ئارپاك سەرگەتی: سیستەمی پاوانخوازی و دەرئەنجامە کۆمەڵایەتییەکانی.
پاوانخوازی(authoritarianism) باوەڕێکە کە پێی وایە دەبێت ئیرادەی گەل لە دەستی دەسەڵاتێکی باڵادا بێت، ئەم دەسەڵاتە، یان تاکێکە، یان حکومەتێک، یان گروپێک، یان ئایدۆلۆژیایەك. لە دەسەڵاتەوە سەرچاوەی گرتووە و لە ناخی ئەم چەمكەدا، زاڵبوون بە سەر كەسایەتی، بیروڕا و ژیانی مرۆڤەكان ڕەسەنایەتی هەیە. لەم شێوازە بەڕێوەبردنەدا ئازادی تاکەکەسی و ڕەسەنایەتی مرۆڤی، لە مرۆڤەكان دەسەندرێتەوە. دڵسۆزی تەواو وبێ سنوورو بێ پرسیاروبێ گۆڕانكاری لە بیروتێڕوانین، لە تاكەكانی ناو ئەو كۆمەڵگایە چاوەڕوان دەكرێت. بۆ ئەوەی دڵسۆزی تەواو بۆ دەسەڵاتی باڵا، بەدی بێت هەرجۆرە هزروبیركردنەوەیەك قەدەغە دەكرێت، وە لە كەشێكی وەهەمیدا دڵسۆزی و وەفاداری بۆ تاكی دەسەڵاتدار فەراهەم دەكرێت.
سیستەمی پاشایەتی بە تایبەت پادشای پاوانخواز لەم جۆرو شێوازەن. تاكسەنتەربوونی سیستەمە پاوانخوازەكان، دەرئەنجامی قووڵ و خراپی لەسەر هەموو رەهەندەكانی ژیانی مرۆڤەكان دەبێت لە كۆمەڵگا. لە سیستەمێكی وەهادا ، سیستەمی کۆمەڵایەتی، بەرژەوەندییە گشتییەكان، خواستی خەڵک و لە ئەنجامدا بەرژەوەندییە نەتەوەییەکان ،هیچ مانایەکیان نییە. خەڵکێکی زۆر دەخرێنە ناو دام و دەزگا حکومییەكانی سیستەمێکی پاوانخوازەوە، نەک لەبەر ئەوەی باوەڕیان بە فەلسەفەیەک هەیە، یان پسپۆری و شارەزایی و لێهاتوویەكیان هەیە، بەڵکو لەبەر دڵسۆزی و ملكەچیانە بۆ بۆچوون و خواست و ئامانج و دەسەڵاتدارێتی تاكڕەوانەی تاكێك.
بەم شێوەیە مرۆڤەکان سوودمەند دەبن و لەگەڵ دڵسۆزی بۆ کەسەکە، ئاسایش و ئاسوودەیی بەرفراوانیان بۆ دابین دەکرێت و تا ئەو ڕادەیەی کە پابەندبوون و دڵسۆزی و وابەستەبوون بە فەرمان و خواستەکانی کەسەکە زیاد بێت، پلەی نزیکی ئەو کەسەش زیاتر دەبێت. لێرەشەوە داەێنان و بەرهەمهێنان و كاری تیمی و هاوبەش و پرۆژە و پرۆسەكان بێ مانا دەبن و هیچ بایەخێكی نابیت، بەڵكوولە چوارچێوەی چەن كتێب و كۆنفرانس و سیمینار وكۆبوونەوەدا قەتیس دەركرێت. گرنگترین ڕێگاش بۆ زیادکردنی سامان و موڵک و ماڵی شەخسی و تاكەكەسی، لە هەوڵ و هزر و کۆشش و داهێناندا نییە، بەڵکو لە ڕادەی نزیکبوونەوەیە لە دام و دەزگا حکومیەكانەوە و بە تایبەت لە ناوەندی دەسەڵاتدارێتی کە خودی پادشایە. لە سیستەمی تاکگەرایی و پاوانخوازەكاندا کە داوای گوێڕایەڵییەکی پاکو بێ مەرج دەکەن، جیاوازبوون بە جۆرێک لە لادان دادەنرێت. جیاواز بیرکردنەوە و هەڵسوکەوتی جیاواز و هەڵبژاردنی ژیانێکی جیاواز بە بەراورد بەو مۆدێلەی کە پاشا خۆی لە لوتکەی هەرەمەکەدا دروستی کردووە،
پێشێلکردنی بنەماکانی حکومەتە و بناغەی نەزم و ئاستەکانی دەسەڵاتی پاوانخواز تێکدەدات. لە دۆخێکی وەهادا تاکایەتی دەمرێت و بیرکردنەوە دادەخرێت و مەیدانی بەخێوکردنی تاک و داەێنان هەرگیز دەرفەتی گەشەسەندنی بۆ ناڕەخسێت. بەم هۆكارەیە کە پێشکەوتنی فیکری و ئیستدلالی، کۆمەڵایەتی و ئابووری لە سیستەمە تاکڕەوەکاندا دەوەستێت. ڕێگەدان بە مرۆڤەکان بۆ ئەوەی خۆیان بن و فەزای پێویستیان ەەبێت بۆ پەرەپێدانی بەهرە تاکەکەسییەکان لە سیستەمێکی پاوانخوازدا بێمانا دەبێت و ئاسایشی سیستەمەکە دەخاتە مەترسییەوە. هەرکەسێک دەبێت خۆی لە بەرامبەر لوتکەی هەرەم و کەسایەتی پاشادا بپێوێت، و وەک پێوەر دایانبنێت و تەنانەت ئەگەر لە چەند کاتژمێرێکدا دەیان هەڵە لە رەفتار وقسەو كرداری پادشاكەیدا ببینێت، چونکە بەرژەوەندی مرۆڤەکان و لۆژیکی و جودگەراییەکەیان بەستراوەتەوە بەو پەیوەندییەوە كە لەگەڵ لوتکەی هەرەمەکەدا هەیەتی. بەو پێیەی هەر مرۆڤێک ئۆقیانوسێکە لە خواست و ئاوات و بەرژەوەندی و مەیل و بەهرە و بیرکردنەوە، سیستەمی پاوانخوازی مرۆڤەکان دەچەوسێنێتەوە و بچووک و بێ نرخیان دەکات و بە خێرایی زۆربوونی جەماوەری زەریاکە لەناو دەبات. هەر لەبەر ئەم هۆکارە هەر کەسێک بەەرەی فیکری و ئەدەبی هەبێت ناچارە کۆچ بکات، چونکە جیاواز بوون و بیرکردنەوەی جیاواز بە تاوان هەژمار دەکرێت. بۆیە لەم جۆرە سیستەم و كۆمەڵگایەدا گەشە و پێشكەوتن بەدی ناكرێت. گۆڕینی كارەكتەرەكان هیچ بایەخی نیە و ئەوانیش دووبارە ئامرازێك دەبن بۆ دووبارەبوونەوە پاوانخوازییەكی نوێ.