شوانی عبدالستار: کورد و سەرژمێری 2024 ی عێراق.
وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە
حکومەتە یەك لە دوای یەکەکانی عێراق هەوڵیانداوە کە هەموو دە ساڵ جارێك ئاماری سەر ژمێری ئەنجام بدەن. پرۆسەی بەئامارکردن نەك هەر بۆ سەرژمێریە بەڵکو زۆر شتی تریش لە خۆدەگرێت. وەك بەداتاکردنی خانوو، ڕێژەی هەژاری و دەوڵەمەندی و نەخوێندەواری هتد. بەڵام زۆر جار بۆ پلانی سیاسی و گۆڕینی دیمۆگرافیا بەتایبەتی لەو ووڵاتانەی کە خاکی کوردیان داگیرکردووە. لە دوای ڕوخانی ڕژێمی بەعسی خوێنڕێژەوە تا هاتنەکایەی حکومەتی نوێی فیدڕاڵی بەتایبەتی لە ساڵی 2008 وە هەوڵدراوە کە سەرژمێری لە هەموو عێراق بکرێت، بەڵام چەند هۆکاڕێك بوونەتە هۆی ئەوەی ئەنجامنەدرێت، لەوانە ناسەقامگیری دۆخی عێراق. دژایەتیکردنی لە لایەن نەتەوەکانی وەك عەرەب و تورکمان و جێبەجێنەکردنی ماددەی 140 ی دەستوری عێراق.
ئامادەکاری دەسەڵاتی کوردی بۆ سەرژمێری
بەداخەوە دەسەڵاتی کوردی لە باشوور وەك هەمیشە و بەردەوام لەدوای ڕووداو و پێشهاتەکانەوەیە. وەختێك بە ئاگا دێتەوە کات نەماوەو شەمەندەفەرەکە تێپەڕیوە. هۆیەکانی زۆرن، بەڵام گرینگترینیان نەبوونی پلانی ستراتیجی درێژخایەن و کورت خایەن و تاکتیکی پێشوەختە بۆ هەموو ڕووداو و کێشە و پێشهاتەکان. هەروەها خامساردی و نەبوونی ئەلەوییەت بۆ کێشە نەتەوەییە گرنگ و ستراتیجییەکان. دەسەڵاتی کوردی لە باشوور نەك هەر هیچ پلانێکی بۆ ناوچە دابڕینراوەکان و ماددەی 140 نیە، بەڵکو هیچ پلانێکی ستراتیژیشی بۆ شاری کەرکوك نیە.
بۆ ئەم سەرژمێریەش تەنیا هەوڵێکی بێهێز ونەزۆکیدا بۆ ئەوەی ئەم سەرژمێرییە ناوچە چێناکۆکەکان نەگرێتەوە، بەڵام پاش چی، کە کات تیپەڕیوەو هەموو شتێك تەواو بووە. ناچار بانگەواز دەکات کە کوردە کەرکوکییە ئاوارەکان و ئەو کوردانەی خەڵکی ناوچە دابڕێنڕاوەکانن و دانیشتووی شارەکانی ترن بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان بۆ ناو نووسکردنیان. بەىێ ئەوەی هیچ پلانێکیان بۆ ئەم مەبەستە هەبێت و هیچ ڕێنمایی و ئاگادارکردنەوە و دابینکردنی جێ و شوێن و فریاگوزاری بۆئەو خەڵکە زۆرەی کە چەندەها ساڵە لەم شارە و ئەم ناوچانە نەماوەن و هیچ جێگایەك شکنابات کە بەلای کەمەوە بتوانێت دوو ڕۆژ لێیبحەوێتەوە.
دەرئەنجام
دەسەڵاتی کوردی چاك دەیزانی و ئاگادارە کە حکومەتی فیدڕاڵی دەمێکە ئامادەکاری دەکات بۆ ئامار و سەرژمێری. هەڵەیەکی زۆر گەورەو ستراتیژیکرد بەرامبەر پرسی نەتەوەیی و ناوچەکانی ماددەی 140. بەڕای بەندە هیچ جیاوازییەکی نییە لەگەڵ هەڵەی ڕیفڕاندۆم کە چۆن لە سەدا 51 ی خاکی باشووری کوردستان لە ژێر کۆنتڕۆڵی کورد نەما. بەڵام ئەم جارەیان بەشێوەیەکی یاسایی و بەئارەزو بەشداری خۆمان لەسەر سینیەکی زێڕین ئەو ناوچانەمان پێشکەشی ئەوانی تر کرد. مخابن کورد دەبوایە پلان و ئامادەکارییەکی تۆکمە و تەواوی هەبوایە بۆ ئەم سەرژمێریە، کە نەیبوو، دەبووایە هەرگیز ڕازینەبێت کە سەرژمێری لەم ناوچاندا بکرێت تا ماددەی 140 ی دەستوری جێبەجێبکرایە، چونکە ئەمە پاساواوێکی یاساییە کە نوکوڵی لیناکرێت. ئێستا هیچ چارەسەرێك نیە، تەنیا لەبەشداریکردنی خەڵك کە هەوڵێکی باشبدرێت بۆ ئەوەی بتوانرێت زۆرترین کوردانی ناوچە دابڕێنڕاوەکان بەشداربن.
وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە