک پتر لە{200} ساڵەو بەمن چارەسەرناکرێت. تەنها شتێک کە بەڕای خۆی پۆزەتیفە ئەوەبوو کەوتی کوردەکان شەڕڤانی ئازان. بەڵام خۆی لەوەلادا کە ئەو شەڕڤانە ئازایانە پێویستیان بە ژیانی ئاسودە و دوور لەهەڕەشەی تورکیا هەیە ،کە پاراستنیان لەئەستۆی ئەمریکادایە.
سەبارەت بە گەمژەیی گەلی ئەمەریکا کە زیاتر مەبەستم زۆربەی ئەوانەیە کە دەنگیان بە ترامپداوە، بە دڵنیاییەوە وایە، ئەمەش پەیوەندی بە شێوەژیانیانیانەوە هەیە. ئەمەریکیەکان زیاتر بۆخۆیان دەژین و ئەولەویەت لەلایان خۆشگوزەرانی خۆیانە،کەئەوەش مافی خۆیانە، وڵاتان و نەتەوەکانی دیکە گرنگیەکی ئەوتۆیان نیە لە کنیان، هەر بۆیەش زانیاریان دەربارەی ڕووداوەکانی جیهان لەزۆر لایەنەوە دەگمەن وکەمە.
پێم وابێت سەرەتاکانی ئەم سەدەیە بوو ئەکتەرێکی کۆمیدی دانمارکی بۆ تاقیکردنەوەی ئاستی زانیاری ئەمریکیەکان سەفەری ئەمریکای کرد،لەشەقام و بازاڕەکاندا جۆرەها پرسیاری لە ڕێبواران دەکرد، ئەوەی لەیادم مابێت ئەم پرسیارانەبوون: مارگرێت تاتشەر کێبوو؟ نیلسۆن ماندیلا دەناسیت؟لە ئێستادا کێ سەرۆکی فەرەنسایە؟ کەسیان وەڵامی درووستیان پێنەبوو، دەربارەی کۆچکردوو مارگرێت تاتشەریەکدوانێکیان گووتیان ئەکتەرە، ئەوانی دیکە وتیان نایناسین، بۆنیلسۆن ماندیلاش هیچیان نەیانزانی کە کێیە، لەهەمووی سەیرتر کەسێک گووتی، وابزانم یاریزانی بۆکسێنە. لەهەمووی پێکەناویتر ئەوەبوو دەمێک ئەو ئەکتەرە کۆمیدیە لەبەردەمی {سوپەر مارکێتێکدا} وەستابوو، لەهەندێک لەوانەی پرسی کە دەهاتنەدەرەوە، پرسیارەکەی ئەمەبوو:[وەک بزانیت ئەم سوپەرمارکێتە {شیری ماسی}یان هەیە؟
ئەم پرسیارەی لە چوارپێنجێک کرد تەنها یەکێکیان بە پێکەنینەوە وەڵامی دایەوە، وەک ئەوەی بڵێ هێندە گەمژەنیم، بەڵام ئەوانی دیکە یادەیانگووت نازانم یاخود دەیانگووت بڕۆژوورەوە خۆت پرسیار بکە.
بۆیە بەدووری نازانم کە زۆرینەی ئەوانەی دەنگیان بەترامپداوە لەم جۆرەبن و وەک خودی ترامپ گەمژەن و شتێکی ئەوتۆ لە دانیا نازانن. تەنها ئومێدم ئەوەیە کە ئەمجارەش ترامپ کوردەکانی ڕۆژئاوا گورگانخوارد نەکات و گورگەبۆرەکەی تورکیایان تێبەرنەدات.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت