نەوزاد بەندی: میللەتێکی خۆخۆر، یان شتگەلێکی هیچ.
میللەتی کورد، لە زیرەکترین میللەتەکانە.. هەموو جۆرە بەهرەکانی تێدایە. لە بیرکاری و پزیشکی و سینەما و ئەندازیاری و هونەر و نوسیندا گەیشتۆتە چڵە پۆپە. بەڵام لە گۆشە نیگای یەکترەوە، هیچن ..!
تۆ بڕوانە لەو میللەتە، بۆ نمونە کچێکی هەڵەبجە چەندەها مەدالیای ئاڵتونی هەیە لە بواری بەرزکردنەوەی قورساییدا، هیچ کوردێک باسی ناکا، ناچاره خۆی باسی خۆی بکا .. کارەساتێکی چەند گەورەیە خۆت باسی خۆت بکەیت لە پیناوی ئەوەی ئەرک وماندووبوونت وون نەبن ، خۆی و مەدالیاکانی بڕۆنە خزمەتی بەرپرسە بودەڵەکانی کورد، کەچی ئەوان هەر تەماشایشی نەکەن .. تەنانەت وەک مشکێکی تۆپیو بۆ مەدالیاکانی بڕوانن. داهێنەری ئوتومبیلی کارەبایی لە کۆمپانیای جەنڕاڵ مۆتۆڕی ئەمەریکیی، کوردێکە، هیچ کوردێک نایناسێ ، ناچاره خۆی باسی خۆی بکا، به بێ ئەوەی هیچ کوردێک دەستخۆشییەکی لێ بکا، به پێچەوانەوە ئەو هەر باسی چالاکی و داهێنانەکانی خۆی ئەکا و .. میللەتەکەیشی باوێشک ئەدەن. کەناڵەکە ئەگۆڕن .. یان تێر جنێوی ئەکەن. به درۆزن و فشەکەر و هەڵەوەڕ ئەیناسێنن. پێی ئەڵێن ئەگەر پیاو بوویتایە لە شارەزوور یان لە بەستەسێن دروستت کردایە..!
گەورەترین دەرهێنەری سینەمایی کورد، بە ناچاریی خۆی باسی خۆی ئەکا ، چونکە هیچ کوردێک باسی ناکا .. گوێی لێناگرن، کە دێتەوە ، جۆرەها پرسیاری شەرمئامێزی لێ ئەکەن ، پێی ئەڵێن تۆ دزیت، با لە ڤێستڤاڵی کان یش قازی بێت ، بەڵام تۆ دزیت .. گەورەترین گۆرانیبێژی ڕاپ و جێگرەوەی مایکڵ جاکسن، کە کوردە .. نایناسن ..ئەویش به ناچاریی دێتەوە ناو میللەتەکەی و ..کەناڵێکی زۆر هەژار ، چاوپێکەوتنی لەگەڵ ئەکا و .پێی ئەڵێ : باسی خۆت بکە!! .. ئەبێ خۆی باسی خۆی بکا. کەسیش گوێی لێ ناگرێ، پێی ئەڵێن با بڕوا بێ ڕەوشتی وا .. هەزار ناوناتۆرەی دوا دەخەن.
شتێکی چەند سەیرە، میللەتێک پڕ بێ لە توانا و بەهرە، بەڵام هەر خۆیان ئەو توانا و بەهرانە بە درۆ بخەنەوە .. ئەمە لە یاساکانی فیزیادا پێی دەووترێت سفرکردنەوە ، کاتێک چەند هێزێکی زۆر گەوره کە دژی یەک ئەبنەوە ، دەرئەنجامەکەی سفرە ..
ئیتر بەو جۆرە ، لە کاتێکدا نووسەری زۆر گەورەی جیهانیمان هەیە ، بەڵام لای خۆمان دز و درۆزن و بێ نرخە ..ئەویش ناچار ڕائەکا بۆ ئەوروپا و .. بە دەستێک قاپ ئەشوات و ..بە دەستەکەی تری ڕۆمان ئەنوسێ .. کە ئەیەوێ بێتەوە ، هەزار جنێوی مزری بۆ ئامادە ئەکەن ..
پیاوێکی دینداری گەورەی کورد ، لەلایەن دیندارەکانی هاوڕێیەوە ، جنێو باران ئەکرێت ، ئەکرێ بە کافر .. زەندیق .. خوێنی حەڵاڵ ئەکرێ ..
گەورەترین کێشەی تاکی کورد ئەوەیە ، کە ئەبێ واز له داهێنان بێنێ و ناچار بێ به چوارمشقیی لێی دانیشێ و .. باسی خۆی بۆ کورد بکا .. مەدالیاکانی ، خەڵاتەکانی کە میللەتانی تر پێیان داوە ، پیشانیان بدا ، بۆ ئەوەی پێی بڵێن درۆ ئەکەیت ..فشە فش مەکە .. ساڵەهای ساڵ ئەو داهێنەرانە باسی خۆیان ئەکەن چونکە هیچ کەسێک باسیان ناکات .. نەک هەر باسیان ناکەن ، بەڵکو تەنانەت ئامادە نین گوێیشیان لێ بگرن .. ئەوانیش به ناچاریی ،بە دڵی شکاوەوە ئەڕۆنەوە بۆ تاراوگە ، لەوێ فەرشی سووریان بۆ دادەخرێ و دەکرێنە پارێزگاری شارە گەورەکانیان وەکو تۆفیق بەگی پیرەمێرد کە 20 ساڵ پارێزگاری شاری ئەماسیای تورکیا بوو ..ڕێز و نرخاندنیان لەوێ بۆ ئەکرێ و .. لەوێ ئەمرن ..
کارەساتێکی چەند گەورەیە بەهرەمەندێکی کورد ڕووگیر بکەیت لە ئەمەریکا بێتەوە کوردستان ، بۆ ئەوەی گاڵتەی پێ بکەیت و پێی ڕابوێریت و ..وای لێ بکەیت لە مامۆستای زانکۆوە ببێتە ئاڵودەی ئەلکهول و ..لە داخ و مەراقدا بمرێ ..
شەرمەزارییەکی تا سەر ئێسقانە ، دانەری ئەلف و بێی زمانی کوردی ، کە دەیەها نەوەی بەرز و باڵا و زیرەکی بنیاتناوە ، ناچار بێ سەر هەڵبگرێ و لە تاراوگە بمرێ .. پێش ئەوەیشی بمرێ ، بە بەرچاوی خۆیەوە ، کتێبەکەی لە سیستمی خوێندن شار بەدەر بکرێ، بۆ ئەوەی بە داخ و گینگڵدانەوە بمرێ .. کە ئەیشمرێ، هیچ کوردێ نەک هەر فرمێسکێکی بۆ ناڕێژێ، تەنانەت هیچ کوردێ نازانێ مردووە.. هەر بەو ئەلف و بێیەی کە فێری کردوون، دوو دێڕ پرسەی بۆ نانوسرێ ..به پیتێکیش دڵی نادرێتەوە ..
ئەمە چۆن کارەساتێکە ؟ ئەم چ نەخۆشییەکە توشی عەقڵی ئەم میللەتە بووە ؟ کاتێ داهێنەرەکانی ناچار ئەکا ، ڕا بکەن ..خۆیان بکوژن .. شێت بن .. جۆرەها سوکایەتی و تاوان و بەدڕەوشتیی بۆ ئەچنن ، بۆ ئەوەی لە داهێنان ڕاوەستن .. بۆ ئەوەی تێک بشکێن .. بتوێنەوە ..داڕزێن .. حەیایان بچێ .. تف لە خۆیان و بەهرە و داهێنانەکانیان بکەن ..
لەم ڕۆژانەدا هاوڕێیەکم ، کە بڕوانامەیەکی بەرزی هەیە و ..ئەلتەرناتیڤی ئەنتی بایۆتیکی دۆزیوەتەوە ، هاتبوو باسی داهێنانەکانی خۆی بۆ ئەکردم ، کە هیچ زانکۆیەک ..هیچ کەناڵێک ..هیچ کوردێک حیسابی چڵە پوشێکیان بۆ نەکردووە ..چونکە ئێمە میللەتێکی دڕندەین ، ئەوانەی داهێنەرن تیایدا ، ئەبێ وەک مەڕ و کارئاسک لە حزووریاندا بپاڕێنەوە و باسی داهێنانەکانیان بکەن ، بۆ ئەوەی ئەوانیش بیانهاڕن ..بیانخەنە ژێر ڕەحمەتی کەڵبەکانیانەوە ..بیانخەنە ژێر شەستە بارانی تف و جنێو و سوکایەتییەوە ..
پزیشکێک کە لە ناوجەرگەی ئەوروپادا ، گەورەترین پڕفیسۆری شێرپەنجە بوو ، لێرەوە موگناتیزە چاوچنۆک و دڕەندەکان ، ڕایانکێشایەوە بە حیساب پێویستیان پێیەتی و چۆن ئەبێ خزمەتی بێگانە بکا و ..میللەتەکەیشی لە زەلکاوی شێرپەنجەدا بتلێتەوە ، بەو جۆرە وەک چۆن شەماڵ سائیبیان لە سەر کورسی دکتۆرا لە ئەمەریکا هێنایەوە بۆ ئەوەی لێرە سوکایەتیی پێبکەن ، ئەویشیان لە ناوجەرگەی ئەوروپا ، پێش ئەوەی مافی هاووڵاتیبوون وەربگرێ ، هێنایەوە ..تەماشا ئەکا دەستی دەستی پێ ئەکەن ..تەنانەت دامەزراندنەکەی بۆ تازه ناکەنەوە .. بۆ ئەوەی تەماشای بکەن کە چۆن بەرە بەره ڕیسوا ئەبێ و شێت ئەبێ و لەسەر شەقامەکان لە برسا ئەمرێ ..ئەمیش پێش ئەوەی کار لە کار بترازێ ، پەیوەندی به ئەوروپاوە ئەکا و .. پێیان ئەڵێ : هاوڕێیان ! میللەتەکەم خەریکە وەک حەزرەتی حسێن سەرم ئەبڕن ، چارم چییه ؟
پێی ئەڵێن : گەورەم تۆ ڕازی بیت بێیتەوە بۆ لامان ، ئێمە ئەتخەینە سەرچاومان ..
ئەڵێ : چۆن ئەتوانم بێمەوە ؟ من نە ڕەگەزنامەی ئێوەم هەیه و نە پاسپۆرت و نە هیچ ..
پێی ئەڵێن :ئەوە بۆ ئێمە لێ بگەڕێ ..
کاتێ ئەچێتە باڵوێزخانەی ئەو وڵاتە ئەوروپیە لە ووڵاتی شام ، کابرای باڵوێز لە بەری هەڵئەستێت و ..پێی ئەڵێ : بەس پێم بڵێ تۆ کێی ، گەورەم ؟
ئەڵێ: بۆچی ؟
ئەڵێ: ئەوەی بۆ تۆ کراوە، لە مێژووی ئەوروپادا بۆ هیچ کەسێک نەکراوە .. هیچ کەسێک به بێ ڕەگەزنامە و پاسپۆرتی ئەوروپیی نەیتوانیوە به شێوەیەکی فەرمیی و له ڕێی باڵوێزخانەیەکی ئەوروپییەوە، بۆ ئەوروپا بڕوات .
تەماشا ئەکەی پەیکەرسازێکی جیهانیی کورد کە لە لیژنەی داڕێژەران و دروستکردنی دراوی جیهاندا ئەندامە ، دێتەوە لێرە پەراوێز ئەخرێ ، پەیکەر لەسەر ئەرکی خۆی دروست ئەکا وهێشتا پێی ئەڵێن دز .. بە ناخی زەویدا ئەیبەن و تاک شەڕواڵێک له پێ ئەکا و لە دوکانێکی بچووکدا تەلی حاجەت شوشتن ئەفرۆشێ ..!
ئیتر بەو جۆرەیە ، سیاسیەکی کورد ، سیاسیەکانی تری کورد ڕیسوا ئەکا ..ئەیانکا به پەڕۆ .. لە بەرامبەردا باسی پڕۆژە و چاکسازییەکانی خۆی ئەکا ، لە هەزار لاوە جنێوی مزری بۆ ئەڕوات .. سیاسیەکانی تریش قۆڵی مەردانەی لێ هەڵئەماڵن ، بۆ هێرشکردنە سەر یەکتری و حەیابردنی یەکتری ..
گەشتیارە کوردەکان گەشتی ئەستەمبوڵ و کیش و باکوری ئێران و ئەوروپا ئەکەن و پارەکانیان لەوێ خەرج ئەکەن ، ناچنە مەهاباد و دیاربەکر و ورمێ و ئیلام ..
تەماشا ئەکەی دوو کورد یەکتری ئەبینن ، یەکێکیان ئەڵێ بەردەرگای خۆمان و ئێوەیشم پاک کردەوە .. ئەوەی تریان لە جیاتی دەستخۆشیی ، پێی ئەڵێ :جائەوە چییە ؟ من هی خۆمان و ئێوە و گەڕەکی ئەودیویشم پاک کردۆتەوە ..
یەکێکیان ئەڵێ :ئەمشەو سەد لاپەڕەم خوێندۆتەوە ..
ئەوەی تریان ئەڵێ: جا سەد لاپەڕە چییە؟ من هەر کاتی نانخواردن ،دووسەدم خوێندۆتەوە ..
یەکێکیان ئەڵێ : من چوار
حەج و هەشت عەمرەم کردووە .. ئەوەی تریان ئەڵێ : ئەوەی تۆ هیچ نییە ، من هەشت حەج و شانزە عەمرەم کردووە و شەهیدیشم ! ..
یەکێکیان ئەڵێ: من لە هەشت ڕۆژنامەدا ئەنووسم و پەنجا کتێبم بە چاپ گەیاندووە ..
ئەوەی تر ئەڵێ: هیچ نییە ،من هەر لە سکی دایکما بووم کە دوو ئەوەندەی تۆ کتێب و ووتارم هەبوو ..
کار گەیشتۆتە ئەوەی سەرکردەی کورد هەبووە لەڕێی کوردا شەهید بووە ..یان بیست ساڵە لە زینداندایه ، کەچی کورد جنێویان پێ ئەدەن .. یان لە باشترین حاڵەتدا ، پشتگوێیان ئەخەن، وەک ئەوەی هەر هیچ نەبووبن ..بەو جۆرە ..
ئەمەیش دەرئەنجامی سەیر و گاڵتەجاڕی لێ سەرچاوە ئەگرێ ، بۆ نمونە سەیر ئەکەیت کەناڵە کوردییەکان ڕیکلام بۆ کاڵای دوژمنانی کورد ئەکەن و بازاڕیان بۆ پەیدا ئەکەن ، لە بەرامبەردا کاڵا ناوخۆییەکان سوک و ڕیسوا وخراپ نیشان ئەدەن ..بەو جۆرە بازاڕەکانی کوردستان ئەبنە بازاڕی کاڵاکانی دوژمنانی کوردستان و بە شانازیشەوە ئەو پڕۆسە قێزەونە ئەنجام ئەدەن.
تەماشا ئەکەیت، هەزاران ووتار لەسەر چیرۆکی مۆباسان و چیخۆف و ئێدگار ئاڵن پۆ ئەنووسن ، بەڵام تەنانەت دێڕێکیش لەسەر چیرۆکێکی حەسەن قزڵچی و حسێن عارف و کاوس قەفتان نانووسن. تەنانەت گەنجێکی ئەمڕۆ نازانێ کاوس قەفتان و ئەحلام مەنسوور کێن و چ کارە بوون .. بەڵام ئەوەندە بابەتیان لەسەر کافکا و تۆڵستۆی و ئۆرهان پاموک و بۆرخیس خوێندۆتەوە وا ئەزانن ئەوانن باوکی ئەدەبی کوردیی .. کەسێک باس لە ووتارە ڕەخنەگرییە دوور و درێژەکانی فوئاد مەجید میسری ناکات ..نازانن ئەنوەر قادر محەمەد و عەبدوڵا پەشێو کێن و خەریکی چین .. بەڵام ئاگاداری شیعرەکانی فروخ وسوهراپ و نازم حیکمەت وڕامبۆن ..
ئەم دۆخە سەیر و ترسناکە وا ئەکات ئەو کۆمەڵگایه بۆگەن بکات .. تیایدا کرم و مار سەر دەربێنن و ببن بە کەسی باڵا و بەرپرس .. هەتا بێ ، کرم و مارەکان گەورەتر بن و.. کەلاکی کۆمەڵگایش قێزەونتر و بۆگەنتر بێ.
تیایدا هیچ شانازی و شەرەفمەندیی و پیاوەتییەک نەمێنێ .. مرۆڤەکانی بێ ماف و بێ گوزەران و کۆیلە و سووک بن ، لەوەیش ناخۆشتر ، شانازیی بە بێ مافی و بێ گوزەرانی و کۆیلایەتیی و سوکایەتیەوە بکەن .. هەندێکیان بە تاقیکردنەوەی خوایی بۆ بەندەکانی لێکی بدەنەوە کە ئارامگرتن لەسەریان ، بەهەشتی تیا دەست دەکەوێت وەک پاداشت ..
هەندێکی تریشیان بە قۆناغه تاریکەکانی مێژووی دابنێن و چاوەڕوان بن تا قۆناغی ڕێنیسانسی کوردیی دێت ..!
هەندێکی تریش لایان وابێ ژیان هەر وایە و .. کۆمەڵگا هەر وایه.
لە کاتێکدا چاڵێکە وهەموویان پێکەوە هەڵیانکەندووە و.. هەموویشیان پێکەوە تێیکەوتوون .. هەموویشیان پێکەوە لە کێشمە کێشمی ئەوەدان کەسیان لە چاڵەکە دەرباز نەبن ، وەکو چۆن تورکەکان بە خەڵکی ناوچاڵەکە پێناسەی کورد ئەکەن.
- Latest Posts by نەوزاد بەندی
نەوزاد بەندی: سەدامیزم.
-نەوزاد بەندی: نیفاق.!
-دزی شەریف و نیشتمانفرشی دز.
- All Posts