دکتۆر بەهرۆز جەعفەر: بنەماکانی ناسیۆنالیزم و کەرەستەکانی کێبڕکێ لەگەڵ ئەوانی تردا.
ڕاستیت دەوێ؟ ئەم بابەتە سەبارەتە بە کەرکوک و ناوچە کوردستانییەکانی ئێستا لە دەرەوەی سنوری هەرێمی کوردستانن. خوێنەر خۆی تێدەگات چۆن ئەم بنەما زانستییانە پەیوەست بکا بە کورد و کەرکوکەوە. کاتێک لە چەمک و جۆر و پایەکانی ناسیۆنالیزم (نەتەوەگەرێتی- نەیشناڵیزم- Nationalism) تێدەگەین، ئۆتۆماتیکی ئەوە ڕوون دەبێتەوە کە لە سییەکانی سەدەی بیستەوە، لە «حیزبی هیوا» و «کۆمەڵەی دارکەر»ەوە بیری نەتەوایەتی کوردیی هێشتا ڕێچکەی درووستی خۆی نەگرتوە. زۆرکات باسی کورد هەر وەک وێردێکی دەروێشانەیە لەسەر زار، یان هەندێجار بەئەنقەست کراوە بە کراسەکەی عوسمان و بۆ موزایەدات و مەرامی سیاسیی بەکارهاتوە. ناسیۆنالیزم هێشتا نەبوەتە نەخشە ڕێگایەک بۆ کورد و کوردایەتی؟ لەبەرئەوەی مەرجەکانی هاتنە ئارای ناسیۆنالیزم و پایەکانی ڕوون نەبوە:
ناسیۆنالیزم، بە شێوەیەکی گشتی لەسەر چەندین پایەی سەرەکی وەستاوە کە نەتەوەیەک لە دەوری ناسنامە و بەها و ئامانجە هاوبەشەکان یەکدەخەن و کۆیان دەکەنەوە. لێرەدا پایە سەرەکییەکانی دەخەینە ڕوو:
یەکەم/ ناسنامەی هاوبەش: ناسیۆنالیزم پشت بە هەستکردن بە ناسنامەی هاوبەش لە نێوان ئەندامانی نەتەوەیەکدا دەبەستێت، زۆرجار لەسەر بنەمای هۆکارەکانی وەک زمان، کولتوور، نەتەوە، ئایین، یان ئەزموونی مێژووییە. ئەم ناسنامە هاوبەشە هەستی سەربەخۆیی و هاودەنگی پەروەردە دەکات.
دووەم/ گێڕانەوە و یادەوەری مێژوویی: زۆرجار ناسیۆنالیزم (نەیشناڵیزم) سوود لە مێژوویەکی هاوبەش یان ئەفسانەو بنەچەی هاوبەش وەردەگرێت، جەخت لەسەر ڕووداوە گرنگەکان و پاڵەوانەکان و بەربەستە گرنگەکان دەکاتەوە کە پێناسەی نەتەوە دەکەن. ئەم یادەوەرییە بەکۆمەڵە شانازی نەتەوەیی و بەردەوامی لەگەڵ ڕابردوودا بەهێزتر دەکات. شتێکی وا بیردەهێنێتەوە لە نمونەی ئەوەی کیژۆڵەیەکی ئازای کورد وەک « لەیلا قاسم» لە حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو لەناوەڕاستی بەغدا تەحەدای جەبەرووتی ڕژێمی عێراقی دەکرد لەمەڕ کوردبون. مولازم جوامێر بە پێ دەچوو بۆ بەغدا بۆ ئەوەی لەشوێنێکدا بۆی ڕێک بکەوێ سەددام بکوژێ! کورد لە دوای (2003) ەوە سەدان پەرلەمانتاری لەبەغدایە، سەرۆک کۆمار و سوپاسالار و وەزیری دەرەوەو سەدان پۆستی هەبوە. پارێزگاری کەرکوک و پۆستە ئەمنی و خزمەتگوزارییەکانی بەدەستەوە بوە؛ ئەگەر کۆی بکەیتەوە بەهەموویان سەدان ملیار دۆلاریان بۆخۆیان و کەسوکاریان دەستکەوتوە، دەیان ملیاریش گەندەڵیان کردوە. کەچی لە (2003 ەوە تا 2024) ئەو هەموو کورسییە نەرم و هۆڵەجوان و خوانە بەلەزەتانەشیان هەبوە، نەیانتوانیوە تەنانەت چوار کۆبونەوەی دەوریی و پێکەوەیی کوردانە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ هەلومەرجەکان پێکەوەو لەناویەکدا بکەن!
سێهەم/ وابەستەیی خاک: چەمکی نیشتمان یان خاک (Territorial) کڕۆکی پرسی نەتەوەو ناسیۆنالیزمە. لێرەدا ناوچەیەکی جوگرافیای دیاریکراو وەک کۆڵەگەیەکی نەتەوە سەیر دەکرێت. ئەم وابەستەبوونە بە زەویەوە زۆرجار بەستراوەتەوە بە چەمکەکانی سەروەری و مافی چارەی خۆنووسین. سەیری ئەم بنەمایەش بکە، ئێمەو ئێوە سەدان دۆست و بەرپرسی باڵا دەناسین کە خەڵکی شەنگال، خانەقین، کەرکوکن، ئەوانە کوردن و هەموو کوردستان جێگای ئەوانە، لەکاتێکدا ئەوانە نەک نەیانتوانیوە یەک مەتر لە خاکی خانەقین و کەرکوک و شەنگال و سنونێ بگەڕێننەوە سەر کوردستان، بەڵکو خۆیان و ڕۆڵەکانیان لە سلێمانی و هەولێر و ناوچەکانی تر پاڵیان لێداوەتەوە و قسەی زل دەکەن و، دەیان دۆنم زەوی و چەندین ڤیەللایان هەیە. ناو بەناو لە دوورەوە گۆرانییەک بۆ «لەیلا» دەڵێن، ئەویش ئەگەر ئامانجێکی کەسیی خۆیان هەبێت!
چوارەم/ یەکگرتوویی کولتووری: ناسیۆنالیزم جەخت لەسەر گرنگی کولتوورێکی هاوبەش دەکاتەوە، کە زۆرجار لە ڕێگەی زمان و نەریت و بەها هاوبەشەکانەوە بەرەوپێش دەچێت. یەکگرتوویی کولتووری یارمەتیدەرە بۆ جیاکردنەوەی میللەت لە ئەوانی دیکە و بەرەوپێشبردنی یەکڕیزی ناوخۆیی.
پێنجەم/ سەروەری سیاسی: ناسیۆنالیزم بە توندی پەیوەستە بە مافی نەتەوەیەکەوە بۆ بەڕێوەبردنی خۆی بەبێ دەستێوەردانی دەرەکی. ئەم بنەمایە داوای سەربەخۆیی و چارەی خۆنووسین و شەرعیەتی حکومەتە نیشتمانییەکان دەکات. کاتێک دەتوانیت ئەم بنەمایە چێ بکەی کە لەناوەوەی نیشتیمان «بونیادنان» بکەی و لە دەرەوەش کار بۆ «ددان پیانان» بکەی. بەڕوونی دیارەو سەرکردایەتی سیاسیی کورد خۆشیان دەیبینن و باسی دەکەن کە چۆن ئیمانیان لە مێشکی خەڵکدا نەهێشتوە، کاریان لەسەر بونیادنانی مرۆڤ نەکردوە، بەڵکو تێک و پێکیان شکاندوە.
شەشەم/ پابەندبوونی سۆزداری و نیشتمانپەروەری: زۆرجار ناسیۆنالیزم بانگەوازی هەستکردن بە شانازی و دڵسۆزی و پابەندبوونی سۆزداری بۆ میللەت دەکات. نیشتمانپەروەری، یان خۆشەویستی بۆ وڵاتەکەی، وەک ئەرکێک و ناوەندی ناسنامەی نەتەوەیی بەرەوپێش دەچێت. ئایا فەزای کەلتوریی و میدیایی و سیاسیی و کۆمەڵایەتی لە ناو کورددا ئیش لەسەر پێکەوەیی و خۆشەویستی نیشتیمان دەکات!؟
حەوتەم/ سەربەخۆیی ئابووری: هەندێک جۆری ناسیۆنالیزم جەخت لەسەر سەربەخۆیی ئابووری و پشتبەستن بەخۆ دەکەنەوە، هەوڵدەدەن پیشەسازی و سەرچاوە نیشتمانییەکان بپارێزن. زۆرجار ئەمە پەیوەستە بەو سیاسەتە ئابوورییانەی کە بەرژەوەندییە ناوخۆییەکان لە پێشینەی کارەکانیانەوە بەسەر بەرژەوەندییە نێودەوڵەتییەکان دادەنێن.
بەگشتی، لەهەموو شوێنێکی جیهان ئەو پایانەی سەرەوە دەتوانن جیاواز بن بەپێی جۆری ناسیۆنالیزم، بۆ نموونە ناسیۆنالیزمێکی مەدەنی، نەتەوەیی، کولتووری، ئایینی. واتە بەم پێیە ناسیۆنالیزم پەیوەستە بەو زەمینە مێژووییە یان کۆمەڵایەتییە تایبەتەی کە تێیدا سەرهەڵدەدات. بۆ نموونە ئەو ناسیۆنالیزمەی لە تورکیای سەردەمی ئەردۆگان هەیە ئیتنۆ-نەیشناڵیزم ی تێکەڵ بەجۆرێک لە ئاین کردوە.
ئەگەر تەماشای سەدەی 21 بکەین، سیاسەتی جیهانی بە تەواوەتی نەزمێکی ڕیالیستانەی هەیە، واتە بنەمای پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان «کێبڕکێ» یە بۆ بەدەستهێنانی «هێز» بۆ بەرزڕاگرتنی ئاسایشی نیشتیمانیی، تاوەکو باڵانسی هێز درووست ببێت. لەپاڵ ئەمەشدا نەزمێکی لیبراڵ کاردەکات، کە کار لەسەر ئابوریی ئازادو کاڵکردنەوەی سنوورەکان دەکات، بۆ ئەوەی بنەمای پەیوەندییەکان بکاتە «هاریکاریی» و دەرفەتی یەکسان بداتە هەموان، لە پێناو چاکەی گشتی دا. لە هەردوو حاڵەتەکەدا ناسیۆنالیزم کورت دەبێتەوە بۆ دوو مەرجی سەرەکیی، واتە تۆ بۆ ئەوەی نەتەوە بیت، بۆ ئەوەی ناسیۆنالیزم بەرجەستە بکەی دەبێت ئەو دوو مەرجە بەرجەستە بووبێ، ئنجا دەست بەهەنگاوەکانی بەرزڕاگرتنی ناسیۆنالیزم بکەی:
یەکەمیان مۆدێرن بوون، مەبەست لەمە پرۆسەی نۆژەنکردنەوەی کۆمەڵگەیە، دەرچوونە لە خێڵگەرایی، واتە دەرچوونە لەوەی کە ئیشکردن لەسەر بنەمای خوێن، لەوەڕگە، پووش و پاوان بێت. لە خۆوە نییە دامەزرێنەر و بناغەداڕێژەری راستەقینەی فەلسەفەی مۆدێرن، سروشتناس و بیركاریزانی فەرەنسییە «رینە دیكارت» داوا دەکات بە دوای «ڕاستی» دا بگەڕێین لە ڕێگەی گومانەوە. بۆ نموونە تۆ مرۆڤێکی سۆماڵی دەبینی وەکو ئەمریکی و ئەوروپییەک ئاشنایە و هەڵدەکات لەگەڵ پۆپ و گۆرانیبێژی ئەمریکی « مادۆنا»، بەڵام ئایا مۆدێرنە لە سۆماڵ ئیشی خۆی کردوە، یان دەکرێ ئیش بکات؟! تۆ ڕۆژانە کورد و خێزانی کوردیی دەبینی کە شێوازی ماڵەکەی، قەنەفەو ژووری نووستن و شێوازی خواردنەکەی گۆڕیوە، ئۆتۆمبیل و تەلەفۆنەکەی دەستی ساڵانە دەگۆڕێت، جلوبەرگەکانی و ماکیاجەکانی دەگۆڕێت، بەڵام ئایا ئەقڵییەت و شێوازی بیرکردنەوەی گۆڕیوە؟! یان دەگۆڕێت!؟ کاتێک کۆمەڵگەو دەستەڵات مۆدێرن بوون، ئیتر مەرجی دووەم دەست پێدەکات کە « پیشەسازیی» بوونە.
پیشەسازیی بوون، یان پیشەسازیی کۆڵەگەی مانەوەو کێبڕکێکردنی نەتەوەیەکە لەگەڵ ئەوانی تردا. کاتێک پیشەسازیی نییە، واتە تۆ هەموو کاتێک لەبەردەم لەناوچووندایت، هەموو کاتێک پاشکۆی نەیارەکانی خۆتیت. لەڕاستیدا بوێریی دەوێ ئەم وەرچەرخانە درووست بکەی، تەنانەت باسیشی بکەی.. نزیکەی چوارسەت ساڵ پێش ئێستا “ئیسحاق نیوتن” بوێری هەبو، وێرای بڵێت: لە ڕێگای زانستەوە قوتارمان دەبێت، کانت شقارتەی بە پووش و پاوانی سەردەمی تاریکییەوە نا، ڕێنیە دیکارت گوتی “من بیر دەکەمەوە، کەواتە هەم.” ئیتر بیرکردنەوە بوو بە سەنتەر، لەگەڵیدا شۆڕشی فەڕەنسا سەریهەڵدا.. پێش ئەم ڕووداوانە قەشەیەک و پیاوێکی ئاینی لە باتی هەموو کەس بیریان دەکردەوە، بەڵام دوای ئەوە زانست و داهێنان کەوتنە سەرسکە، بۆیە لەگەڵیدا پیشەسازیی سەریهەڵدا؛ پیشەسازیی بەرهەمی مۆدێرنەیە، مۆدێرنەش بەرهەمی ڕاچڵەکینی فەرهەنگی و ئەقڵە؛ تا مۆدێرن نەبین، “پیشەسازیی-Industrilization” ڕوونادات:
کاتێک پیشەسازیی سەرهەڵدەدات ئیتر حیکایەتێکی نوێ دێت. فریدریچ لیست-Friedrich List ، یهكێك له پێشهنگهكانى قوتابخانهى ڕیالیزم، ساڵى (1840) له ئهڵمانیا كتێبى (ئابوریی سیاسی بۆ سیستەمی نیشتیمانیی- The National System of Political Economy) دهنوسێت. لیست، پهیوهندییهكى ڕاستهوخۆ لهنێوان هزرى سیاسی و سامانى ئابوریی دا دیارى دهكات. ناسیۆنالیزمى ئابوریی گرێ دهدات به وهرشهى بچوك “مانیفاكتۆر”، بهجۆرێك ئهگهر خودى دهوڵهت خۆى یان كۆمپانیا ناوخۆییهكانى بوون به خاوهنى وهرشهو پیشهسازیى بچوك، ئیتر دهتوانن خۆیان بههێز بكهن و كێبڕكێ لهگهڵ ئهوانى تردا بكهن. ههربۆیه له چوارچێوهى ئهوروپادا بهریتانیا وهك لانكهى شۆڕشى پیشهسازیی وهرشهو پیشهسازیی ئاڕاستهى ئهڵمانیاكرد، ئهڵمانیهكانیش خۆیان بههێزكردو ململانێى ئهوانى ترى پێ دهكهن! هەر لەوێشەوە یابان بە هەمان ئەزموون خۆی بەهێزکرد، دوای پەنجا ساڵ لە وێرانکردنی وڵاتەکەی لەلایەن خۆرئاواوە، بە پیشەسازیی و داهێنانی تەکنەلۆژیی تۆڵەی خۆی لەهەموو مرۆڤایەتی کردەوە.
جێی سەرنجە بەمدواییانە لە هەناوی جیهانی خۆرئاواوە، پرۆژەی ناسیونالیزم دەیباتەوەو لیبراڵیزمی ئابوریی دادەکشێت. جیابوونەوەی بەریتانیا «برێکسیت» لە یەکێتی ئەوروپا سەرکەوتنی ناسیۆنالیزم بوو. ناسیۆنالیزم بەگشتی سنورە، سەروەرییە. تۆخکردنەوەی ناسنامەو سنورە کەلتوری و جوگرافییەکان بریتی یە لە ناسیۆنالیزم. هەروەها دووبارە بردنەوەو هاتنەوەی ترامپ بۆ کۆشکی سپی نیشانەیەکی ئەوەیە کە گەلانی دونیا هێدی هێدی ڕوویانکردۆتەوە ناسیۆنالیزم، ملیۆنەها پەنابەرو کۆچبەر ناتوانن وەکو جاران دیواری وڵاتان بەبیانووی جیاجیاوە ببەزێنن و کێشەی ناوخۆییان بۆ درووست بکەن. کوردیش کەرکوک بنگستێ لێوەی دوورە ئاگای لێی نەماوە! وتەبێژی یەکێتی وەبەرهێنان دەڵێ: نایشارمەوە ئێمە ساڵانێکە شووققەو ڤیەللا بۆ برا عەرەبەکان درووست دەکەین!
بۆیە، ئەوەی سەرەوە کڕۆکی پرسی کورد و کەرکوک نیشان دەدات. جا مرۆڤی ناشیرین کە ئاوێنەی بۆ ڕادەگری سەیری خۆی بکات، بێزار و تووڕە دەبێت، بەڵام پیاوی قۆز و کەشخە خۆشحاڵە. گرینگ ئەوەیە کەرکوک و خانەقین و شەنگال و ناوچەکانی تر حیکایەتی گرینگی نەتەوەن. کێشەکە ئەوەیە کۆڵەگەکانی نەتەوەو ناسیونالیزم بوون بزرن، کاتێک تۆ لەمسەرەوە مرۆڤی بێ بەرنامەو کۆمەڵگەی ڕووکەش، قسەی سواو حەرەکەی دووبارە دەکەی، دەنگە- دەنگی میدیایی لەمسەرەوە دەخەیتە مەکینەکەوە، لەوسەرەوە هەرئەوە یان دەرئەنجامێکی خراپترت دەداتێ. کاتێک ئەو پایەو مەرجانەی سەرەوە بەرجەستە دەکەی و لەسەر ئەو سکەیە ڕێ دەکەی، ئەوا دوای چەند دەیەیەک موعجیزە پیشانی مرۆڤایەتی دەدەی.