لوقمان ئابڵاخی: تورکیا نازانێت مانای ئاشتی چیە و ئاشتی ناوێت.
وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە
پتر لە جارێک بانگەوازی ئاشتی لەلایەن دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی نەژادپەرستەکان(مەهەپە)، لە میدیاکاندا ڕاگەیەندرا کە لە ڕێکلامێکی ئاست نزم و درۆیەکی شاخدار و پیلانێکی ژەهراوی زیاتر چیدیکە نیە چونکە هیچ کاتێک نە ئەو، نە هیچ سەرکردە و پارتێکی تورکی و نە هیچ ڕژێمێکی تورکیا ئاشتییان لەگەڵ کورد نەویستوە و ئامادەی چارەسەری جدی و ڕیشەیی کێشەی کورد لە تورکیادا نەبوون.
ئەم وێنەیە لە کەوکاز وۆچ وەرگیراوە
ئەم ڕژێمە و هیچکام لە ڕژێمەکانی پێشووی تورکیا ئاشتییان نەویستوە وە شەڕ و کوشتار و جینۆسایدی کورد و وێرانکردنی کوردستان تاکە ئەجێندا و ستراتیج و ئەولەویەتی سیاسیان بووە چونکە بەرژەوەندیان لە شەڕدایە لەگەڵ کورد.
(قەیوم) واتە کورد موسڵمان نیە
سەرباری هەموو ئەو مەرجە قورس، ئاستەنگ و سیاسەتە ڕەگەزپەرست و شۆڤینیانەی تورکەکان، کوردەکان بەشداری پڕۆسەی سیاسی تورکیایان کردوە. کە لە هەڵبژاردنەکانیشدا بە مافی خۆیشیان ئەیبەنەوە، ڕژێمەکەی ئەردۆگان بەهۆی بێڕێزی و حساب نەکردن بۆ دەنگی دەنگدەرە کوردەکان، لەجیاتی ئەو کوردانەی کە بە دەنگی دەنگدەران و بە زۆرینە و بە مافی خۆیان دەرچوون، (قەیوم) لە جێگایان دائەنێت، کەچی لە میدیاکانیشدا باسی ئاشتی دەکەن لەگەڵ کورد.
بابزانین (قەیوم) چیە و بۆچی ئــەر دۆگان ئەم ووشەیەی بەکارهێناوە.
(قەیوم) ووشەیەکی عەرەبیە و ئەم مانایانەی هەیە:
A- یەکێک لە (99) ناوەکانی خودا لە ئایینی ئیسلامدا.
B-کەسێکی پایە بەرزە کە تەواوی سیستەمی بوون لەسەری وابەستە
C- پێگەیەکی ڕۆحی تایبەتی کەسێکی پیرۆزە.
D-کەسێکە کە کاروباری شانشینی خۆی بەڕێوە دەبات، و پێویستی بە یارمەتی کەس نییە.
لێرەوە تەواو ڕوون و ئاشکرایە کە ئــەر دۆگان لە خۆڕا و بە هەڕەمەکی ووشەی (قەیوم)ی هەڵنەبژاردووە.
ئــەر دۆگان لە ڕێگەی (قەیوم)ەوە ئەیەوێت ئەوە بسەلمێنێت کاتێک کە دێتە سەر ئیرادەی خوا و باوەڕداری خوا، هەڵبژاردن هیچ بەهایەکی نامێنێت چونکە ئەو (قەیوم)ەی کە ئەو لە جیاتی ئەو کوردەی بە مافی خۆی لە هەڵبژاردندا بردوێتیەوە، کەسێکی پیرۆزە و لەو کاندیدە هەڵبژێراوەکە باشترە چونکە باوەڕدارە. هەر ئەمە لە شوێنی خۆیدا ئەوە دەسەلمێنێت کە چۆن ئــەر دۆگان، وەکو هەموو بابوباپیرانی، ئایینی ئیسلام بەکاردەهێنێت بۆ جێبەجێکردنی ئەجێنداکانی و ڕەوادان بە زۆرداری و تاوانەکانی. ئەمە جگە لەوەی کە ئەو مافەیش بە خۆی ئەدات کە لە جیاتی خوا بڕیاربدات کە تورکەکان موسڵمانێکی تەقواچین لەبەرئەوەی کورد بە موسڵمان نازانێت. بەکارهێنانی ئایینی ئیسلام پراکتیزەیەکی بەردەوامی ئەو ڕژێمەیە بۆ ڕەوادان بە ئەنجامدانی هەموو تاوانەکانی دژ بە کورد. بۆ نموونە بە ناوی سورەتی (الفتح) ئەفرین و چەند ناوچەیەکی ڕۆژئاوای کوردستانی داگیرکرد.
دانانی (قەیوم) خۆی لە خۆیدا جگە لەوەی کە بێڕێزیەکی بێسنوورە بەرامبەر بە دەنگدەران، بێڕێزیەکی زیاتریشە بەرامبەر بەو ئایینەی کە بە حسابی ئیسلامیەکانی کوردستان ئــە ردۆگان قەڵغان و پارێزەریەتی چونکە ئەو لە جیاتی خوا بڕیاری داوە کە خۆی و ئەندامانی حیزبەکەی لە کوردەکان موسڵمانترن. بە واتایەکیتر، ئەو هەر لەم دنیاوە لەجیاتی خوا ئەو حوکمەی بەسەر خەڵکی کوردستاندا داوە کە موسڵمانی ڕاستەقینە نین و جێ متمانەی ئیسلام نین بۆیە (قەیوم) لەجیاتی ئەو کەسانە دائەنێت کە بە دەنگی کوردەکان هەڵبژاردنەکەیان بردۆتەوە. سەیر لەوەیشدایە کە هیچ ووڵاتێکی ئیسلامی کێشەی لەگەڵ ئەم سیاسەتە ڕەگەزپەرستی و شۆڤینیەی ئەو ڕژێمەدا نیە کە بێڕێزیە بەرامبەر بە پتر لە 25 ملیۆن موسڵمانی کورد. ئەگەر ئەم کارە لە ووڵاتێکی ڕۆژئاوادا بەرامبەر بە کاندیدێکی موسڵمان بکرایە، ئیدی ئەبوو بە هەڵا و ناڕەزایی دەربڕین و خۆپیشاندان و تاوانبارکردنی ڕۆژئاوا بە “ئیسلامۆفۆبیا”.
لە ڕاستیدا دانانی (قەیوم) کە لە ساڵی (2016)ەوە تاکو ئێستا بەردەوامە، سەلمێنەری ئەم بۆچوونەن وە دژ بە بنەماکانی دیموکراسین. ئەمە جگە لەوەی کودەتایەکی سیاسی و کارێکی دیکتاتۆرانەیە دژی کورد بە بەکارهێنانی ئاینی ئیسلام و لە ڕێگای ئەو دادگایەوە کە لە جیاتی جێبەجێکردنی حوکمی یاسا، فەرمانەکانی ئــەر دۆگان جێبەجێدەکەن کە ئەویش بەردەوام تۆمەتی هەڵبەستراو و فابریکەکراو و ئامادەی هەیە بۆ تاوانبارکردنی کوردەکان.
لە دوا هەڵبژاردنی شارەوانیەکاندا سەرۆکی هەڵبژێردراوی شارەوانییەکانی مێردین، ئێلح و خەلفەتی باکووری کوردستان قەیوم لەجیاتیان دانراوە لەلایەن ئــەر دۆگانەوە.
ئەحمەد تورک یەکێکە لەو سیاسەتوانە کوردانەی کە لە سێ هەڵبژاردندا بە مافی خۆی و بە دەنگی دەنگدەران براوەی ئەو هەڵبژاردنانە بووە بەڵام هەر سێ جارەکەیش ئــەر دۆگان (قەیوم )ی لەجیاتی ئەحمەد تورک داناوە.
هەمان شت بۆ هەڵبژاردنی کوردەکان بۆ پەرلەمانی تورکیاش هەر ڕاستە.
سەلاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسداخ وە پێش ئەوانیش لەیلا زانا و ژمارەیەکیتر لە کوردەکان کە هەموویان ئەندام پەرلەمان بوون و بەبێ هۆ و بە تاوانی هەڵبەستراو و بێ بنەما تاوانبارکران، بەبێئەوەی هیچ تاوانێکیان ئەنجامدابێت، بە 15 ساڵ و زیاتر حوکمدراون و زیندانیکران وە کە ماوەی حوکمەکەیشیان تەواودەکەن، بە تاوانی تری فابریکەکراو، جارێکیتریش دەیانخاتە زیندانەوە
هەموو جارێکیش دادگای یەکێتی ئەوروپا، ڕێکخراوانی مافی مرۆڤ لە ئەمریکا و ئەوروپادا ڕەخنەیان گرتووە و ناڕەزایەتیان دەربڕیوە بەرامبەر بە زیندانیکردنی ئەو پەرلەمانتارە کوردە بێتاوانانە.
بەڵام ڕژێمەکەی ئـــەر دۆگان و ڕژێمەکانی پێش ئەویش، سەنگی پووشێکیان بۆ دادگای یەکێتی ئەوروپا و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە هیچ شوێنێکی دنیادا دانەناوە، چونکە ناڕەزایەتیەکەی ئەوان تەنها سەرزارەکیە و بۆ ئەستۆپاکیە وە هیچ فشارێکی سیاسی لەگەڵدا نەبووە. بەڵام کە دێتە سەر باس و خواسی فەلەستین، هەموو میدیاکانی جیهان ڕووماڵی ڕووداوەکان دەکەن و هەموو جیهان، بە کوردە ئیخوانی وئیسلامیەکانی کوردستانیشەوە، ناڕەزایەتی دەردەبڕن بەرامبەر بە ئیسرائیل و سەرکۆنەی دەکەن وە ووڵاتانی خاوەن کاریگەریش هەر ووڵاتەی بەشێوەیەک فشاری دیبلۆماسی دەخەنە سەر ئیسرائیل.
نەک هەر ئەمە، ئەمریکا و ووڵاتە ئەوروپیەکان، ڕووسیا و چین، کە ئەم دوو ووڵاتەی دوایی خۆیشیان هیچ ڕێزێکیان بۆ مافی مرۆڤ نیە، بەردەوام بازرگانی چەک، تانک و فڕۆکە لەگەڵ تورکیادا دەکەن هەرچەندە باشدەزانن و تەواو بە ئاگان لەوەی کە ڕژێمی تورکیا ئەو چەک، تۆپ، تانک و فڕۆکە جەنگیانە بۆ کۆمەڵکوژی کورد، وێرانکردنی ژینگەی کوردستان وپاکتاوی ڕەگەزی بەکاردەهێنێت وە لە ڕێگەی ئەو چەکانەوە تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی ئەنجامدەدات.
هەڵبژاردەی چەک هەڵگرتن بەزۆر سەپێنراوە بە سەر کوردا
سیاسەتی دەرکردنی کورد لە زێدی باب و باپیرانیانەوە و ڕاگواستنی کورد لە سەرەتای جەنگی جیهانی یەکەمەوە بە فەرمانی تەڵعەت پاشاوە جێبەجێکرا و لە دوای دروستبوونی تورکیاوە هەر بەردەوام بووە سەرباری ئەوەی کە زۆرێک لە کوردەکان، بە تایبەتی ئەوانەی سەر بە (جمعیة االإتحاد والترقي) بوون کە لە فەڕەنسا لەلایەن پێنج کەسەوە کە دووانیان کورد بوون بە ناوی (عەبدوڵا جەودەت) و( ئیسحاق سکوتی) لە ساڵی 1889 دا دامەزرا. ئەو کوردانە نەک هەر وەلائی تەواویان بۆ ئیمپراتۆریەتی عوسمانی هەبوو بەڵکو لە چەوساندنەوەی کەمینەی مەسیحیەکاندا بەشداربوون. بەڵام دەسەڵاتدارانی تورکیا سەرەڕای ئەوەش ترسیان لەوە هەبوو کە کورد هاوکاری ئەرمەنەکان و ڕووسەکان بکەن بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی خۆیان.
هەر لەبەرئەوە لە 1916دا وە لە زستانێکی سەختدا نزیکەی 300.000سێ سەد هەزار کورد لە بیتلیس، ئەرزروم، پالو و موشەوە ڕاگوێزران بۆ کۆنیا و غازی عەنتاب و زۆربەیان لە برسێتیدا و بەهۆی سەختی زستانەکەوە گیانیان لەدەستدا.
ئەم وێنەیە لە ویکیپیدیاوە وەرگیراوە دەربارەی ڕاگواستنی کوردەکان
لە ناوەڕاستی ساڵی 1930دا، لە سەردەمی شۆڕشی ئاراراتدا، هێزە چەکدارەکانی تورکیا کۆمەڵکوژییەکی بەرفراوانیان لە دژی گوندە کوردنشینەکانی پارێزگای ئاگری ئەنجامدا کە بە بیانووی پاڵپشتییان بۆ یاخیبووان نزیکەی 15.000 پانزە هەزار کورد کە زۆرینەیان خەڵکی سڤیڵ بوون کۆمەڵکوژکران و لاشەکانیان لە دەوروبەری ڕووباری زیلان فڕیدرابوو.
ئەم وێنەیە لە ویکیپیدیاوە وەرگیراوە تیایدا سەبیحە گۆکچەن و تاوانبارەکانی تری جەنگ و ئەنجامدەرانی تاوانەکانی جەنگ دژ بە کوردەکان پیشانئەدات
حوکمەتی بەریتانیای ئەوسا بە ڕەسمی و لەسەر زاری وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیای ئەو کاتەدا ئاماژەیدا بە سەرکەوتنی تورکیادا بەسەر ژمارەیەک چەکداری کەم و ژمارەیەکی زۆری کوردی سڤیڵدا.
هەڵبەتە ئەو کۆمەڵکوژیەی زیلان و دوای ئەوەیش کۆمەڵکوژیەکەی دەرسیم کە لە ساڵەکانی 1937 و 1938 دا تورکیا دژی کورد ئەنجامیدا بەشێکبوون لە ئەجێندای ڕژێمی تورکیا بۆ سڕینەوەی فەرهەنگ، شوناس، نەژاد و جەستەی کورد و گۆڕینی دیمۆگرافیای باکووری کوردستان چونکە ئەوان هەر لە دوای کۆتایی جەنگی یەکەمی جیهانیەوە ڕایانگەیاند کە نەتەوەیەک بە ناوی (کورد)ەوە بوونی نیە و ئەوانە کۆمەڵێک تورکی شاخاوی دواکەوتوون کە ئەمە جگە لەوەی کە بەشێک بووە لە ئەجێندا سەرەکیەکەیان، پاساویش بووە بۆ کۆمەڵکوژی، هەڵکەندنیان لە زێدی بابوباپیریان، چەوساندنەوەیان و پاکتاوکردنی ڕەگەزی کورد.
ئەم تاوانانە لە دوای ئەو ڕووداوانەوە نەوەستا بەڵکو بەردەوام بوو لەبەر ئەوە هەڵبژاردەی چەک هەڵگرتن بۆ کورد هەڵبژاردەیەکی نەخوزراو و ناچاریە چونکە بۆ ئەوان شەڕی مان و نەمان بوو.
پە * کە * کە * خوڵقاوی ئەو سیاسەتە ڕەگەزپەرستیە، نەژادپەرستیە، شۆڤینی و خۆبەزلزان وکورد بە مرۆڤ نەزانەی ڕژێمە تورکیەکان بووە، کە سەرباری جینۆسایدکردنیان بە درێژایی مێژوو، پتر لە 82 ساڵ نکوڵیان لە هەبوونی خودی کورد کردوە.
کێ بەڕاستی ئاشتی دەخوازێت؟
هەرچەندە کورد لە هەر چوارپارچەکەی کوردستاندا هەمیشە ئامادە بوون بۆ ئاشتی بەڵام ڕژێمە داپڵۆسێنەرەکانیان بەردەوام باسوخواسی ئاشتیان بۆ ئەجێندای شەڕ و بۆ خۆکۆکردنەوە و خۆبەهێزترکردن وە بۆ لاوزاکردنی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد بەکارهێناوە.
لە ڕاستیدا ڕژێمەکانی تورکیا نەک هەر ئاشتییان لەگەڵ کوردەکانی باکووری کوردستاندا نەویستووە و نەکردوە بەڵکو تەگەرە و کۆسپیش بوون بۆ ئاشتی بۆ کوردی پارچەکانی تری کوردستانیش چونکە هەمیشە ڕێگرییان لە ڕژێمە داپڵۆسێنەرەکانی تری کوردستانیش کردوە لە هەر دایەلۆگێک بۆ ئاشتی. بەڵام باسەکەی ئیمە لێرەدا ئەو ئاشتیە گاڵتەبازاڕیە گومانلێکراوەیە کە ماوەیەکە لە تورکیا باسی لێوەدەکرێت.
بۆ سەلماندنی نیازپاکی و کردنەوەی دەرگای دیالۆگ بۆ گەیشتن بە ئاشتی، پە * کە * کە * بەردەوام ئاشتیخوازبوون و چەندینجار یەکلایەنە شەڕیان وەستاندووە بەڵام هەمیشە ڕژێمەکانی تورکیا بە ئاگر وبە ئاسن و بە شەڕ وەڵامی ئەو دەستپێشخەریە ئاشتییانەیان داوەتەوە.
کورد ئاشتیخوازە و ئاشتی دەوێت، بەڵام ڕژێمی تورکیا شەڕخواز و شۆڤینیە و لەناوبردنی کورد و داگیرکردنی کوردستانیان مەبەستە نەک ئاشتی. ئەوان بەردەوامیدانیان بە شەڕ وەکو بیانوویەک بەکارهێناوە و بەکاردەهێنن بۆ داگیرکردنی باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان و لەو بوارەیشدا بە کردار ئەو بۆچوونەیان سەلماندوە.
ڕژێمی تورکیا ڕۆژانە هێرش دەکاتە سەر باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان وە خەڵکی سڤیڵ دەکوژێت. ئەوەندەی بۆی چووبێتە سەر، گوند و شارۆچکەی کوردستانی داگیرکردوە و بەردەوامیش خەریکی گۆڕینی دیمۆگرافیای ئەو ناوچە کوردیانەیە. ئەگەر تورکیا بەڕاستی ئاشتی بویستایە و جێبەجێی بکردایە، ئەو بیانووەی نەدەما کە بە بیانووی باسی پاراستنی سنوورەکان، هێرشبکاتە سەر باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان و داگیریان بکات و وێرانیان بکات.
ئاخر ئەگەر مێنتاڵیەتێک(ئەقڵیەتێک) باوەڕی تەواوی بەوە هەبێت کە کوردی باش تەنها کوردە مردووەکانن و نەوە لە دوای نەوە گۆشبکات بەوەی کە کوردە باشەکان تەنها ئەوانەن وا لە ژێر خاکدان و تەنها زمانی شەڕ و خوێنڕشتن و چەوساندنەوە و زیندانیکردن بزانێت، چۆن ڕێگای ئاشتی دەگرێتەبەر ؟
شەڕ توندوتیژیە، هیچ کاتێک کورد شەڕی نەویستووە و شەڕی هەڵنەبژاردووە. بەڵام ڕژێمەکانی تورکیا هیچ هەڵبژاردەیەکی تریان بۆ کورد نەهێشتۆتەوە و هەموو جیهانیش کوێر و کەڕ و لاڵن لە ئاستی تاوانەکانی جەنگ کە دژ بە کورد ئەنجامدراوە و ئەنجامئەدرێت لەلایەن ڕژێمە شۆڤینیە یەکلەدوای یەکەکانی تورکیاوە.
سەیر لەوەدایە کە فەلەستینیەک ئەکوژرێت، نەک تەنها میدیای ووڵاتە ئیسلامیەکان بەڵکو هەموو میدیاکانی جیهان، بەتایبەتی میدیای چەپ ولیبراڵەکان، ئەیکەن بە هەڵا و ناڕەزایەتی دەربڕین و سەرکۆنەکردنی ئیسرائیل. بەڵام ڕژێمی تورکیا ڕۆژانە بە تۆپباران، بە فڕۆکە و بە درۆن خەڵکی سڤیڵ و تەنانەت میدیاکاری کوردی دەکوژن. کەچی تەنیا جارێکیش، تەنانەت وەکو هەواڵێکیش، لە میدیاکانی ووڵاتە ئیسلامیەکان و میدیاکانی جیهانیشدا باسناکرێت.
ئەجێندا ڕاستەقینەکە و هۆکارەکانی بانگەوازی ئەو ئاشتیە چیە؟
هەڵبەتە گۆشەگیرکردنی عەبدوڵا ئوچ ئــالان جگە لە هەوڵی بەردەوامی تورکیا بۆ لادانی بزووتنەوەی ڕزگاری کوردستانە لە خەبات و تێکۆشان بۆ سادەترین مافەکانی کورد، شەڕێکی دەروونی قێزەون ونامرۆڤانەیشە بەرامبەر بەو سەرکردەیە وبەرامبەر بە هەموو کورد دەیکات.
ئێستایش ئەوان بەناوی ئاشتیەوە دەیانەوێت ئوچ ئالان، کە سیمبولی سەرکردەیەکی کوردە، سووک و ڕیسوا بکەن و لە ڕێگەی ئەویشەوە چۆک بە تەواوی کورد دابدەن وە بە ئەندازەیەک کورد بڕوخێنن کە چیتر نەتوانن خۆیان دروست بکەنەوە.
مەبەستی ئەوان لە چوونی ئوچ ئالان بۆ ناو پەرلەمانی تورکی و داوای دانانی چەک کردن لە حیزبەکەی، مەبەست لێی ئاشتی نیە بەڵکو نانەوەی ئاشوب و دابەشکردنی ڕیزەکانی پە * کە * کە *یە وە خستنی درزێکی گەورەیە لە ڕیزەکانیدا.
ڕق و کینە، ڕەگەزپەرستی و شۆڤینیەتی ڕژێمە تورکیەکان بەرامبەر بە کورد لە ئاستێکدایە کە وایلێهاتووە کە تەنانەت لە ئاستی بەرژەوەندی تورکیاشدا کوێرن و بەرژەوەندی خەڵکی تورکیاشیان بەلاوە گرنگ نیە چونکە لە جیاتی ئاشتی لەگەڵ کورد، ئەوان بەردەوام چەوساندنەوە، داپلؤساندن، توندوتیژی، زیندانیکردن و پێشێلکردنی مافی کورد وە شەڕ و ئاژاوەیان هەڵبژاردوە کە ووزە و تێچووی مادی و مەعنەوی هەموو ئەو شەڕانەی دژ بە کورد کراوە، ئەگەر بۆ ئاشتی، پێکەوەژیان، تابایی ویەکترقبوڵکردن بەکاربهێنرایە ئەوا تورکیا هەرگیز خاوەنی ئەو ئابووریە داتەپیوە نەدەبوو وە لیرەی تورکیش ئەمەندە بێبەها و سووک نەدەبوو وە بارودۆخ و بژێوی و گوزەرانی خەڵکی تورکیاش خراپ و وێران نەدەبوو. نەک هەر ئەمە، بەڵکو دوورنیە کە ئێستا تورکیا لە بە ئەندامبوونی لە یەکێتی ئەوروپاوە زۆر نزیکتر دەبوو لەم دۆخەی ئێستای کە هیچ تروسکاییەک بۆ بە ئەندامبوونی تورکیا لە یەکێتی ئەوروپادا هەبوونی نیە.
کورد بە کردار سەلماندوویانە کە ئاشتیخوازن چونکە بەشداری پڕۆسەی سیاسی و هەڵبژاردنەکانی ناو تورکیایان کردوە. بەڵام لەبەرئەوەی کە ڕژێمی تورکیا هەمیشە شەڕەنگێز و شەڕخواز بووە و ئاشتی نەویستووە، لە جیاتی پێشوازیکردن لە بەشداریکردنی کورد لە پڕۆسەی سیاسی تورکیادا، بەردەوام کۆسپ و ئاستەنگی بۆ دروستکردوون و دروستدەکات، کاتێکیش کە کوردەکان بە مافی خۆیان لە هەڵبژاردنەکاندا ئەیبەنەوە، بە تاوانی هەڵبەستراو و بێ بنەما تاوانباریان دەکەن و دەیانخەنە زیندانەوە.
ئەمەی ڕژێمی تورکیا باسی لێدەکات پیلانگێڕیە کە ئامانجەکەی ئاشتی نیە بەڵکو لە ناوەوە بەکارهێنانی کوردە بۆ خۆ قوتارکردن لەو قەیرانە سیاسی و ئابووریانەی کە تێی کەوتووە. ئەمە جگە لەوەی کە بۆیان دەرکەوتووە کە چیدی کورد دەنگ بەوان نادات و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ڕوو لە هەڵدێرن و بەرەو شکستخواردنی گەورە ئەڕۆن.
بە باسی ئەو ئاشتیەی کە ئەوان مەبەستیان نیە، ئەیانەوێت سۆزی کورد بەلای خۆیاندا ڕابکێشن بۆ مسۆگەرکردنی دەنگی کوردەکان بۆ مانەوەیان و درێژەپێدان بە ڕژێمەکەیان وە بۆ گۆڕینی دەستووری تورکیادا لە بەرژەوەندی ئاکە+پە-مەهەپە.
هۆکارێکی تریش بۆ باسی ئاشتی ئەوەیە کە باڵادەستی ئیسرائیل لە هەرێمەکەدا ترس و دڵە ڕاوکێی بۆ ڕژێمی تورکیا دروستکردوە بەتایبەتی دوای لەناوبردنی حەماس و ئیفلیجکردنی حیزبوڵا و سنووردارکردنی نفوزی ئێران. ئەمە جگە لە مەترسی تورکیا لەو ئاڕاستەیەی ناو ئیسرائیل کە پێشنیازی هاوپەیمانێتی دەکات لەگەڵ کورد کە لەسەر زاری وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل لە میدیاکاندا ڕاگەیاندرا وە باسی پێویستی دروستبوونی ئەو هاوپەیمانێتیەی کرد لە نێوان کورد و ئیسرائیلدا. هەروەها ئەوەی کە ترەمپ پۆستی وەزارەتی دەرەوەی داوە بە مارکۆ ڕوبیۆ وە وەزارەتی بەرگریشی داوە بە پیت هیگسیز کە هیچیان دۆستی ئــەر دۆگان وڕژێمەکەی نین.
ئەو ساردیەی کە کەوتۆتە نێوان ڕژێمەکەی ئــەر دۆگان و ئیسرائیلەوە لە دوای ٧ ی ئۆتۆبەری 2023 یشەوە، بۆی هەیە کە ترەمپیش چیدی ئەو بایەخە بە ئــەر دۆگان و ڕژێمەکەی نەدات کە دیسانەوە دڵەڕاوکێکەی ئەو ڕژێمەی زیاتر کردووە کە ئەمەیش ترسێکی تری ئەو ڕژێمەیە کە ڕووداوەکان بە بەرژەوەندی ئەوان ناڕوات.
ئاشتی ئیرادە و کردارە نەک قسە و فریودان
ئاشتی ڕاستەقینە ئاشتیەکی شکۆدارە کە ئەقڵانیەت، مرۆڤدۆستی، نیەت باشی و ئیرادەی ڕاستەقینەی ئەوێت کە بەداخەوە هیچیان لە فەرهەنگی ڕژێمەکانی ئەوسا و ئێستای تورکیدا جێگەیان نەبووە و نیە وە باوەڕیشیان بە ئاشتی نیە چونکە ئەگەر مەبەستیان ئاشتی ڕاستەقینە بوایە بە (قەیوم) جێگەی هەموو ئەو سەرۆک شارەوانیانەیان نەدەگرتەوە؛ هەموو ئەوانەی بە ناڕەوا و بەبێ هیچ بنەمایەکی یاسایی و بەبێ هیچ بەڵگەیەک زیندانیکراون، ئازاد دەکران، بە عەبدوڵا ئوچ ئالانیشەوە.
هەتاکو نوسینی ئەم ووتارە، 8 هەشت قەیوم لەلایەن ڕژێمەکەی ئــــەر دۆگانەوە بە زەبری هێزی دەسەڵات و حوکمڕانی لەجیاتی ئەو سەرۆک شارەوانیانەی باکووری کوردستان دانراون کە سەلمێنەری ئەو ڕاستیەن کە تورکیا نە ئاشتی ئەوێت و نە ئامادەیشە ڕێز لە سەرەتاییترین مافەکانی کورد بگرێت.
ئاشتی پڕۆسەیەکە کە پێش باسکردنی کاری بۆ دەکرێت و نیازپاکی ڕاستەقینە تیایدا دەسەلمێنرێت. ئاشتی دروستکردنی متمانەیە و ڕەواندنەوەی گومانەکانە و لابردنی هەموو ئەو کۆسپ و تەگەرە و ئاستەنگانەن، کە ڕژێمە یەکلەداوی یەکەکانی تورکیا خۆیان بە درێژایی مێژوو دروستیانکردوە، کە ئەمانە هیچیان لە فەرهەنگ و ئەجێندای ئەم ڕژێمە و هیچ ڕژێمێکی تورکیدا بوونی نەبووە.
ئەوەی کە باسی ئاشتیەی کردوە بە گاڵتەجاڕی ئەوەیە کە ئەم ئاشتیە دەوڵەت بەخچەلی باسی دەکات، ئــەر دۆگانی هاوپەیمانی لە میدیاکاندا ڕەتیدەکاتەوە.
ئەگەری ئاشتی تەنها لە کاتێکدا دەبێت کە فشارێکی نێودەوڵەتی جدی یان گۆڕانکاریەک لە هەرێمەکەدا، هاوشێوەی ئەوەی کە بەسەر شای ئێران و ڕژێمەکەی سەدام حسێندا هات، مەترسی بۆ سەر ئەم ڕژێمە یان ڕژێمەکانی دواتری تورکیا دروست بکات، دەنا هەرگیزاوهەرگیز ئەم ڕژێمە یان ڕژێمەکانی دواتری تورکیا دەستی ئاشتی ڕاستەقینە بۆ کورد درێژناکەن و بەردەوامیدەدن بە پێشێلکردنی مافەکانی کورد لە باکووری کوردستاندا.
سەرچاوەکان:
wikipedia-org
https://ar.wikipedia.org/.
زانیاریە مێژووییەکان لە ویکیپیدیاوە وەرگیراوە
https://rojnews.news/?p=521817
https://rojnews.news/?p=526147
https://www.hrw.org/news/2024/05/16/turkiye-kurdish-politicians-convicted-unjust-mass-trial
https://en.wikipedia.org/wiki/Kurdish%E2%80%93Turkish_conflict
https://en.wikipedia.org/wiki/Kurdish%E2%80%93Turkish_conflict#/media/File:Lost_girls_of_Dersim.jpg
https://en.wikipedia.org/wiki/Kurdish%E2%80%93Turkish_conflict#/media/File:Sabiha_Gokcen_and_her_colleagues_in_front_of_Breguet_19.jpg
https://en.wikipedia.org/wiki/Kurdish%E2%80%93Turkish_conflict#/media/File:Cizre_%C3%A7at%C4%B1%C5%9Fmalar%C4%B1,_2_Mart_2016.jpg
https://en.wikipedia.org/wiki/Kurdish%E2%80%93Turkish_conflict#/media/File:%C5%9E%C4%B1rnak_%C3%A7at%C4%B1%C5%9Fmas%C4%B1_%C3%A7ocuk_cenaze_t%C3%B6reni.jpg
وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە