گۆران هەڵەبجەیی: بنەما داتەپیوەکانی مەسعود بارزانی.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

{دەوڵەت بەمرۆڤی نەخوێنەوار بەڕێوە نابرێت}، دکتۆر یوسف محەمەد.
ئەو دەسەڵات و ڕژێمانەی کە حیزبە تۆتالیتارییەکان بەڕێوەیان دەبەن، بەردەوام ڕووبەڕووی کۆمەڵێک قەیران دەبنەوە کە بەرهەمی [ئەنقەستی] خودی خۆیانن.
هەڵسەنگاندنی هەر دەسەڵاتێک لەڕووی شکستی یا سەرکەوتوویی، بە پێوەری کارەکانی هەڵدەسەنگێنرێت،گەر سەرکەوتووبوو ئەوە خەرمانی کارە سودبەخشەکانی بەرزدەبێتەوە،خۆ گەر شکستخواردووبوو ئەوە تای تەرازووی کارە خواروخێچەکانی قووستر دەبێت.
سەیر لەوەدایە ئەو جۆرە ڕژێمانە کە جڵەوەکانیان بەدەست حیزبێک یا دووحیزبی ئەقڵ دواکەوتووەیە کە نامۆن بە هونەری حکومداری مۆدێرن و هاوچەرخ، وا تێدەگەن کە زۆرسەرکەوتوون و خەڵک لێیان ڕازیەو پێویستە بەردەوام ستایش بکرێن. ئەم بیرکردنەوە نادرووست و ناواقیعیە لەئەنجامی دووری و دابڕانیانەوەیە لە خەڵک.
ئەم بەرپرسە حیزبیانە بەردەوام لەوەهمادەژین ،وەهمی عەزەمەت، وەهمی خۆشەویستی نێو خەڵک،وەهمی زەرووریەتی مانەوەیان لەدەسەڵاتدا. ئەمانە خۆیان بەوە دەخڵەتێنن کەلە دەمی دەرکەوتنیاندا هەندێک بندیوارو گەجەروگووجەر چەپڵەیان بۆلێدەدەن یاخود سێلڤیان لەگەڵدا دەگرن.
حەقیقەتی ئەم جۆرە سەرکردانە ئەودەمە دەردەکەوێت کە دۆستەکانمان لە غەیرەکورد، لە خراپی شێوازی بەڕێوەبردنی وڵات ئاگاداردەکەنەوە، یاخود کاتێک دەنگی ناڕەزایی و بێدادی خەڵکی ستەم لێکراو دەگاتە بارەگاکانیان.
بەو حسابەی پارتی دێرینترین و گەورەترین حیزبە لە باشوور، ڕەفتارەکانیشی وەک حیزبی بەعس، دەرەنجامی ئەقڵیەتی پارتی پێشڕەو و خۆبەمەزنزانینن.
ئەم وەهمە واتە وەهمی[زەعامەت و عەزەمەت] زۆر بەی سەرکردەکانی پارتی گرتوەتەوە بەوەی خۆیان زۆر لەسەرووی خەڵکەوە دەبینن و حسابی ڕەعیەتیان بۆدەکەن.
مەسعود بەرزانی کە لەدوای کوژرانی ئیدریسی برایەوە سەرۆکی ئەو حیزبەیە، ئەم گشت تەمەنە نەفێری سیاسەت و حیزب بەڕێوەبردنی کردوە وە نەفێری وڵات بەڕێوەبردن. [33]ساڵە لەگەڵ زۆنی سەوز هەرێم دەبەن بەڕێوە، دیارە بەپێی مەوقعی جوگرافیا و نفوز و توانای هێزوپارە، پارتی پتر کۆنترۆڵی حوکومڕانی بەدەستەوەیە. ئەم سەرکردەیەی پارتی وڵات بە عەشیرەت تێگەشتوە، هەر بۆیەش بەعەقڵیەتی سەرۆک عەشیرەت مامەڵە لەگەڵ جوومگەکانی حیزب و حکومەت دەکات .
ئەوەتی ئەم دوو حیزبە دەسەڵاتدارن هەرێمیان نغرۆی قەیرانی قوڵکردوە، لەبری ئەوەی هەوڵبدەن بڕێک لەو قەیرانانە سووک یا چارەسەر بکەن، دەبینین بەردەوام قەیرانی نوێ دێنە پاڵیان. دەمێکیش دەنگی ناڕەزایی و بێزاری خەڵک بەرزدەبێتەوە، یەکێک لەم سەرکردە حکومی یا حیزبیانە دێت هەندێک قسەی ناوەڕۆک بەتاڵ بۆمیدیاکان دەکات کەهیچ ئەرزشێکیان لای خەڵک نیەو هەرگیز جێگەی بڕوانین، وانیشانی دەدات کە ئاستەنگیەکان گەورەنین و هەنگاو بۆ چارەسەرکردنیان نراوە، بەمەش لەنرخی کێشەکان کەمدەکاتەوە .
یەکێک لەو کەسانەی کە لەدەمی قووڵبوونەوەی ئاستەنگی و گرفتەکاندا، دەخوازێت خەڵک چاوەشە بکات مەسعود بارزانیە.
دوای هەڵبژاردنە پڕ ساختەکاریە {دیزاینکراوەکەی}پەرلەمانی کوردستان ،دۆخێکی ئاڵۆز هاتەوەتە پێشەوە، جا ئەم سەرۆک فاشیلە هاتوەتە مەیدان و قسەی هیچ وپوچ فڕێدەدات کەگوایە [بنەمان] بۆچارەسەری دۆخەکە. تۆیەک کە لەدوای ڕاپەڕینەوە هەموو بڕیارە چارەنووسسازەکانت بەدەستبووە، عەرەب واتەنی [کل في کل] خۆت بوویت و ئێستەش هەرخۆتیت، جا شوێنی خۆیەتی بپرسم بۆچی هەرگیز هەوڵت نەداوە بەپێی {بنەما} عەبقەریەکانت چارەسەری کێشەیەک بکەیت لەو کێشە هەمەجۆرەی کە باری سەرشانی خەڵکی ستەملێکراوی دەستی ئێوەی گران کردوە؟ خێرە تائێستا خۆت و حیزبەکەت گچکەترین کێشەی هاوڵاتیانتان چارەسەر نەکردوە کەچی ئێستا دەتەوێت بە [فانۆسەکەی عەلادین] چارەسەری بکەیت؟
دڵنیام و زۆرینەی خەڵکی هەرێمیش هاوڕامن کە هەتا ئێوە پاشای عەرشی کەلاوەبن هیچ کێشەیەک چارەسەر ناکەن،چونکە ناتانەوێت. ئەوەی گرنگە بەلاتەوە [دزی دزی دزیە ]کەهەرگیز تێرناخۆن.
سەیر لەوەدایە کەسانێک کە خۆیان بە سیاسەتمەدارو ڕوناکبیرو چەپ دەزانن دێن ئارایشتی ئەم قسە {بێ بنەما}یانەی مەسعود بارزانی دەکەن و دەخوازن بەخەڵکی بفرۆشنەوە.
بەڕاستی کارەساتە سیاسەتمەدارێک کە ئەزموونێکی درێژی لەسیاسەت و حیزبایەتی و دنیای نووسین و شارەزایی دەربارەی ڕووداوەکانی جیهان هەبێت،کەچی پروپاگەندە بۆ کەسێکی نەخوێندەواری ناسیاسی بکات و ئومێدی چارەسەری کێشە ئاڵۆزەکانی لەسەر هەڵبچنێت.
هەرکەس ئەمەی کردبێت ئەوە شەرمەزاری بۆخۆی و حیزبەکەی و مێژووی خەباتی خودی خۆی دێنێت و لە ماستاوکردنێکی بێمانا بەولاوە هیچی تر نیە، کە لەوانەیە مەبەستێکی بەرژەوەندیدار لەپشتیەوە بێت. خاوەنی ئەم دەنگە داکۆکیکارانە لە مەسعود بارزانی، دەبێ بگەنە ئەو قەناعەتە و باش بزانن کە ئەم دەسەڵاتە بنەماڵەییانەی تالەبانی و بارزانی ڕزیون،گەنیون، ئێکسپایەربوون و شەرعیەتیان لەدەستداوە ،هاوکات تاوانبارن بەوەی کارەساتیان بەسەر خەڵکدا هێناو و پتر لە [33] ساڵە ژیانی خەڵکیان کردوەتە دۆزەخ، جا هەرکەسێکیش لە هەر پێگەیەکدابێت خۆی لەم حەقیقەتە لادات ئەوە وەک سەرانی هەردووحیزب تاوانبارەو دەکەوێتە بەر نەفرەتی مێژوو، هەر پیاهەڵدانێک گەر بێ مەبەستیش بێت ئەوە دەچێتە خانەی هەوڵدان بۆ ڕاستکردنەوە و جوانکردنی {بنەما داتەپیوەکان بارزانی}.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت