كەمال محەمەد: ئاستەنگەكانی بەردەم ڕۆژئاوای كوردستان و بونی كورد لە هاوكێشەكان.
ڕۆژئاوای كوردستان ئەو ناوچەیەی كە زۆری چەشتوە بەدەست سەركوتكاری سیاسی و هزری و كۆمەڵایەتی و ئەمنییەوە كە وەك دەستەیەكی دامەزرێنەر ڕۆڵی خۆیان بینیوە لەپێناو گرێبەستێكی سیاسی و نەتەوەیی بەرفراوان لەپێناو رێكخستنی سیستەمێكی خۆبەرێوەبەرێتی گشتگیر، لەئاكامیش گەیشتن بە ڕێككەوتن لەسەر سیستەمێكی فیدڕاڵی كە مافی كوردان زامن بكات. بەڵام ئێستا دووبارە دوای گرژییەكانی سوریاو تاقمە تەكفرییەكان وا دیارە كورد و قەوارە خۆبەرێوەبەرییەكەی قوربانی سیستەمە سەرمایەدارییەكەیە كە گەیاندویانەتە قۆناغی بەكاربەری و دەرگا لەسەر بەسەر دەرەنجامە مەترسیدارە نەرێنییەكان ئەخاتە سەرپشت ،بۆیە جەنگی سوریا ئەتوانرێ بە شەرێكی بریگرتەیی بزانرێ كە تیایدا زلهێزە جیهانی و ناوچەییەكان بۆ لاوازكردنی ناڕاستەوخۆی نەیارەكانیان یان پاراستن و فراوانكردنی پەراوێزی كاریگەری خۆیان لە ناوچەكە بەكاری ئەهێنن و كوردیش وەك قوربانی بەشێك لەو هێزەبەكار ئەهێنرێت، هەر ئەمەشە وایكردوە كانتۆنە سێیانەكانی ڕۆژئاوا سەرباری ئەزمونێكی تازەو گەشاوە بەرەو لەناوچون ئەچێت. ڕۆژئاوای كوردستان ئەو ناوچەیەی كە دەستكەوتی زۆر سیاسی و نەتەوەیی لێ وەدەست هاتوە، بۆیە مانەوەی كانتۆنەكانی ڕۆژئاوای كوردستان، واتە بەتەواوی مانەوەی هێزی كوردان دژی تیرۆریزمی ئیمپریالیستی و هێزە تەكفرییەكانی سەربە داگیركەران. چونكە مانەوەی هێزی كوردان لە ڕۆژئاوا مژدە بەخشی سەقامگیری و ئارامییە بۆ هەر تاكێكی كورد و كوردستانێكی گەورەی بەشكراو.
ئێمەی كوردپێویستە لە هەلومەرجە مێژووییەكانی
ئەمڕۆمان و لە دەروازەی گۆڕانكارییەكاندا بڕوانین و تێبگەین ئەوەی بۆ كورد گرنگە بەكارهێنانی دەرفەت و توانستەكانە لە ژێر ڕۆشنایی و هەڵسەنگاندنێكی بەرفراواندا كەچۆن هەوڵی چارەسەری كێشەو دیاردەی كورد بدرێت. دەشێ هەوڵەكان وەك وەڵامێك بێت بۆ تەواوی ناوەند و دەوروبەرە پەیوەندیدارەكان كە دەركی پێ بكرێت، تاكو بتوانرێت كاروانی داواكارییەكانی ملیۆنان كەس بۆ ئازادی وڵات و دیموكراسییەت بۆ گەل بەدەست بهێنرێت.
ئەو گۆڕانكارییانەی ڕۆژانە لە چوارچێوەی پڕۆژەی خۆڕهەڵاتی ناوین هی نوێتری دێتە سەر، لێرەدا كێشەكانی ژیان و مافی چارەی تەواوی گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست و لەسەرو هەموشیانەوە گەلی كورد دورە لەوەی لە بەرژەوەندی مافەكانی مرۆڤ و دیموكراتیزەبون دابێت ،ئەمە بەرژەوەندیپەرەستی و نەخۆشی زێدەڕۆیی و فراوانكردنی هەژمونی ئیمپریالیستییەكانیان نیشان ئەدات، بەردەوام دواخستنی چارەسەری كێشەی كورد دەشێ ڕێگا لە پێش هەندێ روداو بكاتەوە كە چەندین جار لەوانەی پێش خۆی قورستر بێت و مەترسی سنورداركردنی لە پارچە بەشكراوەكانیدا بێتە ئاراوە.
ئەمڕۆی دنیای كەپیتاڵیزم و بەرژەوەندییەكانی زلهێزەكان ڕێگر بوە لە چارەسەركردنی كێشەكان و ئەمەو جگە لە نەبونی گوتارێكی سیاسی هاوبەش و خاوەن ستراتیژێكی واقعی هەمیشەیی لە نێوان كوردەكان خۆیاندا،كە نەیتوانیوە رەوایەتییەكانی خۆی بكاتە بنەمای لابەلای ڕێكەوتن و پەیوەندییەكانی وڵاتانی زلهێز و خەباتێكی جددی مێژوو سیاسەتیان ئەنجامنەداو گوتارەكانی سەربەخۆیی و یەكپارچەیی گەل رەنگی راستەقینەی بژاری ژیانی گەلێكی دەست نیشان نەكرد لێكۆڵینەوەی دیاردەی كورد لە مێژودا لە میانەی ماتریال و تواناكاری سنوردارەوە بەرێوە براوە ،هەمیشە لایەنی سۆزداری و دۆگماییان هۆكار بون كە كێشەكان و دۆزی كورد راستی بەدەستەوە بدەن و لە ناو زەمینەیەكی تاریكدا لەلایەن دەرورو بەرەوە حكومی لەسەر دراوە.
ئەمڕۆكەی كورد لە پارچەكانیدا پێویستە بە ئومێدی پێشكەوتنی هاوبەش بەشدارییان لە گۆڕانكارییەكانی ئاییندەدا بكەنە بنەمای هێزی ناسین و پێشخستنی خودی خۆیان و بیسەلمێن كە كوردانیش خاوەن بەهای خۆیانن و ئەگەر ئەو بەهایانەیان نەبوایە ئایا كوردان دەیانتوانی بەشداری شەڕی ڕزگاری جیهان بكەن لەدەست تیرۆرستان و مەترسییەكانی؟ بۆیە ئەگەر تا دوێنێ كوردەكان بە ئاژاوەگێڕ ئەناسێنران لەلایەن داگیركەرانییەوە، ئەوا ئەمڕۆ كۆمەڵگای جیهانی تاڕادەیەكی زۆر پێچەوانەكەیان بۆ ڕوون بۆتەوە.
ئەگەرچی توركیا وەك یەكێك لە وڵاتانی پاوانخوازی و هزری داگیركاری ئەوانەی كوردستانی گەورەیان بەسەردا دابەشكراوە ڕۆژ بەڕۆژ خەونی لە زیاد بوندایە ئەمڕۆكەی ڕۆژئاوای كوردستانی ڕوبەروی قۆناغێكی سەختی داگیركاری و جینۆساید كردۆتەوە لە كۆمەڵگایەكی جیهانی بێ هەڵوێستدا كەتیایدا مافەكانی مرۆڤ و هزری دیموكراسی ئەو دو بابەتەن وەك بڵێی نەفرەتیان لێ كراوە ئەمەش نیشانی داوە كەتوركیا و سیاسەتەكانی بەشێوەیەكی ڕادیكاڵ هەمیشە رێگربون لەبەردەم خۆییبونی سیاسەت و دیبلۆماسییەتی كوردەكان. لەخۆنیشاندا نەیاندا بەروی جیهاندا بۆئەوەی گەلی كورد نەگاتە ڕێگا چارەی راستەقینەی گەشتن بەرەوایەتییەكانی و سود لەچێوەی سۆسیۆمێژوویی خۆی نەبینێت تادواجار لە ئاستی گۆڕانكارییەكاندا بەهاو گرنگی خۆی وەربگرێتەوە، بۆیە هەمو خەون سیاسەتێكیان بەرامبەر بەكورد بۆدور كەوتنەوەیان بوە لە ماف و شوناسەكان كە سەردانەكەی ئەردۆغانیش بۆ ئەمریكا لەڕۆژانی داهاتودا بەشێك ئەبێت لەپلانەكانیان.
بۆ باشوریش دیاردەی كوردستانی فیدراڵ وایكردوە لەدواین پێشهات و ناڕەزایەتییەكانی گەلانی عێراق هەلێكی زێڕین بخاتەبەردەست لایەنە سیاسی و مەزهەبییەكانی تا جارێكی دیكە ڕەچاوی دەسەڵات و پێدراوە دەستورییەكانی بكەنەوەو وەك هەمو كات و زەمەنێك دیسانەوە هەوڵ و لێكدانەوەی چەوت لە بەغدادەوە دەربخەنەوە، بۆیە پێویستە پارتە سیاسیەكانی كورد بەگوێرەی پاراستنی بەرژەوەندییەكانی كورد دەسەڵات و سیاسەتی خۆیان ڕێكبخەن و كرانەوەی ئاسۆی هیوایان نەك تەنها بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوین، بەڵكو بۆ هەموو جیهان جێگای تێڕامان بێت.
بۆیە ئەوەی بۆ كوردەكان گرنگە لە هاوكێشەكانی ناوچەكە ئەوەیە سەرلەنوێ خۆیان فۆرمۆلە بكەنەوە و هەوڵ بدەن سود لەشیكار و ئەزمونی میتۆدی مێژوو وەربگرن و لەوەدا هەوڵ بدەن پێكەوەییان ببێتە كۆسپێك بۆ ڕودانی هەرجۆرە گۆڕانكارییەك كە درێژە بەماوەی یەك سەدە لە چەق بەستویی بەسەر دۆزی كورد و خاكەكەیدا سەپاندوە بۆ ئەوەی دوبارە راسیزم و ناسیۆنالیزمی كوێرانە پشكی شێری قوربانیدانی پێ نەبەخشێتەوە. بۆیە پێویستە هەوڵدان بۆ شرۆڤەكردن و ڕونكردنەوەی ئاراستەی گۆڕانكارییەكان گرنگترین ئامانجی داهاتویان بێت تاچیدیكە توانای وەك خۆیان بیركردنەوەو نوێنەرایەتیكردنی ئیرادەی خۆیان لەدەست نەدەنەوە لەدوبارە داڕشتنەوەی نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەراستدا.
- Latest Posts by کەمال محەمەد
کەمال محەمەد: سۆسیۆلۆژیای سیاسی و ھەڵبژاردن.
-كەمال محەمەد: هێرشەكانی توركیا و كۆنسێپتی شەڕ.
-كەمال محەمەد: كۆرمۆر و بەردەوامی درۆنەكان.
- All Posts