فه‌رمان عزیز شریف: كورد له‌ سه‌رژمێری عێراق – به‌شی دووه‌م.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

زیانه‌كانی ئه‌م سه‌رژمێری یه‌ بۆ كورد
له‌م سه‌رژمێریانه‌ی له‌ عێراق كراوه‌ سه‌رژمێری 1957 له‌هه‌موویان زیاتر ڕاستگۆتر بووه، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌ویش كۆمه‌ڵێك تێبینی له‌سه‌ره.‌ به‌ڵام له‌سه‌رژمێریه‌كانی دیكه‌ زیاتر جێگای متمانه‌یه‌، بۆیه‌ كورد له‌ڕابردوو به‌رده‌وام بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی كركوك و ناوچه‌ كێشه‌ له‌سه‌ره‌كان و سنوری مادده‌ی 140 داوای كردووه‌ كار به‌سه‌رژمێری 1957 بكرێت بۆ ئاسایی كردنه‌وه‌ی ناوچه‌ تعریب كراوه‌كان و مادده‌ی 140.
ئه‌و سه‌رژمێریه‌ی ئێستا له‌هه‌موو كات زیاتر زیانی بۆ كورد هه‌یه‌ دۆخی ناوخۆی كورد زۆر شپرزه‌ و ناڕێكه‌ و دیمۆگرافیای ناوچه‌ كوردستانیه‌كان به‌ته‌واوی گۆڕاوه‌ و شێوێنراوه‌، مادده‌ی 140 جێبه‌جێنه‌كراوه‌، عه‌ره‌بی هاورده‌ نه‌گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌، زیاتر له‌ ملیۆنێك ئاواره‌ و هاوڵاتی عه‌ره‌ب له‌هه‌رێمی كوردستان نیشته‌جێن.
زیانه‌گه‌وره‌كانی ئه‌م سه‌رژمێری یه‌ دوای ته‌واوبوونی پڕۆسه‌ی سه‌رژمێری زیاتر ده‌رده‌كه‌وێت و له‌مه‌ودوا به‌غدا دژی هه‌رێمی كوردستان به‌كاریده‌هێنێت، چۆن له‌ 10 ساڵی ڕابردوو (2014-2024) به‌غدا كێشه‌ی بۆ بودجه‌ و داهات و مووچه‌ی مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان دروستكرد، هه‌رمانگه‌ و به‌بیانوویه‌ك مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان نه‌ده‌نارد و ئێستاش به‌رده‌وامه‌، دوای سه‌رژمێری بیانووی به‌غدا به‌هێزتر ده‌بێت جگه‌له‌ بیانووی سیاسی و ناكۆكی سیاسی چه‌كی سه‌رژمێریشی به‌ده‌سته‌وه‌ ده‌بێت تاكو بودجه‌ و مووچه‌ی هه‌رێم نه‌دات.
پێویست بوو پێش ئه‌م سه‌رژمێری یه‌ هه‌موو بڕیاره‌كانی حكومه‌تی به‌عس سه‌باره‌ت به‌گۆڕانكاری دیمۆگڕافیا و دانیشتوان و ناوچه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم و كركوك هه‌ڵبوه‌شێنرابایه‌وه‌، ئاسه‌واره‌كانی تعریب له‌و ناوچانه بسڕابایه‌وه‌.
كورد ئه‌وكاته‌ی له‌به‌غدا به‌هێز بوو پێویست بوو ئه‌وكات سه‌رژمێری بكرابایه‌ كه‌چی ئێستا كورد له‌به‌غدا له‌وپه‌ڕی لاوازی دایه‌ و هیچ ده‌سه‌ڵاتێكی به‌ده‌سته‌وه‌ نیه‌، ته‌نانه‌ت ئه‌و (داتا سه‌نته‌ر)ە‌ی كه‌ هه‌موو زانیاریه‌كانی تێدا تۆمارده‌كرێت و شیكارده‌كرێت و ئه‌نجامه‌كانی سه‌رژمێری ڕاده‌گه‌یه‌نێ له‌به‌غدایه‌ و كورد هیچ ده‌سه‌ڵاتێكی به‌سه‌ره‌وه‌ نیه‌ و ئاگاشی لێ نیه‌ كه‌ میكانیزمه‌كانی ئه‌و داتا سه‌نته‌ره‌ چۆنه‌ و چی ده‌كرێت؟ كه‌چی تازه‌ حكومه‌تی هه‌رێم داوایكردووه‌ له‌و داتاسه‌نته‌ره‌ ئه‌ندامی هه‌بێت و ئاگاداری كاره‌كان بێت، به‌ڵام دوای چی كه‌ كه‌متر له‌ دوو هه‌فته‌ی ماوه‌ بۆ سه‌رژمێری گشتی و قۆناغی یه‌كه‌می سه‌رژمێری كه‌ گه‌مارۆسازی و ژماره‌لێدان و تۆماركردنی زانیاریه‌ سه‌ره‌تاییه‌كانی سه‌رژمێری دانیشتوانه‌ ته‌واو بووه‌، تازه‌ ئه‌گه‌ر كورد له‌و‌ داتا سه‌نته‌ره‌ش به‌شداربێ ئه‌سته‌مه‌ هیچی پێ بكرێت.

ژماره‌ی عه‌ره‌ب زیاد و كوردیش كه‌م ده‌كات
عه‌ره‌ب به‌رده‌وام ژماره‌یان زیاد ده‌كات و سروشتی خێزانی عه‌ره‌ب وایه‌ مندالیان زۆره‌، هاوسه‌رگیری زۆرده‌كه‌ن، پڕۆسه‌ی هاوسه‌رگیری لای عه‌ره‌ب ئاسانتره، به‌ڵام لای كورد پێچه‌وانه‌یه‌، خێزانی كورد له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وام به‌ره‌و بچوك بوونه‌وه‌ ده‌چێت، زۆربه‌ی خێزانی كورد له‌ دوو سێ منداڵ زیاتریان نیه‌، هاوسه‌رگیری له‌هه‌رێمی كوردستان ڕۆژ له‌دوای ڕۆژ كه‌متر ده‌بێته‌وه‌، گه‌نجان كه‌مترهاوسه‌رگیری ده‌كه‌ن، ڕێژه‌یه‌كی زۆری گه‌نج ڕوویان له‌ هه‌نده‌ران كردووه‌ ئه‌وه‌ی ماوه‌ش كه‌متر هاوسه‌رگیری ده‌كات، ڕێژه‌ی جیابوونه‌وه‌ی هاوسه‌ران به‌رده‌وام زیاد ده‌كات ئه‌وه‌ش به‌هۆی خراپی دۆخی ئابوری و سیاسی خراپی حوكمڕانی هه‌رێمی كوردستان و ده‌سه‌ڵاتی پارتی و یه‌كێتی كه‌ خه‌ڵكیان تائه‌وپه‌ری نائومێد كردووه‌، ئه‌مانه‌ هه‌مووی هۆكارن كه‌ ژماره‌ی كورد له‌هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وام كه‌م ده‌كات و عه‌ره‌ب یش به‌رده‌وام زیاتر ده‌بن.
دوای سه‌رژمێری عێراق به‌گوێره‌ی ژماره‌ی دانیشتووان به‌رنامه‌ و بودجه‌ی خۆی دیاریده‌كات ئه‌وكات كه‌مترین ڕێژه‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان ده‌بێت، كورد دوای ڕووخانی صدام بودجه‌ی له‌سه‌دا 17ی له‌ عێراق بۆ ده‌هات دواتر كه‌مكرایه‌وه‌ بۆ له‌ سه‌دا 12 و دوای سه‌رژمێریش بۆ له‌سه‌دا 10 و كه‌متریش داده‌به‌زێت.
ته‌رخانكردنی پاره‌ بۆ پڕۆژه‌كانی كه‌رتی (كشتوكاڵ، بازرگانی، په‌روه‌رده‌، ته‌ندروستی، خوێندنی باڵا، سه‌ربازی، گه‌شه‌پێدان، ژینگه‌…)به‌گوێره‌ی ژماره‌ی دانیشتوان ده‌بێ كه‌ كه‌مترینی ئه‌و پرۆژانه‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان دێت، چونكه‌ دروشمی ئه‌و سه‌رژمێری یه‌ بۆ گه‌شه‌پێدانه‌ به‌ناوی(سه‌رژمێری.. بۆ گه‌شه‌پێدان)واته‌ له‌داهاتوودا پاره‌ و بودجه‌ بۆ ئه‌وناوچانه‌ زیاتر خه‌رج ده‌كرێت كه‌ ژماره‌ی دانیشتوانیان زۆره‌ و خزمه‌تگوزارییان كه‌مه‌.
دوای ئه‌و سه‌رژمێری یه‌ نه‌خشه‌ی هه‌رێمی كوردستان زیاتر بچوك ده‌كرێته‌وه‌ به‌پێچه‌وانه‌ی پێشوو كردنی گوند به‌ ناحیه‌ و بڕیاری كردنی ناحیه‌ به‌ قه‌زا و ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆ و پارێزگا له‌ ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێمی كوردستان نامێنێت، به‌غدا له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌و سه‌رژمێری یه‌ بڕیاری لێده‌دات، بۆ نموونه‌ چۆن هه‌ڵه‌بجه‌ كرایه‌ پارێزگا و له‌هه‌ولێر و شاره‌كانی دیكه‌ كۆمه‌ڵێك ناحیه‌ كرانه‌ قه‌زا ئه‌وانه‌ هه‌مووی ڕاده‌گیرێت، دروستكردنی ئیداره‌ی نوێ له‌ده‌سه‌ڵاتی به‌غدا ده‌بێت و له‌سه‌ر بنه‌مای ژماره‌ی دانیشتوان بڕیاری له‌سه‌ر ده‌درێت.
دوای سه‌رژمێری هه‌موو ئه‌و بڕیاره‌ سیاسی و یاسایی و مێژوویانه‌ی پێشتر لای حكومه‌تی عێراق بایه‌خی نامێنێت وه‌كو مادده‌ی 140 و تعریب و ئاسایی كردنه‌وه‌ی ناوچه‌ كێشه‌ له‌سه‌ره‌كان كار به‌هیچ یه‌كێك له‌وانه‌ ناكات، ته‌نها ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌نجامی داتای ئه‌و سه‌رژمێری یه‌ و ده‌یكاته‌ بنه‌مای ده‌ركردنی بڕیاره‌كان و ده‌بێته‌ به‌ڵگه‌یه‌كی یاسایی و سیاسی به‌هێز به‌ده‌ستی حكومه‌تی عێڕاق دژی كورد.
هه‌موو وڵاتانی جیهان به‌رده‌وام له‌هه‌وڵی ئه‌وه‌دابوونه‌ ژماره‌ی ڕاسته‌قینه‌ی كورد بشارنه‌وه‌، په‌رتی بكه‌ن، كه‌می بكه‌نه‌وه‌ به‌تایبه‌تی ئه‌و وڵاتانه‌ی كوردیان به‌سه‌ردابه‌شكراوه‌ وه‌ك(عێراق-ئێران-سوریا-توركیا)و ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێمی كوردستانیش به‌تایبه‌تی پارتی و یه‌كێتی هیچ باكیان پێ نیه‌ و ته‌نها خه‌ریكی به‌ڕژه‌وه‌ندیه‌كانی خۆیانن و شه‌ڕیان له‌سه‌ر پۆست و پله‌ و پایه‌ و ده‌سه‌ڵات ناكۆكی ناوخۆییان به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی كورد و خه‌ڵكیان بیرچۆته‌وه‌.
كورسیه‌كانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق دوای سه‌رژمێری له‌سه‌ر بنه‌مای ژماره‌ی دانیشتوانی عێراق به‌سه‌ر پارێزگاكان دابه‌ش ده‌كرێت له‌مه‌ش كورد زه‌ره‌ر ده‌كات ئه‌و ژماره‌ كورسیه‌ی كورد هه‌یه‌تی كه‌م ده‌كات، له‌یه‌كه‌م خولی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق دوای ڕوخانی صدام حسێن له‌ 2003 كورد له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێڕاق له‌ كۆی 275 كورسی 75 كورسی هه‌بوو، كه‌چی ئێستا له‌ كۆی 329 كورسی خاوه‌نی كه‌متر له‌ 60 كورسی یه‌.
پێدانی پۆسته‌ سیادیه‌كان و سه‌رجه‌م پۆسته‌كانی دیكه‌ له‌ عێراق دوای سه‌رژمێری به‌هه‌مان شێوه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای ژماره‌ی دانیشتوان و ئه‌نجامه‌كانی ئه‌و سه‌رژمێری یه‌ ده‌بێت، به‌و هۆیه‌وه‌ كورد له‌ عێراق ده‌یان پۆستی دیكه‌ له‌ده‌ست ده‌دات، كورد له‌دوای 2003 پۆسته‌كانی(سه‌رۆك كۆمار، جێگری سه‌رۆك وه‌زیران، جێگری دووه‌می سه‌رۆك وه‌زیران، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ و شاره‌وانی و ژینگه‌ و ده‌یان پۆستی دیكه‌ی سه‌ربازی و ئه‌منی بریكاری وه‌زیر و به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی…هتد)به‌ده‌سته‌وه‌ بوو، دوای سه‌رژمێری زۆرێك له‌و پۆستانه‌ له‌ده‌ست ده‌دات.
ته‌نانه‌ت پۆسته‌ سه‌ربازی و ئه‌منیه‌كان و دامه‌زراندن له‌ سوپای عێراق به‌گوێره‌ی ژماره‌ی دانیشتوانی پارێزگاكان ده‌بێت.
له‌بواری خوێندنی باڵا جارێكی دیكه‌ عێراق ڕێگه‌ نادات به‌و شێوه‌ زۆر و به‌ربڵاوه‌ كورسی خوێندنی باڵا بۆ ماسته‌ر و دكتۆرا و زانكۆی حكومی و ئه‌هلی بكرێته‌وه‌، هه‌موو ئه‌وانه‌ به‌گوێره‌ی ژماره‌ی دانیشتوان بڕیاری لێ ده‌درێت، ڕێگه‌ نادرێت به‌لێشاو زانكۆی ئه‌هلی بكرێته‌وه‌، قبوڵ ناكات له‌ هه‌ولێر زیاتر له‌ 10 زانكۆی ئه‌هلی بكرێته‌وه‌ و له‌پارێزگایه‌كی دیكه‌ش 2 زانكۆی ئه‌هلی نه‌بێت.ئه‌وانه‌ كۆمه‌ڵێك هۆكار و كاریگه‌ری ئه‌و سه‌رژمێری یه‌ن بۆ سه‌ر كورد و هه‌رێمی كوردستان له‌داهاتوو ئه‌نجامه‌كانیان ده‌بینین.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت