مەولوود ئافەند: حەڵەب، نەخشە نوێیەکەی تورکیە؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

شەڕی ناوخۆی سوریا کە لە سەرەتادا بە یەکێک لە خراپترین قەیرانە مرۆییەکانی سەدەی بیست و یەکەمی ناسراوە، دوای چەندین ساڵ لە کەمبوونەوەی توندوتیژی، دیسانەوە پەرەسەندنی ململانێ گروپە چەکدارە تەکفیرییە ـ تیرۆریستیەکان سەر بە تورکیە سەرنجی ڕای گشتی جیهانی بۆ لای خۆی ڕاکێشاوە.
لە چەند ڕۆژی ڕابردووەوە، هێزە چەکدارە تەکفیرییەکان بە فەرمانی تورکیا هێرشێکی بەرفراوانیان بۆ سەر شاری حەلەب کە بەیەکێک لە گرنگترین ناوەندە بازرگانی و ستراتیژییەکانی سوریا دەناسرێت دەستپێکردووە. ئەم هێرشە کە وەک یەکەم تەحەدای جددی بۆ حکومەتەکەی بەشار ئەسەد لە ساڵانی ڕابردوو دادەنرێت، دەتوانێت ببێتە هۆی ناسەقامگیری زیاتر لە ناوچەکە و تەنانەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشدا. جگە لە حەلەب، پارێزگای ئیدلب بە تەواوی کەوتووە و چەکدارە تیرۆریسیتەکانی وەک بەرەی نووسرە و ئەحراروشام لەژێر ناوی سوپای ئازادی سوریە گەیشتوونەتە دەروازەکانی شاری حەما.

بۆچی حەلەب گرنگە؟
حەلەب کە دەکەوێتە باکووری دیمەشق و نزیکەی( 350 )کیلۆمەتر لە پایتەختی سوریاوە دوورە، لە شەڕی ناوخۆی ئەو وڵاتەدا گرنگییەکی تایبەتی هەیە. پێش دەستپێکردنی قەیرانەکان، حەلەب یەکێک بوو لە گەورەترین و پڕ دانیشتووترین شارەکانی سوریا کە نزیکەی (دوو ملیۆن و 300) هەزار کەسی تێدابوو. لە ساڵی( 2012) هێزی میلیشیا و ئۆپۆزسیۆنی بەشار ئەسەد بەشی ڕۆژهەڵاتی ئەم شارەیان کۆنترۆڵ کرد، و کردیان بە یەکێک لە ناوەندە سەرەکییەکانی شەڕ دژی حکومەتی بەشار ئەسەد. بەڵام لە ساڵی (2016) بە پاڵپشتی ئاسمانی ڕووسیا، هێزەکانی حکومەتی سوریا توانیان حەلەب کۆنترۆڵ بکەنەوە.گەمارۆدانی ئەم شارە بوو بە هێمای شەڕی ناوخۆی سوریا، کە هاوکات لەگەڵ بۆردومانی قورس و بەکارهێنانی تاکتیکی گەمارۆدانی خۆراک و ئاوارەبوونی بەکۆمەڵی خەڵک.کۆنترۆڵکردنەوەی شاری حەلەب لەلایەن ئەسەدەوە، کۆنترۆڵی دەوڵەتی سوریەی بەسەر بەشە گرنگەکانی ئەو وڵاتەدا بەهێزتر کرد.

هێرشی ئەم دواییەی چەکدارە تیرۆریستیەکانی تورکیە:
هێرشی چەکدارە میلیشیایانە بە سەرۆکایەتی ئەحراروشام (HTS) کە گروپێکی چەکداری سەڵەفی و جیهادییە بۆ سەر شاری حەلەب دەکرێت وەک کۆتا هێرش و ئاڵۆزی ناوخۆیی سوریە چاو لێکەین، کە ئەگەری زۆرە کۆتایی بەدەسەڵاتی بەعسی سوری و حکومەتی بەشار ئەسەد بێنن، ئەوانە گرووپێکن کە مێژوویەکی زۆر ئاڵۆزیان هەیە. ئەم گروپە کە پێشتر پەیوەندی بە ڕێکخراوی قاعیدەوە هەبووە، دوای گۆڕانکارییە ناوخۆییەکان و هەوڵدان بۆ ئاوەدانکردنەوە؟ خۆیان لە توندڕەوی دوور خستووەتەوە و ڕایانگەیاندووە؛ کە زیاتر سەرنجیان لەسەر بەڕێوەبردنی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆیان و بەرنامە سەربازییەکانە. بەڵام ئێستا وەک گروپێکی تیرۆریستی لەلایەن ئەمریکا و نەتەوە یەکگرتووەکانەوە ناسێنراون. گرووپی تیرۆریستی ئەحراروشام لەگەڵ گرووپەکانی دیکەی سەر بە تورکیا لە نێویاندا سوپای نیشتیمانی سووریا کار دەکەن بۆ ڕووخاندنی حکوومەتی بەشار ئەسەد.هەرچەندە ئەم گروپانە ئامانجێکی هاوبەشیان هەیە، ئەویش ڕووخاندنی دەسەڵاتی بەشار ئەسەدە، بەڵام پەیوەندییەکانیان ئاڵۆزە و هەندێک جار ناکۆکی و پێکدادانی ناوخۆیی خوێناویان لێدەکەوێتەوە.
لە بەرامبەر ئەم هێرشەدا، سوپای سوریا بە کەڵک وەرگرتن لە پشتیوانی ئاسمانی ڕووسیا، بە توندی هێرشی کردووەتە سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی میلیشیاکان لە حەلەب و دەوروبەری.
هێرشی ئەم دواییەی میلیشیاکان دەتوانێ دەرفەتێک بۆ گرووپە توندڕەوەکانی وەک داعش بڕەخسێنێت کە سوود لە لاوازییەکانی ئەم وڵاتە وەربگرن و دووبارە چالاکییەکانیان لە بەشێک لە سووریا فراوانتر بکەنەوە و هێرشەکانیان بەرنامەرێژتر بکەن بۆ سەر خۆسەری ڕۆژئاوای کوردستان.
دوای شەڕی نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵای لوبنان، چەکدارەکانی ئەحراروشام گەیشتنە ئەو ئەنجامەی کە حیزبوڵڵا دەسەڵاتی سەربازی خۆی لە لوبنان ئاراستەی شەڕی غەززە کردووە و ئیسرائیل توانی تا ڕادەیەکی زۆر کادیرانی ناوەندی ئەم حیزبە تیرۆر بکات. بۆیە ناتوانن ڕوو لە سوریا بکەن و ڕووبەڕووی گروپی چەکداری ئەحراروشام ببنەوە. پێشهاتەکانی چەند ڕۆژی ڕابردوو لە حەلەب، هاوشێوەی ڕەشەبایەک بوو کە هەموومانی تووشی پرسیار و گومانی زۆر کردوە، چی ڕوویدا کە ناوچەیەکی ستراتیژی لە سوریا،کە لە ساڵی(2016 )دوای شەڕێکی 4 ساڵە ئازاد کرا، لەناکاو و لە ماوەی کەمتر لە 4 ڕۆژ، ئەوە دیسانەوە لەلایەن گروپە تیرۆریستەکانی سەر بە تورکیە داگیرکرا. لەم شەڕەدا کە پێدەچێت ناوچەکانی تریش بگرێتەوە، ڕۆڵی حکومەتی تورکیە دیارە، چونکە ئەردۆغان پاڵنەری زۆری هەیە، بۆ ئەوەی ڕۆڵێکی نوێ لە سوریا بگێڕێت، هەندێکیان لە خوارەوە ئاماژە پێدەکەین؛
1- لە ئێستادا نزیکەی 200 هەزار تیرۆریست لە ئیدلب و دەوروبەری شارەکە هەن، کە لەڕووی داراییەوە پاڵپشتی دەکرێن و لەلایەن حکومەتی تورکیاوە چەکدار دەکرێن.ئەم پاڵپشتییە بووەتە هۆی گوشاری ئابووری قورس لەسەر تورکیە.ئەگەر تیرۆریستان لە پلانەکەیاندا سەرکەوتوو بن، ئەوە سوودێکی ناوچەیی گرنگ دەدرێتە ئەردۆغان و ئەگەر داواکاریی تیرۆریستان لەلایەن حکومەتی سوریا و هێزەکانی هەسەدە و شەڕڤانان سەرکووت بکرێت، ئەوە دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی تێچوونەکان بۆ تورکیە، چۆن ئەردۆغان بۆ لەناوبردنی ستاتۆی خۆسەری کورد لە ڕۆژئاڤای کوردستان بەساڵانە خەریکە باجی گەورە دەداتە ئەو گروپانەی لە گۆڕەپانی سوریەدا شەڕی بۆ دەکەن. دەکرێ بڵێین بەم مانایە ئەردۆغان دەستی بە یاری دوو سەر بردنەوە و بردنەوە کردووە.بەپێی نەخشەکانی خۆیان.
2- لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا، ئەردۆغان چەندین جار داوای کۆبوونەوەی لەگەڵ بەشار ئەسەد بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی کردووە.ئەم کردەوەیە هاوتەریبە لەگەڵ گۆڕینی سیاسەتی تورکیە بەرامبەر بە دراوسێکانی و ناوچەکە، کە دیسانەوە بە گوتەی خۆی، گرژیی سفر و ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەموو وڵاتانی ناوچەکەدا پەیڕەو دەکات. لەو پێوەندییەدا ئەردۆغان توانی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیمارات، سعودیە، میسر و تەنانەت ڕژێمی زایۆنیستی ئاسایی بکاتەوە، بەڵام (بەشار ئەسەد) بە شێوەیەکی سروشتی مەرجی ئەو کۆبوونەوەیەی بە کشانەوەی سوپای تورکیا لە باکووری سووریا و وەستانی پشتگیری ماددی و لۆجستی بۆ گروپە تیرۆریستەکان لەم ناوچەیەدا بوو. بەم کارە ئەردۆغان ئێستا دەتوانێت لە پێگەیەکی باڵاترەوە بەدواداچوون بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان بکات، چونکە ئەمڕۆ ڕۆڵێکی زیاتری لە باکوری سوریا و ئاسایشی ئەم وڵاتە بەدەستهێناوە.
3- ئەردۆغان چەندین جار ڕایگەیاندووە کە هەتا ئاگربەست لە غەززە پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیلدا نابێت. بەم پێیە لەگەڵ ئەگەری ئاگربەست لە غەززە لە دوای لوبنان، پەیوەندییەکانی نێوان ئەنقەرە و تەلئەبیب ئاسایی دەبێتەوە. تورکیە کارتێکی گرنگی هەیە بۆ ئەم ئاساییکردنەوەیە، ئەویش داخستنی ڕێگەی گواستنەوەی چەکەکانە بۆ حەماس، ئەمەش بۆ ئیسرائیل زۆر دڵخۆشکەر دەبێت. ئەردۆغان ئەم کارتەی بە نرخێکی گران بە تەلئەبیب دەفرۆشێت.
4- بەم زووانە ترەمپ لەسەر بنەمای بڕاوەی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری لە کۆشکی سپی دادەمەزرێت. بە لەبەرچاوگرتنی ئەو پەیوەندییە باشانەی کە لە ڕابردوودا لە نێوان ترەمپ و ئەردۆغاندا هەبوون و تێڕوانینی ترەمپ بۆ ناوچەکە، ئەردۆغان هیوادارە بتوانێت ڕۆڵی ئەکتەرێکی گرنگی ناوچەیی بۆ ترەمپ بگێڕێت. ئەردۆغان ساڵانێک لەمەوبەر لە سەردەمی جۆرج بۆشدا بە شانازییەوە گوتی؛ واشنتۆن پلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گەورە لە ناوچەکە پەیڕەو دەکات و ئێمەش ئەکتەرێکین لەو ئاراستەیەدا. پێدەچێت ئەردۆغان بەنیازی ئەوە بێت هەمان ئەو ڕۆڵە دووبارە بکاتەوە کە لە سەردەمی بۆشدا بینیویەتی. جگە لەوەش هێزە کوردییەکان ڕۆڵێکی چاڵاک و تایبەتیان بۆ ئەمریکا لە ناوچەکەدا هەیە.کە ئەمەش مەترسییەکی ئەمنییە بۆ سەر تورکیە. ئەردۆغان بە زیادکردنی دەسەڵات و نفوزی خۆی لە وڵاتانی ناوچەکە بەتایبەت عێراق و سوریا، هەوڵدەدات کورد لە ئەولەوییەتی ئەمریکا دوور بخاتەوە و جێگەی خۆی بگرێتەوە.
5- ئەمریکا و ئیسرائیل و بەشێک لە وڵاتانی عەرەبی ناوچەکە هەوڵی کەمکردنەوەی پەیوەندی نێوان ئێران و سوریا دەدەن، بەڵام هەتا ئێستا لەم کارەدا سەرکەوتوو نەبوون. ئۆپەراسیۆنی ئەم دواییەی تیرۆریستانی تورکیە لە حەلەب بە هەمان ئاراستەدایە و بەشێک لە ڕۆڵی ئێران کەم دەکاتەوە.تورکیا هەمیشە وەک ڕکابەرێک سەیری ئێرانی کردووە و بە هەر شێوەیەک بێت پەیڕەوی لە کەمکردنەوەی پەیوەندییە ستراتیژییە ناوچەییەکانی تاران دەکات. تورکیە بەم کردەوە تیرۆریستانە لە یەک کاتدا هەنگاوێکی ئەرێنی بۆ ئەم چەند وڵاتە گرتووەتەبەر.
6- قەتەر هەر لە سەرەتای قەیرانی سوریاوە ڕۆڵێکی گرنگی هەبوو، بەڵام وردە وردە گۆڕەپانەکەی بەجێهێشتووە. لەگەڵ کەمبوونەوەی ڕۆڵی حکومەتی ناوەندی و نوێبوونەوەی هیواکانی قەتەر بۆ ڕۆیشتنی بەشار ئەسەد، دەوحە دەتوانێت ڕۆڵێکی گرنگتر لە داهاتووی سوریادا بگێڕێت. بە تایبەتی کە هەردوو تورکیە و قەتەر برای یەکترن و دۆحە هیوادارە بتوانێت بە دۆلارە نەوتییەکانی لەگەڵ تورکیە بیناسازی و ئاوەدانکرنەوە و هێنانی بەلێشاوی عەرەبی سوننە بۆ سوریا ئەنجام بدات.
7- ڕوسیا پێویستی بە تورکیە هەیە لە شەڕی ئۆکرانیا و بەدەربازبوون لە سزاکانی ڕۆژئاوا. پێشتر بڕیاری گرنگ لە سوریا لەلایەن ئەردۆغان و پوتین لە سوچی دەدرا و دوای ماوەیەک لوتکەی ئاستانە لە ئەولەویەت دەرچوو. ڤلادیمیر پوتین هەست بە پێویستییەکی زیاتر بە تورکیای ئەردۆغان دەکات و لە ئێستادا هەوڵدەدات پاڵپشتی تورکیە لە شەڕی پەرتبوون لە ئۆکرانیا و دۆخە سەختەکەی لەگەڵ ڕۆژئاوا کەڵک وەربگرێت.
8- داگیرکردنی شاری حەلەب لەلایەن گروپی تیرۆریستی ئیسلامی گەمارۆی تەلڕەفعەت پێکدەهێنێت و کورد لەم ناوچەیە دەخاتە مەترسییەکی گەورەوە. دەکرێت گریمانە بکرێت کە دوای ئۆپەراسیۆنی حەلەب لەلایەن تیرۆریستانەوە، هەڵمەتە نوێیەکەی تورکیە بۆ پاککردنەوەی ڕۆژئاوای کوردستان لە بوونی کورد دەست پێدەکات. ئەمە یەکێکە لە داواکارییە هەرە گرنگەکانی ئەردۆغان. بەتایبەتیش کە نەخشەی نوێ عووسمانلی پشتێنی ئەمنیی تورکیە لە دەریای ناوەڕاستەوە تا سنوورەکانی ئێران دیاری دەکات و لە ئێستادا بۆتە خەونە هەرە گەورەکەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت