عوسمان عومەر: بیرکردنەوە و مشورخۆری، چۆن کاک نەوشیروان وەڵامی مامۆستا چەتۆی دایەوە؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

رەگەزی سەرەکی لای مرۆڤ بیرکردنەوەیە، بیرکردنەوە لە ھەڵسوکەوتەکانی چ وەک تاک چ وەک حوکمڕان، بیروھزر -عەقلیەت زۆرجۆری ھەیە نامەوێ بچمە ناو قوڵایی ئەو بابەتە دەرونیەوە.
سەردەمانێک سەرکردەو فەرماندەکان لەسەردەمی ڕۆژگاری سەختی خەبات ھەم مشور خۆر, ھەم خەلکی لوت بەرز نەبون. زۆر دەمێکە گوتومە ھەموو عەقلیەتێک عەقلیەتی بەڕێوەبردن و حوکمڕانی نییە, ھەمو عەقلیەتێکیش مشورخۆری گەل و تاک و تەنانەت خاکەکەشی نییە. بیگومان ڕەنگبێ زۆربە بەوە بزانن ووڵاتان ڕووبەری قەیرانی دارایی و ھەلئاوسان و ھەندێجار کارەساتی سروشتی دەبێتەوە، گرنگ ئەوەیە حوکمڕان بزانرێ چۆن ھەڵسوکەوت دەکات و چۆن چارەسەری ئەو گرفتانە دەکات. بەڵام پرسیاری جەوھەری لای خۆمان کێ ئەو قەیرانانەی دروستکردوە؟ ھەندێجار لە میدیا و سۆشیال میدیاوە قسە لەسەر ئەوە بکرێ کە ئایا ئیمە خەباتمان ھەر بۆ موچە کردووە؟ بەڵێ بەشێک لەخەباتەکەمان بۆ موچە بوە کە بەشێکی گرنگی دادپەروەریە، ئەی بەرێز ئەو کۆمەڵە ھاووڵاتیە گەر موچەی نەدرێتی چۆن بژین؟
حوکمڕان و سیاسیەکان تا زیاتر خاکی بن زیاتر دەچنە دڵی جەماوەرەکەو ئەو کات پێویستی بەڕەتیلێک ئۆتۆمبیلی زرێپۆشی گولە نەبڕی جام ڕەش نابێ, پێویستی بە فەوجێ پاسەوان نابێت تا پاسەوانی بکەن و خەڵکی لێدور خەنەوەو پاڵی پیوەبنرێت. لەم چەند رۆژەدا ڤیدیۆیەکی شێخ ڕاشد ئال مەکتومی جێگری سەرۆکی ئیمارات و سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانەکەیم بینی، زۆر سادەو ساکارانە لەسەر زەوی لەگەڵ ھاووڵاتیەک کەوتە کفتوگۆ و پرسیاری بارو گوزەرانی لێدەکات و بەڵێنی نۆژەن کردنەوەی خانوەکەی پێدەدات، نەک وەک سەرکردەو حوکمڕانەکانی خۆمان، بەلێنیش دەدەن نایبەنە سەر.! جگە لەوە حکومەتی عیراق پارەی موچەی موچەخۆر دەنێرێت، کەچی لای خۆیان دەیھێڵنەوەو تەنانەت ئامادەش نین لەداھاتی ناوخۆ کە گەورەو بچوک و خویندەوارو نەخوێندەوار، جگە لە سیاسیەکانیش دەزانن بەقاچاخ و بەتەنکەر تەنکەرو داھاتی خالە سنوریەکان چەندە. چەندی دەچێتە گیرفانەکانیان و ھی کێش؟ چونکە ئەوەندە قسەی لەسەرکراوە سیوامان بۆتەوە!! ئەوەتا سودانی ئەمرۆ ڕایگەیاندوە کە پشکی ھەرێم بە پێی ڕێژەی 12.67% نێردراوە. بۆیە دەسەلاتدارانی ھەرێم لەداھاتی ناوخۆ ئەو کورت ھێنانە پڕ بکەوە و چیتر قوتی خەلکی کوردستان و موچەخۆران بە بارمتە نەگرن. ئەم بابەتە بیرەوەری بروسکەیەکی خستمەوە یاد، کەمشوری سیاسیەکانی ئەو کات و سەردەمەو عەقلیەتی بیرکردنەوەیان، چۆن بووە لە گەڵ بیرکردنەوەو عەقلیەتی حوکمڕانی دوای 33 ساڵ..
رۆژی 8ی مارت، شاری کۆیە ڕزگارکرا و لە پیسوپۆخلی بەعس پاککرایەوە. پاش ماوەیەک ژیانی ئاسایی بۆ شارەکە گەڕایەوە و دام و دەزگاکان کەوتنەوە ئیش، لەکۆتایی مانگی 3 بە دروستی لە 25. 3. 1991 مامۆستا چەتۆ حەوێزی ئەم بروسکەیە دەنێرێ بۆ کاک نەوشیروان؛
لە مامۆستا چەتۆوە بۆ بەرێز کاک نەوشیروان
تکایە ڕاتان چییە؟ بەرامبەر معاشی ھەندێ لە دائیرەکانی لای ئیمە، ئیمکانیاتی خۆیان ھەیە بۆخۆیان.
ھەمان ڕۆژ لەخوارەوەی بروسکەکە وەلامی مامۆستا چەتۆی داوەتەوە.
پێمان باشە معاشەکانیان بدەن.
ئەو بروسکەیە ئەو پەندەم بیردەخاتەوە کە دەڵێت: نانخۆرم بمرێت بەس مشورخۆرم نەمرێ.
پێم وایە لەرۆژگاری ئەمرۆماندا ئەو پەندە گۆرانکاری بەسەردا ھاتووە با میلەت بمرێت و قورسەکەی بێت لەبرسان تا ئیمە تێربین و خاوەن سەروەت و سامان و پارەی زۆر بین، چونکە خەلکی وەک ئیمەیان دەست ناکەوێ گورگ شوانی مەڕ بێت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت