فه‌رمان عزیز شریف: كورد له‌ سه‌رژمێری عێراق – به‌شی سێ یه‌م و كۆتایی.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

چاره‌نووسی كركوك و مادده‌ی 140 له‌سه‌رژمێری
دۆخی كركوك و ناوچه‌ دابڕێنراوه‌كان و مادده‌ی 140 خاڵی ناكۆكی نێوان هه‌ولێر و به‌غدایه‌ له‌سه‌ر سه‌رژمێری، هه‌رێمی كوردستان به‌رچاوی ڕوون نیه‌ و نازانێت چی ده‌كات و هه‌ڵوێستی چی یه‌ له‌سه‌ر سه‌رژمێری؟ چونكه‌ سه‌رژمێری له‌هه‌رێمی كوردستان و كركوك و ناوچه‌ دابڕینراوه‌كان ده‌ستی پێكردووه‌، فه‌همی بورهان وه‌زیری ناوچه‌ كوردستانیه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم له‌ 10-11-2024 ده‌ڵێت: داوای دواخستنی سه‌رژمێری ده‌كه‌ین چونكه‌ عه‌ره‌بێكی زۆری هاورده‌ له‌سه‌رده‌می ڕاكان جبوری هاتوونه‌ته‌ كركوك، وه‌ ده‌ڵێت 200 هه‌زار خێزانی كركوكی به‌هۆی ڕاگواستن و 62هه‌زار خێزانی ئیزیدی شنگالیان جێهێشتووه‌ وه‌ كه‌متر له‌سه‌دا 80 ی هاوڵاتیانی عێڕاقی كارتی نیشتمانیان هه‌یه‌ ئاواره‌ و خێزانێكی زۆری عه‌ره‌ب له‌هه‌رێمی كوردستانن.
په‌روین فاتیح ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كركوك له‌فراكسیۆنی یه‌كێتی ده‌ڵێت: 600هه‌زار عه‌ره‌ب له‌شاره‌كانی دیكه‌ی عێڕاق هاتوونه‌ته‌ كركوك.
به‌و میكانیزمه‌ی كه‌ له‌سه‌رژمێری هه‌یه‌ به‌هۆی تعریب و جێبه‌جێنه‌كردنی مادده‌ی 140 و ئاسایی نه‌كردنه‌وه‌ی دۆخی ناوچه‌دابڕێنراوه‌كان و هاتنی لێشاوێكی زۆری عه‌ره‌بی هاورده‌ و ڕووداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017 بوونی راكان جبوری به‌پارێزگاری كركوك و نه‌مانی ده‌سه‌ڵاتی كورد له‌و ناوچانه‌ و كركوك عه‌ره‌بی هاورده‌ و تعریب یه‌كجار زیادیكردووه‌، ئه‌و عه‌ربانه‌ی هاتوونه‌ نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ و له‌ڕۆژانی سه‌رژمێری له‌سه‌ر كركوك تۆمارده‌كرێن، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌مه‌ بووه‌ هۆی ناڕه‌زایه‌تی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ڵام تازه‌ كاته‌كه‌ی دره‌نگه‌ و چه‌ند ڕۆژێكی كه‌می ماوه‌ سه‌رژمێری گشتی ئه‌نجام بدرێت، ئه‌ویش به‌هۆی مه‌شغول بوونی هه‌رێمی كوردستان و حیزبه‌كان به‌هه‌ڵبژاردنی 20-10-2024 خولی شه‌شه‌می په‌رله‌مانی كوردستان، حكومه‌تی هه‌رێم و پارتی و یه‌كێتی به‌پله‌ی یه‌كه‌م به‌رپرسن له‌و دۆخه‌ چونكه‌ ده‌سه‌ڵاتداری سه‌ره‌كین له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌هۆی ناكۆكی و شه‌ری هه‌ڵبژاردن ئاگایان له‌پڕۆسه‌ی سه‌رژمێری نه‌مابوو وه‌ به‌هۆی ترسیان له‌ له‌ده‌ستدانی كورسیه‌كانیان له‌په‌رله‌مانی كوردستان و ناڕه‌زایه‌تی زۆری خه‌ڵكی كوردستان له‌ سیاسه‌ته‌كانیان و حوكمڕانیان ته‌نها خه‌ریكی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن بوون.
هه‌رچه‌نده‌ حكومه‌تی هه‌رێم دوای هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان هه‌ندێك هه‌نگاوی نا بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رژمێری یه‌كه‌ به‌زیانی كورد ته‌واو نه‌بێت به‌ڵام هه‌نگاوه‌كان زۆر دره‌نگ وه‌خت بوون، له‌خواره‌وه‌ باسی هه‌ندێك له‌و هه‌نگاوانه‌ ده‌كه‌م.
1- ڕۆژی چوارشه‌مه‌ 6-11-2024 ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی حكومه‌تی هه‌رێم له‌باره‌ی سه‌رژمێری كۆبوویه‌وه‌ و ڕایگه‌یاند:(نابێت سه‌رژمێری هیچ كاریگه‌ریه‌كی نه‌رێنی له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنی مادده‌ی 14 هه‌بێت و نابێت ببێته‌ جێگره‌وه‌ی ئه‌و میكانیزم و ڕێككاره‌ ده‌ستوریانه‌ی مادده‌ی 140).

2- كۆبوونه‌وه‌كه‌ی سه‌رۆك كۆمار له‌سه‌ر سه‌رژمێری
ڕۆژی 31-10-2024 له‌ به‌غدا به‌سه‌رپه‌رشتی سه‌رۆك كۆماری عێراق د.له‌تیف ڕه‌شید كۆبوونه‌وه‌یه‌ك ئه‌نجامدرا له‌سه‌ر پڕۆسه‌ی سه‌رژمێری به‌ ئاماده‌بوونی محمد شیاع سودانی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق له‌گه‌ڵ شاندێكی هه‌رێمی كوردستان له‌ شانده‌كه‌ی هه‌رێم وه‌زیری پلان دانان د.دارا ڕه‌شید، نوێنه‌ری حكومه‌تی هه‌رێم له‌به‌غدا فارس عیسی، سه‌رۆكی دیوانی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران د.ئومێد صباح، د.ئامانج ڕه‌حیم ئاماده‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوون، هه‌رله‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌ جگه‌له‌ سه‌رۆك كۆماری عێراق كه‌ كورده‌ هه‌ریه‌ك خالد شوانی وه‌زیری دادی عێراق و د.فواد حسین وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق یش له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ به‌شداربوون كه‌ كوردن. به‌ڵام دوای كۆبوونه‌وه‌كه‌ هاوڕێ تۆفیق به‌رپرسی په‌یوه‌ندیه‌كانی سه‌رۆكایه‌تی كۆماری عێراق وتی: له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌ حكومه‌تی هه‌رێم داوای دواخستنی سه‌رژمێری نه‌كردووه‌.
ئه‌نجامی كۆبوونه‌وه‌كه‌ی سه‌رۆك كۆماری عێراق له‌گه‌ڵ سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق و شاندی حكومه‌تی هه‌ریم ئه‌وه‌بوو ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراق له‌ كۆبوونه‌وه‌ی 5-11-2024 حه‌وت بڕیاری تایبه‌ت به‌سه‌رژمێری ده‌ركرد، بڕیاری باشی تێدایه‌ به‌ڵام ئایا ئه‌و بڕیارانه‌ له‌كاتی سه‌رژمێری و دوای سه‌رژمێری جێبه‌جێ ده‌كرێن ئه‌وه‌یان ئه‌سته‌مه‌ چۆن حكومه‌ته‌ یه‌ك له‌دوای یه‌كه‌كانی عێراق دوای 2003 بڕیاره‌كانی تایبه‌ت به‌ كركوك و ناوچه‌ دابڕێنراوه‌كان و ته‌نانه‌ت مادده‌كانی ده‌ستوریشیان جێبه‌جێنه‌كرد چۆن بڕیاری ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراق جێبه‌جێده‌كه‌ن ئه‌و حكومه‌ته‌ی كه‌ ته‌نها ساڵێكی ماوه‌ و ساڵی داهاتوو هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق بكرێت ته‌مه‌نی حكومه‌ته‌كه‌ی سودانی كۆتایی پێ دێت و هیچ زه‌مانێك نیه‌ حكومه‌تی دوای سودانی پابه‌ندی ئه‌و بڕیارانه‌ بێت و جێبه‌جێیان بكات.
2- ڕۆژی سێ شه‌ممه‌ 5-11-2024 ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراق 7 بڕیاری په‌یوه‌ست به‌سه‌رژمێری په‌سندكرد، یه‌كێك له‌و بڕیارانه‌ په‌یوه‌ست بوو به‌به‌ڕێووه‌چوونی ئه‌و پڕۆسه‌یه‌ له‌ناوچه‌ كوردستانیه‌كان و به‌گوێره‌ی بڕیاره‌كه‌ تیمێكی هاوبه‌ش له‌هه‌رسێ نه‌ته‌وه‌ی (عه‌ره‌ب، كورد، توركمان)له‌و ناوچانه‌ سه‌رژمێری ده‌كه‌ن، له‌ناوچه‌ كریستیان نشینه‌كانیش كریستانێك له‌ تیمه‌كه‌دا ده‌بێت.

حه‌وت بڕیاره‌كه‌ ئه‌مانه‌ن:
1- پرسیاری نه‌ته‌وه‌ مه‌زهه‌ب له‌ سه‌رژمێری دا نیه‌، ئەنجامه‌كانی سەرژمێری نابێت بۆ چارەنوسی کەرکوک و مادەی ١٤٠ حساب بکرێ.
2-له‌ناوچه‌ كێشه‌ له‌سه‌ره‌كان و مادده‌ی 140 سێ كارمه‌ند له‌نه‌ته‌وه‌كانی(عه‌رب-كورد-توركمان)به‌یه‌كه‌وه‌ سه‌رژمێری ده‌كه‌ن وه‌ك یه‌ك تیم نه‌ك ته‌نها یه‌ك كارمه‌ند، وه‌ له‌ناوچه‌ كریستیان و مه‌سیحی نشینه‌كان ده‌بنه‌ 4 كه‌س یه‌كێك یش له‌ مه‌سیحی و كریستیان بۆ تیمه‌كان زیاد ده‌كرێ و به‌یه‌كه‌وه‌ پڕۆسه‌كه‌ ئه‌نجام ده‌ده‌ن.
3- هەردوو دەستەی ئاماری عێراق و هه‌رێم به‌یه‌كه‌وه‌ پڕۆسه‌كه‌ به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن، پاش تەواوبونی سەرژمێری زانیارییە تۆمارکراوەکان بۆ ناوچەکانی مادەی ١٤٠ به‌راورد ده‌كه‌ن به‌داتای سه‌رژمێری 1957، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا بەراوردی دەکەن لەگەڵ تۆماری ئاوارەکانی وەزارەتی کۆچبەران.
4- هەردوو وەزارەتی پلاندانانی هەرێم و فیدراڵی به‌یه‌كه‌وه‌ به‌هاوبه‌شی بڕگه‌ی 3 ئه‌نجام ده‌ده‌ن.
5- پابەندکردنی وەزارەتی پلان دانانی فیدراڵی بە ئامادەکردنی خشتەی ئامار دەربارەی ئەو هاوڵاتیانەی کە بەشێوەی میوانداری لەشارێکی ترن، بۆ ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر شوێنی ڕه‌سه‌نی خۆیان تۆماربكرێن، واته‌ ئه‌و هاوڵاتی یه‌ خه‌ڵكی كام شاری عێراقه‌ له‌سه‌ر ئه‌و شاره‌ تۆماربكرێت ئه‌مه‌ش له‌ قۆناغی سێ یه‌می سه‌رژمێری ئه‌نجامده‌درێت دوای ڕۆژانی 20 و21-11-2024 دوای به‌راوردكردنی داتا و زانیاری ئه‌و هاوڵاتیانه‌ شوێنی نیشته‌جێبوونی ڕاسته‌قینه‌یان كوێ یه‌ ده‌خرێنه‌ سه‌ر ئه‌و شاره‌.
6- تیمی هونەری دەستەی ئاماری هەرێم، پێویستە لە ژوری ئۆپراسیۆنی سەرژمێری کە لە بەغدایە هەر لەسەرەتای پرۆسەکەوە هەتاوەکو کۆتایی ئامادەبن ئەمەش بۆ دڵنیایی و شەفافیەتی پرۆسەکە .
7- پێویستە دەستەی ئاماری هەرێم بە خێرایی پرۆسەی راهێنانی کارمەندانی سەرژمێری تەواوبکات.
ناكۆكیه‌كانی هه‌ولێر و به‌غدا له‌سه‌ر ئه‌نجامدانی پڕۆسه‌ی سه‌رژمێری له‌سه‌ر ئه‌وه‌بوو كه‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌ڵێت ده‌بێ له‌سه‌رژمێریه‌كه‌دا خێزانه‌كان زێدی خۆیان و شوێنی سه‌ره‌كیان كوێ یه‌ له‌وێ تۆماربكرێن نه‌ك ئه‌و شوێنه‌ی لێ ی نیشته‌جێن بۆ ڕێگرتن له‌گۆڕانكاری دیمۆگرافی به‌تایبه‌تی ناوچه‌ كێشه‌ له‌سه‌ره‌كان و كركوك و مادده‌ی 140، وه‌ حكومه‌تی هه‌رێم له‌ناوه‌ندی سه‌ره‌كی داخیلكردنی داتاكان(داتا سه‌نته‌ر) له‌به‌غدا نوێنه‌ری هه‌بێت، ئه‌و دوو سه‌رنجه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم له‌و حه‌وت خاڵه‌ی سه‌ره‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێڕاق بڕیاری جێبه‌جێكردنی دراوه‌.

قۆناغه‌كانی سه‌رژمێری
ئه‌م سه‌رژمێری یه‌ به ‌سێ قۆناغی سه‌ره‌كی ئه‌نجام ده‌درێت( قۆناغی یه‌كه‌م: به‌ قۆناغی پێش ژماردن(قۆناغی ئاماده‌كار) ناسراوه‌، قۆناغی دووه‌م به‌ (قۆناغی ژماردن)ناسراوه‌، قۆناغی سێ یه‌م واته‌ قۆناغی (دوای ژماردن)، هه‌موو ئه‌و قۆناغانه‌ش كۆمه‌ڵێك هه‌نگاو ڕێككاری تایبه‌ت به‌خۆیان هه‌یه‌ هه‌ریه‌كه‌یان به‌جیا ڕوون ده‌كه‌ینه‌وه‌.

قۆناغی یه‌كه‌م: قۆناغی پێش ژماردن(قۆناغی ئاماده‌كار)
ئه‌م قۆناغه‌ قۆناغی ئاماده‌كاریه‌ به‌ قۆناغی پێش ژماردن یان قۆناغی ئاماده‌كاریش ناسراوه‌ كه‌ له‌سه‌ره‌تای ساڵه‌وه‌ حكومه‌تی عێراق ئاماده‌كاری بۆ ده‌كات و پێشتریش بودجه‌ و پاره‌ی بۆ ته‌رخانكراوه‌ چونكه‌ بێ ته‌رخانكردنی بودجه‌ ناتوانرێت ده‌ست به‌ئاماده‌كاری بكرێت بۆ سه‌رژمێری.
ئه‌م قۆناغه‌ به‌چه‌ند ئاستێك تێده‌په‌ڕێت، سه‌ره‌تا حكومه‌تی عێراق بڕیاری له‌سه‌ر دیاریكردنی ڕۆژی سه‌رژمێری دا و دواتر پێداویستیه‌ لۆجیكی وهونه‌ریه‌كانی ده‌ستی پێكرد وه‌ گرێبه‌ست كردن له‌گه‌ڵ چه‌ند كۆمپانیایه‌ك بۆ دابینكردنی پێداویستیه‌كانی ئه‌م سه‌رژمێری یه‌ وه‌كو ئه‌و تابلێت و ئایپادانه‌ كه‌ بۆ سه‌رژمێری یه‌كه‌ به‌كاردێت له‌گه‌ڵ كۆمپانیای (HONOR) چونكه‌ ئه‌و تابلێت و ئایپادانه‌ تایبه‌ت به‌پڕۆسه‌ی سه‌رژمێری دروستكراون، چونكه‌ ڕاسته‌وخۆ داتا و زانیاریه‌كانی سه‌رژمێری له‌ قۆناغی گه‌مارۆسازی و ژماره‌ لێدان له‌لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌ر و یاریده‌ده‌ره‌كان راسته‌وخۆ داخیلی ئه‌و سیسته‌مه‌ ده‌كرێت و هیچ جۆره‌ فۆرم و تۆمارێكی كاغه‌زی به‌كارنایه‌ت. ئه‌و ئایپادانه‌ ته‌نها 6 به‌رنامه‌ی له‌سه‌ر چاڵاك كراوه‌ جگه‌ له‌و 6 به‌رنامه‌یه‌ هیچ به‌رنامه‌یه‌كی دیكه‌ كارناكات و بۆ هیچ مه‌به‌ستێكی دیكه‌ به‌كارناهێنرێت. گرێبه‌ست له‌گه‌ڵ كۆمپانیایه‌كی دیكه‌ كراوه‌ كه‌ وێنه‌ی هه‌موو عێراق له‌ ئاسمان به‌(قمر صناعی)گیراوه‌ و به‌ نه‌خشه‌(خريطة) داخیلی ئه‌و ئایپادانه‌ كراوه‌، نه‌خشه‌كان دابه‌ش كراون به‌سه‌ر(یه‌كه‌، بڵۆك، گه‌ڕه‌ك) هه‌ر خانوو یان باڵه‌خانه‌ یان ماڵێك ته‌نانه‌ت خانوویه‌كی سه‌فه‌ریش وه‌ك (یه‌كه‌)حیسابی بۆ كراوه‌ له‌سه‌ر نه‌خشه‌ی ئایپاده‌كان خاڵێك (پۆینت)ێكی شینی بۆ دانراوه‌ و له‌ قۆناغی گه‌مارۆسازی فۆرم و زانیاریه‌كانی ئه‌و یه‌كانه‌ پڕكراونه‌ته‌وه‌، نزیكه‌ی هه‌ر 100 یه‌كه‌(خانوو)له‌ شار كراوه‌ته‌ یه‌ك بلۆك، 25 یه‌كه‌(خانوو)له‌ گوند كراوه‌ته‌ یه‌ك بلۆك وه‌ چه‌ند بلۆكێك كراوه‌ته‌ گه‌ڕه‌ك بۆ ئه‌وه‌ی هیچ خانوو و باڵه‌خانه‌یه‌ك به‌جێنه‌مێنێت و له‌و سه‌رژمێری یه‌ تۆماربكرێت، له‌سه‌ر نه‌خشه‌ی ئایپاده‌كان پۆینتێكی شین دانراوه‌ ده‌بێ زانیاریه‌كانی تۆماربكرێت و هه‌ر یاریده‌ده‌رێك ده‌بێ بچێته‌ سه‌ر شوێنی ئه‌و پۆینتانه‌ و له‌سه‌ر ئایپاده‌كان و نه‌خشه‌كان به‌رنامه‌ی(GPS)هه‌یه‌ و ده‌بێ له‌به‌رده‌م ئه‌و خانوو باڵه‌خانه‌یه‌ زانیاریه‌كانی تۆمار بكرێت، بۆ نموونه‌ چه‌ند بلۆكێك له‌ گه‌ڕه‌كی ئازادی له‌هه‌ولێر یاریده‌ده‌رێكی بۆ دانراوه‌ ئه‌و بلۆكانه‌ له‌سه‌ر ئایپادی ئه‌و یاریده‌ده‌ر دابه‌زێنراو(یوزه‌ر نه‌یم و پاسۆردی)تایبه‌ت به‌خۆی هه‌یه‌ و ده‌بێ یاریده‌ده‌ره‌كه‌ له‌و شوێنه‌ زانیاریه‌كانی ئه‌و خانوانه‌ پڕبكاته‌وه‌ و هیچ یاریده‌ده‌رێكی دیكه‌ ناتوانێت داخیلی نه‌خشه‌ و بلۆكی یاریده‌ده‌رێكی دیكه‌ بێت ئه‌و (یوزه‌رنه‌یم و پاسۆرد)انه‌ش له‌ به‌غدا دانراوه‌، ئه‌گه‌ر خانوو یان باڵه‌خانه‌یه‌ك له‌ نه‌خشه‌كان پۆینتی بۆ دانرابوو به‌ڵام له‌سه‌ر ئه‌رزی واقیع نه‌مابوو ئه‌وا پۆینته‌كه‌ ده‌سڕدرێته‌وه‌ یان خانوو باڵه‌خانه‌یكی نوێ دروست كرابێت ده‌بێ زیادبكرێت.

كاتێك به‌ڕێوه‌به‌ر یان یاریده‌ده‌ر ده‌چنه‌ سه‌ر هه‌ر خانوویه‌ك فۆڕمێك ده‌كاته‌وه‌ ته‌واوی زانیاریه‌كانی تۆمارده‌كات كه‌ نزیكه‌ی 45 پرسیار ده‌بێت هه‌ركاتێك ته‌واوی زانیاریه‌كانی فۆرمه‌كه‌ پڕكرایه‌وه‌ ڕه‌نگی فۆرمه‌كه‌ سه‌وز ده‌بێت واته‌ ئه‌و فۆڕمه‌ به‌سه‌ركه‌وتوویی پركراوه‌ته‌وه ، هه‌ر زانیاریه‌كی پێویستی ناو ئه‌و فۆرمانه‌ ئه‌گه‌ر پرنه‌كرابێته‌وه‌ و كه‌م وكورتی هه‌بێت ‌‌ده‌بێت چاكبكرێت ئه‌گه‌رنا فۆرمه‌كه‌ ته‌واو نابێت ئه‌وانه‌ هه‌مووی له‌قۆناغی گه‌مارۆسازی و ژماره‌لێدان ئه‌نجام دراوه‌.

قۆناغی گه‌مارۆسازی و ژماره‌لێدان(حصر والترقیم)له‌ سه‌رجه‌م پارێزگاكانی عێراق له‌ 1-9-2024 ده‌ستی پێكرد له‌مانگی 10 ته‌واوبوو، له‌مانگی 8 خول بۆ به‌ڕێوه‌به‌ر و یاریده‌ده‌ره‌كان كرابوویه‌وه‌، به‌ڵام له‌هه‌رێمی كوردستان پڕۆسه‌كه‌ دواكه‌وت به‌هۆی هه‌ندێك كێشه‌ و ناكۆكی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا، بۆیه‌ خولی به‌ڕێوه‌به‌ر و یاریده‌ده‌ره‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستان له‌ 1-9-2024 ده‌ستی پێكرد و 10 ڕۆژ به‌رده‌وام بوو، وه‌ كاری مه‌یدانی به‌ڕێوه‌به‌ر و یاریده‌ده‌ره‌كان له‌ 1-10-2024 ده‌ستی پێكرد و تاكو 10-11-2024 به‌رده‌وام بوو، به‌گوێره‌ی وته‌ی دلزار حه‌مه‌ صالح به‌ڕێوه‌به‌ری ئاماری هه‌ولێر له‌ پارێزگای هه‌ولێر 2790 كه‌س به‌شداری پڕۆسه‌ی ژماره‌لێدان و گه‌مارۆسازیان كردووه‌ له‌و پارێزگایه‌ كه‌ 508 كه‌سیان وه‌ك به‌ڕێوه‌به‌ری تیم و 2282 كه‌س یش وه‌ك یاریده‌ده‌ر له‌ ماوه‌ی 45 ڕۆژ ژماره‌لێدان و گه‌مارۆسازیان بۆ 10114 بلۆك ئه‌نجام داوه‌.(باس نیوز 1-10-2024)

هه‌ر له‌ قۆناغی ئاماده‌كار ده‌سته‌ی ئاماری عێراق و وه‌زاره‌تی پلان دانانی عێراق ڕاسته‌وخۆ سه‌رپه‌رشتی ئه‌و پڕۆسه‌یه‌ ده‌كه‌ن به‌هه‌ماهه‌نگی وه‌زاره‌تی پلان دانانی هه‌رێم و ده‌سته‌ی ئاماری هه‌رێم، حكومه‌تی عێراق گرێبه‌ستی له‌گه‌ڵ كۆمپانیای (ئاسیاسێل)كردووه‌ و سیمكارتێكی تایبه‌تی بۆ هه‌موو ئه‌و ئایپادانه‌ دابینكردووه‌ و به‌رده‌وام خه‌ته‌كه‌ی كراوه‌یه‌ ڕاسته‌وخۆ به‌ستراوه‌ته‌وه‌ به‌و (داتاسه‌نته‌ر)ه‌ی له‌به‌غدایه‌ ئه‌و زانیاریانه‌ی له‌سه‌ر ئایپاده‌كان تۆمارده‌كرێت ڕاسته‌وخۆ ده‌گوازرێته‌وه‌ بۆ ئه‌و داتا سه‌نته‌ره‌ و خه‌زن ده‌كرێت.

عێراق له‌ 18 پارێزگا پێكهاتووه‌ هه‌ر پارێزگایه‌كیش له‌چه‌ند قه‌زا و ناحیه‌یه‌ك پێكهاتووه‌ ئه‌وانیش دابه‌ش كراون چه‌ند گه‌ره‌ك و دواتر بلۆك و هه‌ر بلۆكێكیش پێكهاتووه‌ له‌ چه‌ند یه‌كه‌یه‌ك(خانووێك).

قۆناغی دووه‌م : قۆناغی ژماردن

ئه‌م قۆناغه‌ش به‌دوو قۆناغ پڕۆسه‌ی ژماردنی خێزان و تاكه‌كان و ته‌واوی ورده‌كاریه‌كان ئه‌نجام ده‌درێت كه‌ له‌لایه‌ن بژمێر(عداد)یان توێژه‌ر یان پێ ده‌وترێت زانیاریه‌كان تۆمارده‌كرێن، قۆناغی یه‌كه‌م له‌ 16-11-2024 ده‌ست پێده‌كات تاكو 19-11 به‌رده‌وام ده‌بێت ده‌بێت بژمێره‌كان له‌و چوار ڕۆژه‌ سه‌ردانی هه‌موو ئه‌و ماڵ و خێزانانه‌ بكه‌ن و زانیاریه‌كان تۆماربكه‌ن، قۆناغی دووه‌م ڕۆژانی 20 و 21-11-2024 ده‌گرێته‌وه‌ كه‌ به‌ڕۆژی سه‌رژمێری گشتی دانیشتووان ناسراوه‌ له‌م دوو ڕۆژه‌ پشووی فه‌رمی یه‌ و قه‌ده‌غه‌ی هاتووچۆیه‌ له‌ته‌واوی عێراق و پێویسته‌ هه‌موو هاوڵاتی و خێزانێك له‌م دوو ڕۆژه‌ له‌ماڵه‌وه‌ بن وده‌رنه‌چن جارێكی دیكه‌ بژمێره‌كان سه‌ردانی ئه‌و ماڵانه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌ زانیاریه‌كان ته‌واو ده‌كه‌ن و ده‌بێ هه‌موو تاكه‌كانی ئه‌و خێزانه‌ له‌به‌رده‌م بژمێره‌كان ئاماده‌بن.

قۆناغی سێ یه‌م: قۆناغی دوای ژماردن

ئه‌م قۆناغه‌ دوای سه‌رژمێری گشتی دانیشتووانه‌ كه‌ له‌ 23-11-2024 ده‌ست پێده‌كات و له‌ 10-12-2024 كۆتایی پێ دێت له‌م قۆناغه‌ جارێكی دیكه‌ بژمێره‌كان ئه‌و كه‌م و كورتی و زانیاریانه‌ی ته‌واو نه‌كرابن ده‌بێ ته‌واوی بكه‌ن ودواتر پڕۆسه‌كه‌ به‌ته‌واوی كۆتایی پێ دێت و ده‌بێ تاكو كۆتایی مانگی 12-2024 پرۆسه‌كه‌ به‌یه‌كجاری ته‌واو بێت و ئه‌نجامی كۆتایی سه‌رژمێری عێراق ڕابگه‌یه‌نرێت، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌و ڕێككه‌وتنه‌ی له‌ نێوان حكومه‌تی هه‌رێم عێراق كراوه‌ كه‌ ناوچه‌ی كێشه‌ له‌سه‌ره‌كان و سنوری مادده‌ی 140 و كركوك و ناوچه‌ دابڕینراوه‌كان ئه‌نجامه‌كانی ئه‌و سه‌رژمێریه‌ له‌و ناوچانه‌ به‌راوردبكرێت به‌ سه‌رژمێری 1957 ئه‌وه‌ ڕاگه‌یاندنی ئه‌نجامی پڕۆسه‌ی سه‌رژمێری دواده‌خات ئه‌سته‌مه‌ بتوانرێت له‌ كۆتایی ئه‌مسال ئه‌نجامی ئه‌و سه‌رژمێری یه‌ ڕابگه‌یه‌نرێت.

بژمێره‌كان(عداد) كاریان چی یه‌؟

بژمێره‌كان به‌عه‌ره‌بی (عداد)یان پێ ده‌وترێت یان (توێژه‌ر)یش به‌كاردێ، ئه‌و كه‌سانه‌ن كه‌ به‌ دوو قۆناغ سه‌ردانێكی هه‌موو ماڵه‌كان ده‌كه‌ن قۆناغی یه‌كه‌م ل 16-11-2024 تاكو 19-11 واته‌ له‌ ماوه‌ی چوار ڕۆژ ده‌بێ سه‌ردانی هه‌موو ئه‌و ماڵانه‌ بكه‌ن و زانیاریه‌كانیان تۆمار بكه‌ن، ناوی هه‌موو ئه‌ندامانی خێزان له‌گه‌ڵ رؤژ و مانگ و ساڵی له‌دایك بوونی هه‌موو خێزانێك تۆمارده‌كه‌ن له‌گه‌ڵ ڕه‌گه‌ز و په‌یوه‌ندییان به‌سه‌رۆك خێزان، له‌گه‌ڵ ناوی سه‌رۆك خێزان و ژماره‌ی موبایل و ناوی دووانی دایكی هه‌موو ئه‌ندامانی خێزان تۆمار ده‌كرێت، بژمێره‌كان داوای كارتی نیشتمانی هه‌موو ئه‌ندامانی خێزان ده‌كه‌ن هه‌ربژمێرێك نزیكه‌ی 100 ماڵ تۆمارده‌كات.

قۆناغی دووه‌می كاری بژمێره‌كان ڕۆژانی 20 و 21-11 ده‌بێت كه‌ جارێكی دیكه‌ بژمێره‌كان سه‌ردانی ئه‌و ماڵانه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌ بۆ پشتراستكردنه‌وه‌ی داتا و زانیاریه‌كان، بژمێره‌كان له‌و ماوه‌یه‌ وه‌ڵامی نزیكه‌ی 70 پرسیار له‌ خێزانه‌كان وه‌رده‌گرن و تۆماری ده‌كه‌ن.
بژمێره‌كان له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی پلان دانانی عێراق و ده‌سته‌ی ئامار وه‌رگیراون دوای ئه‌وه‌ی له‌ڕێگای لینكێكی ئۆنلاین فۆرمیان پڕكردۆته‌وه‌ له‌ رۆژانی 7تاكو9-11-2024 دوای ناوی ئه‌وانه‌ی وه‌رگیران به‌گوێره‌ی شوێنی جوگرافی و پێداویستی سه‌رژمێری دانراون كه‌ له‌ هه‌موو عێراق نزیكه‌ی 120هه‌زار بژمێر به‌هاوكاری یاریده‌ده‌ر و به‌ڕێوه‌به‌ر و سه‌رپه‌رشتیاره‌كان پڕۆسه‌ی سه‌رژمێری به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن.

زانیاریه‌كانی سه‌رژمێری پارێزراون
به‌گوێره‌ی یاسا زانیاریه‌كانی ناو سه‌رژمێری هه‌مووی پارێزراون و نادرێت به‌هیچ كه‌س و لایه‌نێك و زانیاری و ورده‌كاریه‌كانی هه‌رخێزانێك پارێزراون و بۆ هیچ مه‌به‌ستێك به‌كارناهێنرێت، وه‌ك مه‌حمود عوسمان به‌ڕێوه‌به‌ری جێبه‌جێكاری سه‌رژمێری هه‌رێمی كوردستان ده‌ڵێت:(به‌پێ ی یاسا پابه‌ندكراوین زانیاریه‌ كه‌سیه‌كان به‌هیچ لایه‌نێك نادرێت، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر سه‌رۆكی وڵاتیش داوای بكات زانیاری نادرێت و زانیاری كه‌سی هیچ هاوڵاتیه‌ك ئاشكرا ناكرێت).

سه‌رژمێری یه‌كانی عێراق دروست نیه‌
سه‌رجه‌م سه‌رژمێریه‌كانی عێراق به‌درێژایی مێژوو جێگای گومانن و بۆ مه‌به‌ستی سیاسی و سه‌ربازی و مه‌به‌ستی دیكه‌ به‌كارهێنراون سه‌رژمێریه‌كانی سه‌ره‌تا له‌ژێر ده‌سه‌ڵات و كاریگه‌ری ئینگلیزبوو دواتر سه‌رژمێریه‌كانی دیكه‌ له‌ژێر حوكمی پاشایه‌تی و كۆماری و دواترله‌ سه‌رژمێریه‌كانی ژێرده‌سه‌ڵاتی حیزبی به‌عس به‌رده‌وام غه‌در له‌ شیعه‌ و كورد و توركمان كراوه‌، له‌هه‌ر سه‌رده‌مێك كه‌ سه‌رژمێری له‌عێراق كراوه‌ چ پێكهاته‌ و لایه‌نێك ده‌سه‌ڵاتدار بووه‌ سه‌رژمێریه‌كه‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌و پێكهاته و‌ لایه‌نه‌ بووه‌.

ناڕه‌زایه‌تیه‌كانی ئه‌و سه‌رژمێری یه‌
به‌رده‌وام سه‌رژمێری له‌ عێراق مایه‌ی ناكۆكی نێوان لایه‌نه‌كان بووه‌ بۆیه‌ به‌رده‌وام سه‌رژمێری له‌عێراق دواخراوه‌، بۆ‌ كه‌مكردنه‌وه‌ی ناره‌زایه‌تیه‌كان و ئه‌نجام دانی سه‌رژمێری بڕیاریان دا له‌فۆرمی ناو تۆماركردن(نه‌ته‌وه‌ و مه‌زهه‌ب) تۆمارنه‌كرێت لایان برد، ئه‌وه‌ش یه‌كێكه‌ له‌كه‌م و كورتیه‌كانی ئه‌م سه‌رژمێری یه‌، واته‌ له‌م سه‌رژمێری یه‌ ڕێژه‌ی كورد و عه‌ره‌ب و توركمان تۆمارناكرێت و نازانرێت ژماره‌كه‌ چه‌نده‌، به‌هه‌مان شێوه‌ مه‌زهه‌ب یش تۆمارناكرێت له‌م سه‌رژمێری یه‌.

خاڵێكی دیكه‌ی ناڕه‌زایه‌تیه‌كانی ئه‌م سه‌رژمێری یه‌ ناكۆكی نێوان هه‌ولێر و به‌غدایه‌ له‌سه‌ر ناوچه‌ ناكۆكی له‌سه‌ره‌كان و مادده‌ی 140 و كركوك.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت