ڕەووف محەمەد ئالانی: چارەسەرکردنی قەیرانی پەروەردە، باشکردنی ژیانە.
چارەسەرکردن، یان بەڕێوەبردنی قەیران، بریتیە لە خۆئامادەکردن بۆ ئەوەی ناڕێکی ڕوونەدات و مامەڵەکردن لەگەڵ ئەوەی ڕوویداوە و دیاردەی قەیرانەکان یاوەری دامەزراوەکانە. لە هەموو قۆناغەکانی سەرهەڵدان و بەرزبوونەوە و دابەزین و بۆ بەدواداچوونی ڕەوتی ڕووداوەکان، چ قەیرانێک بە هەموو جۆرە ڕۆڵێک کاریگەری لەسەر دامەزراوەکانی پەروەردە، چ لەسەر ئاستی ڕوخاندن و چ لەسەر ئاستی گەشەپێدان و ئاوەدانکردنەوە و خوێندنەوەیەکی ورد بۆ ڕۆڵی قەیرانەکان بەگشتی، وامان لێدەکات دەست بۆ ئەو تاڵە باریکە ببەین کە پەیڕەوکردنی هەڕەمی سەرکردایەتی دامەزراوەکانی پەروەردەیە. بە تایبەت و ئەوانەی توانای مامەڵەکردن و ئیدارەدانی باشیان هەیە لەسەر ئەو گرفت و قەیرانانە. زیاتر کەسە بە ئەزموونەکان و کارامە و لێهاتووەکان، تا لەو ڕێگەیەوە بتوانرێت پلان و ستراتیژێکی گونجاو دابنرێت و لەڕێگەیەوە دەستنیشانی خاڵە نەرێنیەکان بکرێت و هەنگاوی چارەسەریان بخرێتە بەردەم وبکرێنە هەنگاوی کردەیی.
مامەڵەکردن لەگەڵ قەیرانەکان دا هەروا کارێکی سانا و سادە و ئاسان نیە، قورس و تاقەتپڕوکێنە پێویستی بە پابەندبوون و بەردەوامی هەیە، وەک لەوەوپێش لە ووڵاتان کاری لەسەر کراوە، کە شێوازێکیان گرتۆتەبەر کە بریتییە لە چارەسەرکردن و مامەڵەکردنێکی پەروەردەیی و زانستی و سەردەمیانە کە گونجاوبێت لەگەڵ ڕاییکردنی ململانێ و گرژییەکاندا، لە ئەنجامدا بۆتە هۆی نەهێشتن و زاڵبوون بەسەر قەیرانەکانیاندا.
دامەزراوەکانی پەروەردە، دامەزراوەی کارگێڕی و پەروەردەیی و کۆمەلایەتین کە چەندین توێژی مرۆیی لەخۆ دەگرن وەک ئەندامانی دامودەزگا کارگێڕییەکان و مامۆستایان و قوتابیان و فەرمانبەران و کرێکاران، بەدڵنیایی هانی هەمووان ئەدەن کە بەردەوامبن لەسەر ئەرکەکانیان و پاڵپشتی هەنگاوەکان دەکەن لەپێناو گەیشتن بە ئامانجەکانیان کە خەونیان نەمانی قەیرانەکانە.
لەسەرەتادا بەڕێوەبردن و چارەسەرکردنی قەیرانمان ناساند، دەکرێ ئێستا قەیرانی پەروەردە پێناسە بکەین، تا لەڕێگەی ناسین و زانینی ئەو قەیرانانەوە هەنگاو بنرێت بۆ چارەسەرکردنیان.
قەیرانی پەڕوەردە بریتییە لە کۆمەڵێک کێشه و گرفتی قووڵ له سیستەمی پەروەردەدا ، کە بونیان هەیە و دەبنە لەمپەری گەورە لەبەردەم پرۆسەکەدا، کە لەمانەدا کۆ دەکرێنەوە:
A- نزمی ئاستی خوێندن و زانستی قوتابیان
B- نەبونی پلانی باش بۆ بەرزکردنەوەی توانایی مامۆستایان
C- کەمی بودجەی پەروەردە
D- گرنگی نەدان بە پرۆسەی پەروەردە و فەلسەفەی پەروەردەیی
E- تێکەڵکردنی پرۆسەی پەروەردە بەمەبەستی بەرژەوەندی تایبەت و بازرگانی
F- بوونی کێشە وگرفت لە بەشەکانی هەیکەلی وەزارەتی پەروەردە
G- نەبوونی پلانێکی داڕێژراوی تاقیکراوەی پەروەردەیی لە پێناو کوالیتی بەرزی خوێندن و فێربوون
H- گرفتی خراپی پرۆگرامەکان و نەگونجاندنیان لەگەڵ ژیان و ژیاریدا
I- نەبوونی پەروەردەیەکی گونجاو لەگەڵ پێداویستییەکانی سەردەم وەک بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا و هۆکارەکانیتر.
وا دەساڵە ژیانی کۆمەڵگەی کوردی بەهۆی بێپلانی و گەندەڵی و خراپ بەکارهێنانی پێگەکان و پایەکانی شێوازی حوکمڕانی لەم هەرێمەدا، شیواوی و پاشاگەردانی و بەرەو دوا گەڕانەوە و عەقڵی تەسک وبچوکی خێلگەرا و ئابوری بەناو سەربەخۆ، خەڵکی ئەم هەرێمەیان توشی داڕمان و بێئومێدی و گرفتی گەورە کردووە، کە لایەنەکانی( ئابوری، کۆمەڵایەتی، پەروەردەیی، زانستی، ….) گرتۆتەوە، کە جگە لە چەند بنەماڵەیەکی خاوەندەسەڵات و خۆسەپێنی بێمۆڕاڵ، کەس لێی بێبەش نەبووە.
سێکتەری پەروەردەش وەک هەموو بەش و سێکتەرەکانیتر بێخزمەت و پەراوێزخراوە.
ئەتوانین بڵێین کرمی گەندەڵی لەو باخەی داوە و هەرچی داری سەوزە بە ڕوونی نایەتە بەرچاو و بەرەو وشکبون دەچێت.
لە ڕوانگەی ڕاستی ژیانی کۆمەڵگە پێشکەوتووەکان، لەلای ئەوان تاکە ڕێگەی شادبون بە ژیاری تەنها پەروەردەبوە، بۆیە هەر کۆمەڵگەیەک تا پەروەردە نەخاتە پێشەوە و نەیکاتە هەنگاوی یەکەمی چارەسەری گرفتەکانی خۆی، هیچکاتێک ئارامی و خۆشنودی و ژیاری نابینێت.
لەمساڵی خوێندنی 2024بۆ 2025 لەسەرەتای مانگی دوانزەداین موچەی مانگی دە نەدراوە، هەرچەند دەسەڵاتی کوردی خۆی لێبێبەری دەکات و دەیخاتە ئەستۆی حکومەتی ناوەند، بەغداش داوای داهاتی ناوخۆ داکات، لەم نێوانەدا ئەوەی زیانی بەرکەوتووە تەنیا خەڵکی ئەم هەرێمە بێخاوەنەیە.
لەسەر گرنگی و بایەخی پەروەردە بۆ گۆڕانکاری ژیان (نیلسۆن ماندێلا ) وتوێتی: (پەروەردە بەهێزترین چەکە بۆ گۆڕینی جیهان و گەشەی مرۆڤایەتی).
بۆ دەرچوون لە قەیرانی فێربوون و پڕۆسەی پەروەردە، دەتوانم چەند ڕێگەچارەیەکی گرنگ پێشنیاز بکەم:
A- باشترکردنی دۆخی ژیانی مامۆستایان لە ڕووی دارایی و کۆمەڵایەتییەوە
B- دانانی شکۆ و ڕێز بۆ مامۆستایان وەک پارێزبەندی
C- ڕاهێنانی بەردەوامی مامۆستایان و خولی بەهیزکردن بۆیان
D- دروستکردنی سیستەمێکی دادپەروەرانەی هەڵسەنگاندن بۆ مامۆستایان نەک وەک ئەوەی ئێستا
E- پەرەپێدانی خوێندنی ئەلیکترۆنی
F- دروستکردنی ژینگەیەکی فێربوونی چالاک و بەشداری پێکەر
G- گرنگیدان بە پەروەردەی زیرەکی هەستیار
H- دۆزینەوەی سەرچاوەی داهاتی نوێ بۆ پەروەردە
I- کەڵک وەرگرتن لە یارمەتی نێودەوڵەتی و ئەزمونە سەرکەوتووەکان
J- بەشداریپێکردنی کەرتی تایبەت لە پڕۆژەکانی پەروەردەدا
K- گرنگیدان بە پەروەردە وەک پڕۆسەیەکی بەردەوام
L- گرنگیدان بە گەشەی کەسایەتی قوتابی و بە چەقکردنی لە پرۆسەکەدا
M- پەروەردەی ئاکاری و نیشتمانی
N- دابینکردنی دەرفەتی یەکسان بۆ هەمووان
O- لابردنی کۆسپەکانی بەردەم پرۆسەی پەروەردە و فێربوون
وتارەکەم بە وتەیەکی گرنگی (جۆن دیوی) فەیلەسوفی پەروەردەی ئەمریکی دێنم کە دەڵێت: پەروەردە ژیانە، نەک ئامادەکردن بۆ ژیان، پەروەردە گرنگترە لە زانیارییەکان، گرنگترە لە چۆنیەتی بیرکردنەوە.