بەهرۆز جەعفەر: وەرچەرخانێک لە “مێدیتریانە”وە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەسڵی مەقسەد ئەوەیە؛ دەمانەوێ بچینە سەر دەریای سپی ناوەڕاست “مێدیتریانە-Mediterranean “، سوریا، هەیئەی تەحریری شام و ڕووسیا و تورکیا و ئێران و بەغدا ناهێڵن (بەڕێژەی جیا-جیا حەز ناکەن کورد توخنی ئەو ناوچەیە بکەوێتەوە). تەنانەت ئوردون ناکەوێتە سەر “مێدیتریانە؛ بەڵام لەنەخشەکەدا ئوردونیش لەسەر “مێدیتریانە” هەژمارکراوە؛ ئوردون ئەندامیشە لە لوتکەی گازیی ڕۆژهەڵاتی دەریای سپی (EMGF) و، لەشەراکەتی ناوچەی یۆرۆ و دەریای سپی.
سوریا کۆتا وڵاتە لە باشورەوە دەکەوێتە سەر دەریای سپی (سوریاو تورکیاو قوبرس و ئیسرائیل و لوبنان دەکەونە باشوری ڕۆژهەڵاتی دەریای سپی)، لەوێ کورد خۆی لە عیفرینەوە لەسەر “مێدیتریانە” بوو، بەڵام خۆ-ئیتر بینیتان چی قەوما؟ لە مەنبەجەوە دەمانتوانی، هەروەها لە حەلەبەوە دەمانتوانی بچینە سەر ئاوەکەی مێدیتریانە، خۆتان دەزانن تورکیا خۆی و گرووپە-چەکدارەکانی-نیزیک لەخۆی لێ جێگیرکردوە! لە عێراقیش؛ ئێمە بەجۆرێک لە جۆرەکان لەسەر “مێدیتریانە” ین؛ مەگەر بەندەری جەیهان مێدیتریانە نییە کە لە کۆتایی حەفتاکانەوە نەوتی کەرکوکی بۆ دەچێت؟ ئەوە بۆیەش ئێرانییەکان دەیانوت: پێویستە کورد لە پرسی وزە دووربکەوێتەوە! دانەیەکیان هاتبوو لە هەولێر دەیوت “کورد دەبێت خەریکی عیرفان بێت! چاکی؟ تۆ بایەخ بە چەکی ئەتۆمی و جیۆپۆڵەتیک بدەی، کوردیش بایەخ بە “عیرفان” بدا؟!
چەند ساڵێکە زاراوەی مێدیتریانە و کەنداو زۆر گرینگتر دەرکەوتوە لە زاراوەی “ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست”. بەتایبەتی کە “مێدیتریانە” ئەوەندە ناوچەیەکی ستراتیجی گەورەو هەستیارە بەلای زلهێزەکانەوە؛ کە وێنەی دەگمەنە لە گرینگیدا: تێکڕا 22 دەوڵەت لە سێ کیشوەری ئەفریقا- ئاسیاو ئەوروپا دەکەونە سەر ئەم ئاوە؛ ئەم ئاوە خاڵی سنوریی و بەریەککەوتنی سێ کیشوەرە. لە ڕووی مێژووییەوە شارستانییەت لەم ناوچەیەوە بوەو، باز-بازێنیان کردوە؛ بەتایبەت یۆنان وڵاتێکی ڕەسەنی سەر مێدیتریانەیە، کە دواتر لەگەڵ شارستانییەتی ئیسلامیی دەبێتە ململانێ.. هەموویان؛ لە ڕۆمەکانەوە تا ئامدواییەی ئینگلیزەکان ئەگەر ئەم ناوچەیە نەبوایە نەیاندەتوانی هەنگاوی گەورە بنەن.. [جارێکیان لای سەرەوەی مێدیتریانە لە جەبەل تاریق بووین، ئەم گفتوگۆیەمان دەکرد تا شەو داهات هەر-نەبڕایەوە: باشە تاریقی کوڕی زیاد چۆن لێرەوە پەڕیوەتەوە!] هەموویان پەڕیونەتەوە؛ چوونکە ئەگەر لە دەریای سپی نەپەڕیتەوە نازانی دەریای ڕەش و سور گرینگیان چی یە و بۆ کوێت دەبەن!
مێدیتریانە شوێنی گواستنەوەی نەوت و کاڵاکان و بەندەرە ستراتیجییەکانە، بەمدواییە لە 2010 ەوە قوبرس و ئیسرائیل گازی سرووشتیان لە کەناری دەریاو لەسنوری ئاویی خۆیان دۆزیوەتەوە (ئەوەندەی تر ناوچەکە گرینگ بوە)، گەرەکیانە غازی ئەم ناوچەیەو دەوروبەر بکەنە جێگرەوەی گازی ڕووسیا بۆ ئەوروپا.
مێدیتریانە لە ڕووی ئەمنییەوە بۆ ئەوروپا زۆر گرینگە؛ بەتایبەت لە پرسی کۆچبەردا، ساڵانە لەم ئاوەوە سەدان هەزار کەس دەپەڕنەوە، خۆتان دەزانن ئەمە کێشەی جۆراوجۆری بۆ ئەوروپاو خۆرئاوا بەگشتی درووستکردوە.
پرسە ژینگەییەکان، کێشەی قوبرس، کێشەی دەستوەردانەکانی تورکیا لەناوچەکە، کێشەی سنوریی ئاویی لوبنان و ئیسرائیل، ناکۆکییە بەردەوامەکانی ئیسرائیل- فەلەستین، قەیرانی سوریا و،،،زۆر گۆبەنگی تر دەکەونە ڕۆژهەڵاتی دەریای سپی ناوەڕاستەوە.
کەواتە مێدیتریانە ڕاستەوخۆ کاریگەریی لەسەر بازاڕی ئابوریی وزە هەیە لە جیهاندا: ئێ (90٪) ی نەوت و گاز دەکەوێتە ناوچە کوردییەکانەوە لە سوریا (باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا نەوت و گازە، لای ڕۆژئاوای سوریاش لە کۆنەوە هەر بۆ کشتوکاڵ بەکارهاتوە)، لە هەرێمی کوردستانیش کورد هەندێک نەوت و گازی هەیە، دەبوو باشتر مامەڵەی لەگەڵ بکرایە (جەڵدە-هێنەرە ئەگەر تۆزێک ئاگاداری ئەم پرسە بیت). بەگشتی، وەرچەرخانە جیۆپۆڵەتیکییەکان لە “مێدێتریانە”ەوە دەبن. ئەم شەڕەی دەیان ساڵە ئێران بەناوچەکەی دەفرۆشێت بۆ هەبوون و ئامادەییانە لەسەر “مێدیتریانە”، لە کۆنتردا ئەفگانستان و هیندستان ویستویانە لەسەر مێدیتریانە بن، ئێستا ئەوە چەندین ساڵە بە شێوەیەکی عەنتیکە ئاسا ئیماراتی عەرەبی بوەتە ئەندام لە یانەی مێدیتریانە کە بارەگاکەی لە میسرە؛ خەڵک لەو دوورەوە دەیانەوێ لەسەر مێدیتریانە بن، ئێمە خۆمان بەنیزیکەیی هەر لەسەر “مێدیتریانە” ین!
دەرئەنجامەکە؛ وەرچەرخانی جیۆپۆڵەتیکی -Geopolitical Shift” ە: چوونکە دوای ماوەیەکی زۆر تورکیاو میسر و ئیسرائیل کە سێ یاریزانە سەرەکییەکەی ڕۆژهەڵاتی دەریای سپین، دوانیان شەکەت بوە، یەکێکیان بە‌هێزتر بە پێوە وەستاوە کە “ئیسرائیل”ە، بێگومان پاڵپشتی بێ چەندوچوونی ئەمریکاو ئەوروپای هەیەو، دەیەوێ فراوانخوازییەکی وەها بکات، کە ئیتر ئێران و تورکیاو میسر و ئەملاولای دیکە نەبنە مەترسیی ئەمنی بۆی. ئیتر پێی ناوێ، خۆشتان بیستووتانە: کاریگەری شەپۆلی ئاووهەوای دەریای ناوەڕاست چۆن ساڵانە دەبێتە هۆی باو و بۆرانی بەڕەحمەت لەناوچەکەماندا.
ئا..بیرتان نەچێت؛ فەڕەنساش دەکەوێتە سەر “مێدیتریانە”؛ فەڕەنسا دایکی هزری مێدیتریانەیە، واریسی مێژوویی سوریاو لوبنانە. بەریتانیا چاوی مێدیتریانەیە، ئەمریکا سەرپەرشتیاری گشتییەتی، ئیسرائیل کلیلی مێدیتریانەی بەدەستەو پاسەوانیەتی، قوبرس بووکی مێدیتریانەیە؛ میسر پیاوە بەئەزموون و پیرەکەی مێدیتریانەیە. تورکیاش وڵاتێکی سەرەکییە لە مێدیتریانە بەڵام بەهۆی سیاسەتەکانی دەیەی ڕابردوویەوە هەموان لێی بەگومانن؛ چوونکە کای کۆن بە “با” دەکات.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت