بەهرۆز جەعفەر: بەدەم ڕێگاوە بۆڵە بۆڵ.
دەبێت ددان بەوەدا بندرێت، پرۆسە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان سەرلەبەری هەڵەیە، بە هەڵە هاتوە، ئەنجامی هەڵەی دەبێت. تەنانەت شۆفێری تەکسیەک کە نووسینی خوێندۆتەوەو گوێی لە شرۆڤەبوە، پرسیاری لێمان هەیە: ئەمە مانای چییە ئێمە 16 ساڵ نەوتمان فرۆشتوە 32 ملیار قەرزارین؟ ساڵو نیوێکیش نەوتی هەرێم ڕاگیراوە زیانی (20) ملیارمان لە عێراق داوە؟!
جارێکیان ڕەوانشاد مام جەلال لە ئەنجامی پرسیارێکی کاک فاتیح شوانی (باوکی شەهید لیوا شێرکۆ) نموونەیەکی بۆ گێڕاینەوە، وتی کاتی مفاوەزاتەکە (مەبەستی 1983) لەو شاخە بووین، هەندێک لەبرادەران بەدەگمەن جادەی قیریان بینی بو، عێراق وەک موجامەلە نووسراوێکی ناردبوو کە لەمیانەی ئەرکەکانیان چەند “سایەق تەیارێک” یان پێویستە، یەکێک لەو “فڕۆکەوانانە” با کورد بێت. وتی: یەکسەر یەکێک لە فەرماندەکان لەو دوایەوە هەڵیدایە: ” بەخوا کاکە عەلیم بۆ ئەم ئیشە باشە”.
یۆنانیەکان کە کەوتنە قەیرانە داراییەکەوە، ڕوویان لە “یانیس ڤارۆڤاکیس” نا تا بگەڕێتەوە ببێتە وەزیری دارایی. ڤارۆڤاکیس لە 2010 یەکێک بوو لە دە ئابوریناسە کاریگەرەکەی جیهان، لە تەکساس و ئوسترالیاو زۆر شوێنی دیکە مامۆستای زانکۆ بوو، دواتر یەکێتی ئەوروپا داوایانکرد تا بگەڕێتەوە یارمەتی یۆنان و ناوچەی یۆرۆ بدات.
خەڵک کە دەکەونە قەیرانەوە، بە دوای ڤارۆڤاکیسەکاندا دەگەڕێن، کوردیش “مەسعود حەیدەر” دەنێرێت بۆ بەغدا بۆ ئەوەی فەزاحەت بکا، ئاواتی شێخ جەناب دەکاتە وەزیری دارایی تا بڵێ “کاکە ئێمە عەیبمان چییە، لە خەباتی شاخ دا دوا نەکەوتووین، بۆیە هەقە لە شار ئیشێکمان پێ بسپێرن!” یاخود، کۆمەڵێک مرۆڤی دەبەنگی دیکە لە دامەزراوەکاندان، لووتبەرزی وایلێکردوون کە وابزانن زەوی بە دەوری ئەواندا دەسوڕێتەوە؛ ڕەوشەکە بەجۆرێکە تۆ ناتوانیت بڵێیت زەوی بەدەوری خۆر دا دەسوڕێتەوە. من خۆم هەندێکجار هەستەکەم؛ لیژنەیەک درووست بوە، لەناو هەرێمی کوردستاندا بە ئەنقەست ئیشی قۆڕ دەکات، بیردەکەنەوە چۆن خەڵک بێ ئیمان بکەن بە هەموو شتێک! چۆن ئەوەی بیر بکاتەوەو پرۆژەو تێگەیشتنی هەبێت ماندووی بکەن، گومانی لەسەر بوروژێنن، ڕێگری لێ بکەن، تێکی بشکێنن.. (ناتوانن).
سەیری بکە؛ کە جوولەکە بڕیار دەدەن، بچنەوە خاکی خۆیان، داود بگوریون و سەدان کەس لە هەرە مرۆڤە چاوکراوەو دەوڵەمەند و خوێنەوار و بەجەرگ و نیشتیمانپەروەرەکانی خویان دەنێرن، کوردیش هەرچی موستەشار و کوڕە جاش و پیاوە برسییەکانی حیزب هەیە هەمووی کۆدەکاتەوە دەیاننێرێت بۆ کەرکوک. ئێستا وەک خۆیان دەڵێن لەماوەی حەوت ساڵی ڕابردوودا سەروو 600 هەزار عەرەب هاتونەتە کەرکوکەوە، بۆیە داوامان لێ دەکەن بۆ سەرژمێریی بچینەوە بۆ کەرکوک، چۆن؟
- بابەتەکانی تری بەهرۆز جەعفەر
بەهرۆز جەعفەر: کورد یان ئەردۆگان دەرفەتیان زۆرترە؟
-بەهرۆز جەعفەر: ئایا ئیسرائیل بەڕاستیەتی؟
-بەهرۆز جەعفەر: ئەقڵ و دیکتاتۆر.
- All Posts